دارایی پەرلەمان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و پێشمەرگە ئاشکرا دەکات کوردستانی

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

پەرلەمانتارێکی کوردستان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمان و له‌گه‌ڵ هەر یەکە لە وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە ئاشکرا دەکات و دەڵێ، "دەسەڵاتی یەکخستنەوە یەکە پاسەوانییەکان بە وەزیری ناوخۆ دراوە و وەزیری پێشمەرگەش دووپاتی لەسەر تەواو بوونی ئامادەکارییەکانی یەکخستنی یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ کردووەتەوە".

ئەمرۆ دووشەمە ١٧ی ئایار، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە جیا سەردانی پەرلەمانیان كرد و لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان كۆبوونەوە و لەبارەی جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی چاكسازى و راپۆرتی دووەمی چاکسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێبینی خۆیان خستەڕوو".

محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت باسى لە ناوەڕۆکی كۆبوونەوەکەیان لەگەڵ هەردوو وەزیری پێشمەرگە ناوخۆ کرد و گووتی، " دوای ئەوەی خوێندنەوەی راپۆرتی دووه‌مى چاكسازى، بە باشمان زانی لەگەڵ وەزیرە پەیوەندیدارەکان کۆ ببینەوە و میواندارییان بکەین، ئەمرۆ وەزیری ناوخۆ پاشان وەزیری پێشمەرگە ئامادەی کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی بوون، هەروەها سکرتێریەتی لیژنەی دارایی چاکسازی ئامادەبوو. سەبارەت بە ئەو هەنگاوانەی هەر وەزارەتێک لە چوارچێوەی تایبەتمەندیی و دەسەڵاتی خۆی روونکردنەوەیان دا کە هەنگاوەکانی چاکسازی چۆن دەکرێت، وەڵامی پرسیارەکان و تێبینیەکانی لیژنەی داراییان داوە، هەردوو وەزارەت دڵنیایان لەوە کردووە کە بەجددی پرۆژەی چاکسازی جێبەجێ دەکرێت، لە بابەتی یەکخستنی یەکەی پاسەوانی، یەکخستنی یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ و یەکخستنی یەکە ژمێریارەکانیان".

سەبارەت بە یەکخستنی یەکەکانی پاسەوانی، محەمەد سەعدەدین ئاماژەی بۆ ئەوە کرد دەسەڵات بە وەزیری ناوخۆ دراوە، ئەو پەرلەمانتارە گووتی، ''بۆ رێکخستنی کاروباری یەکەی پاسەوانی هەموو یەکەکانی پاسەوانی سەربه‌ هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و سەربازی یەکدەخرێت. لە بەرێوبەراتییەکی یەکگرتوو بۆ پاسەوانی کە سەربە وەزیری ناوخۆ دەبێت، دەسەڵات دراوەتە وەزیری ناوخۆ کە هەماهەنگی بکات لەگەڵ لایەنەکان بۆ رێکخستنی کاروباری پاسەوانەکان".


سەبارەت بە دیدارەکەی وەزیری پێشمەرگەش محەمەد سەعدەدین گووتی، "وەزیری پێشمەرگەش بە لیژنەکەی راگەیاند کە هەموو ئامادەکارییەکان تەواو بووە بۆ یەکخستنی یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ و یەکخستنی یەکەی ژمێریارییەکان تەنیا ماوە لە وردەکارییەکان کێشەى تەکنیکییەکان چارەسەر بکەن بۆئەوەی پرۆژەی چاکسازی بە شێوازێکی رێکوپێک جێبەجێ بکرێت".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین