ئەنجومەنی وەزیران داوای گەڕانەوەی تیمی یەکێتیی بۆ ناو حکومەت دەکات کوردستانی

نووچە نێت

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و پشتیوانیی لە بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی کرد، هەروەها داوای لە تیمی وەزاریی یەکێتی کرد کە بگەڕێنەوە بۆ کارەکانیان لە حکومەت و بە توندترین شێوەش هێرشە تیرۆرستییەکەی سەر کیڵگەی کۆرمۆری سەرکۆنە کرد.

ڕۆژی چوارشەممە (2026/11/11) حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازیی و پشتیوانی لە بانگەوازی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکات سەبارەت بە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ لەپێناو بەهێزترکردنی سیستەمی سیاسی و دیموکراسی و دامەزراوەی شەرعی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە کە، ئەنجومەنی وەزیران، داوا لە تیمی وەزاریی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان دەکات کە بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران و درێژە بە کارکردن و دەوامکردنیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بدەن، هەر سەرنج و تێبینی و پێشنیازێکیشیان هەیە، پێویستە لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت و چارەسەر بکرێن.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە دوای سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا ئاماژەی بەوە کرد کە، لە گفتوگۆکانیدا لە بەغدا، جەختی لە پێویستیی ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵیی عێراق و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی شایستە داراییەکان و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق بە شێوەیەکی دادپەروەرانە کردووە.

هەروەها ئەنجومەنی وەزیران، شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد، لەسەر بنەمای ئەو لێکتێگەیشتن و کەشە ئەرێنییەی لە دوا سەردانی سەرۆک وەزیران بۆ بەغدا هاتووەتە ئاراوە، لە گفتوگۆ و دانوستانەکانی بودجەی ساڵی (2027) بەردەوام بن، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بنەڕەتی و کۆتایی و دادپەروەرانە، لەبارەی جێگیرکردنی مووچە و شایستە داراییەکان و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵدا.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، ڕاپۆرتێکی لەبارەی لێکەوتەکانی هێرشی تیرۆرستی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر پێشکەش کرد، کە بووەتە هۆی وەستانی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە و کەمبوونەوەی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا بە هاووڵاتییان، هاوکات باسی لە هەوڵەکانی وەزارەتی کارەبا کرد بۆ قەرەبووکردنەوەی بەشێک لە کەمبوونەوەی کارەبا لە ڕێگەی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کە بە نەوتی ڕەش و دیزل و کارۆئاوی و فلێر گاز کار دەکەن.

هەر لەو بارەیەوە، وەزیری ناوخۆ باسی لە وردەکارییەکانی ئەو لیژنە ئەمنییە هاوبەشەی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، کە بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە پێکهێنراوە و تا ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران بە توندترین شێوە، ئەم هێرشە تیرۆرستییە بۆ سەر کۆرمۆر شەرمەزار دەکات کە ئامانجی تێکدانی ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستان و عێراق و بە مەبەستی زیانگەیاندنە بە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان و پێویستە کۆتایی بەم هێرشانە بهێندرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین