عێراق ژمارەی بۆڕییەکانی هەناردەکردنی نەوت زیاتر دەکات ئابووری جیهان

نوچە نێت:

گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرایکرد، دوو بۆڕی گواستنەوەی نەوت ۆ عێراق ڕادەکێشرێت، کە یەکێکیان لە توانایدایە ڕۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکات، هاوکات ئاماژەشی بەوەدا، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمپانیا هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا و قەتەر واژۆ کراوە و گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە ڕەشنووسی گرێبەستەکە لە ئایندەیەکی نزیکدا.

ڕۆژی یەکشەممە (2026/11/1) سەلیم روکابی گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، پرۆژەی بۆڕیی نەوتی کەرکووک-بانیاس لە توانایدایە ڕۆژانە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بۆڕییە نابێتە جێگرەوەی بۆڕیی کەرکووک-جەیهان، بەڵکو پڕۆژەکە دانانی دوو هێلی بۆڕی لەخۆدەگرێت، کە یەکەمیان بەرەو بانیاس و بۆڕییەکی دیکە بەرەو پیشخابوور درێژ دەبێتەوە.

سەبارەت بە گەیشتنە ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنی جێبەجێکاری پڕۆژەکە روکابی ئاشکرایکرد، یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمپانیا هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و قەتەر واژۆکراوە، چەند لێژنەیەکی هاوبەشی ئابووری، تەکنیکی و گرێبەستکاری پێکهێنراون کە تاوەکو ئێستا لە گفتوگۆدان، وا چاوەروان دەکرێت لە کۆتایی ئەمساڵ گفتوگۆکان بگەنە ئەنجام و ڕەشنووسی گرێبەستەکە واژۆ بکرێت.

شایەنی باسە بۆڕیی کەرکووک-بانیاس لە ساڵی (1952) لە نێوان عێراق و سووریا دروستکرا بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ بەندەری بانیاس، لە ساڵی (2003) لەکار کەوت و لە شەڕی داعشدا بە تەواوی ژێرخانەکەی وێرانکرا، بەڵام لە کۆتایی مانگی ئۆکتەبەردا عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی سووریای کرد، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆبوونەوە و پرسی پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان تاوتوێ کرد، هاوکات پرسی چالاککردنەوەی هێلی بۆڕیی کەرکوک-بانیاس تەوەرێکی سەرەکی گفتووگۆکان بوو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین