عێراق دەبێتە گۆڕەپانی جەنگێکی ئابووری بێدەنگ لە نێوان پەکین و واشنتۆن وەرگێڕان

نوچە نێت:

ئا: ژیوار سلێمان سەلكە

عێراق خاوەن یەدەگێکی زۆری نەوت و گازە، بە گوێرەی داتا جیهانییەکان یەدەگی نەوتی خاوی عێراق بە (145) ملیار بەرمیل نەوت دەخەمڵێنرێت، هەروەها یەدەگی گازەکەی بە بڕی (131) ملیار مەتر پێ سێجا دەخەمڵێنرێت، هەر ئەو یەدەگە زۆرە وایکردووە  عێراق ببێت بە ناوەندێکی ستراتیژی بۆ وەبەرهێنەرانی جیهانی.

لە کاتێکدا عێراق هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت دەدات، کەرتی وزەی ئەو وڵاتە بۆتە مەیدانی کێبرکێیەکی بێدەنگ لە نێوان چین و ئەمریکا، سەردەمێک کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق دەکشانەوە و کۆمپانیا چینییەکان جێگایان دەگرتنەوە و کۆنترۆڵی کێلگەکانی باشووری عێراقیان كردبوو، هەژموونی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بەسەر کەرتی وزەدا لاواز ببوو، بەڵام لە ئێستادا و لەگەڵ گەڕانەوەی کۆمپانیا ئەمرییکییەکان بۆ عێراق، جارێکی دیکە واشنتۆن دەبێتە یاریزانێک لە عێراق کە بە ڕێگەی ئابووری کێبرکێ لەگەڵ چیندا دەکات.

 

هاتنی کۆمپانیا چینەکان بۆ کەرتی وزەی عێراق

چین وڵاتێکی زلهێزی جیهانییە لە ڕووی ئابوورییەوە، بۆ پیشەسازییەکانی پشت بە نەوت و وزە دەبەستێت، کۆمپانیا چینییەکان بە فەرمی لە (2008)دا دەستییان بە  کارکردن لە کەرتی وزەی عێراقدا كرد. بە گوێرەی داتاکانی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی چین گەورەترین کڕیاری نەوتی عێراقە کە بڕی (50-30%)ـی نەوتی کێڵگەکانی باشوور دەکڕێت و هەناردەی پاڵاوگەکانی وڵاتەکەی دەکات،چین بە واژۆکردنی گرێبەستی (نەوت بەرامبەر ئاوەدانکردنەوە)لەساڵی (2019) پێگەی خۆیان لە کەرتی وزەی عێراق بەهێزتر کرد، لە مانگی تشرینی یەکەمی(2019) عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرکردایەتی شاندێکی کرد بۆ پەکین، گرێبەستێکی (20) ساڵە لە نێوان عێراق و چین واژۆ کرا لە ژێر ناوی (نەوت بەرامبەر ئاوەدانکردنەوە) کە تیایدا ئەو کۆمپانیا چینیانەی لە عێراق کار دەکەن، ڕۆژانە بڕی (100) هەزار بەرمیل نەوتیان پێدەدرێت، لە بەرامبەردا کۆمپانیا چینییەکان پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە و دروستکردنی قوتابخانە و پەرەپێدانی کێلگە نەوتییەکان بۆ عێراق جێبەجێ دەکات. عادل عەبدولمەهدی لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان ئەوكات ڕایگەیاند، بەم گرێبەستە نوێیە نزیکەی (20%)ـی بەرهەمی ڕۆژانەی نەوتی عێراق هەناردەی چین دەکرێت.

کۆمپانیا چینیەکان کۆنترۆڵی کێڵەگانی باشووری عێراق دەکەن لەوانە (رومێلە و مەجنون و ڕۆژئاوای قورنە1)، کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی چین (CNPC) بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای (BP) بەریتانی گەورەترین بەرێوەبەری کارگێری کێڵگەی ڕومێلەیە، هەروەها لە سەرەتای ساڵی (2024) دوای کشانەوەی کۆمپانیای (EXON MOBILE)ـی ئەمریکی کۆمپانیای (PETRO CHINA)بوو بە بەرێوەبەری سەرەکی کێڵگە نەوتییەکانی ڕۆژئاوای قورنە1، هەرچی کێڵگەکانی مەجنونە کۆمپانیاکانی (CNOOC, SINOPEC) ڕۆڵێکی کارا دەگەرێن لە پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگانەدا.

 

کشانەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کەرتی وزەی عێراق

دوای ساڵی (2009) کۆمپانیای (EXONMOBILE) مۆڵەتی کارکردنی لە کێڵگەی نەوتی ڕۆژئاوای قورنە1 بەدەستهێنا، دواتر کۆمپانیای (OCCEDINETAL PETROLEUM) وەک هاوبەشێک لە پەرەپێدانی کێلگەی نەوتی زوبێر دەستیپێکرد، لە هەمان کاتدا کۆمپانیای (CHEVRON) ماوەیەکی کەم لە کێڵگەکانی باشووری عێراق کاریکرد دواتر راستەوخۆ ڕوویکردە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێـمی کوردستان.

 بەڵام لە نێوان ساڵانی (2019-2018) کۆمپانیا ئەمریکییەکان بە شێوەیەکی پلەبەندی دەستیان بە کشانەوە کرد لە کەرتی وزەی عێراق، بە هۆی جۆری گرێبەستە نەوتییەکان، کە لە جۆری خزمەتگوزارییە بەمەش کۆمپانیا ئەمریکییەکان قازانجێکی کەم دەکەن، هەروەها دواکەوتنی پێدانی شایستە داراییەکان لە لایەن عێڕاقەوە، هاوکات ناسەقامگیریی سیاسی، پەیمانگای واشنتۆن بۆ وزە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەداوە هۆکارێکی تر کە وایکرد کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کەرتی وزەی عێراقدا پاکشە بکەن گۆڕینی ستراتیژیەتیان بوو بۆ بەرهەمهێنان لە نەوتی بەردینی (SHALE OIL)، سەرمایەکانیان گواستەوە بۆ ناوخۆیی ئەمریکا کە قازانجی خێراتر و زۆرتر بوو.

وێڕای ئەوەی کە گەورە کۆمپانیاکانی ئەمریکا لە وەبەرهێنان و بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکانی عێراق کشانەوە بەڵام کۆمپانیا ئەمریکیەکانی بواری خزمەتگوزاری نەوتی وەک پاڵپشتیکردنی لۆجستیکی بۆ کەرتی وزەی عێراق بەردەوام بوون لە کارکردن.

 

گەڕانەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ عێراق

لەگەڵ دەستبەکاربوونەوەی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتاییەکانی ساڵی (2024) لە وتاری سوێند خواردنەکەی وەکو (47)مین سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەدا، کە سەردەمی زێرین (Golden Age) لە ئەمریکا دەستپێدەکات، هەروەها کەرتی وزەی بە کەرتێکی گرنگ وەسفکردو ڕایگەیاند، دەرگای نوێ لەبەردەم کۆمپانیاکانی بواری وزەدا دەکرێتەوە.

لە مانگی تەممووزی ئەمساڵدا عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی ئەمریکای کرد و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کۆبوونەوە، ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی زەیدی  بریتیبوو لە پەرەپێدان لە بواری  ئابووری، ڕاکێشانی وەبەرهێنان بۆ کەرتی وزە و ژێرخان، گۆڕانکارییەکانی کەرتی بانکی، پرسی چەک و ڕێککەوتنە ئەمنییەکان.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا چەندین ڕێککەوتنی ستراتیژی واژۆکرد لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکانی بواری نەوت و وزە، لەوانە کۆمپانیای (CHVERON) رێککەونێکی لەگەڵ واژۆکرا بۆ پەرەپێدان لە کێڵگەی نەوتی قورنە2، هەروەها کۆمپانیای (COCONOPHILIPIS) وەک هاوبەشێک لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی باکوور بە ڕێژەی (42%)بۆ گەڕان و پەرەپێدان لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک، کۆمپانیای (EXONMOBILE) وەک پەرەپێدانی ژێرخانی وزەی عێراق ڕێککەوتنی ڕاستەوخۆی لەگەڵ عەلی زەیدی واژۆکرد، هەروەها کۆمپانیای (HKN) کاری پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی حەمرینی وەرگرت.

ئامانجی سەرەکی عەلی زەیدی لە هێنانی ئەم کۆمپانیایانە، کەمکردنەوە و نەهێشتنی سوتانی غازی هاوەڵە بۆ گەیشتن بە خۆبژێوی غاز تا ساڵی (2030)، لەگەڵ بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بۆ حەوت ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە ماوەی سێ ساڵدا، لە هەمان کات گەڕاندنەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ وەبەرهێنان لە غازدا پشت بەستنی عێراق بە غازی هاوردەکراوی ئێران بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.

 

ستراتیژییەتی عێراق لە هاوسەنگکردنی پەیوەندییەکان

کەرتی وزەی عێراق کەوتۆتە ناو جەرگەی ڕکابەرییەکی گەورەی ئابووری لە نێوان چین وئەمریکا، چین سەرەکیترین کڕیاری نەوتی عێراقە، لە بەرامبەردا عێراق پێوستی بە بەگەڕخستی سەرمایەی چینە بۆ ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی عێراق، بەڵام لە ڕووی سەقامگیری و سەربازییەوە پێویستی بە هێزی ئەمریکایە.

عێراق هەوڵ دەدات جۆرێک لە هاوسەنگی دروست بکات لە دابەشکردنی کەرتی وزە لە نێوان چین و ئەمریکا، نوێترین ڕێککەوتن لە بواری وزە لە نێوان عێراق و کۆمپانیای (CPECC)ـی چینی لە ڕۆژی (2025/9/25) واژۆکرا، بە بڕی (2.524) ملیار دۆلار، ئامانج لەم ڕێککەوتنە پاککردنەوە و گواستنەوەی ئاوی دەریایە بۆ کێڵگە نەوتییەکانی باشووری عێراق بە تایبەت بەسرە لە ڕێگەی ڕاکێشانی بۆڕییەکی تایبەتەوە. 

سەبارەت بە گەڕاندنەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە (2026/9/22) حەیدەر عەبودی گوتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق دیدگای وڵاتەکەی لە بارەی ئاسایش و ئابووریی ناوچەکە لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان دەخاتەڕوو، هەربۆیە عەلی زەیدی جەخت لە بەهێزێکردنی پەیوەندی نێوان عێراق و ئەمریکا دەکاتەوە لە ڕێگەی هاوبەشی ئابووریی و وەبەرهێنان، بە ڕاکێشانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی نەوت، هاوکات دوای کشانەوەی هێزەکای ئەمریکا لە عێڕاق، عێراق هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامی پێبدات لە سەر بنەمای ئابووری هاوبەش.

ئەمریکا ئامانجییەتی کۆنترۆڵی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات بۆ مانەوەی وەک هێزێکی کاریگەری ئابووری لە جیهاندا، هەروەها چین دەیەوێت بە ئابوورییەکەی لە ڕیزبەندی یەکەمی جیهانی بمێنیتەوە و ببێتە سەرچاوەیەک بۆ پێشخستی پیشەسازییە پێترۆ کیمیاییەکان.

لە ئێستادا ئەمریکا و چین لە جەنگێکی بێدەنگی ئابووریدان و عێراق وەک کارەکتەرێکی هاوبەش لە نێوان ئەم دوو وڵاتە زلهێزە دەردەکەوێت.

 

سەرچاوەکان:

عەلی زەیدی بانگهێشتی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ پەرەپێدانی پیشەسازیی نەوت دەکات

شەش هەنگاوی گرنگ؛ ئامادەکارییەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ بواژندنەوەی کەرتی وزەی ئەمریکا     

Chinese enterprises sign contract for Iraq’s billion dollar seawater pipeline project

Beijing to Baghdad: China’s growing role in Iraq’s energy sector

Iraq signs $200 billion in deals with US energy companies

Iraq's prime minister seeks big energy investments on US trip

Iraqi Prime Minister Ali al-Zaidi Makes First Official Visit to Washington

Analyzing the Successes and Failures of Iraq’s 5th plus and 6th Oil and Gas Bid Rounds

Why China is here to stay in Iraq’s energy sector

After the invasion: Who really took Iraq’s oil?

Iraq, China launch oil for reconstruction agreement 

Iraq’s energy overview, 2023

Iraq aims to boost oil output to 8-10 million bpd in six years

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین