وێنەی ئازار و خۆڕاگریی مرۆڤی كورد لە ڕۆمانیادا کولتوور

نوچە نێت:

ئامادەکردن: چرا کوردستانی

 

پێشانگای هونەریی شێوەکاری کورد (حەمە هاشم) لە ڕۆژی 27ی حوزەیرانی 2026 لە گالێریی ناوداری "ڕێپێراج" (Gallery Reperaj) لە شاری ئۆرادیای ڕۆمانیا، پێشانگایەکی هونەریی تایبەت و پڕ لە ڕەهەندی فەلسەفی بە ناونیشانی "Faces of the Aftermath" (ڕووخسارەکانی پاش کارەساتەکان) کرایەوە. بڕیارە بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت، پێشانگاکە لە لایەن هونەرمەند (ڤێوارا بارا) ڕێکخراوە بە هاوکاری یەکێتی نیشتیمانی هونەرمەندانی شێوەکاری رۆمانیا و شارەوانی ئۆرادیا.

سەبارەت بەم پێشانگایە، حەمە هاشم لە لێدوانێلکی تایبەتدا بە نووچە نێتی ڕاگەیاند، "ئەم کارانە هەوڵێکن بۆ بەرجەستەکردنی ئەو دۆخە دەروونی و جەستەییانەی کە لە پاشماوەی ڕووداوەکاندا دەمێننەوە. مەبەستم ئەوەیە بینەر لە ڕێگەی هونەرەوە تێڕوانینێکی نوێ بۆ ‌پاشماوەکان‌ بەدەست بهێنێت؛ تێڕوانینێک کە لەبری بێهیوایی، هێزی بەرگەگرتنی مرۆڤ و ئەو جوانییە دڵتەزێنە نیشان بدات کە لەناو پاشماوەکاندا هەڵگیراوە."

ئەم هونەرمەندە سەبارەت بە ئامادەکارییەکان و دیزاین و تەکنیکی نمایشکردنەكەش گوتی، ئامادەکارییەکانی ئەم پێشانگایە کە بە هەماهەنگییەکی تەواو لەگەڵ تیمی گالێریی (ڕێپێراج) بەڕێوەچووە، ڕەنگدانەوەی دیدگایەکی هونەریی هاوچەرخە و دیزاینی بۆشایی گالێرییەکە بە جۆرێک ڕێکخراوە کە بینەر لە ساتێکدا کە دەچێتە ژوورەوە، هەست بە بارگاویکردنی دەروونی بکات. بەکارهێنانی ڕووناکی و ڕیزبەندی تابلۆکان، گەشتێکی بینراوە لە تاریکییەوە بەرەو ئەو تیشکەی کە هیوای مرۆڤ لە پاش کارەساتەکان دەنوێنێت.

حەمە هاشم هەر سەبارەت بە پێشانگاكە ڕایگەیاند، ئەم نمایشە تەنها نمایشێکی هونەریی ئاسایی نییە، بەڵکو گەڕانێکە بەناو ئەو وێرانکارییە دەروونی و جەستەییانەی کە ڕووداوە سەختەکان لەسەر ڕووخساری مرۆڤ بەجێیان دەهێڵێت تابلۆکان تێکەڵەیەک لە ئازار، بەرگەگرتن، و گۆڕانکارییە دەروونییەکانن. "هەر ڕووخسارێک لە تابلۆکاندا، چیرۆکێکی بێدەنگی هەیە، چیرۆکی ئەو کەسانەی کە لە پاشماوەی جەنگ، ململانێ، یان کارەساتە سروشتییەکاندا دەژین، بەڵام هێشتا بەرەنگاری ژیان دەکەن".

لە بارەی پەیامی پێشانگاکە، ڤێوارا بارا، هونەرمەندی ڕۆمانی و ڕێکخەریی پێشانگاکە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە نووچەنێتی ڕاگەیاند، هونەر بە بڕوای من بەهێزترین چەکی مرۆڤە لە دژی ستەم و ستەمکاری، هەر هونەرمەندێک بە ئازار و ئومێدەوە کار بکات، لە ڕاستیدا بەشێک لە ئازادی مرۆڤایەتی لە مردن ڕزگار دەکات و دیالۆگێکی بەردەوامیش لە نێوان کولتوورەکاندا هەیە، کاتێک لە گۆڕانکارییە کولتوورییەکانەوە بیردەکەینەوە، لە بەهای گەلان لادەدەین و وەک یەک جەوهەریەت مامەڵە لەگەڵ مرۆڤایەتیدا دەکەین، ئەم هاوبەشییە ئاوێنەیەکی ڕۆحی ئێمەیە. 

سازدانی پێشانگایەک سەبارەت بە "هۆلۆکۆست" تەنها بیرهێنانەوەی ڕابردوو نییە، بەڵکو نیشانەی ئاگادارکردنەوەیە بۆ ئێستا، هونەرمەندان لە هۆشیارییەکی زیندوو لەدایک دەبن، دەتوانن لە ڕێگەی هونەرەکەیانەوە ڕێڕەوی تاریکی بگۆڕن و جیهان بکەنە شوێنێکی باشتر بۆ ژیان.

ئەو شێوەكارە دەشڵێت، ئەم پێشانگایە دەروازەیەکی کراوەیە بۆ تێگەیشتن لە فەلسەفەی کارەکانی هونەرمەند، کە لەم بەرهەمانەدا، بە وردییەکی زۆرەوە دەستی بۆ "ئەو پاشماوە مرۆییانە بردووە کە دوای تێپەڕبوونی زریان و کارەساتەکان دەمێننەوە" هەوڵیداوە لەم پێشانگایەدا وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە "مرۆڤ پاش ئەوەی هەموو شتێکی لەدەست دەدات، چی بەسەر ڕووخسارییەوە دێت؟"

هەروەها گوتیشی، سەرسامی من بۆ هونەرمەند "حەمە" نەک هەر لە تەکنیکی نیگارکێشانەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵکو لە "ئازاری مێژوویی"شەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە ڕۆحیدا هەڵیگرتووە، ئەو برینەی کە بە جۆرێک، هی هەموو گەلی کوردە. ئەم ئازارە، لە دەستی هونەرمەندێکی ڕاستەقینەی وەک حەمە هاشم، دەبێتە وزەی داهێنەر.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین