یەکێتیی زانایانی کوردستان: یاریی (GTA 6) حەرامە و دروست نییە بابەتی گشتی

نوچە نێت:

دوای زیاتر لە هەشت ساڵ لە گەشەپێدان و دوو جار دواخستن، یاریی (Grand Theft Auto Vi) لەسەر ئامیرەکانی پلەیستەیشن (5) و ئێکس بۆکس بڵاوکرایەوە و ڕیکۆردێکی مێژوویی تۆمار کرد، لەوبارەیەوە کۆمپانیای ڕۆکستار گەیمزم ڕایگەیاند، لە یەکەمین ڕۆژیدا بڕی (3.79) ملیار دۆلاری لە فرۆشتندا بەدەست هێناوە و ئەمەش بە گەورەترین دەستپێک بۆ هەر بەرهەرمێکی یاریی لە مێژوودا ناوزەند کرد.

ڕۆژی هەینی (2026/11/20) کۆمپانیای ڕۆکستار گەیمز لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، یاریی گی تی ئەی (6) (Grand Theft Auto VI) لە یەکەم ڕۆژیدا بڕی (3.79) ملیار دۆلاری لە فرۆشتندا بەدەست هێناوە و ئەمەش بە گەورەترین دەستپێک بۆ هەر بەرهەمێکی یاریی و کاتبەسەربردن لە مێژوودا ناوزەند کرد؛ چونکە ڕێژەی ئەم ژمارەیە کە پشت بە خەمڵاندنەکانی کۆمپانیاکە دەبەستێت بۆ فرۆشی جیهانی تا کۆتایی ڕۆژی پێنجشەممە، پێنج هێندەی ئەو نزیکەی (800) ملیۆن دۆلارەیە کە یاریی پێشووتری (Grand Theft Auto V) لە (24) کاتژمێری یەکەمیدا لە ساڵی (2013) کۆی کردبووەوە.

یارییەکە ڕۆژی پێنجشەممە (19)ـی تشرینی دووەمی (2026) بۆ ئامێرەکانی (PlayStation 5) و (Xbox Series X-S) بڵاو کرایەوە، پێشوەختە لە شەودا خرایە بەردەست و دواتر لە هەر بازاڕێکی جیهاندا لەگەڵ گەیشتنی کاتژمێر بە نیوەشەو بە کاتی ناوخۆیی وڵات بڵاوکرایەوە و ڕۆکستار ئاماژە بەوە دەکات کە پێش بڵاوبوونەوەی (32.5) ملیۆن دانەی لێ فرۆشراوە، کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی لەسەر ئاستی سەرجەم پلاتفۆڕمەکان.

ئەم یارییە هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی، لە هەرێمی کوردستان پێشوازییەکی گەرمی لێکرا و بازاڕ و فرۆشگاکان پڕ ببوون لە کۆدی یارییەکە، لەو بارەیەوە یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی ڕایگەیاند، ئەم یارییە حەرامە و هۆکارەکەشی بۆ بوونی دیمەنی نەشیاو و هاندانی گەنجان بۆ کاری خراپ دەگەڕێتەوە.

عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان لە پەیامێکدا گوتی، بەگوێرەی شەریعەتی ئیسلام یاریی (GTA 6) حەرامە و دروست نییە، داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بە زووترین کات ڕێگریی لێ بکرێت و ئێمە بەردەوام کۆمەڵگە لە مەترسی ئەو دیاردانە هۆشیار دەکەینەوە کە زیانیان بۆ سەر گەنج و لاوان، خێزان و کۆمەڵگە هەیە، چ مامەڵەی ئەلیکترۆنییەکان بن، یان یاریی ئەلیکترۆنی نادروست، یاخود هاندانی گەنجان بۆ توندڕەوی و کاری خراپ،

لەبارەی زیان و مەترسییەکان لەسەر کاریگەریی مرۆڤ، پسپۆڕێکی نەخۆشییە دەروونییەکان ئەو یارییە بە مەترسییەکی زۆری دادەنێت لەسەر دەروون و ڕەفتارەکانی نەوجەوانان، هۆشداریی لەبارەی ئەو یارییە بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەو یارییە بۆ کەسانی خوار (18) ساڵ نابێت و پێویستە لایەنی پەیوەندیدار ئەوە بە باشی کۆنتڕۆڵ بکەن، چونکە سێکس و توندووتیژی لەنێو یاریی (GTA 6) بڵاوە و ئەوەش پشت بەو بیردۆزەی فرۆید دەبەستێت کە ئەو دوو بابەتە لەنێو دەروونی مرۆڤدا باون و مرۆڤیان پێ پەلکێش دەکرێت، هەر بۆیە ئەم یارییەش بایەخی بەو دوو خاڵە داوە.

جێگەی ئاماژەپیدانە، ئەم زنجیرە یارییە ماوەیەکی زۆرە تۆمەتبار دەکرێت بە جوانپیشاندان و شکۆدارکردنی توندوتیژی و تاوان، بەکارهێنەران دەتوانن پیادڕەوان بشکێنن، ماددەی هۆشبەر بفرۆشن و تەقە لە پۆلیس بکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە توەکو ئێستا هیچ پلانێک بۆ بڵاوکردنەوەی فەرمیی یارییەکە لە هەریەک لە وڵاتانی چین، ڕووسیا، لوبنان و قەتەردا نییە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین