ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەرز دەبێتەوە کوردستانی

نوچە نێت:

کۆمپانیای شاماران لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاند، بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی سنووری پارێزگای دهۆک زیادیکردووە، هەروەها داهاتی کۆمپانیاکە بەڕێژەی (648%) بە بەروارد بە ساڵی ڕابردوو بەرزبۆتەوە.

ڕۆژی دووشەممە (2026/11/9) کۆمپانیای شاماران کە مافی پەرەپێدانی لە کێلگەکانی سەرسەنگ و ئەتروش هەیە لە ڕاپۆرتی چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا ڕایگەیاند، بەرهەمهێنان لە هەردوو کێڵگەی سەرسەنگ و ئەتروش گەیشتۆتە (52) هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، ئەمەش بە بەراورد بە چارەکی یەکەم ودووەمی ئەمساڵ زۆر زیادیکردووە، هەروەها لە چوارچێوەی پلانەکانی کۆمپانیاکە بۆ زیادکردنی بەرهەم وا چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمهێنان لەم دوو کێلگەیە زیاد بکات، بە خستنەوە کاری بیرە وەستاوەکان و لە هەردوو بلۆکەکەدا تەکنەلۆژیای دۆزینەوەی درۆن دابمەزرێنێت.

سەبارەت بە داهاتی کۆمپانیای شاماران، گەرێت سۆدن بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە ئاشکرایکرد،  وێڕای کارنەکردنی یەک مانگی کۆمپانیاکە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە، بەڵام داهاتی کۆمپانیاکە لە چارەکی سێیەمی ئەمساڵدا گەیشتۆتە (69.6) ملیۆن دۆلار، کە ئەمەش بە ڕێژەی (648%) زیاترە لە داهاتی هەمان چارەک لە ساڵی (2025)دا، کە داهاتی کۆمپانیاکە (9.3) ملیۆن دۆلار بوو، هەروەها سۆدن هۆکاری بەرزبوونەوەی قازانجی کۆمپانیاکەی گەڕاندەوە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان و فرۆشتنی نەوت بە نرخی جیهانی لە ڕێگەی بۆریی هەرێمی کوردستان - تورکیاوە.

لەبارەی پرسی هەناردەکردنی نەوت بە ڕێگەی بۆڕیی نەوتی کوردستان-تورکیا کۆمپانیاکە ئەوەی خستۆتەڕوو، هەناردە بەڕێگەی ئەم بۆڕییە بەردەوام دەبێت بە گوێرەی ڕێککەوتنە سێقۆڵییەکە، کە تاوەکو کانوونی دووەمی ساڵی (2027) درێژکراوەتەوە،تا ئەوکاتەی کۆمپانیایەکی راوێژکاری نێودەوڵەتی  پسوولەکانی کۆمپانیاکان لەگەڵ گرێبەستەکانی هاوبەشیکردن لە بەرهەمدا بەراورد دەکات.

شایەنی باسە کۆمپانیای شاماران کۆمپانیایەکی کەنەدییە لە ساڵی (2009) لە کەرتی نەوت و گازی کوردستان دەستی بەکارکردن کرد ، لە ئێستادا پشکی سەرەکی هەیە لە پەرەپێدانی کێڵگەکانی ئەتروش و سەرسەنگ لە پارێزگای دهۆک، هاوکات لە (2026/10/20) لەگەڵ کۆمپانیای (HKN) ڕێککەوتنێکی واژۆ کرد، کە بە بڕی (25%)ی پشکەکان هاوبەشی دەکات لە پەرەپێدانی کێلگەی حەمرین لە سنووری عێراق.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین