داهاتووی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمەریكی
نوچە نێت:
ئا: ژیوار سلێمان
حکومەتی عێراق بەبریارێك گۆڕانکاریی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریكی كرد، ئەو بڕیارەی حكومەتی عێراق کاردانەوەیەکی زۆری رایگشتی و بازرگانانی لێکەوتەوە. سەبارەت بەو بڕیارە شرۆڤەكارانی ئابووریی بۆچوونی جیاوازیان هەیە.
ڕۆژی سێشەممە (2026/10/6) ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر پێشنیاری وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق بڕیارێکی نوێی لە بارەی ئاڵوگۆڕی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار دەکرد، کە نرخەکان بەم شێوەیە دەستنیشانکران:
نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی(1500) دینار بۆ هەر دۆلارێک.
نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان(1510) دینار بۆ هەر دۆلارێک.
نرخی فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتییان(1520) دینار بۆ هەر دۆلارێک.
هاوکات ڕۆژی چوارشەممە (2026/10/7) بانکی ناوەندی عێراق نوسراوێکی ئاڕاستەی سەرجەم بانک و کۆمپانیاکانی دراو و پارەدانی ئەلیکترۆنی کرد و ڕایگەیاند، بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران نرخی نوێی ئاڵوگۆڕی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
جێگەی ئاماژە پێدانە دەرکردنی ئەم بڕیارە شڵەژاوی لە بازاڕی دراودا دروستکرد نرخی دۆلار بەرامبەر دینار گەیشتە سەروو (170) هەزار دینار، بەشێک لە بازرگانانی سەربەخۆ نیگەران بوون لە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار، هەروەها ڕاستەوخۆ کاریگەری کردە سەر نرخی کاڵا و شتوومەک، بەڵام ڕۆژی پێنجشەممە (2026/10/8) نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عەلی زەیدی بڕیاردا بە دواخستنی وەرگرتنی باج و گومرگی پێشوەختە لەسەر بەرهەمەکانی مریشک و هێلکە و گۆشتی ئاژەڵی هاوردەکراو، ئەم بڕیارەی زەیدی بە ئامانجی ڕاگرتنی هاوسەنگی بازاڕ بوو لە دوای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار.
شایەنی باسە بەهۆی ناسەقامگیری دۆخی بازاڕ و نیگەرانی هاووڵاتیان، پەرلەمانی عێراق بانگهێشتی سەرۆک وەزیرانی عێراقی ڕۆژی (2026/10/8) بۆ پەرلەمان، عەلی زەیدی لە پەرلەمان لەبارەی هۆكاری دەركردنی ئەو بڕیارە و ئاماژەی بەوەدا، کاتێک دەسەڵاتی گرتە دەست عێراق بەرەو داڕمانی ئابووری هەنگاو دەنا بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز و پەککەوتنی هەناردەکردنی نەوتی عێراق، هەروەها قەرزیكی زۆر لەسەر حکومەت کەڵەکەبوو، بۆیە سێ ڕێگە لەبەردەم حکومەتی نوێدا هەبوو:
یەکەم: پەنابردن بۆ پاشەکەوتی زۆرە ملێی مووچەی فەرمانبەران.
دووەم: دابەشکردنی مووچە هەموو (45) ڕۆژ جارێک.
سێیەم: نوقمبوونی عێراق لە قەرزکردن کە ئەمەش لە توانای وڵات بەدەر بوو.
بە گوێرەی گووتەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دەرکردنی ئەم بڕیارە بۆ کەمکردنەوەی سوود ئەو دەڵاڵانەیە، کە بازاڕی دراویان قۆرغکردبوو، هەروەها بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانە لە بودجەی عێراقدا، بەتایبەت ئێستا عێراق بەدەست (208) تریلیۆن دیناری قەرزی گشتییەوە دەناڵێنێت.
سەبارەت بە كاریگەرییەكانی، شارەزایانی ئابووری بۆچوونی جیاوازیان هەیە، كە عێراق لەبری ئەوەی یەكسەر پەنا بۆ ئەو بڕیارە ببات، دەیتوانی رێگەی دیكە بگرێتەبەر. د. فازڵ نەبی جێگری پێشووی وەزیری دارایی عێراق پێیوایە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە، "حکومەتی عێراق دەیتوانی ڕێگەی دیکە بەکاربهێنێت، لە ئێستادا عێراق سەرچاوەکانی هەناردەکردنی نەوتی فرەچەشن کردووە، بەمەش دەتوانێت داهاتێکی نەوتی باش بۆ حکومەتەکەی دابین بکات، هەروەها پێیوستە پرۆسەی چاکسازیی، کە لەسەر گەندەڵکاران دەستیپێکردووە، پارەکان بگەرێننەوە خەزێنەی حکومەت، بەمەش عێراق دەتوانێت بەلایەنی کەم مووچەی شەش مانگی هاووڵاتیان بە بێ دەستکاریکردن لە بەهای دراو دابین بکات."
لە لایەكی دیكەوە بەشێک لە ئابووریناسان و بەرپرسانی دارایی حکومەت پێیانوایە ئەم بڕیارەی نوێیەی حکومەتی عێراق هەنگاوێکی گرنگ و ستراتیژییە بۆ کەمکردنەوەی جیاوازی لە نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕی ڕەش، هەروەها کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجە و پشتگیرکردن لە بەرهەم و پیشەسازیی ناوخۆیی، هەروەها پاراستنی دابینیکردنی مووچەی فەرمانبەران.
محەمەد ئەلسەفار شرۆڤەکاری عێراقی دەڵێت، دابەزینی بەهای دینار لە بنەڕەتدا وەڵامێکی داراییە بۆ ئەو شۆکەی لە داهاتی نەوتی عێراق لە شەڕی ئێران و پەکخستنی هەناردەکردندا هاتە ئاراوە، ئەمەش دیناری زیاتر دەدات بە حکومەت بۆ هەر دۆلارێک لە داهاتی نەوت، بەڵام تێچووی هاوردەکردن بەرزدەکاتەوە و توانای کڕینی ماڵەکان کەمدەکاتەوە.
هەر سەبارەت بە بڕیارەكەی حكومەتی عێراق، نەبیل مەرسومی شرۆڤەکاری ئابووریی پێیوایە، دابەزینەکە دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی هەبێت، لەلایەكی دیكەوە تەنانەت پێش دەستکاریکردنی نرخی بەهای دراو، بازرگانان نرخی زۆرێک لە کاڵاکانیان بە نزیکەی (1600)دینار بۆ دۆلار داناوە.
لەبەرامبەردا، مەنار ئەلعوبەیدی سەرۆکی دامەزراوەی (IRAQ FUTURE) پێچەوانەی ئابووریناسان جەخت لەوەدەكاتەوە، كە بڕیاردان لەسەر دەرئەنجامی بڕیارەکە زووە و دەڵێت، ئەزموونی ساڵی (2021)ـی عێراق ئەوەبوو دۆلار لە (1190) دینارەوە بەرزبوویەوە بۆ (1460)، بەپێی داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی خۆراک بەڕێژەی (5%) بەزربووەوە، ئەمەش مانای وایە هەموو بەرزبوونەوەیەکی دۆلاری مەرج نییە کاربکاتەسەر بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و کاڵاكان. هاوکات ئەلعوبەیدی داوا دەكات هەفتەی داهاتوودا چاودێریی نرخەکان بکرێت و پێداچوونەوە بە داتاکانی گرانبوون لە چەند مانگی داهاتوودا بکرێت، پێش ئەوەی کاریگەری بکاتە سەر دۆخی هاووڵاتیان.
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەم گۆڕانکارییە لەسەر داهاتی عێراق لە داهاتوودا کارلا سەلیم ئابووریناسی جیهانی دەڵێت، لەوانەیە عێراق پێویستی بە پرۆگرامێک هەبێت لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، ئەگەر نرخی نەوت لە دابەزین بەردەوام بێت و بەهای دۆلاریش بەرامبەر دینار هەروا بە بەرزی بمێنێتەوە، ڕەنگە نەتوانێت پاڵپشتییەکی باش بۆ دارایی گشتی دابین بکات، کارلا جەختی لەوە دەكاتەوە هەر بەرنامەیەکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەتوانێت ببێتە هۆکارێک بۆ چاکسازیی دارایی و ئابووری، بەتایبەت پڕۆژەیاسای مووچەی کەرتی گشتی، هەروەها یارمەتیدەرێکی باش دەبێت لە ئەگەری نەگەڕانەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ پێش جەنگ، هەرچەندە لە ئێستا (70%) ئاستی بەرهەمهێنان بەرزبۆتەوە.
ئەنجام
بە پشت بەستن بە گوتەی شرۆڤەکاران دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە گۆڕانکاریی لە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار
یەکەم: بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار بۆ حکومەت پڕکردنەوەی کورتهێنانە لە بودجەی عێراق و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی جەنگە.
دووەم: بۆ هاوڵاتیان زامنکردنی پێدانی مووچەی مانگانەیە.
سێیەم: دەکرێت ئەم گۆڕانکارییە ببێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و گرانبوونی بازاڕ.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment