رووداوەكانی یەمەن قەیرانی وزە لە جیهاندا قووڵتر دەكاتەوە؟! وەرگێڕان

نوچە نێت:

وەرگێڕانی: ژیوار سلێمان سەلكە

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا وردەکاری هێرشەکانی نێوان سعودییە و حووسییەکانی ئاشكرا دەكات و ئاماژە بەوەدەكات، شای سعودییە داوای هاوکاریی لە ئەمریکا کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ململانێکان لە ناوچەکەدا، هاوكات وردەكاریی ناوەڕۆكی دانوستاندنەکانی نێوان عومان و ئێران سەبارەت بە گەرووی هورمز خراوەتەڕوو.

فراوانبوونی جەنگ لە نێوان حوسییەکان و سعودییە

ڕۆژی یەکشەممە (2026/9/13) تانکەرە دەریاییەکان ڕاپۆرتی نوێیان پێگەیشت سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە نەوتییەکان لە گەرووی هورمز، هەروەها زیادبوونی هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ئاسایشی وزەی جیهانی دوای لەکارکەوتنی بۆڕیی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوای سعودییە کە رێڕەوێکی گرنگە بۆ ئاسایشی وزەی جیهانی.

دەزگای ـ(UKMTO)ی هێزی دەریایی بەریتانیا ڕایگەیاند، ڕاپۆرتمان بەدەست گەیشتووە سەبارەت بە هێرشی مووشەکی بۆسەر جووڵەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، دوای هێرشەکە ئاگرکەوتوەتەوە، تیمی فڕۆکەوانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ناوچەکەوە چۆڵکراون.

ڕاپۆرتەکەی (UKMTO) یەک ڕۆژ دوای داخرانی بۆڕی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوای سعودییەوە هات، بەهۆی ئەو هێرشە درۆنیانەی کە بەغدا و ریاز ئاماژەیان پێداوە، کە لە عێراقەوە ڕەوانە کرابوون، لەلایەن سوپای ئێرانەوە.

هێرشە بەردەوامەکان و فروانبوونی جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوتی بەرەو بەرزبوونەوە برد لە هەفتەی ڕابردوو، کە یەك بەرمیل زیاتر لە (100) دۆلاری تێپەڕاند.

هێلی ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا کە درێژییەکەی (1200)کیلۆمەترە و بە نیمچە دوورگەی عەرەبیدا تێدەپەرێت، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، وەک جێگرەوەیەکی گەرووی هورمز خزمەتی بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە بۆ دابینکردنی وزەی جیهانی، ڕۆژانە بڕی چوار بۆ پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی سعودییە لە ڕێگەیەوە هەناردەکراوە، کە دەکاتە ڕێژەی (4%) بۆ (5%) دابینکردنی وزەی جیهانی، ئەمەش وەک فریادڕەسێک بووە بۆ سعوودییە بۆ ڕزگاربوون لەو پچڕانەی هەناردەکاری دیکەی نەوت و گاز کە وڵاتانی کەنداو ڕووبەڕووی بوونەتەوە.

وەزیری دەرەوەی سعودییە لە لێدوانێكدا دەڵێت، مانگە دەستکردەکان بەرزبوونەوەی دوکەڵێکی ڕەشیان لە ناوچەی باشووری بۆریەکە لە نزیک مەدینە تێبینیکردووە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا زیانێکی زۆر بەر بۆڕییەکە کەوتووە و لە چەندین لاوە تێکشکاوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری دەرەوە ئاماژەی بە کاریگەرییەکانی زیانەکان لەسەر هەناردەکردنی نەوت نەکردووە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی سەردانەکەی بۆ ئێرلەندا بۆ یانەی گۆڵفەکەی لە یەکێک لە هاوینەهەوارەکانی ئاماژەی بەوەدا، ئێران بە تەواوی لەو هێرشەی سعودییە تاوانبارە.

میدیاکانی دەوڵەتی ئێران بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی یەکشەممە (2026/9/13)  کەشتییەکی بازرگانی ئێران بە ئامانجگیراوە، لە ئەنجامدا کەسێک کوژرا و سێی دیکەش بریندابوونە.

هاوكات کەناڵێکی حووسی بە ناوی (AL MASIRAH) بڵاویکردەوە، سعودییە بە سێ مووشەک هێرشی کردە سەر ناوچەی تایز لە باشووری ڕۆژهەڵاتی یەمەن. دەشڵێت، لە ماوەی (48) کاتژمێری ڕابردوو (129) مووشەک لەلایەن سعودییەوە ئاڕاستەکراوە، بەڵام سعوودیە ئەم هێرشانەی پشتڕا نەكردۆتەوە.

سعوودییە داوای یارمەتی لە سوپای ئەمریکا دەكات

لە هەفتەی ڕابردوودا نرخی نەوت بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی لە ئەمریکا و جیهان، نرخی گازوایل لە ئەمریکا بۆ هەر تاکێک گەیشتە شەش دۆلار، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئێران بۆسەر كۆگاكانی سووتەمەنی، هەروەها پێشڕەویکردنی حووسییەکان بۆ فراوانبوونی هێرشەکان لە دەریای سووردا، ئەمەش وایکرد ئەمە ڕێگە خۆشکەربێت بۆ ئێران بۆ بەهێزبوونی دەسەڵاتەکەی لە دوو ڕێڕەوی جیهانی نەوتی لە ناوچەکە ئەوانیش هورمز و باب ئەلمەندوبن.

لە ئێستادا واشنتۆن لە نێوان دووڕیانێک دایە، ئایا پشتگیریی سعودییە بکات لە ڕووبەرووبوونەوەی حووسییەکان یاخود لە دەرەوەی یارییەکە بمێنێتەوە لە پێناو فراوان نەبوونی جەنگەکە.

سێ سەرچاوەی ئاگادار بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، محەمەد بن سەلمان شای سعودییە ڕۆژی پێنجشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵ ترەمپ داوایکردووە، سوپای ئەمریکا هاوکاری سعودییە بکات لە بەرەنگاربوونەوەیان بەرامبەر حووسییەکان، سەرچاوەکان ئەوەشیان ڕوونکردەوە کە شازادە بن سەلمان داوای نەکردووە لە ئێستادا ڕاستەوخۆ ئەمریکا بەشداری شەڕەکە بکات، بەڵکو ببێتە هاوکارێک و پاڵپشت بۆ سعودییە.

دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی یەکشەممە (2026/9/13) پشتڕاستیکردەوە کە شای سعودییە پەیوەندی پێوەکردووە و داوای هاوکاری کردووە، هاوکات حووسییەکانیش پەیوەندیان بە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە کردووە و داوایانکردووە ئەمریکا  ڕاستەوخۆ بەشداری شەڕەكە نەکات.

هاوکات چوار سەرچاوەی فەرمی لە حکومەتی یەمەن بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ڕۆژی هەینی حووسییەکان دەستیان گرتووە بەسەر دوورگەی ستراتیژی پەرمیل لە باب ئەلمەندوب، کە بە دەروازەی فرمێسک ناسراوە لە باشووری دەریای سوور، حووسییەکان لە دوای ڕاگەیاندنی گەمارۆدان لە مانگی تەممووزەوە هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە سعودییەکان لەو ناوچەیە و دامەزراوە نەوتییەکانی دیکەیان کردووەتە ئامانج.

ئێران و عومان نزیک دەبنەوە لە ڕێککەوتنی کۆتایی

وێرای کۆتایی هاتنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی مانگی حوزەیران لە نێوان ئەمریکا و ئێران، تاوەکو ئێستا هیچ گفتوگۆیەک لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا لەئارادا نییە بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێکان.

ئیبراهیم عەزیزی سەرۆکی لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران، لە پۆستێکدا لە تۆڕی (X) نووسیویەتی، "تا ئەو کاتەی لایەنی ئەمریکی هەموو مەرجەکانی ئێران قبووڵ نەکات، دیالۆگ و دانوستان هیچ سوودێکی نییە."

 ڕۆژی هەینی (2026/9/11) وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئێران ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ عومان کۆدەبێتەوە بە مەبەستی دیاریکردنی چارەنووسی کردنەوەی گەرووی هورمز.

هاوکات بەرپرسێکی باڵای ئێران کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی ئێران و عومان بە رۆیتەرزی ڕاگەیاند، چانسی ڕێککەوتن کەم بۆتەوە، ئەم کۆبوونەوەیە لەلایەن عومانەوە داواکراوە، مەبەست لێی تاوتوێکردنی پرسەکان بووە لەوانەش گەرووەکە بەڵام چاوەڕوان نەکراوە ڕێککەوتنێکی واژۆکراوی لێبکەوێتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا سەرچاوەیەک بە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی ڕایگەیاندووە، ڕۆژی دووشەممە لە کۆبوونەوەکەی ئێران و عوماندا  ڕێککەوتنێک سەبارەت بە ڕێکارەکانی گەرووی هورمز دەخرێتەڕوو، بەڵام گەرووەکە ناکرێتەوە تاوەکو ئەو حەوت مەرجە جێبەجێ نەکرێت کە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستەی ئەمریکا کراوە، ئێران دەیەوێت دەسەڵاتی تەواوەتی بەسەر گەرووەکەدا هەبێت و باج لەو کەشتییانە وەربگرێت کە بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن، کە ئەمەش لەلایەن ئەمریکاوە ڕەتکراوەتەوە، عومان کە لایەکەی دیکەی گەرووەکەی کۆنتڕۆڵکردووە دەڵێت، بەڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتانی دیکەی ناوچەکە دانوستاندن لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدەن، شایەنی باسە بەر لە جەنگ کەشتییەکان بە شێوەیەکی ئازادانە هاتووچۆیان دەکرد بە گەرووەکەدا.  

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین