حوسێن عارف؛ هەڵکشانی ئەستێرەیەک
نوچە نێت: تایبەت
ئا: ئەحمەد زرار
دوای تێپەڕبوونی (70) ساڵ بەسەر هەوڵ و کۆششە زمانەوانی و سیاسی و ئەدەبییەکانی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ حوسێن عارفی گەورە نووسەری بواری گێڕانەوە (چیرۆک) و ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە کابینەی یەکەمدا، لە شاری سلێمانی لە تەمەنی (90) ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی بە کۆمەڵ نوێژ لەسەر تەرمەکەیدا کرا.
ژیان و گوزەران
ناوی تەواوی (حوسێنی وەستا عارفی مەلا عەبدولڕەحمان 1936-2026ز)ە، لە (1936) لە سلێمانی لەدایک بووە و هەر لەوێش خوێندنی (سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی) تەواو کردووە، بەپێی خوێندنی ئەو سەردەمە تا پۆلی (پێنج) خوێندراوە و دواتر قۆناغی چوونە زانکۆ دەستیپێکردووە. حوسێن عارف لە ساڵی (1961) لە کۆلێژی یاسا لە بەغدا وەرگیراوە و لە ساڵی (1965) بڕوانامەی لە زانستی یاسا بەدەستهێناوە.
دوای تەواوکردنی زانکۆ بۆ ماوەیەک کاری پارێزەری دەکات، دواتر لەژێر ناوی ئەفسەری یەدەگ لە سلکی سەربازی دادەمەزرێت، بەڵام دوای تێکچوونی باری ئەمنی لەعێراق لەم ساڵانەدا؛ بۆ ماوەی (15) ساڵ لە بەغدا لە ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی وەک: (ڕۆژنامەی هاوکاری و ڕۆژنامەی ڕۆشنبیری نوێ) سەرگەرمی کاری ڕۆژنامەنووسی دەبێت. پاشان دەگوازرێتەوە هەولێر و لەوێش بۆ ماوەی (9) ساڵ دەبێتە جێگری سەرنووسەر لە گۆڤاری (کاروان).
سەرباری بەسەربردنی ژیانی لە بواری ڕۆشنبیریردا، حوسێن عارف پێگەیەکی سیاسی تۆکمەشی هەبوو؛ توانیبووی لە خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان لە (1992ز) وەک ئەندام پەرلەمان هەڵبژێردرێت و بۆ ماوەی (13) ساڵ بێ دابڕان وەک ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان بمێنێتەوە و هەڵوەستەی لەسەر ڕووداوە گەورە و کاریگەرەکاندا هەبێت، وەک ئەو هەڵوێستەی لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتار لە کاتی شەڕی ناوخۆدا هەیبوو، کە هەموویان بە یەکەوە بڕیاریان دا مان لە کارکردن بگرن لەناو پەرلەمان، وەک هێمایەک بۆ ویستی کۆتایی هێنان بەم شەڕە بێ ئاکام و زیانبەخشە.
نوووسین و لێكۆڵێنەوەكانی حوسێن عارف
پێگەی حوسێن عارف وەک چیرۆکنووس، لە بواری ئەدەبی گێڕانەوە و داڕێژەری تیۆرەکانی ئەم شێوە ئەدەبە، بە گرنگییەوە سەیر دەکرێ و بە یەکەمین چیرۆکنووس دادەندرێت بەشداری لە گرووپی نوێبوونەوەی ئەدەبی (ڕوانگە)دا کردبێ، کە توانیبێتی بە بەرهەمە ئەدەبی و تیۆرییەکانی پەرەی بەم لایەنەی ئەدەب دابێ. شێوازی حوسێن عارف لە گێڕانەوەی ناو چیرۆکەکانیدا هێمنانە و ئارامە، بە زمانێکی پاراوی کوردییەوە لا لەم کونج و گۆشانەی دونیای کەتوار (واقع) دەکاتەوە، کە بەر لەو کەس گرنگی پێیان نەداوە، وەک ئەو دیمەن و ڕووداوانەی لە چیرۆکی (چای شیرین) و لە ڕۆمانی (شار) دەبیندرێت. بە بڕوای بەختیار عەلی حوسێن عارف لە بەرهەمەکانیدا (زۆر کەم ڕێگا دەدات ڕەهەندی ئایدۆلۆژیی بیرکردنەوەکانی لە ئەدەبیاتیدا ڕەنگبداتەوە، ئەگەرچی لە ڕووی سیاسییەوە ماوەیەکی درێژ ئەندامێکی کارای حیزبی کۆمۆنیست دەبێت، بەڵام ڕۆحە سیاسییەکەی، تۆخ و باڵادەست تێکەڵ بە نوسینی دەبێت)، ئاشکرایە ئەم هەوڵدانە بۆ سەردەمی خەباتی ئەم نووسەرە چەند ئەستەم و تاقەتپڕووکێن بووە، کەچی لە هیچ دەقێکیدا ناتواندرێ بە ئاشکرا ڕواڵەتێکی (ناسیۆنالیزم) یان هەر ئایدۆلۆژیایەکی تر ببیندرێت.
لە بواری لێکۆڵینەوەی ئەدەبیشدا حوسێن عارف لە کتێبخانەی کوردی جێدەستی دیارە و بە لێکۆڵینەوەکانی دەروویەکی تازەی بەڕووی خوێنەری کورد کردووەتەوە، بە تایبەت لە بواری چیرۆک و گێڕانەوەدا، بە بڕوای (د. حەمە مەنتک) سەرۆکی بەشی زمانی کوردی لە کۆلێژی پەروەردەی شەقڵاوە، حوسێن عارف (توێژەرێکی زۆر سەردەمیانە بووە. ئەو کاتێک کتێبی چیرۆکی هونەری کوردی لە ساڵی (1977) چاپ دەکات، هێشتا باوەڕناکەم، هیچ چیرۆکنووس و ڕۆماننووسێکی کورد لەبارەی تەکنیک و توخمە نوێیەکانی چیرۆک لە ڕووی تیۆرییەوە شارەزاییەکی ئەوتۆیان هەبووبێت.) بۆیە دەتوانین بڵێین هەنگاوەکانی لە بواری لێکۆڵینەوە تەنانەت ئەدەبیشدا چاوساغی گەلێک توێژەر و نووسەری سەرکەوتووی ئەمڕۆیە و بە هەبوونی ئەم بەرهەمانە کەلێنی کتێبخانەی کوردی هەرگیز بە بەتاڵی نامێنێتەوە.
جێگای ئاماژە پێدانە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە (13/8/2026) حوسێن عارف، نووسەر و توێژەر و یاساناس لە تەمەنی (90) ساڵیدا دوای (70) ساڵ خەباتی بێ وچان، لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.
بەرهەمەکانی (حوسێن عارف 1936-2026ز):
ئەدەب:
حوسێن عارف، شار، بەرگی یەکەم: (1986)، بەرگی دووھەم: (2001)؛ سلێمانی.
حوسێن عارف، چای شیرین: سەرجەم چیڕۆکە کورتەکان.
حوسێن عارف. گەلە گورگ. چوار چیرۆک. (1983).
حوسێن عارف، کۆکتێل، زنجیرەی کتێبی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، (2005؛ 286) پ.
حوسێن عارف، تەمەنێک لە بندەستی: ڕووداو و کارەساتەکانەوە، (2) ب.
حوسێن عارف، توێشووی سەفەرێکی سەخت.
حوسێن عارف، بیبلیۆگرافیای دوو ساڵەی تەمەنی کاروان (1984-1982).
حوسێن عارف، ئەندێشەی مرۆڤێک.
حوسێن عارف، ساڵێک لە تەمەن: بیرەوەری حسێن عارف.
حوسێن عارف، شانۆگەری جەنابی جانەوەر.
حوسێن عارف، قوتابخانەی شیعری تازە.
حوسێن عارف، ھێلانە.
حوسێن عارف، کڵافەیەک ژانی تووڕە.
لێکۆڵینەوە
حوسێن عارف، چیڕۆکی ھونەریی کوردی
حوسێن عارف، بیبلیۆگرافیای چیرۆکی کوردی
حوسێن عارف، روانگە و یاران و نەیارانی
حوسێن عارف، لە کۆڕی خەباتا: چیرۆک لە بەرھەمی دوای شۆڕش
حوسێن عارف، نووسینەوەکانم لە بواری رەخنە و لێکۆڵینەوەدا ساڵانی (1988-1955).

0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment