ئیمارات هەوڵى داڕشتنەوەى نەخشەى بازرگانى لە رێگەى سووریا و عێراق دەدات شیکاری ئابوری

نوچەنێت

وەرگێرانى: ئیسماعیل تەها

ئیمارات لە رێگەى بەستنەوەى رێڕەوى بازرگانى سووریا بە عێراق و کەنداو دەبەستێتەوە، بەڵام ئاڵۆزییە هەرێمییەکان و هەڵسەنگاندنە ئەمنى و سیاسییەکان ئەو گرەوە دەخاتە بەردەم داهاتووێکى یەکلانەکراوە.

بەرپرسانى ئیمارات و سووریا لە (2026/6/26) پلانێکیان بۆ رێڕەوێکى لۆجستى داڕشت، کە لە رێگەى عێراقەوە، بەندەرەکانى سووریا بە بازاڕەکانى کەنداو دەبەستێتەوە.

زیادبوونى تمووحەکان

ماڵپەڕى مۆنیتۆرى ئەمەریکى راپۆرتێکى بڵاوکردۆتەوە، تێیدا تیشک دەخاتە سەر هەنگاوەکانى ئیمارات، ماڵپەڕەکە دەڵێت، ئەبوو زەبى و دیمەشق سوورن لەسەر هەنگاونان بۆ درووستکردنى رێڕەویکى بازرگانى کە بەندەرەکانى سووریا بە عێراق و کەنداو دەبەستێتەوە، لەدواى رووخاندنى رێژمى سووریا، ئەوەش رەنگدانەوەى تمووحەکانى ئەبوو زەبیە لەبوارى وەبەرهێنان لە سووریایە.

چەند بەرپرسێکى هەردوو وڵات بە ئاژانسى، "سانا"یان راگەیاندووە، لە (26)ى حوزەیرانى ساڵى رابردوو بۆ گفتوگۆ لەسەر بەستنەوەى بەندەرەکانى سووریا لەسەر دەریاى سوور بە بەندەرى ئوم قەسر و بەندەرى خەلیفەى ئیماراتى کۆبوونەوە، لە پاڵ دەرفەتى وەبەرهێنان لە بەندەرەکان و ناوچەى ئازادى ئابوورى و ناوەندى لۆجستى پێشنیار کراو لە دەروازەى سنووریى تەنەف.

ماڵپەڕەکە دەڵێت، قوتبیە بەدەوى، سەرۆکى دەستەى گشتى بەندەرە وشکانییەکان و دەریاییەکانى سووریا لەگەڵ شاندێکى ئیمارات کەعەبدولحەکیم نەعیمى، کاربەڕێکەر و محەمەد مەنهالى سەرۆکى جێبەجێکاریى هەرێمى کۆمەڵەى بەندەرەکانى ئەبوو زەبى کۆبوونەوە. 

لە بەشێکى دیکەى قسەکانى گوتى، ئەو رێگەى پێشنیارکراوە، بەندەرەکانى سووریا پێش درێژبوونەوەى بۆ بەندەرى خەلیفە لە ئەبوو زەبى بە بەندەرى ئوم قەسر دەبەستێتەوە، بەرپرسان دەڵێن، ئەوەش کاتى هەناردە و تێچووى گواستنەوە کەم دەکاتەوە و زنجیرەى هەرێمى بەهێز دەکات.

ماڵپەڕى سانا رایگەیاند، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر دەرفەتەکانى وەبەرهێنان لە بەندەرەکانى سووریا و ناوچە ئازادەکان و بەندەرەکانى جافە لەناوخۆ کرد، لەوانەش ناوەندى لۆجستى پێشنیار کراو لە رێڕەوى تەنەف.

ئەو ماڵپەڕە دەشڵێت، ئەو رێڕەوە پێشنیارکراوە، ئاماژەیە بۆ فراوانکردنى تمووحە بازرگانییە ئابوورییەکانى ئیمارات لە سووریا لەدواى جەنگ، ئەبوو زەبى تێکەڵبوونى سیاسى تێپەڕاندووە، بۆ ئەوەى خۆى بکات بە وەبەرهێنەرێکى تازە بەشدار لە ئاوەدانکردنەوەى سووریا.

لە بەشێکى دیکەى راپۆرتەکە هاتووە، ئەو پێشنیارە رەنگدانەوەى هەوڵى فراوانترە بۆ فرەکردنى رێگەى بازرگانى هەرێمى دوای ئەوەى جەنگى ئێران لاوازى هەناردەى لە رێگەى گەرووى هورمز ئاشکرا کرد.

عومەر ئۆزکیزیلچیک، شارەزا لە ئەنجوومەنى ئەتڵەسى، دەڵێت، ئەوەى لە جەنگى ئێران روویدا و ئاستى لاوازى وڵاتانى کەنداو و دۆخیان لەبەردەم داخستنى گەرووى هورمز و دەستەوەستانى واشنتنە لە پاراستنى وڵاتانى کەنداو و دووبارە کردنەوەى گەرووى هورمز وایکرد ئەو وڵاتە پێویستیان لە جێگرەوە بێت.

ئۆزکیزیلچیک روونى کردەوە، رێگە نوێکانى هەناردنە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بۆ ئەوروپا بە تایبەت نەوت و گازیش دەگرێتەوە، سووریاش باشترین شوێنى جوگرافی هەیە بۆ ئەوەى ببێتە ئەو جێگرەوە، لەدواى رووخانى ئەسەد سووریا بۆتە باشترین هاوبەشى سەرنجڕاکێش.

ماڵپەڕەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکات ئەو رێڕەوە هەوڵێکى فراوانترى ئیماراتە لە کەرتى خزمەتگوزاریى و لۆجستى سووریی، کۆمپانیاى "دوبەى بۆ بەندەرکان" لە مانگى حوزەیرانى ساڵى رابردوو رێککەوتنێکى بە بەهاى (800) دۆلار بۆ ماوەى (30) واژۆ کردووە، بۆ پەرەپێدان و بەگەڕخستنى بەندەرى تەڕتوس، ئەو رێککەوتنە سووریا دەکاتە دەروازەیەکى لۆجستى ناوچەیى.

محەمەد سلێمان ئەندام لە، "پەیمانگەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست" و نووسەرى کتێبى، "رۆژئاواى ئاسیا ستراتیژیى گەورەى نوێى ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست" دەڵێت، رێککەوتنى تەرتوس لە رۆژهەڵاتى ناوەند، شوێنپێیەکى ستراتیژیى بە ئەبوو زەبى دەدات، ئیمارات بەردەوام هەوڵى پڕۆژەکانى لە سووریا لە بەندەرەکان و ناوچە ئازادەکان و ژێرخانى گواستنەوەى بوارى دیجتاڵى دەدات.

ماڵپەڕى مۆنیتۆ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، گۆڕینى ئەو رێڕەوە پێشنیارکراوە بۆ رێگەیەکى کردەى ئابووریى پێویستى بە رێککەوتنى سیاسى زیاترە، دووبارە بنیادنانەوەى ژێرخان، لەدواى (13) ساڵ لە وێرانکاریى کە زیانەکانى بە (216) ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، گەورەترین ئاڵنگەرییە رووبەڕووى سووریا دەبێتەوە.

بەربەستەکانى بەردەم ئەو رێڕەوە

ماڵپەڕى مۆنیتۆر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، لە (2010) ئابووریى سووریا بە زیاتر لە (50%) پاشەکشەى کردووە، کە تاوەکوو ئێستا گەندەڵى و نەبوونى سەقامیگریى دراو و دابەشبونى حکومەت و  وەستانى وەبەرهێنان بەردەوامە.

دامەزراندنەوەى کاروبارەکان و گەیشتن بە پارەدارکردن و کارکردن لە رێگەى سنوورەکان تاوەکوو ئێستا بەهۆى لاوازى جێبەجێکردنى یاسا و سنوورداریى یەکخستنەوە لەگەڵ سیستەمى بانکى جیهانییە، بۆ ئەوەش پاڵپشتى عێراق کارێکى پێویستە، چونکە خاکى عێراق زنجیرەیەکى سەرەکییە لەو رێڕەوە پێشنیارکراوە، بەڵام سیاسەتى ناوخۆیى عێراق بەربەست لەبەردەم ئەو پڕۆژەیە درووست دەکات.

عومەر ئۆزکیزیلچیک دەشڵێت، پەرەپێدانى عێراق و بەستنەوەى بازرگانى لەگەڵ ئەوروپا و بەردەوام لە پڕۆژەکانى ژێرخانى سووریا لە بەرژەوەندى سووریایە، هەڵسەنگاندنە سیاسییەکانى عێراق و هەڵوێستى لایەنە سیاسییەکانى نزیک ئێران تاوەکوو ئێستا بەربەستى سەرەکین، ئەوەش ئاماژەیە بۆ گرووپەکانى وەک حیزبووڵڵا.

ئۆزکیزیلچیک دەشڵێت، چالاکییە سەربازییەکانى ئیسرائیل لە سووریا بۆتە سەرچاوەى دڵەڕاوکێى وەبەرهێنەران، ئەو دۆخەش بە بازنەیەکى بۆش دەچێت.

بەگوتەى ئەو لێکۆڵەرە وەبەرهێنانى وڵاتانى بیانى لە سووریا فشاری دیپلۆماسى لەسەر ئیسرائیل زیاد دەکات، تەنانەت رێگەش لە دەستوەردانى لەناو خاکى سووریا دەگرێت، چونکە گورزە ئیسرائیلییە دووبارەکان بۆتە هۆى لاوازى وەبەرهێنان، بۆ سەقامگیریى لە سووریا پێویستى بە وەبەرهێنانە.

ماڵپەڕەکە دەشڵێت، سەرەڕاى گەورەیى ئەو رێڕەوە پێشنیارکراوە، بەڵام وەبەرهێنان و جێبەجێنەکردنى مایەى دڵنیایی نییە.

عومەر ئۆزکیزیلچیک، پێشبینى دەکات وەبەرهێنانى ئیمارات لە سووریا بەردەوام دەبێت، بەڵام هۆشداریش لەو جەنگەى سەر ئێران دەدات، کە ئەگەر هەیە لێکدانەوەکانى وڵاتانى کەنداو لە بوارى وەبەرهێنان بگۆڕێت، ئەوەش بەهۆى تێچووی زۆرى ئەو جەنگەیە، کە ئیمارات ناچار دەکات، هەندێک پڕۆژەى وەبەرهێنان لە سووریا یان هەڵوەشێنێتەوە، یان دواى بخات.

تەنانەت لەگەڵ بەردەوامى وەبەرهێنان لە کەنداو سلێمان دەڵێت، ئەگەر سووریا بەکردەیى سەرکەوتوو بێت، ئەوە پێویستە چاکسازیى لە ژینگەى کارکردنى بکات و دامەزراوەکانى کارابکات و لە چاکسازییەکانى بەردەوام بێت، ئەگەر وانەکات هەموو قسەکردنێک لە وەبەرهێنان تەنیا قسەکردنە.

محەمەد سلێمان دەشڵێت، گەورەترین ئاڵنگەریى لەبەردەم سووریا جێبەجێکردنى رێککەوتنە سیاسیەکانە لە پڕۆژەکانى ژێرخانى تەواوکارییە، گەورەترین ئاڵنگەریى راستەقینە لە جووڵاندنى حەماسەتى خەڵکى نییە بەرانبەر ئەو پڕۆژانە، بەڵکوو لە گواستنەوەیە لە قۆناغى تەوقەکردنەوە بۆ دارایى کردەیى و بنیادنانى کردەیى لەسەر ئەرزى واقیع.

سەرچاوە: ماڵپەڕى ئیستقلال

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین