ڕێککەوتنە (14) خاڵیەکەی هەسەدە و دیمەشق دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت: چرا كوردستانی

ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و هێزەکانی سووریای دیموکرات ئەمڕۆ جێبەجێ دەکرێ و بڕیاریشە ڕێککەوتنەکە لایەنەکانی ئیداری و ئەمنی و سەربازی و مەدەنی لە ناوخۆی سووریا بە گشتی و حەلەب و دیمەشق بە تایبەتی بگرێتەوە.

ڕۆی دووشەممە (2/2/2026) بڕیارە رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا جێبەجێ بکرێت، سەرەتاش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی گشتگیر، هێزی ئەمنی حکوومەتی سووریا لە چوارگۆشەی ئەمنی قامشلۆ جێگری دەکرێن و لە قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنەکەشدا فرقەیەکی سەربازیی نوێ کە لە 3 لیوای 16 هەزار کەسی بۆ هێزەکانی هەسەدە پێکدەهێنرێت. هەروەها لەبەر ئەوەی فڕۆکەخانەی قامشلۆ و دەروازە سنوورییەکان رادەستی حکوومەتی سووریا کران، لە قۆناغی دووەمدا کێڵگە نەوتییەکانیش رادەست دەکرێن و بڕیاریشە پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی هەسەدە و حکوومەتی سووریا مانگێک بخایێنێت. 

بە گوێرەی ڕێککەوتنەکەی هەردوولا، سەرجەم دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەخرێنە سەر دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی سووریا و فەرمانبەرە مەدەنییەکان لە کارەکانیان جێگیر دەکرێن و بۆ ڕێگری لە دروستبوونی هەر پەشێوییەکی ئەمنی، قەدەغەی هاتوچۆ لە حەسەکە و قامشلۆ بڕیارە تاوەکوو کاتژمێر شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام بێت. بۆیە هەر سەرپێچییەکی قەدەغەی هاتوچۆ و پەشێویەکی ئەمنی ڕێکاری توندی بەرانبەر دەگیرێتە بەر، لای خۆیەوە ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد له‌ سووریا. 

پێگەی هەواڵی (مجەلە) بڵاویکردەوە، ڕێککەوتنەکە 14 بەند لەخۆ دەگرێت و بە چوار قۆناغ و لە یەک مانگدا جێبەجێ دەکرێت، خاڵەکان پێکهاتوون لە "ئاگربەست و زیندانەکان، کشانەوەی سەربازی، پێکهێنانی هێزی سەربازی لە حەسەکە، هێزەکانی کۆبانێ، دۆسیەی ئەمنی و وەزارەتی ناوەخۆ، دابەشکردنی پۆستە باڵاکان، ڕادەستکردنی شوێنە هەستیارەکان، دەروازە سنوورییەکان، دامەزراوە مەدەنییەکان، قەدەغەی هێزی سەربازی لە شارەکان، داننان بە بڕوانامەکان، مۆڵەتی رێکخراو و میدیاکان، خوێندنی کوردی، گەڕانەوەی ئاوارەکان (عەفرین و سەرێکانی)" و قۆناغی پێنجەمی ڕێککەوتنەکەیش هەمیشەیی دەبێت.

دەقی خاڵەکانی رێککەوتنەکە بەمشێوەیە دابەشبوون:

1. ئاگربەست و زیندانەکان

راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی و گشتگیر و راگرتنی سەرجەم هەڵمەتەکانی دەستگیرکردن و هەڵکوتانە سەر شوێنەکان. لەگەڵ بەردەوامیی پاراستنی زیندانەکانی داعش لەلایەن هەسەدەوە و دابینکردنی پشتیوانیی لۆجیستی تەواو بۆ پڕۆسەکانی گواستنەوە.

2. کشانەوەی سەربازی

کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی هەسەدە لە شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ بۆ ئەو سەربازگانەی لەسەری رێککەوتوون، لە بەرانبەردا سوپای سووریا دەستبەجێ دەکشێتەوە بۆ شارۆچکەی شەدادی لە باشووری حەسەکە.

3. پێکهێنانی هێزی سەربازی لە حەسەکە

وەزارەتی بەرگریی سووریا فیرقەیەکی سەربازی تایبەت بە پارێزگای حەسەکە پێکدەهێنێت و هێزەکانی هەسەدە لە چوارچێوەی سێ لیوادا لەو فیرقەیەدا تێکەڵ دەکرێن.

4. هێزەکانی کۆبانێ

تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکانی کۆبانێ وەک لیوایەک کە سەر بە فیرقەیەکی سەربازیی پارێزگای حەلەب دەبێت.

5. دۆسیەی ئەمنی و وەزارەتی ناوخۆ

هاتنەناوەوەی 15 ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەر یەک لە شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ بەمەبەستی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری، هەروەها دەستپێکردنی پڕۆسەی تێکەڵکردنی هێزە ئەمنییەکانی هەسەدە (ئاسایش) بە وەزارەتی ناوخۆ.

6. دابەشکردنی پۆستە باڵاکان

دیاریکردنی پارێزگاری حەسەکە (هەسەدە کاندیدی دەکات).

دیاریکردنی فەرماندەی پۆلیس/ئاسایشی پارێزگا (حکوومەتی سووریا کاندیدی دەکات).

دیاریکردنی جێگری وەزیری بەرگری (هەسەدە کاندیدی دەکات).

7. رادەستکردنی شوێنە هەستیارەکان

رادەستکردنی کێڵگە نەوتییەکانی "رمێلان و سوەیدیە" و تێکەڵکردنی فەرمانبەرە مەدەنییەکانیان بە وەزارەتی وزە.

رادەستکردنی فڕۆکەخانەی قامیشلۆ بە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانی.

8. دەروازە سنوورییەکان

ناردنی تیمێک لە دەستەی دەروازە سنوورییەکان بۆ دەروازەی سێمالکا و نوسەیبین بۆ بەفەرمیکردنی کارمەندە مەدەنییەکان، رێگریکردن لە بەکارهێنانی دەروازەکان بۆ هێنانی چەک و بیانییەکان، و کردنەوەی دەستبەجێی دەروازەکان.

9. دامەزراوە مەدەنییەکان

حکوومەتی سووریا سەرپەرشتی سەرجەم دامەزراوە مەدەنییەکانی پارێزگای حەسەکە دەکات و دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری تێکەڵ بە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکات، لەگەڵ بەفەرمیکردنی ئەو فەرمانبەرە مەدەنییانەی تێیاندا کار دەکەن.

10. قەدەغەی هێزی سەربازی لە شارەکان

قەدەغەکردنی چوونی هێزە سەربازییەکان بۆ ناو شار و شارۆچکەکان لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە، بەتایبەتی ناوچە کوردییەکان.

11. داننان بە بڕوانامەکان

چارەسەرکردن و پەسەندکردنی سەرجەم بڕوانامەکانی خوێندنگە، پەیمانگا و زانکۆکان کە لەلایەن خۆبەڕێوەبەریی باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە دەرچوون.

12. مۆڵەتی رێکخراو و میدیاکان

مۆڵەتدان بە هەموو رێکخراوە ناوخۆیی و رۆشنبیرییەکان و دامەزراوە میدیاییەکان بەپێی یاسا بەرکارەکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان.

13. خوێندنی کوردی

کارکردن لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆسەی خوێندنی پێکهاتەی کورد و رەچاوکردنی تایبەتمەندییە پەروەردەییەکان.

14. گەڕانەوەی ئاوارەکان (عەفرین و سەرێکانی)

زامنکردنی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ شار و گوندەکانیان (عەفرین، شێخ مەقسود، سەرێکانی)، و دانانی بەرپرسی خۆجێیی لەناو ئیدارە مەدەنییەکانی ئەو ناوچانە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین