پێكهاتەی سوپای نوێی سووریای عەرەبی و مەترسی لەسەر داهاتووی كورد
نوچە نێت: تایبەت
نووسینی: هەڵگورد مەسعود
پێشەكی
دوای پێكهێنانی نوێی حكومەت و دامەزراندنی سوپایەكی نوێ لە سووریا، نەمانی بەشار ئەسەد، كە ئەمە خۆی لە خۆیدا گۆڕانكارییەكی نوێی سیاسی و سەربازیی بوو لەو وڵاتە. لەم نووسینەدا، دەمانەوێ تیشك دەخەینە سەر پێكهاتەی نوێی سوپای سووریا و باكگراوەند و ناسنامەكەی، مێژوو و چۆنیەتی بەشداریی سەربازیی ئەو پلەدار و فەرماندە سەربازیانە ئێستای ناو سوپای سووریا دەخەینەڕوو. هەروەها لە بەشێكی دیكەی ئەم نووسینە ئاماژە بە چۆنیەتی هەڵوەشاندنەوەی هێزە سەربازییە كوردیییەكان و تێكەڵكردنی لەگەڵ سوپای نوێی سووریای عەرەبی، بەڵام كاتێ لە ناسنامەی سوپای سووریا وردەبیتەوە، بە سەدان فەرماندە و ئەفسەر كە پێشتر لە ریزەكانی گرووپە ئیسلامی و توندەڕەوەكان ئێستا لەنێو ئەو سوپایە سەركردایەتیی هەزاران سەرباز دەكەن، كە هێشتا گومان لە گۆڕانیی فیكری و بیروباوەڕی ئەوان بەرامبەر بە چەمكی دەوڵەتداری و خوێندنەوەی پێكهاتە جیاوازەكانی ئەو وڵاتە دەكرێت.
یەكەم: لە گرووپی تیرۆریستییەوە بۆ سوپای نیشتمانی
سوپای سووریا، كە لە ساڵی (1945) دامەزراوە، ئەو سوپایە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار لە ڕۆژی (8)ـی كانوونی یەكەمی (2024) لە سووریا، دەسەڵاتە كەوتە دەستی هێزە چەكدارە جیاوازەكان. دوای هەڵبژاردن یان دیاریكردنی ئەحمەد شەرع بە سەرۆكی كاتیی ئەو وڵاتە، هەڵوەشاندنەوەی سوپای سووری بە فەرمی لە كۆنفرانسی سەركەوتن لە (29)ـی كانوونی دووەمی (2025) بە فەرماندەیی مەرهاف ئەبو قەسرە وەزیری بەرگریی ئێستای سووریا ڕایگەیێندرا، بە مەبەستی دووبارە دامەزراندن و بونیاتنانەوەی سوپایەكی نوێ بۆ ئەو وڵاتە، ئەمەیش چەندین دوای كۆبوونەوە و دانوستاندن لەگەڵ زیاتر لە (130) هێز و گرووپی چەكداری جیاوازی ئیسلامی و عەلمانی، دوای خۆ هەڵوەشاندنەوەیان ئێستا لە چوارچێوەی سوپایەكی نوێی (25) فرقەیی، كە ئەو فرقانە بەسەر (10) پارێزگای سووریا بەمشێوەیە دابەشكراون:
لە دیمەشق سێ فرقە بڵاوی پێكراوە، فرقەی (90)، فەرماندەی فرقە عەمید عەبدوڕەحمان حسێن خەتیب ئوردنی، یەكێكە بووە لە سەركردە ناسراوەكانی دەستەی تحریر شام. فرقەی (70) فەرماندەی فرقە عەمید عومەر جفتشی (موختار توركی) ئەم فرقەیە كۆكەرەوی گرووپەكانی (جەیش السلام، جەیش رەحمان، سوپای ئازادی سووریا كە ئەمەریكا پشتیوانی دەكرد)، فرقەی (44).
سەبارەت بەو سێ فرقەیەی لە بە پارێزگای حەلەب جێگراون، فرقەی (60) فەریق عەواد ئەلجاسم ناسراو بە ئەبو قوقەیبە، یەكێكە لە كۆنە فەرماندەكانی دەستەی تحریر شام. فرقەی (72) كە زۆربەی سەربازەكانی، كۆنە چەكداری پێشووی جەیشی وەتەنی و دەستەی تەحریر شامن، فەرماندەكەیان ناسراوە بە خەتاب ئەلبانی. فرقەی (76) فەریف سەیف دین ناسراو بە ئەوبەكر لەلایەن توركیاوە پاڵپشتی دەكرێت، بەڵام لە ئەمەریكا و ئەوروپا داواكراوە. فرقەی (80) لە سنووری پارێزی سوەیدا بڵاوی پێكراوە بۆ پاراستنی سنوورەكان.
لە ئیدلیب، هەر یەك لە فرقەی (64) كە لەلایەن محەمەد غەریب ئەبو ئەسید فەرماندەی پێشووی فەیلق شام سەركركردایەتیی دەكرێت، هەروەها فرقەی (82) تەنها لە چەكدارە بیانییەكان پێكهاتووە، فەریق خالد حەلەبی ناسراو ئەبو خەتاب، فەرماندەیی ئەو فرقەیە دەكات، یەكێك بووە لە سەركردەكانی پێشووی گرووپی ئەنسارو تەوحید، بڵاوەیان پێكراوە.
هەروەها فرقەی (42) بە فەرماندەیی عەقید رائد عەرب و فرقەی (52) لە حومس، بە فەرماندەیی عەمید هەیسەم ئەعلی، ئەم فرقەیە لە سنووری سووریا – لوبنان بڵاوی پێكراوە دژ بە حیزبوڵڵای لوبنان، زۆربەی سەربازەكانی لە عەشیرەتەكانی ئەو ناوچەیە پێكهاتووە.
هاوشێوەی پارێزگانی دیكە، لە سێ حەما سێ فرقەی دیكەی بڵاوەیان پێكراوە، لەوانە فرقەی (62) محەمەد ئەلجاسم ئەبو عامشە سەركردایەتی دەكرێت، تاوانبارە بە هەڵگیرسانی شەڕی تائفی، داواكراوە لەلایەن واشنتۆنەوە بە هۆی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ. فرقەی (54) عەمید حوسێن عەبدوڵڵا ناسراو بە ئەبو سوهەیب، فەرماندەی سەربازی پێشووی گرووپی ئیسلامی ئەحرار شام، سەركردایەتیی ئەو فرقەیە دەكات. فرقەی (74) عەمید جەمیل ساڵح ئەفسەری پێشووی سوپای سووریا و فەرماندەی جەیش عزە فەرماندەیی دەكرێت. سەبارەت بە پارێزگای درعا، كە فرقەی (40)ـی تێدا بڵاوكراوە، بە فەرماندەیی عەقید بنیان ئەلحەریری، سەركردە لە حەركە ئەحرارشام.
هەروەها لە دیرزوور فرقەی (66) جێگركرایە، كە عەمید محەممەد جاسم ناسراو بە ئەبو عەمشە فەرماندەیی ئەو فرقەیە دەكرد، تائێستا بەهۆی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ چەندجارێك سزادراوە، فەرماندەیی نزیکەی (30) هەزار چەکداریان کرد و (12) ساڵە لە سووریا و لیبیا و ئەزەربایجان شەڕیان بۆ تورکیا کرد، بە پشتیوانی توركیا، عەفرین و سەرێکانیان بەفەرمانی داگیرکرد، بەڵام مانگێك لەمەوبەر، دوای ئەوەی فەرمانی گۆڕینی كە لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە درا لوو، ڕەتیكردەوە دەستبەرداری فەرماندەیی فرقە بێت، بە كۆدەتایەكی سپی كۆتاییان پێهینا. هەر لە دیرەزوور فرقەی (86) ئەحمەد هایس ناسراو بە ئەبو حاتم شەقرا جێگكراوە، پێشتر بەرپرسی ئەحرار شەرقیە بوو لە چوارچێوەی جەیشی وەتەنی، یەكێكە بووە لەوانەی لەلایەن ئەمەریكا و ئەوروپا سزای بەسەر سەپێندراوە و ناوی خراوەتە لیستی تیرۆر.
لە لازقیە فرقەی (50) لە ڕۆژئاوای سووریا بڵاوەی پێكراوە لەگەڵ فرقەی (56) لە تەرتوس، كە تایبەتە بە لە یاسا دەرچووەكان، لەلایەن عەقید منیر شیح یەكێك لە سەركردەكانی پێشووی دەستەی تەحریر شام سەركردایەتیی دەكرێت.
دووەم: بونیتانانەوەی سوپایەكی نوێ و ئاڵنگارییەكان
ژمارەی ئێستا ئەفسەرانی سوپای سووریای عەرەبی نزیكەی (2) هەزار ئەفسەر و فەرماندە دەبن، حكومەتی ئەحمەد شەرع بەنیازە (3500) ئەفسەری دیكە دابمەزرێنێت. چەکدارکردن و دامەزراندنی سوپای نوێی سووریا، خاڵێكی گرنگە لە پرۆسەی ڕێکخستنەوە و بنیاتنانەوەیدا، بەڵام ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە دەبێتەوە، بەتایبەت بەشێكی زۆری چەكی قورسەكانی لەدەستداوە. هەروەها نەبوونی بیروباوەڕێكی سەربازیی ڕوون كە بۆ هەر سوپایەك گرنگ و جەوهەرین، ڕێگرێكی دیكەی بونیاتنانی سوپای نوێی سووریا.
وەزارەتی بەرگریی سووریا بۆ ڕێكخستنەوە و دامەزراندنی سوپایەكی نوێ، لەڕێگەی وەزارەتی بەرگریی سووریا دوو لیژنەی سەرەكی دروستكردووە بە ناوی دامەزراندن و داڕشتنەوە. وەزارەتی بەرگری بۆ بونیاتنانەوە سوپا، پشت بە كاری دوو گرووپ دەبەستێت، گرووپە چەكدارەكان، شارەزایانیی سەربازیی و پسپۆڕانی بیانی. سووریا هەوڵدەدات لە تەكنیكی سەربازیی پشت بە شێوازی ناتۆ ببەستێت، لە بیرورباوەڕ پشت لە عەقیدەی ڕۆژهەڵاتی ببەستێت و كار لەسەر متمانە بۆ دەوڵەت نەك بۆ لایەنێك.
بە بڕوای شارەزایانی سیاسی و سەربازیی، پرۆسەی دروستكردن و پێكهێنانی سوپای نوێی سووریا، ڕووبەڕووی چەندین بەربەست و پرسی جیاواز دەبێتەوە، وەزارەتی بەرگریی سووریا لەبەر بنەمای چەندین هێز و گرووپی جیاواز بونیاتنراوە، كە سەردەمانێك دژ یەك مامەڵەیان كردووە و ناكۆك بوون لەگەڵ یەكتر، كە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد یەكیان گرتووە، بە هەردوو بەرەی ئیسلامی و عەلمانی. ئەگەرچی پرۆسەی یەكخستنەوەی هێزەكان دەستیپێكردووە، بەڵام چاوەڕێی دەكرێت هەنگاوەكان، لە داهاتوو نەك لە ئێستایەكی نزیكدا، ڕووبەڕووی بەربەستی زۆر هەستیار و ئاڵۆز بێتەوە.
سێیەم: تێكەڵكردنی هەسەدە لەچوارچێوەی سوپای سووریا
بەر لە ڕاگەیاندنی هێزەكانی سوووریا دیموكرات (هەسەدە)، لە (17-3-2016)دا لە حەسەکە، ئیدارەی خۆسەری بە فەرمی ڕاگەیێندرا، بە كردەوەش جێبەجێ کرا، چونكە ئیدارە و پۆلیس و سەرباز و سیستەمی پەروەردە و ئابووریی خۆی هەبوو. هەسەدە لە ڕۆژی (11-1-2015)دا، لە شاری حەسەكە خۆی ڕاگەیاند، لەگەڵ چەند هێزێكی دیكەی ئۆپۆزسیۆن دیکە هاوپەیمانییەتێكی زیاتر سەربازیی ڕاگەیاند، كە بریتی بوون لە هێزەكانی یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژن لەگەڵ چەندین گرووپ و هێزی دیكە، زۆرینەی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەیانپاراست. هێزەکانی دیکەش بە ناوچەکانی دیکەدا بڵاوبوونەوە، كە هەندێک لە هێزە توندڕەوە ئیسلامییەکانیشی لەخۆدەگرت، کە لە داعش و بەرەی نوسرە و هێزەکانی سوریای ئازاد جیاببوونەوە و لەگەڵ یەپەگە لە (2014) یەكیان گرتبوو. هاوكات لە کاتی گەمارۆی سەر کانتۆنی کۆبانێ زۆرێک لەو گرووپانە یارمەتی یەپەگەیان دا لە شکاندنی گەمارۆکە، وەک لیوای شۆرشگێڕانی ڕەقە لە ئۆپەراسیۆنی بورکانی فوڕات کە هەریەک لە بەرەی نوسڕە و داعش دووریان خستنەوە بەهۆی یەکگرتنیان لەگەڵ یەپەگەدا.
هێزەکانی سووریای دیموکرات لەم گرووپە جۆراوجۆرانە پێكهاتبوون:
ـ یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە): ئەم گروپە چەکدارە لە کۆتایی (2011) پێکهێنرا بۆ ئازادکردن و پاراستنی ناوچە کوردییەکانی سووریا، لە لایەن پارتی یەکێتیی دیموکرات (سووریا) و ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردەوە دامەزرا.
ـ ئەنجومەنی سەربازی مەسیحی سووریا: گرووپێكی سووری بوو، لە (2012)دا لە قامیشلۆ بە پاڵپشتی حکومەتی سووریا پێکهێنراوە، بەڵام لە پەكەكە نزیک بوو، دواتر پەیوەندی بە هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە کرد.
ـ هێزەکانی سەنادید: ئەم هێزە بە شێوەیەکی سەرەکی لە چەکدارانی عەشیرەتی شەمەر پێکهاتوو بوو، کە یەکێکە لە هۆزە عەرەبە دیارەکانی ناوچە گوندنشینەکانی باکووری پارێزگای حەسەکە.
ـ سوپای شۆڕشگێڕەکان: گرووپێکی چەکداری فرەنەتەوە بوون، سەرەتا هاوپەیمانی هێزەکانی پاراستنی گەل بوون و دواتر پەیوەندییان بە هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە کرد، ئەم گرووپە لە (2015)دا، لە پاشماوەی سوپای ئازاد دروستبوو.
ـ لیوای تورکمانی سەلجوقی: ئەم گرووپە لە سەرەتای (2013) پێکهێنرا، سەرەتا پاڵپشتی تورکیای هەبوو، بەڵام دواتر ئەم پەیوەندییە گرژی تێکەوت، لیوای تورکمانی سەلجوقی لە مانگی ئابی (2015) پەیوەندی بە (سوپای شۆڕشگێڕەکانەوە) کرد و پاشان بوونە بەشێک لە هێزەکانی سووریای دیموکرات.
ـ یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە): هاوبەشی سەرەکی هێزەکانی سوریای دیموکراتە، کە لە ژنە چەکدارەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل پێکهێنرا.
تێكەڵكردنی هەسەدە لەگەڵ سوپایەك، كە پڕیەتی لە گرووپی جۆراوجۆر و بیروباوەڕی جیاواز، بەتایبەت لە ڕووی فكری ئیسلامی (ئایدۆلۆژیای جیهادی) و عەلمانییەوە، بە دیارترین بەربەستەكانی پرۆسەی تێكەڵكردنی هەردوو هێز دادەندرێت. ئەم سوپایەی كە بڕیاری دروستكردنی لێدراوە، باكگراوەندێكی فرە ئایدۆلۆژیی هەیە، لە هەردوو بەرەشەوە، هەزاران شەڕفان و چەكداری بیانی بوونیان هەیە، واتە چەكدارە بیانییەكان لە نێو سوپایەكی نیشتمانیی هێشتا وەك بەربەستێكی گەورە دەبیندرێت، بەپێی زانیارییەكان ژمارەیان نزیكەی (5) هەزار چەكدارە.
گرووپی تحریر شام، كە بە منداڵدانی سوپای نوێی سووریا ناودەبرێت، هەروەها بوونی هەزار چەكداری توندڕەو لە نێو هێزە ئۆپۆزسیۆن و ئیسلامییەكان، لە بەرامبەردا هێزەكانی یەپەگە و هەسەدە، كە چەندین گرووپی جیاواز و پەروەردەكراو لەسەر ئایدۆلۆژیای چەپ و نەتەوەیی، ئەم دوو بەرەیە داهاتوویەكی ڕوونیان لە چوارچێوەی سوپایەكی یەكگرتوو نییە.
لە ڕابردوو، بەر لەدرووستبوونی حكومەتی سووریا، لە نێوان هەسەدە و هێزەكانی سەر بەدیمەشق چەندین جار شەڕ و ئاڵۆزی سەربازیی دروست بووە، دوایین جار هێرشی سەرەتای مانگی یەكی (2026)ـی گرووپە چەكدارەكان و سوپای سووریای عەرەبی بوو بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان. ئەم هێرشە لەڕووی سەربازیییەوە كاریگەریی زۆری لەسەر تەواوی توانای سەربازیی و مرۆیی و سیاسی ئەو بەشی كوردستان دروستكرد، لەوانە هەسەدە. یەپەگە كە وەك هێزی سەرەكی ناو هەسەدە، لە ساڵی (2011) دامەزرا بوو، پێکهێنەری سەرەکیی ئەو هێزە بوو کە شەڕڤانی نەتەوە و پێکهاتەی دیکەشی تێدابوون، ئەو هێزە لەماوەی شەڕی بەرامبەر داعش چەندین شەڕڤانی گیانیان لەدەستدا و لەبەرەی پێشەوەی شەڕی دژی داعش بوو لە سووریا.
بەر هێرشەكەی دیمەشق، ژمارەی شەڕڤانانی هەسەدە بە (100) هەزار شەڕڤان مەزەندە دەکرا، ئەوان لەماوەی پێکهاتنیان ناوچەیەکی فراوانیان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لەدەستی داعش دەرهێنا، بەڵام لەگەڵ هێرشی سوپای عەرەبی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، ژمارەیەک شەڕڤانی عەرەب و هۆزەکان لە هەسەدە هەڵگەڕانەو، هەسەدە ناچار بوو رەقە و دێرەزوور بەجێ بێڵی. ژمارەی هەسەدە لە (100) هەزارەوە بۆ (50) هەزار كەمبووەوە و زۆربەی شەڕفانە عەرەبەكان چوونە بەرەی دیمەشقەوە، بەڵام بڕبڕەی پشتی ئەو هێزە یەپەگەیە. لەو بارەیەوە فابریس باڵانش، شارەزای کاروباری سووریا دەڵێت: بڕبڕەی پشتی ئەو هێزە کە یەپەگە بوو، هێشتا نزیکەی (30) هەزار شەڕڤانی پیاو و ژنی یەپەگە لەنێو هێزەکەدا مابوون.
ئەو هێزەی ئێستا بە ناوی سوپای نوێی سووریا دەناسرێت، پێچەوانەی گوتار و ڕاگەیێندراوە فەرمییەكان بەرامبەر پێكهاتەكانی دیكەی سووریا هەڵسوكەوتیان كردووە. سوپای عەرەبی سووریای و ملیشیاكانی سەر بە حكومەتی دیمەشق، هاوتەریب لەگەڵ هێرشە سەربازییەكانیان بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان، سەدان پێشێلكاری و تاوانی جەنگیان لە شارە كوردییەكان ئەنجامدا. ڕۆژی (23-1-2026) بە گوتەی بەرپرسی راگەیاندنی هەسەدە، سوپای عەرەبیی سووریا لە ماوەی (17) ڕۆژی هێرشەكانیان، بە زنجیرەیەک تاوانی جەنگ دژی هاونیشتمانییانی سڤیل لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە تۆمەتبار كرد، سەدان بەڵگەی ڤیدیۆیی و چەندین جۆری پێشێلكاری لە خۆ دەگرێت لەوانە: گەمارۆدانی نەخۆشخانەكان و بەكارهێنانی گازی ژەهراوی و خنكانی چەندین كەس، كوشتنی خەڵكی سڤیل و شێواندن و سوكایەتیكردن بە تەرمەكان، ئەشكەنجەدانی هاووڵاتییانی مەدەنی، ئابڵۆقەدانی شاری كۆبانێ و برسیكردنی خەڵكی ئەو شارە، ئەگەرچی ئاگربەستیش هەبوو، بڕینی كارەبا و ئینتەرنێت، دەستدرێژی سێكسی و پەلاماردانی ماڵ و خێزانی كورد، ئەمە جگە لە ئاوارەبوونی زیاتر لە (130) هەزار خێزانی كورد بە هۆی هێرشەكانی ئەو سوپایە. دروستكردنی پەیوەندیی سەربازیی لەگەڵ داعش و بوونی چەكداری داعش لە ناو سوپای سووریا، كە سەرجەم پێشێلكاریانە لە ڕاپۆرتێكدا بۆ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نێردرا، كە ئەم کردەوانە پێشێلکاریی ڕاشکاوی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێککەوتننامەکانی جنێڤن.
هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و تێكەڵكردنی لەگەڵ سوپای سووریا
دوای زیاتر لە سێ هەفتە لە شەڕێكی قورس لە نێوان هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و هەسەدە لەگەڵ سوپا و میلیشیاكانی سەر بە دیمەشق ڕۆژی (18-01-2026)، ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری کاتیی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە، گەیشتنە رێککەوتنێکی (14) خاڵی بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە لە ناو سوپای نیشتمانیدا، بەڵام جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە رووبەڕووی ئاستەنگ بووەوە.
بەگوێرەی ناوەڕۆكی ڕێككەوتنەكەی هەردوولا، ئەم ڕێكەوتنە بە چوار قۆناغ جێبەجێ دەكرێت، لە قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنەکەشدا فرقەیەکی سەربازیی نوێ کە لە (3) لیوای (16) هەزار کەسی بۆ هێزەکانی هەسەدە پێکدەهێنرێت. هەر زووش فڕۆکەخانەی قامشلۆ و دەروازە سنوورییەکان رادەستی حکوومەتی سووریا کران. سەرجەم دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەخرێنە سەر دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی سووریا و فەرمانبەرە مەدەنییەکان لە کارەکانیان جێگیر دەکرێن.
ڕێككەوتننامەكەی دیمەشق و ڕۆژئاوای كوردستان ئەم خاڵانەی لە خۆگرتبوو: ڕاگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی و گشتگیر لەگەڵ بەردەوامیی پاراستنی زیندانەکانی داعش لەلایەن هەسەدەوە، كشانەوەی سوپای سووریا لە شارە كوردییەكان، پێکهێنانی فیرقەیەکی سەربازی تایبەت بە پارێزگای حەسەکە و تێكەڵكردنی هێزەكانی هەسەدە لە چوارچێوەی سێ لیوا لەو فیرقەیەدا، هاتنی هێزە ئەمنییەكانی سووریا بۆ ناو شاری حەسەكە و قامیشلۆ، دیاریکردنی پارێزگاری حەسەکە لەلایەن هەسەدەوە. رادەستکردنی شوێنە هەستیارەکان، ڕادەستکردنی کێڵگە نەوتییەکانی "رمێلان و سوەیدیە". ڕادەستکردنی فڕۆکەخانەی قامیشلۆ بە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانی و سەرپەرشتیكردنی دەروازە سنوورییەكان، حکوومەتی سووریا سەرپەرشتی سەرجەم دامەزراوە مەدەنییەکانی خۆبەڕێوەبەری دەكات تێکەڵ بە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکات، قەدەغەی هێزی سەربازی لە شارە كوردییەكان، قەدەغەکردنی چوونی هێزە سەربازییەکان بۆ ناو شار و شارۆچکەکان لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە، بەتایبەتی ناوچە کوردییەکان. پێدانی مۆڵەتی بە ڕێکخراو و میدیاکان، خوێندن بە زمانی کوردی و دانان بە بڕوانامەكان، گەڕانەوەی ئاوارەکان (عەفرین و سەرێکانی).
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، شەش مانگ دوای ڕێككەوتنی لەگەڵ دیمشەق، ڕۆژی (25)ـی ئابی (2026) هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم هێزەكانی سەر بە هەسەدەی ڕاگەیاند و لە ڕاگەیێندراوێكدا گووتی، "بەوپەڕی بەرپرسیاریێتییەوە، کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هەڵوەشاندنەوەی وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ رادەگەیەنین، دەمانەوێت ئەمڕۆ ببێتە دەستپێکی گواستنەوەیەکی راستەقینە لە گۆڕەپانی شەڕەوە بۆ گۆڕەپانی بونیاتنان، لە سەردەمی چەکەوە بۆ سەردەمی ئاشتی و لە قۆناغی بەرگریکردنەوە بۆ قۆناغی بنیاتنانی وڵات."
ئەگەرچی ڕۆژی (4-9-2206) مەزڵووم عەبدی زانیارییە کەسییەکانی هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نوێ کردەوە و ناو و پۆستی "فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)"ی لاداو خۆی وەک "راوێژکاری سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا" ناساند، کە نیشانەی دەستبەکاربوونی فەرمییەتی لە پۆستە نوێیەکە. بەڵام هێشتا گفتوگۆی بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ حکومەتی سووریا بەردەوامە لەبارەی چارەنووسی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات هەسەدە و تێکەڵبوونەوەیان لە چوارچێوەی سوپای سووریا، بەڵام ھەسەدە مەرجی هەیە بۆ بەشداریکردن لە سوپای نوێی سوریا، کە دەبێت ڕێز لە ناسنامە و خەبات و قوربانییەکانی بگیرێت، چونكە بە بڕوای ئەوان، ھەسەدە تەنیا پێکھاتەیەکی سەربازی نییە، بەڵکو ھێزێکە خاوەنی ئامانجێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕوونە و دژ بە دیکتاتۆرییەت خەباتی کردووە.
حەمۆ سیپان یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سووریا دەڵێت: بونیادنانی سوپایەکی نیشتمانیی سووری بەبێ بەشداری ھەسەدە ناکرێت و پێویستە ھەسەدە بناغەی سەرەکی ئەم سوپایە بێت، بەڵام ھەسەدە قبووڵی ناکات ھەوڵی لەناوبردن یان ھەڵوەشاندنەوەی ناسنامەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئیداریی بدرێت، پرۆسەی تێکەڵبوونەکە دەبێت ناسنامەی ھەسەدە بپارێزێت و ڕێز لە خەباتەکەی بگرێت و مافەکانی ھەموو پێکھاتە سوورییەکان (سوننە، دروز، کریستیان، کورد، عەلەوییەکان) مسۆگەر بکات.
دەرەئەنجام:
ــ دامەزراوەكان بە گشتی و دامەزراوە و پێكهاتە سەربازییە پێشكەوتووەكان، بەرەنجامی دەیان ساڵ ڕێكخستن و مەشقكردن، بونیاتنان و دامەزراندنی بیروباوەڕی نیشمانیی و پیشەسازی سەربازییە. دروستكردنی سوپایەك كە وەك سوپایەكی نیشمانیی لەسەر بنەمای هاووڵاتییبوون مامەڵە بكات، نەك لەسەر جیاوازیی نەتەوەیی، ئایینی و سیاسی، پێویستی بە ساڵانێكی درێژ هەیە، بۆیە لە ئێستادا ئەمە بۆ سوپای عەرەبی سووریا، كە زۆربەی سەربازییەكانی هەڵگری بیری توند و بیانین، سەرجەم گرووپە جیاوازەكانی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی جەوهەری دەكاتەوە.
ــ ئەو مافانەی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان لە سەرجەم بوارەكان لەگەڵ دیمەشق لەسەری ڕێككەوتوون، بەشێكی كەمی خاڵەكان بە كردار كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردن، بە تایبەت لە مەسەلەی مافی سیاسی و سەربازیی، بەڵام كورد هێشتا دڵنیا نییە لە داهاتوو ناسنامەی كوردبوونی پارێزراو دەبێت.
ــ ئەگەرچی لە دوای ڕژێمی سیاسیی بنەماڵەی بەشار ئەسەد، دوای چەند دەیەك گۆڕانكاریی سیاسی، سەربازیی و كۆمەڵایەتی لە سووریا هاتەكایەوە، بەڵام عەقڵی سیاسی و سەربازیی ئەو وڵاتە تازە و بێ پێشینەن، ئەمەیش ترسی گۆڕینی ئەو هەنگاوانەی گفتوگۆ و ڕێككەوتنی لەسەر كراوە پەیوەست بە ماف و بوونی پێكهاتەكان سووریا، ترسێكی جددی و ئامادەبووە.
ــ لەو سەدان گرووپە چەكدارە چالاكەی لە سووریا بوونیان هەیە، دیدگای جیاواز و ئایدۆلۆژیای دژ بە یەكیان هەیە، جگە لە جیاوازی مەزهەبی و نەتەوەیی، ئەمەیش وەك بەربەرستێك دەبیندرێت بۆ یەكخستن و بنیاتنانی سوپایەكی نیشتمانی.
ــ كورد، وەك بەشداریی و بكەرێكی دیاریی سووریا، لە زۆر ڕووەوە بەروارد بە پێكهاتەی عەرەب و نەتەوەكانی تر، تایبەتەمەندیی مێژوویی و فكریی جیاوازی هەیە، دیمەشق فكری ئیسلامیی سوننە تیێدا زاڵە، فكری ڕۆژئاوا تەواو پێچەوانەیە، كە زیاتر فكری چەپی هەیە.
سەرچاوەكان:
ــ هەسەدە وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ هەڵوەشایەوە و مەزڵووم عەبدیش دەستپێکی قۆناغی ئاشتی رادەگەیەنێت
ــ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کێن؟
ــ هەسەدە وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ هەڵوەشایەوە و مەزڵووم عەبدیش دەستپێکی قۆناغی ئاشتی رادەگەیەنێت
ــ چهكدارهكانی سوپای عهرهبیی سوریا ئاگربهست پێشێل دهكهن
ــ ڕۆژاڤای کوردستان.. مێژوو و بارودۆخ و هەڵەکانی کورد
ــ نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت زیاتر لە 134,000 کەس لە رۆژئاوای کوردستان ئاوارە بوون
ــ هەسەدە؛ لە کۆنتڕۆڵی خاک و هەزاران داعشەوە بۆ هێزێکی پشتلێکراو
ــ ڕێککەوتنە (14) خاڵیەکەی هەسەدە و دیمەشق دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن
ــ مەزڵووم عەبدی: ئەرکی هەسەدە کۆتاییهات
ــ مەرجی ھەسەدە لەبارەی تێکەڵبوونیان لەگەڵ سوپای سووریا
ــ مەزڵووم عەبدی دەستبەکاربوونی وەک راوێژکاری سەرۆکایەتیی سووریا رادەگەیەنێت




0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment