ناوی پیرەمێردی شاعیر دوای تێپەڕبوونی لە (159) ساڵ بەسەر لەدایكبوونی دا کولتوور

نوچە نێت:

لە مێژوویی هاوچەرخی گەلی کورددا، کەم دەستەبژێر و نووسەر هەن وەک "پیرەمێرد" کە کاریگەرییان لەسەر بوینادنانی ناسنامەی کولتوور و نەتەوەیی هەبووبێت، ئەو نەک هەر هۆزانڤان بوو؛ بەڵکو پێشەنگی ڕۆژنامەگەری و زیندووکردنەوەی جەژنی نەورۆز بوو لە باشووری کوردستان، کە کاریگەرییەکی گەورەی دروستکرد.

ناوی تەواوی تۆفیق کوڕی مەحموود ئاغا کوڕی ھەمزاغای مەسرەفە، ناسراو بە "پیرەمێرد" لە ساڵی (1867) لە گەڕەکی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایکبووە. شاعیر، نووسەر و ڕۆژنامەوانێکی کورد بوو. لە لاویدا زانستی ئایینی لەوێ خوێندوە، پیرەمێردیش بەو دەستوورە هەر وەک، حاجی قادری کۆیی، نالی، مەحوی و مەولەوی، مزگەوت بە مزگەوت، شار بە شار گەڕاوە و لە ھەر شوێنێک ماوەیەک ماوەتەوە، پاش ئەوەی زۆربەی مزگەوتەکانی سلێمانی گەڕاوە، دواتر ڕووی کردووەتە مزگەوتەکانی شاری بانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

دواتر لە تەمەنی لاویێتیدا، شێخ مستەفای نەقیب و شێخ سەعیدی حەفید لە (1898) دەیبەن بۆ ئیستەنبۆڵ. لەوێ کۆلێژی یاسا دەخوێنێت و لە حکومەتی دەوڵەتی عوسمانیدا لە چەند پلەی میری و سیاسییدا دادەمەزرێت. دوای ساڵانێکی زۆر لە کارکردن لە دەوڵەتی عوسمانیدا، گەڕایەوە نیشتیمان و تەواوی ژیانی خۆی بۆ خزمەتی پەروەردەکردنی نەوەیەکی نوێ و وشە و فەرهەنگی کوردی تەرخان کرد.

هاوکات پیرەمێرد بە یەکێک لە پایە گرنگەکانی ڕۆژنامەگەریی کوردی دادەنرێت. کە دوای گەڕانەوەی بۆ سلێمانی، بەرپرسیارێتیی ڕۆژنامەی "ژیان"ـی گرتەئەستۆ و دواتر ڕۆژنامەی "ژین"ـی دەرکرد. کە لەو ڕێگەیەوە نەک هەر تەنیا هەواڵ؛ بەڵکو فیکر، ئەدەب و ڕەخنەی کۆمەڵایەتیی بڵاودەکردەوە و چاپخانەی "ژین"ـیشی کردە ناوەندێک بۆ چاپکردنی کتێب و بەرهەمە ئەدەبییەکان لەسەر ئەرکی خۆی.

 یەکێک لە گەورەترین شانازییەکانی ژیانی پیرەمێرد، زیندووکردنەوەی جەژنی نەورۆز بوو لە شاری سلێمانی. لە سەردەمێکدا کە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی کوردی دەدرا، پیرەمێردی شاعیر لە بەرامبەردا خەڵکی هان دەدا بچنە گردی "مامە یارە" و ئاگری نەورۆز بکەنەوە. بە هۆندراوە بەناوبانگەکەی "نەورۆز" کە دەڵێت: (ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە ...)، گیانێکی نوێی بە بەر جەژنە نەتەوەییەکەدا کرد و تاوەکو ئێستاش ئەو سروودە وەک مارشی سەرەکی نەورۆز لە هەموو کوردستان دەگوترێتەوە.

پیرەمێردی شاعید تەنیا شاعیری جوانی و سروشت نەبوو؛ بەڵکو شاعیرێکی فێرکار بوو. ئەو لە ڕێگەی "پەندی پێشینان" و نووسینەکانیدا، هەمیشە جەختی لەسەر گرنگیی زانست، خوێندن و دەستپێوەگرتن بە کەڕامەتی نەتەوەیی دەکردەوە. کە پێی وابوو بێداری گەل لە ڕێگەی پێنووس و زانیارییەوە دەبێت.

تۆفیق مەحموود، ناسراو بە "پیرەمێرد" تا دواھەناسەی ژیانی کە بە ڕۆژنامە و نووسینەوە خەریک بوو، تا لە (19)ـی حوزەیرانی (1950) لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ، لە شاری سلێمانی لە تەمەنی (83) ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. لەسەر خواستی خۆی لە گردی مامەیارە، کە پێشووتر بە مەڵبەندی ئاهەنگگێڕانی جەژنی نەورۆز ناسرابوو، بەرامبەر ئەرخەوانەکانی گردی سەیوان بەخاک سپێردرا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین