قەرزی عێراق (113) ترلیۆن دیناری تێپەراند عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت:

بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، ڕێژەی قەرزکردن لە ماوەی هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، بە بەراورد بە کۆتایی ساڵی (2025) نزیکەی (22.97) ترلیۆن دینار زیادی کردووە و ڕێژەی گەشەکردن لە وڵات گەیشتووەتە (%25.4).

ڕۆژی چوارشەممە (2026/10/21) بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، قەرزی ناوخۆی وڵات تاوەکو کۆتایی مانگی ئابی (2026) گەیشتووەتە نزیکەی (113.485) ترلیۆن دینار، بەبەراورد بە کۆتایی مانگی تەمووز کە (109.516) ترلیۆن دینار بووە، بڕی (3.969) ترلیۆن دینار زیادبووە.

هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، بە بەراورد بە کۆتایی ساڵی (2025) کە (90.515) ترلیۆن دینار بووە، ئەمساڵ ڕێژەی قەرزکردنەکە لە ماوەی هەشت مانگدا نزیکەی (22.97) ترلیۆن دینار زیادی کردووە، بەمەش ڕێژەی گەشەکردن گەیشتووەتە (٪25.4).

لە بەرامبەردا داواکارییەکانی وەزارەتی دارایی بۆ بانکی ناوەندیی گەیشتووەتە (76.499) ترلیۆن دینار، قەرزەکان بە ڕێژەی (18.945) ترلیۆن دینار و گرێبەستەکانیش گەیشتووەتە (9.330) ترلیۆن دینار.

جێگەی ئاماژەپێدانە، ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق، لەبارەی یەدەگی دراوی بیانی ڕایگەیاند، یەدەگی دراو لە کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ، گیشتووەتە (81.538) ملیار دۆلار، بەمەش بەراورد بە کۆتایی مانگی تەمووز کە (80.633) یەکسان بە (104.823) ترلیۆن دینار، بەرزبووەتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین