دوای ساڵێک چەند لە پێشنیارەكەی ترەمپ بۆ غەززە جێبەجێکراوە؟ وەرگێڕان

نوچە نێت:

وەرگێڕانی: دنیا ئەحمەد

ئەنجوومەنی ئاشتی بەسەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆتایهێنان بە جەنگی غەززە خەریکە شکست دەهێنێت، دوای ئەوەی یەک ساڵ تێدەپەرێت بەسەر ئەم پلانەی ترەمپ، بەڵام هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنراوە بۆ جێبەجێ كردنی، نە ئیسرائیل دەستبەرداری هێرشەکانی بووە و نە چەکدارانی حەماسیش چەکەکانیان دانا.

لە چوارچێوەی واژۆکردنی ڕێککەوتنی (9)ـی ساڵی (2025)، لە نێوان حکومەتی تەلئەبیب و حەماس دوای ڕۆژێک ئاگربەست لە غەززە ڕاگەیێندرا، بەڵام سوپای ئیسرائیل لەو ڕۆژەدا تاوەکو ئەمڕۆش هێرشەکانی بۆسەر کەرتی غەززە نەوەستاندووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی شیکاری ڕۆیتەرز، لەئێستادا پرۆسەی چەکدانانی حەماس و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل وەستاوە. بەگوێرەی پلانەکەی ترەمپ لەیەکەم قۆناغدا پێویست بوو سوپای ئیسرائیل لە (55%)ـی هێلی زەرد کە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاشتی بەسەرۆکایەتیی ترەمپ دارێژراوە بکشێنەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە سوپای ئیسرائیل تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی دوو لەسەر سێی کەرتی غەززەی داگیرکردووە.

ئیسرائیل بە بەردەوامی سنوورەکانی خۆی دەگۆری، لە هێلی زەردەوە فشاری خستۆتە سەر نزیکەی دوو ملیۆن هاووڵاتی فەلەستینی و قەبارەی دانیشتوانی بجووک کردوونەوەتەوە، لەم پرۆسەیەشدا ئەو فەلەستینانەی کە دەرکراون لەشوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان زیاتر لەژێر چادرو بینا رووخاوەکان دەژین.

بەگوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی جیهانی چادێری برسێتی (IPC)، لە کاتی ڕاگەیاندنی ئاگربەست تاوەکو مانگی ئایاری ئەمساڵ ڕۆژانە (227) بارهەڵگریی هاوکاریی مرۆیی و کەرستەی بارزگانی رێگەی پێدەدرێت بچێتە غەززە و برسیەتیی تینی بۆ دانیشتوانی ئەو کەرتە هێناوە، بەڵام بە پێچەوانەی پلانەکەی ترەمپ بێت لە رۆژێکدا (600) بارهەڵگر بچێتە نێو غەززە، هەرچەندە حکومەتەکەی ناتانیاهۆ ئاماژە بەوە دەکات کە تاوەکو ئەمڕۆ پێداویستیەکانی خەڵکی غەززەیان دابین کردووە دوای راگەیاندنی ئاگربەست.

دوای چەند مانگێک لە دانوستاندن، لە (30) تەمووز حەماس ڕازیبوونی بە پلانی ئاشتی و چەکدانانی راگەیاند، بەڵام بەهۆی ئەوەی حکومەتەکەی ناتانیاهۆ پێشنیارەکەی ڕەتکردەوە پرۆسەکەش وەستا و بەیەکجاری پەکی کەوتووە.

حەماس وەک گەرەنتییەك، هاوشێوەی ئیسرائیل داوا دەکات بەرامبەر چەکدانانیان پێویستە سەرەتا ئیسرائیل لە غەززە هێزەکانیان بکشێننەوە، بەڵام ناتانیاهۆ لەبەرامبەردا داوا دەکات، کە بەبێ مەرج سەرەتا حەماس چەکەکانیان ڕادەست بکەن دواتر ئەوان هێزەکانیان لە غەززە دەکشێننەوە.

 

ئیسرائیل دوای چۆڵكردنی کەرتی غەززە دەكات

مانگی ڕابردوو لیژنەی ئەنجوومەنی پلانی ترەمپ رایگەیاند، کە ئاوەدانکردنەوەی پێویستی بە (2.45) ملیار دۆلارە و هەرچەندە چەند بەربەستێک لەبەردەم جێبەجێکردنی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە هەیە. ئەو لیژنەیە بڕی ئاوەدانکردنەوەی ئەو شارەی ڕاگەیاندووە، بەڵام بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمانگی نیساندا ڕایگەیاندووە، کە ئاوەدانکردنەوەی غەززە پێویستی بە (71.5) ملیار دۆلارە، هەروەها ئەو ئاوەدانکردنەوەش (10) ساڵی دەوێت.

لەلایەکی دیکە سیاسەتمەدارانی ڕاسترەوی ئیسرائیل بەبیانووی "کۆچی خۆبەخشانە" داوا دەکەن خەڵکی فەلەستین بەگشتی لەشوێنی خۆیان دەربکرێت و کۆچ بکەن. هەروەها یسرائیل کارتێز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل چەند مانگێک بەرلەئێستا رایگەیاند کە، "تاوەکو کۆچی بەگشتی لە غەززە ڕوونەدات ناتوانین بگەینە چارەسەری کۆتایی بۆ ئاشتی."، 

هاوکات ئیتامار بن گڤیت وەزیری ئاسایشی نیشتیمانی ڕاسترەوەکان دەڵێت، دوای هەڵبژاردنەکان لە ئیسرائیل نووسینگەیەکی تایبەتی کۆچبەری دادەمەزرێنین تایبەت بێت بۆ ئەو کەسانەی لە چوارچێوەی "کۆچی خۆبەخشانە" بۆ خەڵکی فەلەستین بۆئەوەی کەرتی غەززە بەتەواوی چۆڵبکەن.

 

ناتانیاهۆ هیچ کاتێک بەقەد ئێستا لاواز نەبووە

حەماس لە (7)ـی تشرینی یەکەمی ساڵی (2023)، هێرشی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد، شەڕی غەززە پێدەنێتە چوارەم ساڵی و بەگوێرەی شیکارییەکی ئەکسیۆس باس لەوە دەکات کە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەژیانی سیاسیدا تاوەکو ئێستا هیچ کات بەقەد ئێستا پێگەی سیاسی لاواز نەبووە. هەروەها سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل سەرکەوتنی ناتانیاهۆ لە هەڵبژاردنی داهاتوو بە کارەساتێکی گەورە بۆ وڵاتەکەیان ناودەبات.

ئاژانسی ئەی پی لە شیکاریەکدا باسی لەوە کردووە کە، هەڵبژاردنەکانی (7)ـی ئۆکتۆبەر بۆ ناتانیاهۆ یەکلای کەرەوە دەبێت چونکە ئەگەر لە هەڵبژاردنەکان سەرنەکەوێت بەواتای ئەوە دێت کە کۆتایی بە ژیانی سیاسی ناتانیاهۆ دەهێنێت، هەروەها ئاژانسەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هیچ گۆرانکارییەک لە بیروبۆچوونی ئیسرائیلەکان بەرامبەر بە کێشەی کەرتی غەززە و خەڵکی فەلەستین ناکات.

سەرچاوە: (ئیندیپێندت)

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین