نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان دادەبەزێت کوردستان- عێراق

نوچەنێت

سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کێشەی کەمی بەنزین لە هەرێمی کوردستاندا لە ئایندەیەکی نزیکدا چارەسەر دەبێت، هەروەها دەشڵێت دووبارە دەستکردنەوەی کۆمپانیا بیانییەکان بە کارەکانیان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم یارمەتیدەر دەبێت بۆ دابەزینی نرخی بەنزین.

ئەمڕۆ دووشەممە (2026/8/24) سەرچاوەیەکی نزیک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند،  گشت کۆمپانیا بیانییە نەوتییەکان گەڕاونەتەوە بۆ کارکردن لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها بە شێوەیەکی فەرمی و قۆناغ بە قۆناغ دەستیان کردۆتەوە بە ئامادەکردن و دەرهێنانی نەوتی خاو.

سەبارەت بە دروستبوونی گرفتی بەنزین سەرچاوەکە ڕوونیکردەوە، لە ماوەی ڕابردوودا کاری بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە وەستابوو، ئەوەش هۆکارێک بۆ سەرهەڵدانی کەمی بەنزین، هاوکات جەختی لەوە کردەوە هۆکاری وەستانی کاری کۆمپانیاکان پەیوەندیدار بوو بە شێوازی وەرگرتنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، چونکە حکومەتی عێراق بەرانبەر بە کاری کۆمپانیاکان لەبری پارە نەوتی خاو دەداتە کۆمپانیاکان، کۆمپانیا نەوتییەکانیش بەشێک لە نەوتەکەیان دەفرۆشنەوە بە پاڵاوگەکان و بازرگانانی ناوخۆی کوردستان، دواتر جارێکی دیکە نەوتەکە ئامادەکرێتەوە و دەکرێت بە بەنزین.

لەبارەی چارەسەربوونی کێشەی بەنزین سەرچاوەی ئاگادار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، بە دووبارە دەستپێکردنەوەی کاری کۆمپانیا نەوتییەکان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم دەبێتە هۆی دابینکردنی نەوتی زیاتر بۆ پاڵاوگەکان، ئەمەش هۆکارێک دەبێت بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی بەنزین کە کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر دابەزینی نرخی بەنزین لە بازاڕەکاندا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین