بە پاڵپشتی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی؛ فیلمێکی کوردی بەربژێرە بۆ خەڵاتی ئۆسکار کولتوور

نوچە نێت:

فیلمی سینەمایی "بەهەشت نابینیت، ئەگەر ژن بتکوژێ" کە لەلایەن دەرهێنەرێکی بەتوانای کوردەوە کاری لەسەر کراوە، بە پاڵپشتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرهەم هێندراوە، ئێستا لە هۆڵی مێژوویی (سالا گراندێ) لەبەردەم ئامادەبووانێکی نێودەوڵەتیدا نمایش دەكرێت، هاوكات بەربژێری عێراقە بۆ خەڵاتی ئۆسکار.

ڕۆژی سێشەممە (2026/09/07) هەڵکەوت مستەفا، دەرهێنەری فیلمەکە، دوای پێشوازییە گەرمەکەی بینەران، لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان هەستی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند، هەستێکی زۆر خۆشم هەیە، هەستێک بوو پڕ لە شانازی و ئارامیی، کە چەندین ساڵ کار لەسەر پڕۆژەیەک دەکەیت و دەگەیتە قۆناغێک کە پێویستە جیهان بیبینێت.

هەروەها هەڵکەوت مستەفا ئاماژە بەوەش دەکات کە، پێچەوانەی ئەو فیلمانەی شەڕ کە بە بودجەی کەم و بە شێوازی بەڵگەفیلم بەرهەم دەهێندرێن، لەم بەرهەمەدا پشتمان بە وێنەگرتنی سینەمایی بەرفراوان، جووڵەی خێرا و ئاستێکی تەکنیکیی بەرز بەستووە، بەتایبەتی لە تیشکخستنە سەر ڕۆڵی ژنە پێشمەرگەکان و قارەمانەکان، بۆیە ئەم هاوسەنگییە لەنێوان سینەمای جەماوەری و چیڕۆکێکی پڕ لە ململانێ، سەرنجی ئامادەبووانی فێستیڤاڵەکەیشی ڕاکێشا.

لەو بارەیەوە، ئەلبێرتۆ باربێرا، بەڕێوەبەری هونەریی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس، ڕایگەیاند، زۆر سەرسام بووین بە فیلمەکە، چاوەڕوانی فیلمێکی هێندە بەهێز و سەرنجڕاکێشم نەدەکرد لەبارەی ئەو ڕۆڵەی پێشمەرگە و گەلی کورد، دژی داعش گێڕایان.

ڕۆژنامەڤان و ڕەخنەگریی بەنێوبانگی ئیتاڵی، مارکۆ کۆنسوڵی، لەبارەی فیلمەکەوە دەڵێت، فیلمەکە یەکێک بوو لە باشترین ئەو فیلمانەی ئەم ساڵ لە فێستیڤاڵی ڤێنیس بینیبێتم، فیلمێکی پڕ چێژە کە دەتوانێت بگاتە بینەرێکی فراوان و هاوکات خاوەنی چیرۆک و کەسایەتیی زۆر گرنگە تێیدا.

هاوکات ڕێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئیتاڵیا، سوپاسی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، دەکات و ڕایگەیاند، "دەستخۆشی لە بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم، بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم بەرهەم و فیلمە بۆ ئەوەی بگاتە ئەم فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییە گەورەیە". هەروەها باسیشی لە گرنگیی ئەم بەرهەمە کرد و دەڵێت، "ئەم ڕۆژە ڕۆژێکی مێژووییە بۆ نەتەوەی کورد، هیوادارم بگاتە ئۆسکار".

ئەوەی جێگای سەرنجی بینەرانی ئەم فیلمەی ڕاکێشا، لەبری میوزیکی باوی ئەوروپی، دەنگی کیژان ئیبراهیم خەیات، کە ساوندتراکی سەرەکی فیلمەکەوە وەرگیرابوو، لە کەشی فێستیڤاڵەکەدا دەنگی دایەوە، دەرهێنەر و بەشێک لە ئەکتەران و ستافەکە بە جلوبەرگی کوردییەوە چوونە سەر فەرشی سوور، ئەمەش بووە جێگەی سەرنجی ئامادەبووان و میدیا نێدەوڵەتییەکان، هەروەها لەودیوەی بەربەستەکانی فەرشی سوورەوە، ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردی تاراوگە لە سەرانسەری ئەوروپاوە، بە مەبەستی بینینی فیلمەکە سەردانی دوورگەکەیان کردبوو.

 

جێگەی ئاماژەپێدانە، ئەم فیلمەی هەڵکەوت مستەفا، بەناوی 'بەهەشت نابینیت، ئەگەر ژن بتکوژێ' بەربژێری عێراقە بۆ خەڵاتی ئۆسکار.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین