ئایندەی کەرتی وزەی ئەمریکا بە سەرکەوتنی دیموکراتەکان
نوچە نێت: تایبەت
ئا: ژیوار سلێمان سەلكە
دەنگدەرانی ئەمریکا لە هەڵبژاردنەکانی نیوە خولی کۆنگرێسی ئەمریکا توانیان هاوسەنگی هێز لە نێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکان بە دەنگەكانیان سەرلەنوێ ڕێکبخەنەوە، ئەم گۆڕانکارییە دەبێت بە هۆکارێک بۆ چاودێریکردن و هاوسەنگکردنی بڕیارەکانی کۆشکی سپی، هەروەها ئەنجامەکانی هەڵبژرادن ئاماژەیەکی ڕوون بوو بۆ ناڕەزایەتی هاووڵاتیان لە سیاسەتی ئەمریکا و ویستی گۆرانکاری لە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە.
پارتی دیموکراتی ئەمریکا یەکێکە لە حیزبە سەرەکییەکانی ئەمریکا، کە لە (1828) دامەزراوە، ئایدۆلۆژیای ئەم حیزبە لە ڕوانگەی ئابوورییەوە پشتیوانی لە یەکسانی کۆمەڵایەتی و ئابووری دەکات، هەروەها باوەڕیان وایە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی بەهێزترە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان و دابینکردنی بیمەی تەندروستی و یارمەتیی کۆمەڵایەتی، لەلایەکی دیکەوە پشتیوانی لە پاراستنی ژینگە دەکات.
سەرکەوتنی دیموکراتەكان لە هەڵبژاردنی نیوە خولی کۆنگرێسی ئەمریکا، ڕەنگە ببێتە هۆی گۆڕانکاریی گرنگ لە کەرتی وزەی ئەمریکا، کە کاریگەریی بەسەر وزەی جیهانیشەوە هەبێت، دیموکراتەکان زیاتر سەرنجیان لەسەر توانای کڕینی هاووڵاتیان بۆ سووتەمەنی هەیە، هەروەها پاڵپشتیکردنی دارایی بۆ وزە نوێبووەکان.
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، کۆنگرێس دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی دیموکراتەکان و کۆشکی سپیش لە ژێر دەسەڵاتی کۆمارییەکان دەمێنێتەوە، ئەمەش جۆرێک لە دابەشبوونی دەسەڵات لە وڵاتەکەدا دروست دەکات، هەر بڕیارێکی ستراتیژی و گرنگ پێویستی بە ڕێککەوتنی هەردوولا دەبێت.
لە دروستبوونی قۆناغێکی نوێی حکومرانی لە ئەمریکا، ڕەنگە ئایندەی کەرتی وزەی ئەمریکا ئاراستەیەكی دیكە وەربگرێت. کەرتی وزەی ئەمریکا لەم ساڵانەی دواییدا گۆڕانکاریی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بۆتە یەکێک لە بنەما گرنگەکانی پێشکەوتنی ئابووریی، بەجۆرێک کە پشت بەستن بە سەرچاوەکانی نەوت و گاز و تەکنەلۆژیا گرنگییەکی زۆری پێدراوە، بەهێزبوونی دەسەڵاتی دیموکراتەکان ڕەنگە کاریگەری لەسەر ئەم کەرتە دروست بكات.
سەبارەت بە کەرتی نەوت و گاز، دیموکراتەکان هەموو کات چاودێریی کەرتی نەوت و گاز دەكەن، ئەوان لیژنەکانی کۆنگرێس بەکاردەهێنن بۆ چاودێریکردن و لێکۆڵینەوە لە قازانجی کۆمپانیا نەوتییەکان و سنوردارکردنی نرخی بەنزین و گاز، بە گشتی لە کاتی ئاڵۆزی و پێکدادانە ناوچەییەکان و بە تایبەتی شەڕی ئەمریکا و ئێران.
هاوکات کۆنگرێس دەتوانێت لێكۆڵینەوە یاساییەکان دژ بە بڕیارەکانی ترەمپ بكات، لە سەر کەمکردنەوەی یاساکانی پاراستنی ژینگە و پێدانی مۆڵەت بە کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ هەڵکەندنی بیری نوێی نەوت و گاز، ئەمە لە کاتێکدایە بەر لە هەڵبژاردنەکان ڕێککەوتنێک لە نێوان هەردوو پارتەکەدا هەبوو بۆ دەرکردنی یاسایەک کە پێدانی موڵەت بۆ پرۆژە گەورەکانی وزە و هێلەکانی گواستنەوەی نەوت و گاز سنوردار بکات، بەڵام شرۆڤەکارانی سیاسی پێیانوایە بە سەرکەوتنی دیموکراتەکان ئەگەری دەرکردنی ئەم یاساییە کەمبدەبێتەوە، چونکە چەند بڕگەیەکی تێدایە کە ڕێگە بە بەرهەمهێنان لە پڕۆژەکانی سووتەمەنی بەردینی نەوت و گاز دەدات، کە ئەمەش کاریگەرییەکی زۆر لەسەر ژینگە دروست دەکات و پێچەوانەی سیاسەتی دیموکراتەکانە بۆ یاسای پاراستنی ژینگە.
لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی نیوەخولی ئەمریکا و سەرکەوتنی دیموکراتەکان، دەستبەجێ پشکی کۆمپانیاکانی وزەی نوێبووەوەکانی وەک (خۆر و با) لە تەواوی جیهاندا بەرزبوویەوە، ئەمەش پێچەوانەی سیاسەتی ترەمپ بوو، کە هەوڵی دەدا پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە کەم بکاتەوە، هاوکات بە گوتەی بەشێک لە پاڵێوراوەکانی پارتی دیموکراتەکان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان ئاماژەیان بەوەداوە، کە دیموکراتەکان کارێکی جدی دەکەن لەسەر زیندووکردنەوەی یاسای (IRA) کە یاسایەکە بۆ کەمکردنەوەی باج لەسەر پرۆژەکانی با و خۆر و پاتریی کۆگاکردنی وزە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرکەوتنی دیموکراتەکان بۆ کەرتی وزە، لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندایە، كە بریتییە لە دروستکردنی فشار لەسەر سەنتەرەکانی داتای ژیری دەستکرد، دیموکراتەکان سوودیان لە ناڕەزایەتی هاووڵاتیان وەرگرت بەرامبەر بە بەرزبوونەوەی پسولەی کارەبا بەهۆی بەکاربردنی زۆری وزە لەلایەن کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیاوە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت چاودێرییەکی توندتر و یاسای نوێ دابنرێت بۆ ناچارکردنی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژییا کە خۆیان تێچووی پەرەپێدانی تۆڕەکانی کارەبا بگرنە ئەستۆ نەک بخرێتە سەر پسوڵەی هاووڵاتیان.
لێرەدا ئایندەی کەرتی وزەی ئەمریکا دەکەوێتە بەردەم دوو ئاستەنگی سیاسی، لەوانە ڕێگریکردن لە بڕیارەکانی ترەمپ سەبارەت بە هەڵکەندنی بیرە نەوتی نوێ و پەرەپێدان بە کەرتی نەوت و گازی ئەمریکا، هەروەها پاڵپشتینەکردنی ترەمپ و کۆمارییەکان بۆ وەبەرهێنان و پەرەپێدان لە سێکتەری وزەی نوێبووەوە، ئەمەش وادەکات جۆرێک لە لاوازی و پشێویی لە کەرتی وزەی ئەمریکا دروست ببێت کە هاووڵاتی باجەکەی بدات بە بەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخەکانی سووتەمەنی و دابینکردنی ئاسایشی وزەی ئەمریکا.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment