جووەكانی سووریا لە ئەمەریكاوە پاڵپشتی حكومەتی ئەحمەد شەرع دەكەن وەرگێڕان

نوچەنێت

وەرگێرانى: ئیسماعیل تەها

سەرەڕای رەخنەكانی ئیسرائیل، بەڵام جووەكانی سووریا لە ئەمەریكاوە بوونە پردی پەیوەندی و هەڵمەتێكی چاوەڕواننەكراویان بۆ هەڵگرتنی سزاكان لەسەر دیمەشق دەست پێكرد، ئەوەش سەبارەت بەو هاوپەیمانیە و مەغزاكانی لە قۆناغی دوای دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەرگای لەسەر چەندین پرسیار كردەوە.

لە (2025/12/19) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا یاسای بەرگری نیشتیمانی بۆ ساڵی دارایی (2026) پێشكەش كرد، بەوەش، "یاسای قەیسەر" كۆتایی هات، كە ماوەی شەش ساڵ بوو سووریا لە سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی دوورخرابۆوە.

سێ گەشت

ماڵپەڕی تایمز ئۆف ئیسرائیل بڵاوی كردووە، ئەوەی لەپشت ئەو بڕیارەى ترەمپەوە بوو، هەڵمەتێك بوو، ماوەی ساڵێكی تەواو بەردەوام بوو، کە سووریەكی ئەمەریكی و خێزانە جووە سوورییەكان لەگەڵی دژ بە هەر رەخنەیەكی راستەوخۆی ئیسرائیل، سەركردایەتیان دەكرد.

موعاز مستەفا، بەڕێوبەری جێبەجێكاری تیمی فریاگوزاری سووری"SETF" كە خۆی سەركردایەتی هەڵمەتی فشاری كردووە، لە (2019) دوای دزەكردنی وێنەی ئەشكەنجەدانەكان لە زیندانەكانی بەشار ئەسەد و بڵاوبوونەوەیان، دەڵێت، ئەو سزایانە دەسەڵاتی حكومەتی بەشار ئەسەدى كۆنتڕۆڵ كردوو بوو، لەدوای كەوتنی بەشار ئەسەد، بۆ سەر حكومەتی نوێش هەڕەشەبوو، مستەفا پەنا دەباتە بەر هاوپەیمانێكی چاوەڕواننەكراو، كە هێنری حەمزەیە، حاخامێكی رەوەندی جووەكانی سووریایە لە نیویۆرك.

ئەو هاوپەیمانییە جووە ــ سوورییە ئەمەریكییە تاوەكو ئێستا لە بەرانبەر حكومەتی ئیسرائیل زۆر بەهێزە، بۆیەش تەلئەبیب تاوەكو ئێستا بەرانبەر حكومەتی نوێی سووریا زۆر هەستیارە.

مستەفا پێیوایە رۆڵی جووەكان یەكلاكەرەوە بوو، پرسیاری ئەوەش دەكات، ئایا ئەگەر رۆڵی جووەكان نەبوایە یاسای قەیسەر لادەچوو، دەڵێت، لەو بڕوایە دانیم بەبێ جووەکان ئەو یاسایە لابچووایە.

بە درێژایی ئەو ساڵانەی نێوان روخانی ئەسەد و هەڵوەشاندنەوەی سزاكان تیمی فریاگوزاری سووری سێ گەشتی بۆ سووریا رێكخستووە، جووەكانی سووریا و ئەمەریكا دیداریان لەگەڵ بەرپرسانی سووریا هەبووە سەردانی شوێنەوارە مێژووییەكانی جووەكانیان كردووە.

لۆرانس شیفمان، مامۆستای بەشی جووناسى و زمانی عیبری ئەوەی نەیشاردەوە، ئەو كرانەوەی سووریا مۆركێكی پراگماتی پێوەیە، بەڵام لە هەمانكاتیشدا رایگەیاند، با ئێمە واقیعی بین، ئەوان رێگەیان خۆشكرد بۆ پەیوەندییەكانی باشمان لەگەڵ جووە سوورییەكان هەبێت، پێویستیان بە هاوكاری ئەمەریكی هەبوو، لە بەشێكی دیكەی قسەكانی گوتی، جووەكانی سووریا لە ئەمەریكا رۆڵیان هاوشێوەی ئەو رۆڵە بوو كە رێكخراوە جووەكان لە كاتی سەردانەكانیان بۆ ئیمارات و سعوودیە دەیانبنی، بۆ ئەوەی پێش سەردانە فەرمییەكان رێگەخۆش بكەن، ئێمە دانوستاندنمان لەگەڵیان نەدەكرد، بەڵكو دەچووین گوێ لە بۆچوونەكانیان بگرین، ئەوەی گرنگ بوو دەستپێشخەریی نیەت باشی بوو.

شەڕی كۆنگرێس

لە مانگی تشرینی یەكەمی (2025) بە سەردانی واشنتن هەڵمەتەكە گەیشتە لووتكە، ئەم دوو پیاوە پێش دەنگدان هەوڵیاندا هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەر بخەنە چوارچێوەی یاسای بەرگری.جو ویڵسۆن، كۆنگرێسمانی كۆمارییەكان، پرسیار لە یوسف حەمزەی حاخام دەكات، كە سەركردایەتی نوێی سووریا بۆ سووریا باش دەبێت، لە وەڵامدا دەڵێت، پێموایە هەموو مرۆڤێك شایەنی ئەوەیە دەرفەتی دووەمی بدرێتێ، هێنری كوڕی دەڵێت، ئەو رستەیە هەڵوێستی ئەو كۆنگرێسمانەی گۆڕی.

گوتەبێژێك بەناوی ویلسۆن رایگەیاند، دووبارەبوونەوەی دیدارەكانی پێش دەنگدان و بەڵگەهێنانەوەی بە هەڵوێستی ئەو حاخامە خۆی و هاوڕێكانی بڕوا پێهێنا، لەو كاتەوە ویلسۆن بووە رەخنەگرێكی راشكاوانە لە چوونی ئیسرائیل بۆ ناوخاكی سووریا.

مستەفا دەشڵێت، پاڵپشتی بنەماڵەی حەمزە كاریگەری لەسەر راكێشانی گریگۆری میكس، گەورە كۆنگرێسمانی دیموكراتەکان لە لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و فرینچ هیل، كۆنگرێسمانی كۆمارییەكان رۆڵی لە سووككردنی سزاكان هەبوو.

ئەحمەد شەعراوی دەڵێت، دامەزراوەی بەرگری لە دیموكراسی ئەو بڕیارە دەباتەوە بۆ ئاراستەیەكی دیكە، پێیوایە محەمەد بن سەلمان لە دیداری مانگی ئایاری (2025) لە گفتوگۆكانی ترەمپی رازی كرد، چونكە لەوێ ترەمپ و ئەحمەد شەرع یەكەم دیداریان هەبوو، شەعراوی رۆڵی جووەكانی لە كۆنگرێس كورتكردۆتەوە، چونكە هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەر پێویستی بە دەنگدانی كۆنگرێس بوو.

رەخنەی ئیسرائیل

بەگوێرەی ماڵپەڕی تایمز ئۆف ئیسرائیل رێگری ئیسرائیل شاراوە نەبوو، لە رۆژگاری دوای كەوتنی بەشار ئەسەد، هێرشەكانی ئیسرائیل نزیكەی لە (80%)ـی توانا سەربازییە ستراتیژییەكانی سووریای وێران كرد.

مەستەفا باس لە كەوتنی مووشەك دەكات لەلای دەرگای سەرەكی پێشوەی كۆشك كاتژمێرێك دوای جێهێشتنی كۆبوونەكە كە چوار كاتژمێری خایاندووە، دەڵێت، ئەحمەد شەرع گوتویەتی، نامەوێت بگەڕێمەوە بۆ جەنگێكی حەوت هەزار ساڵ پێش ئێستا.

بنیامین ناتەنیاهۆ دەڵێت، رێگە بەهێزەكانی حكومەتی نوێ نادەین لە باشووری ئیسرائیل كاربكەن، داوای چەكداماڵین، لە پارێزگاكانی قونەیتەرە و دەرعا و سوەیدا دەكات. 

بەرپرسێكی ئیسرائیلی ئاماژە بەوە دەكات، ناتەنیاهۆ داوای لە خودی ترەمپ كردووە كە سزاكان لانەدات، ئەوەش بە پاساوی ترس لە هێرشى سەر سنوورەكان، هاوشێوەی بزووتنەوەی حەماس کە لە مانگی ئۆكتۆبەری (2023) هێرشێکى فراوانى ئەنجام دا.

راپۆرتەكان بە فراوانی باس لە رۆن دیرمیر، وەزیری كاروباری ستراتیژیی و كەسایەتی نزیك لە ناتەنیاهۆ دەكەن، كە فشاری لەسەر كۆنگرێس كردووە، بۆ هێشتنەوەی سزاكان، یاخود پارێزگاری لە مەرجەكان بۆ هێشتنەوەی دەرفەتی سەپاندنەوەی ئەو سزایانە.

لەناو دامەزراوەی ئەمنی ئیسرائیلی، سەنتەری "ئەلما" بۆ لێكۆڵینەوە و فێركردن ساریت زەهافی دەڵێت، حكومەتی نوێی سووریا لە هەموو شتێك ئیسلامییە تەنیا لە ناوکەى نەبێت.

زەهافی كە بە رەگەز دیمەشقییە، بە جووڵەی رەوندی جوو لە ئەمەریكا سەرسام بوو، دەڵێت، نالۆژیكیە جووێك لە برۆكلین دەژیت هەوڵی لادانی سزاكان لەسەر كەسێك دەدات، كە ئەندام بووە لە رێكخراوی قاعیدە.

رەخنەی توندیشی لە ئیدارەكەی ترەمپ هەیە، چونكە سزاكانی بەبێ مەرج لاداوە، داواش دەكات ماوەی زەمەنی و پێوەرەكان دیاری بكرێت، ئایا بەكردەیی ئەحمەد شەرع بۆ هەمووان جێگەی هیوایە، لادانی سزاكان بەبێ هیچ مەرجێك ئەو كێشە سەرەكییەیە، گومانی خۆی لە بڕياری بنيادناومن دامەزراوەكانی جووەكانی لە دیمەشق هەیە.

هەرچەندە بڕیار بوو حەمزە یوسف لەبەردەم لیژنەی هێلسنكی لە كۆنگرێس شایەتی بدات، بەڵام دانیشتنەكە هەڵوەشایەوە، لە كۆتایی وتارە ئامادەكراوەی هاتووە، كە یاسای قەیسەر ئەمڕۆ سزای گەلی سووری دەدات، بە موسڵمان و مەسیحی و جوو و عەرەب و كورد، كە دژ بە دەسەڵاتێك بوو ئەمرۆ نەماوە.

هێنری حەمزە، لەدوای ئەوە لە یەكەم پەرلەمانی كراوە هەڵبژێردرا، ئەوەش لەدوای وەرگرتنی دەسەڵاتە لە لایەن حزبی بەعسەوە لە (1963)، بەر لە دیداری ئەحمەد شەرع لەگەڵ ترەمپ ئەو حاخامە دوعای بەرەكی بۆ كردووە.

سەرچاوە: ماڵپەڕى ئیستقلال

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین