ژینگە و سروشت لە شیعری (گۆران)دا
نوچە نێت:
ئا: ئەحمەد زرار
پوختە:
ئەم توێژینەوەیە بە ناونیشانی (ژینگە و سروشت لە شیعری (گۆران)دا)یە، سروشت و ژینگە لە شیعردا دەستنیشان دەکات و لێیان دەکۆڵێتەوە، وەک میتۆد (ئیکۆلۆژی) زانستێکی تازەیە و تایبەتە بە لیکدانەوەی دەقی ئەدەبی لە ڕوانگە ژینگییەکانییەوە.
توێژینەوەکە لە دوو بەش پێکدێ: بەشی یەکەم: دوو تەوەرەیە: تەوەرەی یەکەم: پێناسە و چەمک و زاراوەی ژینگە لەخۆدەگرێت. تەوەرەی دووەم: باس لە جۆرەکانی ژینگە و پەیوەندی ژینگە لەگەڵ ئەدەبدا دەکات. بەشی دووەم، دوو تەوەرەیە: تەوەرەی یەکەم: بە ناونیشانی گۆران و سروشتە، تەوەرەی دووەم: جۆرەکانی ژینگە لە شیعری گۆراندا دەستنیشان دەکات.
کلیلە وشە: (ئیکۆلۆژی، ژینگە، شیعر، گۆران، سروشت).
پێشەکی: ژینگە و جۆرەکانی لە شیعری کوردیدا بە گرنگییەوە لای لی کراوەتەوە، هەستی بەرپرسیارییانەی شاعیران لەمەڕ پرسی ژینگەوە لە شیعری کوردیدا پرسێکی گرنگ و جێبایەخە ئەگەرچی وەک میتۆدی زانستی ڕەنگە بەشێک لە شاعیران ئاگاداری ئەم بۆچوونە زانستییە ئیکۆلۆژییانە نەبووبن، بەڵام وەک بەشێک لە ژیان و بیرکردنەوەیان لە ژینگە هەڵنەبڕاون و هەموو جۆرەکانی ژینگە لە شیعری کوردیدا بە پەیوەندی لەگەڵ سروشتەوە بەستراوەتەوە، ئەرکی توێژەر و شارەزایانی بۆچوونە زانستییەکانە بە زنجیرەیەک توێژینەوە لەمەڕ دیاریکردنی جۆرەکانی ژینگە لە شیعری کوردیدا وەدەنگ بێن.
گرنگیی توێژینەوە: بە دەستنیشانکردنی ژینگە و توێژینەوە لە بارەیەوە لە دەقی ئەدەبیدا، زۆرێک لە بیروڕا تایبەتی و نەتەوەیی و ئەدەبییەکانمان بۆ دەردەکەوێت؛ کە لە قۆناغەکانی توێژینەوەی ئەدەبیدا گرنگی تایبەتی خۆی هەیە. سەرەڕای ئەوەی کە شیعری گۆران بە سەرەتای دەرکەوتنێکی تازە و کەموێنە لە ئەدەبی کوردی دادەندرێت؛ دەرخستنی ڕوانینی گۆران لەبارەی دەوروبەرەوە دەرخستنی ڕوانینی تەواوی خەڵکە لە قۆناغێکی دیاریکراودا.
میتۆدی توێژینەوە: بۆ ئەم توێژینەوەیە کار بە میتۆدی ڕەخنەیی ئیکۆلۆژی (Ecocriticims) کراوە، وەک بۆچوون و بەشی تیۆری باسی کراوە و پاشان دەقە ئەدەبییەکانی پێ لێکدراوەتەوە.
سنووری توێژینەوە: سنووری لێکۆڵینەوەکەمان پشتبەستنە بە بۆچوونە دیاریکراوەکانی میتۆدی ڕەخنەیی ئیکۆلۆژی (Ecocriticims) بۆ لێکۆڵینەوە لە شیعرەکانی (گۆران).
ئامانجی توێژینەوە: بە زانستیکردنی سروشت و بەستنەوەی بە دەقی ئەدەبییەوە؛ ئامانجی سەرەکی ئەم توێژینەوەیە. سەرەڕای دەرخستنی وێنە ژینگەییەکانی گۆران و گەیشتن بە ترۆپکی داهێنانی زمان و دەربڕینی شیعری بە بەکارهێنانی کەرەستە ژینگەییەکان تەوەرێکی دیکەی ئەو ئامانجانەیە کە لەم توێژینەوەیەدا هەوڵی بۆ دراوە.
پرسیاری توێژینەوە: لەم توێژینەوەیە، هەوڵ دەدەین وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە:
ــ ڕەخنەی ئیکۆلۆژی (Ecocriticims) چییە و کەی و لەکوێ سەری هەڵداوە؟
ــ پەیوەندی نێوان ئەدەب و ژینگە چۆنە و لە کوێدا بەیەک دەگەن؟
ــ هەڵویستی (گۆران) بەرانبەر سروشت و ژینگەی کوردستان چۆنە؟
گریمانەی توێژینەوە: سروشت و ژینگەی شیعری گۆران، تنێ سەرچاوەیەکی جوانکاری خەمڵاندن نین کە بۆ هێنانەدی وێنەی شیعری بەکارهاتبن، بەڵکوو ڕۆڵێکی گرنگیان لە ئەزموونی شیعری شاعیر و دەربڕینی هەست و سۆزیدا هەیە. گۆران بە چەمکەکانی: (شوێن، کەشوهەوا، ڕووەک، ئاژەڵ) پەیوەندییەکی نزیکی نێوان مرۆڤ و سروشت دەردەخات.
بەشی یەکەم: تەوەرەی یەکەم: پێناسە و چەمک و زاراوەی ژینگە:
چەمک و زاراوەی ژینگە (ئیکۆلۆژی):
لە بنەڕەتدا ((وشەیەکی یۆنانییە لە دوو بەش پێکهاتووە، ئەوانیش بریتین لە (OIKOS) کە واتای ماڵ، یان شوێنی نیشتەجێبوون (HOME) دێت، وشەی (LOGOS) بە واتای زانست (STUDY) دێت. هەردوو وشەکە بەسەریەکەوە دەبێتە زانستی ئیکۆلۆژی /زانستی ژینگەیی.))[1] ئەم زانستە لەلای زۆرێک لە فەیلەسووفان کاری لەبارەیەوە کراوە و ناسێندراوە وەک (هیپۆکراتی کۆس ٤٦٠-٣٧٠پ.ز) و (ئەرستۆ ٣٢٢-٣٨٤پ.ز) بەڵام وەک بەکارهێنانی وشەیی ((زانای ئەڵمانی ناسراوە بە (ئەرنست هێگڵ ١٨٥٥-١٩٢٥) بۆ یەکەم جار زاراوەی ئیکۆلۆژی (Ecology) بەکارهێناوە لە ساڵی ١٨٦٦ لە کتێبی (مێژووی دروستبوون/ The History Greation) کە لە ساڵی ١٨٧٦ بڵاویکردووەتەوە.[2] دەتوانین بڵێین: هیگڵ بە کاریگەری کتێبەکەی داروین کە دەربارەی (ڕەچەڵەکی چەشن) بڵاوی کردووەتەوە؛ ئەم وشەیەی بەکارهێناوە، ئەم وشەیە لە زمانی ئینگلیزیدا وشەی (Ecology) کە ئاماژەیەکی زانستییە ((واتە ژینگەناسی یان زانستی ژینگە بریتییە لە لێکۆڵینەوەی زانستی بۆ ئەو کارلێکانەی کە دابەشکردن و چڕیی دانشتوان (واتە تۆپۆگرافیا) دەستنیشان دەکات))[3].
لە زمانی عەڕەبی وشەی (البیئة) بە هاوواتای زاراوەکە دادەندرێ و لە فەرهەنگی (المعجم المعانی الجامع)دا بەم جۆرە دەربارەی هاتووە، کە ژینگە ((هەموو پێکهاتەکانی سامانی سروشتی دەگرێتەوە، وەکوو: زەوی، هەوا، دەریا، ئاوی ژێر زەوی و ئاوی سەرزەوی، ڕێڕەوی ئاو، تاڤگەی کەنار دەریا، تاڵاو و هاوشێوەکانیان، هەروەها فەزا و شوێن و چوارچێوە سروشتییەکان و جۆرەها ئاژەڵ و ڕووەک.))[4] هەروەها لە فەرهەنگەکانی زمانی کوردی وشەکانی (ناوپارە، ژینگە) بە هاوواتای زاراوە ئینگلیزییەکە دادەندرێن.
چەند پێناسەیەک بۆ ژینگە:
هەڵبەتە زانستی ژینگە بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەو شتانەی لە دەوروبەرمان دەبیندرێن، دەشێت لە بچووکترین شێوەدا وەک گەڵایەک خۆی بنوێنێ، دەشێش لە شێوەی شاخێک دەربکەوێ، هەموو ئەوانەی باسکران دەبنە کەرەستەی لێکۆڵینەوە بۆ زانستی ژینگە، پێکهاتەی ژینگەی ئەم بۆشاییەی باسمان کرد هەموو ئەو ماددە خاو و هەرسکراوانەی ناو کڕۆکی خاک دەگرێتەوە کە هەستیان پێدەکەین لە دەوروبەرمان یان ئەو ماددانەی لە کونیلەی کلۆری درەختیک یان لە ناو تنۆکەکانی شەپۆلی دەریایەک دەدۆزرێنەوە، دەبنە کەرەستەی ژینگەدۆستان و پسپۆڕانی بواری ژینگە. ((ژینگە بریتییە لە شوێن و دەوروبەری (فیزیاوی و کیمیاوی و بایۆلۆجی و کۆمەڵایەتی) کە گیانداران لێی دەژین و دەخۆن و دەخۆنەوە و بە ئاو و هەوا و خاک دەوری گیراوە لەگەڵ سەرجەم کارلێکە سروشتی و ناسروشتییەکان و شان بە شانی جموجۆڵی مرۆڤ و تێکهەڵکێشانی لەگەڵ گیانداران و ڕووەک و ئاژەڵ و باڵندە و ماددە نازیندووەکان))[5] لەبەر فراوانی باسەکەمان کە لەمەڕ ژینگە دەدوێین، بە پێویستی دەزانین پێناسەی ژینگە لە چەند لایەنێکی ترەوە بخەینەڕوو. ژینگە لە ڕووی زمانەوانییەوە ((ئەو جێگەیە، کە مرۆڤ بۆی دەگەڕێتەوە، دەیکات بە ماڵی خۆی و شوێنی گوزەرانی، ڕەنگە پەیوەندی ژینگە بە واتای ماڵ یان خانوو ماناگەلێکی ڕوون ببەخشێت و یەکێک لەو واتایانەش ئەوە بێت، کە دڵی بونەوەر وابەستەی ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونی بێت.))[6] دەتوانین بڵێین: پێناسەی ژینگە لە ڕووی زمانەوانییەوە تایبەتمەندی گونجانی ژینگە باس دەکات، واتە ژینگەی هەر تاکێک بریتییە لە کۆمەڵێک تایبەتمەندی ئەو کەسە کە بۆ ژیانی خۆی پێیەوە بەندە. بەڵام لە ڕووی زانستەوە ژینگە کۆی بینینەکانە ((لە ڕووی زانستیشەوە واتای وشەی ژینگە نیشانەیە بۆ هەموو ئەو فاکتەر و هۆیە بینراو و نەبینراوانەی کە دەوری بوونەوەرە زیندووەکانیان داوە لەم جیهانەدا))[7] لقەکانی ئەم زانستە فراوانن و لە زۆرینەی بوارەکاندا جێگای خۆی کردووەتەوە، ئەدەبیش بە یەکێک لەو مۆڵگانە دادەندرێ کە بووبێتە بناغەی دروستبوونی ئەم زانستە.
بەشی یەکەم: تەوەرەی دووەم: جۆرەکانی و پەیوەندیی ژینگە لەگەڵ ئەدەبدا:
جۆرەکانی ژینگە: بە گشتی ژینگە بەسەر چوار ئاست پۆلێن دەکرێت، هەر یەکێک لەم ئاستانە تایبەتمەندی خۆیان هەیە و بە شێوەیەک لە ئاستەکانی تر جیا دەکرێنەوە، ئەگەرچی بە گشتی هەموویان پێک بەستراونەتەوە و گرنگی و کاریگەیان بەسەر یەکترییەوە هەیە، بەڵام بە پێی ڕوانین و لە گۆشەنیگای جیاواز، دەشێت چەند شێوەیەکیان لێ ببێتەوە:
لەسەر ئاستی شوێن: لەسەر ئاستی شوێن ژینگە بۆ دوو شێوە پۆلێن دەبێت:
ژینگەی وشکاتی (Terreestrial Ecology): ((بریتییە لە ژینگەی گیا و پاوان، ژینگەی دارستان، ژینگەی بیابان، ژینگەی چیاکان و ژینگەی دەریاچەکان و دەشتاییەکان یان گردەکان.))[8] دەبینین پێکهاتەی ئەم ئاستە پۆلێنکراوەی ژینگە لە خاکەوە وەرگیراوە، کەواتە بنەڕەتی هەموو شێوەکان یەک بنەڕەت و یەک تایبەتمەندی هەیە.
ژینگە ئاوییەکان (Aquatic ecology): بێگومان ئاو ڕووبەرێکی فراوانی ژینگەی بەردەکەوێ چونکە ڕووبەری ئاوی سێ هێندەی ڕووبەری وشکاتییە و مەرجێکی سەرەکی ژیانە، دروستبوونی هەموو ئاستەکانی تری ئەم پۆلێندبەندییەی بۆ ژینگە کراوە پەیوەستە بەم ئاستە. چونکە بەبێ ئاو شێوەکانی تر دروست نابن و پێکهاتەی ئەندامەکانی هەر ئاستێک بە مرۆڤیشەوە لە زۆرترین ڕێژەی ئاو پێکدێت، بۆیە باسکردنی ژینگەی ئاوی بەچەندین شێوە خۆی دەنوێنێت، وەکوو: ((ژینگەی ئاوی سازگار و ژینگەی ئاوی دەریاکان و ژینگەی ئاوی زەریاکان و ژینگەی دەریاچەکان و ژینگەی ڕووبارەکان و ژینگەی زێیەکان و ژینگەی گۆمەکان و ژینگەی زەلکاوەکان و ژینگەی دەریاچەکان))[9].
لەسەر ئاستی کەشوهەوا: لەم ئاستەدا ژینگە بۆ سێ شێوەی دابەش دەبێت، ئەوانیش:
ژینگەی جەمسەرەکان: ئەم جۆرەیان دوو جەمسەرەکەی زەوی دەگرێتەوە، کە بە ساردترین شوێنی سەر زەوی دادەندرێن، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە کاتێ زەوی بە دەوری خۆردا دەسووڕێتەوە، تیشکی خۆر وەک چۆن دەگاتە بەشی ناوەڕاستی زەوی بەر جەمسەرەکان ناکەوێت، بەم شێوەیە بووەتە مەڵبەندی سەرما و شاخی بەفرینی گەورە.
ژینگە نیمچە ساردەکان: ئەو شێوەیەش دابەش دەبێت بەسەر ئەو شوێنانەی لە جەمسەرەکانەوە نزیکن، وەکوو: بەشی باکووری کیشوەری (ئەمریکای باکوور و ئاسیا و ئەوڕوپا) دەگرێتەوە کە وڵاتەکانی (کەنەدا، ڕووسیا، فینلەندا، بەشێکی سووید) و گرینلاندیش دەگرێتەوە. ساردی ئەو ناوچانە وەکوو جەمسەرەکان نین، دەکرێت مرۆڤ لێی بژیێت، بەڵام بە گشتی پلەی گەرمی لەگەڵ تەواوی جیهان جیاوازە.
ژینگەی پشتێنەی زەوی: مەبەست لە ناوچە کەمەرەییەکانی زەوییە کە پلەی گەرمیان بەرزە و کەشوهەوای باراناوی و شێداریان هەیە. هەڵبەتە هێلی کەمەرەیی هێلێکی خەیاڵییە دەکەوێتە ناوەڕاستی زەوی و بە وڵاتەکانی: (کۆڵۆمبیا، بەرازیل، کینیا، کۆنغۆ، ئەندەنووسیا)دا تێدەپەڕێت.
لەسەر ئاستی ڕووپۆشە سەوزەکان: ژینگە لەم ئاستەدا شێوەکانی (ژینگەی دارستان، ژینگەی بێستان، ژینگەی لەوەڕ، ژینگەی بەروبووم، ژینگەی بژار) دەگرێتەوە. کە هەر یەکەیان بۆ مەبەستێک و بەرژەوەندییەک دروست کراون و دەکرێن و تایبەتمەندی ناسینەوەی تایبەت بە خۆیان هەیە.
لەسەر ئاستی گیانداران: ژینگەی گیانداران بەسەر شەش شێوە دابەش دەبن: (مێروو، بەکتریا، باڵندە، ماسی، بێ بڕبڕەکان، مرۆڤ)، هەموو ئەم شێوانە بە خاڵێکی هاوبەش کۆدەکرێنەوە کە زیندوویەتییە، ئەگەرچی بەشێک لە درەخت و سەوزاییەکانیش ئەم سالوخەتەیان هەیە، لێ تایبەتمەندییەکانی دەربڕین و جوڵە و بەشێک لە دەروون و رۆحیشیان هەیە کە لەگەڵ درەختەکان جیایان دەکاتەوە.
پەیوەندی ژینگە لەگەڵ ئەدەبدا:
ئەدەب بەرپرسیارە لە دەوروبەر، یەکێک لە ئەرکەکانی ئەدەب بینینی دەوروبەر و هەستپێکردنیەتی، ئەدەب لەلایەن ئەدەیبەوە دەنووسرێ ئەدیبیش وەک لە پێناسەی ژینگە هاتووە؛ بەشێکە لە ژینگە کەواتە ئەوەی ژینگە بۆ ئەدیب دەیسازێنێ لە ئەدەبەکەیدا ڕەنگدەداتەوە. بە واتایەکی تر ژینگە دەچێتە ناو جیهانی خەیاڵی ئەدیب و لەگەڵیدا گەورە دەبێت، تا دەبێت بە بەشێک لەو، بۆیە ناکرێ ئەدەب و ژینگە لە یەکتری داببڕێندرێن چونکە ژینگە ئاوێتەی ئەدەبە و بووەتە بەشێک لە کەرەستەی دەق. بەم پێیەی ژینگە پێکهاتەی دروستبوونی ژیان و بوونە و لە هەموو کایەکانەوە دەبیندرێت، توێژەران لە هەموو زانستەکان گرنگیان بە زانستی ئیرکۆلۆژی داو چەندین شێوەی تری لێ دروست بوو، چونکە ((لە کۆتایی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا. پۆلینکردنی زانستی ئیکۆلۆژی فراوان بوو هەموو بوارێکی گرتەوە، وەک: ئیرکۆلۆژیای مرۆیی و ئیرکۆلۆژیای ئاژەڵناسی و ڕووەک و زیندەوەران و ئیکۆلۆژیای کۆمەڵناسی/ کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئیکۆلۆژیای دەروونشیکاری و ئیکۆلۆژیای ڕامساری و سیاسی و ئیکۆلۆژیای فەلەکناسی و ئیکۆلۆژیای ئەتۆم...تاد. دواجار لە بواری زمانەوانی ئیکۆلۆژیای زمانەوانی / Eco Linguistics و لە بواری ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبی، ڕەخنەی ئیکۆلۆژی/ Ecocriticims لێ هاتە کایەوە و بووە قوتابخانەیەکی ڕەخنەی گرنگ و سەردەم لە بوار و توێژینەوە ڕەخنەییەکان))[10] هەڵبەتە میتۆد لە ڕوانگەی دەقی ئەدەبی بۆیە گرنگە چونکە هەموو میتۆدێکی ئەدەبی پشت بە پاشخانیکی فەلسەفی و بیروڕایەکی تایبەت دەبەستێ بۆ لێکدانەوە، بۆ نموونە میتۆدی کۆمەڵایەتی پێی وایە دەبێت دەقی ئەدەبی بۆ خزمەتی کۆمەڵ بخرێتە کار، میتۆدی دەروونی گرنگی بە دەروونی ئەدەب دەدات و لە ڕێیەوە دەقی ئەدەبی شیدەکاتەوە، میتۆدی بنیاتگەری هەموو چاوێکی لەسەر بەرهەمە چونکە (ڕۆڵان بارت) لە چێورمەی میتۆدی بنیاتگەریدا مردنی نووسەر ڕادەگەیەنێت. بۆیە کاری میتۆدی ئیکۆلۆژی (ژینگەیی) لە ئەدەبدا شیکردنەوەی دەوروبەرە بە کەرەستەکانی سروشت و هەموو ئەو دەوروبەرانەی ئەدیب پێی کاریگەرە و لە ڕوانینەکانییەوە دیارە.
بەشی دووەم: تەوەرەی یەکەم: (گۆران) و سروشت:
(گۆران) و سروشت:
بینینی منداڵی تازە لەدایکبوو بۆ ژینگە و دەوروبەر، بینینێکی پرسیارئامێزە، هەموو بوونێک لەم بینینە نیشانەی پرسیاری دەخرێتە بەردەم و بەبێ زانیاریش شی دەکرێتەوە و لێکدانەوەی بۆ دەکرێ، بەڵام دوای گەشەی هزری و ڕاماڵینی گەنگەشە خەیاڵییەکانی منداڵیی، زانین جێگای دەگرێتەوە و کۆمەڵێک هۆی بەجێ بۆ وەڵامی پرسیارەکان دێتە ئاراوە. بۆیە ئەوەی لەلای مرۆڤی سەرەتاییش بووەتە کێشە و وای لێ کردووە بیر بکاتەوە، بێگومان سروشت بووە، ڕووداوە یەک لە دوای یەکە سەیر و نامۆکانی بۆ زانینی ئەم شێوە مرۆڤە ئەستەم بووە، ناچار پەنای وەبەر خەیاڵ و لێکدانەوە خەیاڵییەکانی بردووە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، لەمێوە ئەفسانەیش دروست دەبێت، چونکە ڕەگی ئەم خەیاڵە لەناو کلتووری کۆمەڵی مرۆڤەکانەوە دادەکەوێ و تێکەڵی بیرکردنەوەیان دەبێ و وەکوو چیرۆک نەوە لە دوای نەوە دەیگێڕێتەوە. ڕوانین و لێکدانەوە لە سروشت لای فەیلەسووفان و شاعیران باسێکی گرنگ و جێ بایەخ بووە، لێکدانەوەی فەیلەسووفان بە دەلالەتی عەقڵی بووە و ئامانجیان گەیشتن بە ڕاستی بووە، بەڵام لەلای شاعیران خەیاڵ جێی عەقڵ دەگرێتەوە، شاعیر بەدوای ڕاستیدا ناگەڕێت، بەڵکوو تەقەلای شاعیر بۆ جوانییە، سەرنجی شاعیر بە جوانییەوە پەلکێش دەکرێ، تاقە ئامانج کە شاعیر هەوڵی بۆ دەدات ئەوەیە: بتوانێ ئەم پرسیارەی بۆ ڕووداوێکی سروشتی لەلای دروست بووە، لە جیهانی خەیاڵەوە بۆی بگەڕێت، هەڵبەتە ئەم بەدوا گەڕانە و ئەو وەڵامەی دەیداتەوە جوانتیرن وەڵامی خەیاڵە کە تاوەکوو ئێستا درابێتەوە، وەک (گۆران)، کە دەڵێ:
لەسەر جۆگەی ئاش قاز و مراوی
چاوەڕێی ڕۆژن هەڵبێنێ چاوی[11]
ئەو پرسیارەی دێتە بیری ئادەمیزاد دوای بینینی ئەم دیمەنە ئەوەیە: بۆچی قاز و مراوی لەسەر جۆگەی ئاش دەوەستن؟ چاوەڕێی چین؟ بێگومان جۆگەی ئاش تاوەکوو بەکاربردنی ئاش لەلایەن ئاشەوانەوە؛ ڕادەگیرێ و دەگیرێتەوە، لێ کە خۆر هەڵات ئاشەوان دەست بە کارەکەی دەکات. گۆران دەڵێت: قاز و مراوییەکان چاوەڕێی ڕۆژن لە خەوی قووڵ بە ئاگا بێتەوە، تاوەکوو ئاشەوانیش بێت بەرغی جۆگە ئاوەکە هەڵگرێ و ڕێی مەلەیان بۆ دەستەبەر بێ. یان دەڵێ:
عاسمانی شین و ئەستێرەکانی
پێدەکەنین بۆ بەری بەیانی[12]
دەبینین (گۆران) ئەو دیمەنە سروشتییانەی بوونەتە پرسیار لەلای، بە خەیاڵێکی شیعری دەریبڕیون و دەڵێت: ئاسمان و ئەستێرەکان لە کاتی بەرەبەیاندا بەرەوڕووی خۆر پێدەکەنن، پرسیارەکە ئەوەیە: کاتێ بەرەبەیان دێت، ئاسمان بۆچی ڕەنگی دەگۆڕێت؟ بۆچی کە خۆر هەڵدێ، ئەستێرەکان ئاوا دەبن و نامێنن؟ گۆران بە پشتبەستن بە خەیاڵی شیعری ئاسمانی تاریک و ئەستێرەکانی وەک کرێکارێکی ماندوو پیشان داوە، کە کاتێک کاتی کاری تەواو دەبێت بەرەوڕووی ئەم هاوڕێیەی پێدەکەنێت کە دێتە جێگای.
بەلای گۆرانەوە سروشت جوانییەکی بێگەردی هەیە، ناشێت تەنانەت بەجوانی خەیاڵیش بشێوێندرێ، بۆیە ئەوەی لە سروشتەوە دەیبینێ، وەکوو خۆی دەیگێڕێتەوە، وەکوو ((لە هۆنراوەی (بەهاری پاش باران)دا هەڵوێستی گۆران لە چەند سەرنجێکی کامیرایی ڕتووشکراو بەدەر نییە، هەرچی بەرچاوی دەکەوێت ئەوا بە دڵسۆزی وێنەی دەگرێ و نیشانمانی دەدات.))[13]
وەک دەڵێ:
هەر هێڵی گاسنی وەردی کێڵراوە
هەتا چاو بڕ ئەکا جۆگەلەی ئاوە
جووتیاری نەقیزەی درێژ سەرشان نەر
بەرەو ماڵ لەقەلەق گای داوەتە بەر!
تا ئەژنۆ لە قوڕدا و کەپەنەک بەسەر،
بۆ ڕانی تەریوی هەڵپە و خەم لەبەر،
مامەی شوان، وەکوو خۆی، بەرخی باوەشی
تەڕتەڕە و هەڵدەستێ هەڵم لە لەشی!
کچانی کۆڵەگیای کوڵاندن بە کۆڵ
ڕووەو دێ ڕەویون وەک مامزی چۆڵ
لە ئاو هەڵکشاوە پەل و پۆی باڵدار،
ڕەنج ئەدا فڕەفڕ ناگاتە سەر دار
تەڵانی ناو باخی پڕ فەرشی گیای سەوز
لێڵاوی باراناو کردوویە بە حەوز[14]
بەشی دووەم: تەوەرەی دووەم: جۆرەکانی ژینگە لە شیعری (گۆران)دا:
لەسەر ئاستی شوێن:
ژینگەی وشکاتی: وەک باسکرا وشکاتی مەبەست لە ئەو ناوچانەیە لەسەرڕووی وشکاتیدان، وەکوو: دارستان، بیابان، چیاکان، گرد و تەپۆلکە و ناوچە دەشتاییەکان، گۆران بەشێکی زۆری دیوانەکەی بۆ سروشت تەرخان کردووە، دیوانۆچکەیەکی لە ساڵی ١٩٦٨ بە ناوی (سروشت و دەروون) بڵاوکردووەتەوە، کە سەراپای بۆ سالوخەتی سروشت نووسراوە. هەروەها لە دیوانۆچکەی (فرمێسک و هونەر) کە لە ساڵی ١٩٦٨ بڵاوکراوەتەوە، (دوو هاوینە گەشت)ی تێدا بڵاوکردووەتەوە، کە تەنیا جوانییەکانی سروشتی تێدا گێڕاوەتەوە. وەک دەڵێ:
کۆمەڵە شاخێک سەخت و گەردنکەش
ئاسمانی شینی گرتۆتە باوەش؛
سەرپۆشی لووتکەی بەفری زۆر سپی
بە دارستان ڕەش ناودۆڵی کپی
جۆگەی ئاوەکان تیایا قەتیس ماو:
هەر ئەڕۆن ناکەن پێچی شاخ تەواو
هاوار و هاژەی کەفچەڕێنی چەم
بۆ تەنیایی شەو لایەلایەی خەم!
توولەڕێی باریک، تووناوتوون پشکن
ڕێبوار ئەخاتە ئەندێشەی بێ بن[15]
وشەکانی (شاخ، لووتکە، دارستان، دۆڵ، توولەڕێی باریک) بەشێکن لە ژینگەی وشکاتی و گۆران زۆر ورد لەبارەی هەریەکەیانەوە دەدوێت، چونکە دیمەنە سروشتییەکان ژینگەی ژیانی گۆرانن، ناکرێت لەخۆیان دابڕێنێ، لەگەڵ گواستنەوەی وێنەکانیشدا خەیاڵی خۆی دەخاتە ناو دێرەکان و سالوخەتی ئەم وێنەیەی گۆران بە خەیاڵەکانییەوە دەیکات، جیاوازە لەگەڵ بینینێکی کەتواری ئەوتۆ، وەک دەڵێ: شاخی گەردەنکەش، ئاسمانی گرتووەتە باوەش، ئەم دەربڕینە جگە لە گواستنەوەی وێنەکە خەیاڵبازییەکی جوانیشی تێدا بەکارهێناوە.
ژینگەی ئاوی: ئەو جۆرە ژینگەیە شێوەکانی: (ئاوی سازگار، دەریا، زەریا، دەریاچە، ڕووبار، زێ، گۆم، زەلکاو) دەگرێتەوە، ڕەنگە بەهۆی ژینگەی کوردستانەوە، نەتوانین بە قووڵی هەموو شێوەکان لە شیعری گۆراندا ببینین، بەڵام بۆ ژینگە ئاوییەکانی (ئاوی سازگار و کانی) نموونەی زۆر هەیە چونکە وەک پێشتر باسمان کرد پەیوەندی بە ژینگەی کوردستانەوە هەیە. کە گۆران تێیدا ژیاوە.
گۆران لە شیعری (گەشت لە قەرەداغ)دا دەڵێ:
ڕۆژ ڕمێک بەرز بوو، داپەڕینە چەم
ئاو شین، مەرەزە سەوز و گوڵ بە دەم
عەکسی سەوزایی ڕووی پڕ لەرەی ئاو
تیا ئەشکایەوە پڕشنگی هەتاو[16]
وشەکانی (چەم، ئاو شین) بەکارهێنانی ژینگەی ئاوییە، هەروەها گۆران لە دێڕی دووەمدا وێنەیەکی قووڵی ئەو ژینگەیەی بۆمان گواستووەتەوە، دەڵێت: وێنەدانەوەی سەوزاییەکانی دەم ئاو لەگەڵ پێلە نەرم و لەسەرخۆیەکانی چەم بەوە جوانتر دەبێت کاتێ تیشکێکی خۆر لەم وێنەیە دەدات و ڕەنگەکانی ڕووناک دەکاتەوە. هەروەها گۆران لە شیعری (هەوری پاییز)دا دەڵێ:
لە دەریاوە قەتاری هەوری باڕشت کەوتە دووی پێشەنگ،
بەسەر سینگی چیادا چۆکی داداوە کش و بێدەنگ[17]
گۆران دەڵێ: هەورێکی جێهێلدراو کە لە دەریاوە هاتووە، ئێستا بەسەر چیایەکدا وەستاوە و دەیەوێت دابکا. گۆران لەگەڵ وێنە شیعرییەکە باسی پڕۆسەیەکی زانستیشمان بۆ دەکات کە باران بارینە، چۆن دەبارێ و ئەو ئاوەی لە هەورەوە دێتە خوارەوە لە کوێوە دێت؟ لێرەوە وشەی دەریا هاتووە، بێگومان بەشێکە لە سروشت و ژینگە. گۆرانیش لە چەند شوێنی دیکە لەبارەیەوە دەدوێ و دەڵێت:
کانییەکی ڕوونی بەر تریفەی مانگەشەو:
لە بنیا بلەرزێ، مرواریی زیخ و چەو
جوانترە لەلای من لە دەریای بێسنوور
شەپۆلی باتە بەر تیژگی ڕۆژ شڵپ و هووڕ[18]
گۆران پشتگیری لە ژینگەی ژیانی خۆی دەکات، بەلای گۆرانەوە کانییەک کە ڕووناکایی مانگی بەسەرەوەیە و لەگەڵ لەرە و پێلە بچووکەکانیدا وردە زیخ و چەوەکانی بنی دەلەرزن زۆر لەو ژینگەیە جوانترە کە شەپۆلە گەورەکانی دەریا و تیشکی ڕۆژ بەیەکەوە جوانی دەبەخشن.
لەسەر ئاستی کەشوهەوا:
ژینگە نیمچە ساردەکان: وەکوو باسمان کرد ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کە لە دوو جەمسەرەکەی زەوییەوە نزیکن، کە باشووری کیشوەرەکانی: (ئەمریکای باکوور و ئاسیا و ئەوڕوپا) دەگرێتەوە، هەڵبەتە گۆران بەهۆی نەخۆشیی (شێرپەنجەوە) لە ((نیساندا ئەچێ بۆ مۆسکۆ و سێ مانگێک لە نەخۆشخانەی (کرێملین) و سەنەتۆریی (بەرڤیخە) بەسەر ئەبا و پاشان ئەگەڕێتەوە بۆ عێڕاق))[19]بۆیە ئەو ماوەیەی لە مۆسکۆ بووە، لە چەند شوێنێ باسی ساردی مۆسکۆمان بۆ دەکا، وەک لە شیعری (مۆسکۆی جوان)دا دەڵێ:
ئەی مۆسکۆ! ئەی ژنی جوانی سپیپۆش!
ناو دەمی ئاڵ پڕ لە گۆرانیی خۆش خۆش![20]
(سپیپۆش) مەبەست لێی بەفر و سەرمای زۆرە لەوێ، مۆسکۆش وەک بەم کەشە ڕاهاتبێ و ئەم سپێتییەی کردبێتە جلێک و لەبەری کردبێ و وایە. یان دەڵێ:
لە ناو بەفری بەرپێتا واق وڕماوم،
لە کام جوانیت نازانم، بدرووم چاوم؟![21]
بەفری (مۆسکۆ) هێندە زۆر بەسەریەکەوە کەڵەکە بووە، گۆران سەری لە جوانی دیمەنیان شاش ماوە و نازانێت بە کامە جوانیی مۆسکۆدا هەڵبڵێ، کە بێگومان کەشەکان لەگەڵ ژینگەی وڵاتەکاندا خۆیان گونجاندووە و لەبەرچاوی گۆراندا جوانی دەنوێنن.
لەسەر ئاستی ڕووپۆشە سەوزەکان: ژینگە لەم ئاستەدا شێوەکانی (دارستان، بێستان، لەوەڕ، بەروبووم، بژار) دەگرێتەوە، هەڵبەتە دیارە سروشتی کوردستان خۆی لەم شێوەیەی ژینگە دەبینێتەوە؛ دارستانی چڕوپڕ و لەوەڕ و بەرووبووم و بژار، وەک پیشە و وەک ژینگەی سروشتی لە کوردستان هەستپێدەکرێ، بەتایبەتی کە گۆران لە هەڵەبجە لەدیکبووە، چاوی بەم دیمەنە جوانانە ڕاهاتووە و لە زۆرشوێندا بە وردییەوە ئاماژەی پێ کردوون:
ڕیزێک نەمامی دارچوالەی نازدار
کە ڕێک وەستابوون لەسەر گیای بەهار
پەڕەی هەڵاڵەی چوالەی سووراوڕەنگ
جارجار ئەوەری بە خشەی پێی هەنگ،
لەگەڵ لێشاوی پەڕەی گوڵ بارین:
با بوو شەپۆلی «بۆنخۆشی»ی چین چین
بەڵام من چاوم گێڕا خوار و ژوور،
لە ڕیزەداری چوالەی تارا سوور
جوانترم نەدی وەک بووک وەستابێ،
سەیرانگای چەمی وا پێ ئاوا بێ![22]
سەرنجی وردی گۆران لەبارەی ئەم ژینگەیەوە سەلمێنەری ئەوەیە زۆر سەرنجی ڕاکێشاوە و ئاوێنەی دەروونی بووە، وەک دەڵێ:
کوردستان! جێگامی، جێی هەزار ساڵەم؛
پەروەردەی ئەم دۆڵ و سەرلووتکە و یاڵەم!
هەناسەم تێربۆنی بای کوێستانتە،
دوو لێوەم پاراوی بەفراوانتە،
سرنجم ڕاهاتووی زیوی زەڕکەفتە،
بە زەردەی سەر بەفری ئێوارەوەختە؛
گوێم فێرە بیستنی خوڕەی قەڵبەزە،
لەو عاستەی ژوور بەفرە، داوێن گیای سەوزە؛
زمانم پشکووتووی قسەی جوانتە،
قسەی ناو گۆرانیی شاخەکانتە[23]
گۆران خۆی بە ڕۆڵەی ئەم ژینگەیە دەزانێ، لەوانەوە فێر دەبێ و دەڕوانێ، بیرکردنەوە و شێوازی ژیان و هەڵسان و دانیشتنی لەوانەوە دەبینێ، دەتوانین بڵێین: ژینگەی ڕووپۆشی سەوز دیارتین جۆری ژینگەیە لە شیعری گۆراندا، چونکە کە باسی سروشتی ئەم ژینگەیە دەکات وەک ماڵی خۆی دەیبینێ و لەبارەیەوە دەدوێ. ئێمەیش ئەوە دەزانین یەک لە پێناسەکانی ژینگە، نیشاندانی ماڵێکە بۆ ژیان و بیرکردنەوە و لێ ژیان.
لەسەر ئاستی گیانداران: ژینگەی گیانداران بەسەر شەش شێوە دابەش دەبن: (مێروو، بەکتریا، باڵندە، ماسی، بێ بڕبڕەکان، مرۆڤ). هەڵبەتە شێوەکانی (ماسی و بەکتریا و مێروو) وەک شێوە لە شیعری گۆران نابیندرێن ئەویش بەهۆی ژینگەی ژیانییەتی ێگومان، بەڵام بە چەند جۆرێک لەمەڕ مرۆڤ و ئاژەڵانەوە دواوە. لە بارەی مرۆڤەوە، دەڵێ:
هیوا، مەگری، هەنسکی نیوەشەو بەس هەڵدە، بەس بگری!
لە چاوی بێقەرارم بۆچی دەرمانی وەنەوز ئەبڕی؟
کوڕی خۆم!کۆرپەلەم! میوانی دنیای تازە خوڵقاوم!
ئەدا گریەت بە زەربەی چز، لە ڕۆحی پڕ گلاراوم![24]
هەست و دەسوون بە گشتی گرنگییان زۆر پێدراوە لەلای گۆران بۆیە وروشان و شێواندنی هەست و دەروونی هەچ کەسێک لە جاوی گۆرانەوە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی بەستەیەکی تازە و سەرنج پەلکێش. وەک لە بارەی گریانی ژنێکەوە، دەڵێ:
ژنێکی شۆخ لە جاوی بەڵەک بە مەئیووسی
خلی ئەکردەوە هۆن هۆن دڵۆپی مرواری
بە ئاو ئەبوو دڵی بەردین لە ئاه و ئەفسووسی
بە ئاوی ساردی پەتی نا، بە ماییعی ناری[25]
یان لەبارەی ژنەوە دەڵێ:
لە کونجی خاتیرەما تا ژنێکی شۆخ نەکا
پەری سیفەت بە پەلوپۆی جەمالەوە جیلوە،
لە کوێ لە سەتحی زەمینا، لە سینەیی فەلەکا،
ئەبێتە مەنبەعی شیعرم بەدایعی ئەشیا[26]
تاوەکوو جوانیی ژنێک سۆزی دەروونی گۆران نەوروژێنێت و سەرنجی پەلکێش نەکات؛ هیچ شتێک لەسەر زەمین ناتوانێ و بۆی نییە ببێتە بنەچەی شیعر بۆ هاتنی.
لە بارەی ئاژەڵانەوە، لە کۆمەڵەی دەیەمی بەشی (شیعر بۆ مناڵان) لە شیعری (ساگۆرانیی کەو)دا دەڵێ:
ڕائەپەڕم بەربەیان
هەڵئەکشێم بۆ لووتکەی جوان
ئەخوێنم ڕوو لە ئاسمان:
قەقبە، قەقبە، قەقبە، قەق[27]
بەبۆنەی ئەوەی لەم سروشتەوە پێی گرتووە و بە ماڵی خۆی دەزانێ، هێندە لەگەڵ دەنگی کەو ئاوێتە بووە، توانیویەتی بە دەنگە نووسینەکانی زمانی کوردی هەمان ئاوازی خوێندنی (کەو)مان بۆ دەربڕێت. هەروەها لە شیعری (بەرخەکەم)دا دەڵێ:
ئەی بەرخۆلەکە!
نەرمونۆڵەکە!
سپی و خرپنی،
وەک کولووی لۆکە![28]
یان لە شیعری (پشیلەکەم)دا دەڵێ:
میاو میاو! میاو میاو! ورد ورد ڕاکە
پشە خرپنەی دەم و لووت پاکە!
کلکی تیسکن لوول کە و ڕەپ کە
نەرمەی دەستم گاڵتەقەپ کە
نینۆکی تیژ دەرپەڕێنە
قەی ناکا! بڕنە، بدڕێنە:
دەست و دەم و چاو و جلم
پشە، هەردوو دەست بکەرە ملم![29]
ژینگەی ئاژەڵان لەلای مناڵە لادێی کورد ئاشنایە و لەگەڵیدا ژیاون، بێگومان ئەم ئاژەڵانەی لە ژینگەی کوردستانەوە هەبوون و هەن، بۆیە گۆران لە کۆمەڵەی دەیەمدا کە تایبەتی کردووە بە شیعری مناڵان، زۆرینەی دەقەکانی بەسەر ئاژەڵاندا نووسیوە، وەک لە شیعری (کەروێشک)دا دەڵێ:
کەروێشک لەناو لانا
گوێی لەسەر پشت دانا
چاوی نووقاند پرخەپرخ
نووست تا ڕاوکەر وتی: پخ!
ئەمجا هەردوو گوێی لەقان
شانی پیا کرد بە بازدان
کەروێشک! نزیکە دوژمن
کەروێشک، ڕاکە قونەقون![30]
(گۆران) ئەرکێکی خستووەتە سەر شانی شیعر، بە تایبەتی ئەم دەقانەی بۆ مناڵان نووسیویەتی، ئەرکی پەروەردەکردنی منداڵ و خۆشەویستکردنی سروشت و ژینگە لەلای مناڵ، بە بایەخەوە لێی ڕوانیوە و بۆی نووسیوە.
ئەنجام
ــ ژینگە تەوەرێکی فراوانە و وەک زانستێک لەزۆر ڕووەوە گرنگی پێدراوە و ڕەهەندێکی توێژینەوەی هاوچەرخە، لە سەدەی بیستەم لقی توێژینەوەی لە هەموو زانستەکاندا دروست بووە و توێژینەوە و گرنگیپێدانیشی بەردەوامە.
ــ ژینگە و ئەدەب دوانەیەکی لێکدانەبڕاون؛ کاریگەریی ژینگەی ژیان و گوزەران ڕۆڵێکی سەرەکی لە شێواز و جۆری بیرۆکە و دونیای خەیاڵی شاعیر دەگێڕێت، هەر لە هاتنەدی بیرۆکەی دەقی ئەدەبییەوە تا پێگرتنی پەیوەندی بەم ژینگەیەوە هەیە کە خودی خەیاڵەکەی تێدا ژیاوە.
ــ ژینگەی سروشتی لە شیعرەکانی گۆراندا پانتاییەکی زۆری داگیرکردووە، گۆران بە وردی و چڕی لەمەڕ گرنگی ژینگە و جۆرەکانییەوە دواوە، نموونەی دەق بۆ شێوەی هەموو ئاستەکانی (شوێن، کەشوهەوا، ڕووپۆشە سەوزەکان، گیانداران) بەدی دەکرێت، تەنیا لە ئاستی کەشوهەوادا لەبارەی شێوە ژینگەی (جەمسەرەکان و پشتێنەی زەوی)دا دەقێکی وا ڕوون لە شیعری گۆراندا نابینین، شایەنی ئاماژەپێکردن بێت.
سەرچاوەکان
کتێب بە کوردی:
- عەبدوڵڵا، سۆران مامەند (٢٠٢٢) ئەکادیمیای کوردی، ئیکۆلۆژیا و سروشت لە شیعری هاوچەرخی کوردیدا، ژمارە (٥٣) لە ٢٧/١٢/٢٠٢٢، هەولێر.
- ئەسوەد، نەوزاد ئەحمەد (٢٠١٥) فەرهەنگی زاراوەکانی ئەدەب و زانستە مرۆڤایەتییەکان، چاپی یەکەم، ناوەندی غەزەلنووس، سلێمانی.
- ڕبیع، عادل مشعان. و. ئەحمەد عەلی ئەحمەد (٢٠١٤)، هۆشیاری ژینگەیی، چاپی یەکەم، چاپخانەی کەمال، سلێمانی.
- عەزیز، فەرهاد حەسەن (٢٠١٧) ژینگە و پیسپوونی ژینگە، چاپی یەکەم، چاپخانەی زانکۆی سەڵاحەددین، هەولێر.
- گۆران، عەبدوڵڵا (٢٠٠٦) دیوانی گۆران، چاپی سێیەم، بڵاوکراوەی پانیز، تەهران.
- میراودەلی، کەمال (٢٠١٣) گۆران ڕۆمانسیزمی سروشت و جوانی، ؟،؟،؟.
کتێب بە ئینگلیزی:
- Odum, j (1971) fundamen tals of ecology. E.P.3ed. WBBc saunders co. london U.K.
سەرچاوەی ئەلیکترۆنی:
قاموس المعاني الجامع. (د.ت). البيئة. تم الاسترجاع في ١٨ تشرين الثاني ٢٠٢٤، من almaany.com.
ABSRTACT
This research is entitled (Environment and Nature in Goran's Poetry), identifies and studies nature and environment in poetry, as a method (ecology) is a new science and is dedicated to the interpretation of literary texts from its environmental perspectives .
This research consists of two parts: First part: Two themes: First Theme: Definition, concepts and terms of environment. The second topic discusses the types of environment and the relationship of environment with literature. The second part has two themes: the first theme is entitled Goran and nature, the second theme identifies the types of environment in Goran's poetry.
الملخص
يتناول هذا البحث الموسوم بـ(البيئة والطبيعة في شعر "گۆران") تحديد و دراسة الطبيعة والبيئة في الشعر، ويُعدُّ منهج (الإيكولوجيا) علماً حديثاً يختص بتحليل النص الأدبي من مناظيره البيئية.
يتكون البحث من مبحثين: المبحث الأول: يضم محورين: المحور الأول: يتضمن تعريف ومفهوم ومصطلح البيئة. المحور الثاني: يتحدث عن أنواع البيئة وعلاقة البيئة بالأدب. المبحث الثاني: يضم محورين: المحور الأول: بعنوان كوران والطبيعة، والمحور الثاني: يحدد أنواع البيئة في شعر "گۆران".
[1]- Odum, j (1971) fundamen tals of ecology. E.P.3ed. WBBc saunders co. london U.K. p3.
[2] - عەبدوڵڵا، سۆران مامەند (٢٠٢٢) ئەکادیمیای کوردی، ئیکۆلۆژیا و سروشت لە شیعری هاوچەرخی کوردیدا، ژمارە (٥٣) لە ٢٧/١٢/٢٠٢٢، هەولێر. ل١٥٢.
[3] - ئەسوەد، نەوزاد ئەحمەد (٢٠١٥) فەرهەنگی زاراوەکانی ئەدەب و زانستە مرۆڤایەتییەکان، چاپی یەکەم، ناوەندی غەزەلنووس، سلێمانی. ل٨٠.
[4] - (قاموس المعاني الجامع، د.ت).
[5] - عەزیز، فەرهاد حەسەن (٢٠١٧) ژینگە و پیسپوونی ژینگە، چاپی یەکەم، چاپخانەی زانکۆی سەڵاحەددین، هەولێر. ل١.
[6] - ڕبیع، عادل مشعان. و. ئەحمەد عەلی ئەحمەد (٢٠١٤)، هۆشیاری ژینگەیی، چاپی یەکەم، چاپخانەی کەمال، سلێمانی. ل٩.
[7] - ڕبیع، عادل مشعان. و. ئەحمەد عەلی ئەحمەد (٢٠١٤)، هۆشیاری ژینگەیی، چاپی یەکەم، چاپخانەی کەمال، سلێمانی. ل٩.
[8] - عەزیز، فەرهاد حەسەن (٢٠١٧) ژینگە و پیسپوونی ژینگە، چاپی یەکەم، چاپخانەی زانکۆی سەڵاحەددین، هەولێر. ل٧.
[9] - عەزیز، فەرهاد حەسەن (٢٠١٧) ژینگە و پیسپوونی ژینگە، چاپی یەکەم، چاپخانەی زانکۆی سەڵاحەددین، هەولێر. ل٧.
[10] - عەبدوڵڵا، سۆران مامەند (٢٠٢٢) ئەکادیمیای کوردی، ئیکۆلۆژیا و سروشت لە شیعری هاوچەرخی کوردیدا، ژمارە (٥٣) لە ٢٧/١٢/٢٠٢٢، هەولێر. ل١٥٧-ل١٥٨.
[11] - گۆران، عەبدوڵڵا (٢٠٠٦) دیوانی گۆران، چاپی سێیەم، بڵاوکراوەی پانیز، تەهران. ل١١٩.
[12] - گۆران، عەبدوڵڵا (٢٠٠٦) دیوانی گۆران، چاپی سێیەم، بڵاوکراوەی پانیز، تەهران. ل١٢١.
[13] - میراودەلی، کەمال (٢٠١٣) گۆران ڕۆمانسیزمی سروشت و جوانی، ؟،؟،؟. ل١٩.
[14] - گۆران، عەبدوڵڵا (٢٠٠٦) دیوانی گۆران، چاپی سێیەم، بڵاوکراوەی پانیز، تەهران. ل١٤٤.
[15] - گۆران، عەبدوڵڵا (٢٠٠٦) دیوانی گۆران، چاپی سێیەم، بڵاوکراوەی پانیز، تەهران. ل١١٧.
[16] - گۆران، عەبدوڵڵا (٢٠٠٦) دیوانی گۆران، چاپی سێیەم، بڵاوکراوەی پانیز، تەهران. ل١٢٢.
[17] - گۆران، عەبدوڵڵا (٢٠٠٦) دیوانی گۆران، چاپی سێیەم، بڵاوکراوەی پانیز، تەهران. ل١٣٦.
[18] - گۆران، عەبدوڵڵا (٢٠٠٦) دیوانی گۆران، چاپی سێیەم، بڵاوکراوەی پانیز، تەهران. ل٦٥.
[19] - گۆران، عەبدوڵڵا (٢٠٠٦) دیوانی گۆران، چاپی سێیەم، بڵاوکراوەی پانیز، تەهران. ل٣٦.
[20] - گۆران، عەبدوڵڵا (٢٠٠٦) دیوانی گۆران، چاپی سێیەم، بڵاوکراوەی پانیز، تەهران. ل٢٢٦.
[21] - گۆران، عەبدوڵڵا (٢٠٠٦) دیوانی گۆران، چاپی سێیەم، بڵاوکراوەی پانیز، تەهران. ل٢٢٦،
[22] - گۆران، عەبدوڵڵا (٢٠٠٦) دیوانی گۆران، چاپی سێیەم، بڵاوکراوەی پانیز، تەهران. ل١٤٣.
[23] - گۆران، عەبدوڵڵا (٢٠٠٦) دیوانی گۆران، چاپی سێیەم، بڵاوکراوەی پانیز، تەهران. ل١٥٢.
[24] - گۆران، عەبدوڵڵا (٢٠٠٦) دیوانی گۆران، چاپی سێیەم، بڵاوکراوەی پانیز، تەهران. ل١٥٩..
[25] - گۆران، عەبدوڵڵا (٢٠٠٦) دیوانی گۆران، چاپی سێیەم، بڵاوکراوەی پانیز، تەهران. ل٤٩.
[26] - گۆران، عەبدوڵڵا (٢٠٠٦) دیوانی گۆران، چاپی سێیەم، بڵاوکراوەی پانیز، تەهران. ل٨٥..
[27] - گۆران، عەبدوڵڵا (٢٠٠٦) دیوانی گۆران، چاپی سێیەم، بڵاوکراوەی پانیز، تەهران. ل٣١٩.
[28] - گۆران، عەبدوڵڵا (٢٠٠٦) دیوانی گۆران، چاپی سێیەم، بڵاوکراوەی پانیز، تەهران. ل٣٢١.
[29] - گۆران، عەبدوڵڵا (٢٠٠٦) دیوانی گۆران، چاپی سێیەم، بڵاوکراوەی پانیز، تەهران. ل٣٢٥.
[30] - گۆران، عەبدوڵڵا (٢٠٠٦) دیوانی گۆران، چاپی سێیەم، بڵاوکراوەی پانیز، تەهران. ل٣٢٦.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment