سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا کۆبووەوە کوردستانی

نوچە نێت:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا کرد و وێڕای پیرۆزبایی کردن لێی، ئامادەیی تەواوی خۆی و دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ هاوکاری و سەرخستنی ئەرکەکەی دەربڕی.

ڕۆژی سێشەممە (2026/10/06) سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر، پێشوازیی لە کریستیان ئۆلفکێ، کونسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد. بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە ئۆلفکێ کرد و "هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست، هەروەها ئامادەیی خۆی و دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ هاوکاری و سەرخستنی ئەرکەکەی دەربڕی".

لەبارەی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی بەردەوامی ئەڵمانیا دووپات کردەوە، بەتایبەتی لە "شەڕی دژی داعش و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، لەگەڵ یارمەتییە سیاسی و مرۆیییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان".

هەروەها کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا، وێڕای سوپاسکردنی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، جەختیشی لە، "خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان و برەودان بە هاوکاریی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە و ڕۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەگشتی بەرز نرخاند".

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ناوچەکە بەگشتیی، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین