ئیمارات پشت لە گەرووی هورمز دەكات شیکاری ئابوری

نوچەنێت

سانى بن ئەحمەد زەیودی، وەزیری كاروباری بازرگانی دەرەوەی ئیمارات، لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی (CNBC) ئیماراتی تیشك دەخاتە سەر چەند پرسێكی پەیوەست بە دۆخی ئابووری ناوچەكە و دەڵێت، دەستمان بە جێبەجێكردنی پلانی كەمكردنەوەی پشتبەستن بە گەرووی هورمز كردووە، تا دەگەین بە سفر پشتبەستن، بەتایبەت لە كەرتی نەوت.

دەربارەی میكانزمەكانیش زەیودی ئاماژە بەوە دەكات، كار لەسەر رێڕەوی جێگرەوە دەكەین، رێژەی دەستكەوتیش بەخێرایی بەرزدەبێتەوە، هەروەك چاوەڕوان دەكرێت پێش كۆتای ئەمساڵ ئامادە بێت.

بەگوێرەی قسەكانی ئەو وەزیرە ئیماراتییە رێڕەوەی سێیەم لەژێر لێكۆڵینەوە دایە، نەك تەنیا پشتبەستن بە گەرووی هورمز، بەڵكو لەخۆگرتنی هەر فراوانیەكی دیكەی بەرهەمهێنانیش دەگرێتەوە.

دەبارەی پڕۆژە ستراتیژییەكانی، سەبارەت بە بەندەرەكانی ئەبوو زەبی بۆ بەستنەوەی ئیمارات بە بەسڕە و لەوێشەوە بۆ توركیا و سووریا، ئەوەش بە پڕۆژەیەكی ستراتیژیی زۆر گرنگ ناو دەبات، كە رەنگدانەوەی فرەكردنی رێڕەوە بازرگانییەكان و پشتنەبەستنە بە یەك رێڕەو، دەشڵێت، چونكە ئەو دۆخە جیۆسیاسییە لە هەر كاتێك بێت دەگۆڕێت، بۆیە پێویستە هەمیشە جێگرەوەی ئامادەكراو لەبەردەست بێت.

سەبارەت بەو رێككەوتنانەی كە زۆرترین داهات، یان كاریگەری ئابووری هەبوو، زەیودی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، رێككەوتنی هندستان لە پلەی یەكەمە، ئەوەش لەبەر قەبارەی بازاڕی هندستان، پاشان رێككەوتنمان لەگەڵ توركیا، قەبارەی بازرگانی لە نزیكەی (15) ملیار دۆلارەوە، لە ساڵی رابردوو گەیشتە نزیكەی (45) ملیار دۆلار بەرزكردەوە.

دەبارەی پلانی فراوانكردنی بەندەرەكان و ژێرخانی لۆجستی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ئیمارات دەڵێت، لە ناوچەی رۆژهەڵات ئەو فراوانكردنە بەردەوامە، چ لە فەجیرە، یان خورفكان، یاخود بەندەری دەبا، ئەوەش لە پاڵ فراوانكردنی بەندەرە سەرەكییەكان و خزمەتگوازرییە لۆجستییەكانی پەیویست بەو بەندەرانەیە.

چەند رۆژێك پێش ئێستا كۆمپانیای " موانئ دبي العالمية" فراوانكردنی جەبەل عەلی و زیادكردنی توانای كاركردنی راگەیاند، لە پاڵ ئەوەشدا كەشتییە بارهەڵگەرەكانی كە لە كەنداو كاردەكەن بەهێز دەكرێن، كە دەبێتە هۆكاری دڵنیابوون لە هەناردەكردن و هاوردەكردنی كاڵاكان.

ئەو رێڕەوەش بە كردەیی تاقیكراوەتەوە، نەك تەنیا لە نێوان بەسرە و ئەبوو زەبی، بەڵكو لەنێوان دووبەی و شاریقەش باشییەكەی پشتڕاستكردۆتەوە، بۆیە ئێستا بەشێوەیەكی گەورە فراوان دەكرێت، وەبەرهێنان لە ژێرخانی دەكرێت، جووڵەی گواستنەوەی وشكانی نێوان عێراق و سووریا و وڵاتانی دراوسێ خێرا دەكرێت.

یەكێكی دیكە ئەو پرسانەی سانی زەیودی باسی كردووە، پەرەپێدانی بەستنەوەی ئیماراتە بە شاری بەسڕە، لەوێشەوە بەرەو توركیا ــ بەسڕە، كە یەكێكە لە رێڕەوە گرنگە ستراتیژییەكان، لە ماوەی داهاتوو وەبەرهێنان تێیدا خێرا دەكرێت.

سەبارەت بە سووریاش، ئەو وەزیرە ئیماراتییە ئاماژەی بەوە كرد، ئێستا لێكۆڵینەوە لە دەرفەتی وەبەرهێنان لە كەرتی بانكی بەشێوەیەكی فراوان دەكەین، لە مانگی ئاداری (2026) بە سەرۆكایەتی شاندێك كە زیاتر لە (140) كەس بەشداربوون سەردانی سووریای كردووە، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە سووریا بازاڕێكی گەورەیە كارەكان تێیدا زۆر بە باشی بەڕێوە دەچن.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانی روونی كردەوە، هەندێك وەبەرهێنانی ئیماراتی لە سووریا هەیە، لەوانە كۆمپانیای (موانئ دبي العالمية) بۆ ماوەی (30) ساڵ گرێبەستی لەگەڵ یەكێك لە بەندەرەكان كردووە، هەروەك بەندەری ئەبوو زەبی كە ئێستا لەوێ بوونی هەیە، هاوبەشە لەگەڵ یەكێك لە كۆمپانیا فەرەنسییەكان، لە هەمان كاتدا پلانی فراوانكردن هەیە بۆ ئەوەی كار لەسەر ژمارەیەك ناوچەی بازرگانی ئازاد لە سووریا بكەین.

وەزیری كاروباری بازرگانی دەرەوەی ئیمارات لە قۆناغی داهاتوو كەرتی خانووبەرە دەبێتە گەورەترین دەرفەتی وەبەرهێنان لە سووریا، بۆ ئەوەش محەمەد عەبار، بزنسمانی ئیماراتی رۆڵی گرنگی لەو دۆسیە هەیە، كارەكان بە شێوەی ئەرێنی بەرێوە دەچێت، تەنیا هەندێك رەزامەندی و رێكارە یاساییەكانی پابەندی نێوان هەردوو لا ماوە، كە لە داهاتوو پڕۆژەكان رادەگەیێندرێت.

سەبارەت بە وادەی جێبەجێكردنیش ئاماژەی بەوە كرد، لە دوو مانگ یاخود سێ مانگی داهاتوو هەنگاوە سەرەتاییەكانی جێبەجێكردن دەست پێدەكات، كەرتەكانی سووریاش تەنیا كەرتی خانووبەرە نییە، بەڵكو كەرتی كشتوكاڵیش لەژێر لێكۆڵینەوە دایە.

سەرچاوە: CNBC عەرەبیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین