د. ئاریانا: ئەو رۆژنامەنوسانەی روماڵی کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن ناشارەزان دیمانە و راپۆرت

نوچە: ئافرەتان

د. ئاریانا ئیبراهیم، مامۆستای بەشی راگەیاندن لە زانکۆی سەڵاحەدین لە گفتوگۆیەکی نوچە باس لە شێوازی هەڵەی روماڵکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات و دەڵێت: ئەوەی ئێستا هەیە هەستنەکردنە بە بەرپرسیارێتی.

نوچە: شێوازی روماڵی تووندوتیژی و بابەتەکانی پەیوەست بە ئافرەتان، بە دروست دەزانی لە راگەیاندنی کوردی؟

د.ئاریانا: بەشێوەیەکی گشتی دەزگا میدیاییەکان، هەواڵەکانی تایبەت بە تووندوتیژی دژی ئافرەتان و توندوتیژی خێزانی بە شێوازێکی زۆر هەڵە روماڵ دەکەن، بابەتەکان بەشێوازێک ناخرێنەڕوو کە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی تێدابێت.

بۆ نموونە کاتێک روماڵی کێشەی ئەو ئافرەتانە دەکرێت کە رووبەڕووی تووندوتیژی دەبنەوە، نایەن بەشێوەیەکی ئەرێنی باسی لێوە بکەن بەڵکو بەشێوەیەکی نەرێنی رۆڵی ئافرەتەکە دەخەنەڕوو، وەکو کەسێکی تاوانبار پیشانی دەدەن نەک وەک کەسێکی قوربانی یان رزگاربوو. لە کاتێکدا پێویستە دەزگا میدیاییەکان، هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن لەو روماڵانە و هەوڵبدرێت ئاسایشی کۆمەڵایەتی بپارێزرێت. هەروەها ئافرەتەکە بەهێزتر بکەی هانی بدەی کە پشت بەخۆی ببەستێ و متمانەی بەخۆی هەبێ، بەڵام دێن ئیش زیاتر لە سەر هەست و سۆزی خەڵک دەکەن نەک بەشیوەیەکی دروست بیخەنەڕوو.

 بۆیە بەمجۆرە وروژاندنی بابەتەکان، ئامانجێکی دەروونی خراپ دروست ئەکەن لە جیاتی ئەوەی بێن چارەسەرێک بۆ بابەتەکە بدۆزنەوە، ئەمەش بابەتێکی زۆر هەستیارە پەیوەستە بە کەسانی پسپۆر و شارەزا لە بواری کۆمەڵایەتی، بۆیە پێویستە بەڕێوەبەرانی دەزگا میدیاییەکان کەسانی شارەزابن بۆ ئەوەی روماڵی بابەتە کۆمەڵایەتییەکان بدەنە رۆژنامەنوسانی شارەزا.

بۆشاییەکی دیکە لە میدیای کوردی ئەوەیە، کە گرنگی زۆر بە بابەتی دیکۆمێنتاری نادرێت لە کاتێکدا زۆر گرنگە، چونکە لە دیکۆمێنتاریدا رووداوەکان وەک خۆی پیشان دەدرێت. ئێستا ئەگەر بە وردی سەریر بکەی بابەتەکان لە میدیادا زۆر دەشێوێنرێن، بۆ نموونە کاتێک ئافرەتێک خۆی دەسوتێنێت ناڵێن هۆکارەکەی چییە. یەکسەر دەڵێن ئەوە خۆی سوتاند، واتا ئەگەر بێی بە وردەکاری بە دیکۆمێنت باسی بابەتەکە بکەی وەکو لە تەلەفزیۆنە ئەوروپیەکان دێن کەیسەکە وەردەگرن و دیکۆمێنتی دەکەن، بەڵگە و شاهید حاڵیان هەیە لەگەڵ دراوسێکانیان قسە دەکەن. واتا بەشێوەیەکی بابەتیانە باسی کێشەکە دەکەن. 

نوچە: کاریگەری ئەم جۆرە لە روماڵکردن لەسەر کۆمەڵگە و ژینگەی کۆمەڵایەتی چییە؟

د. ئاریانا: کاریگەری زۆر نەرێنی هەیە، لە رووی یاساییەوە وادەکات زیاتر هانی کۆمەڵگە بدات بۆ توندوتیژی و بە رەوای بزانێت. واتە ئاسایی دەکەنەوە، یاخود بەشێوەیەک لە شێوەکان باس لە سوککردنی سزاکان و سوڵحی عەشایەری دەکەن. کە ئیتر خەڵک لە سزادان نەترسێت. بۆیە پێویستە رۆژنامەنوسی شارەزا کار لەسەر ئەم بابەتانە بکات، بۆئەوەی لە کاتی باسکردنی کێشەکان رای کۆمەڵناس و دەروونناسان وەربگرێت و بە ئاراستەی چارەسەردابێت نەک وروژاندن.

نوچە: دەتەوێ بڵێی زۆر باسکردنی ئەو کێشانە بە هەڕەمەکی و نادروستی وا دەکات کە تووندوتیژی زیاد ببێ؟

د. ئاریانا: بەڵێ، بەراستی جۆری روماڵی میدیاکان نادروستە، ئەمە وادەکات زیاتر کاریگەری دەروونی بخاتە سەر خەڵک و هانیان بدات، هەندێجار لە ئەنجامی ئەمجۆرە لە روماڵە، توندوتیژی ئەوەندە ئاسایی دەکرێتەوە کە خەڵک بە مافی خۆی دەبینێ، واتا وایان لێدەکات بە کارێکی گونجاو یان چارەسەری کێشەکە بزانن، ئەمەش دەبێتە هۆکاری زیادبوونی رێژەی توندوتیژی نەک کەمبوونی.

نوچە: کێشە کۆمەڵایەتییەکان وەک پەراوێز سەیریان دەکرێت، لە زۆربەی دەزگاکان ئەو کەسانەی کە تازە دەست دەکەن بە کاری رۆژنامەنوسی بۆ روماڵی ئەم کێشانە، نەک رۆژنامەنوسانی بە ئەزمون ئایا ئەمە کارێکی دروستە؟

د. ئاریانا: کارکردن لەسەر ئەو کەیسانە پێویستی بە رۆژنامەنوسی پسپۆڕ و شارەزا هەیە جگە لە ئەزمونی رۆژنامەنوسی دەبێ شارەزایی و باگراوندێکی رۆشنبیری و کۆمەڵناسی هەبێ لەسەر بابەتە کۆمەڵایەتییەکان، بۆیە دەبێ میدیاکان هەوڵ بدەن کار لەسەر دروستکردنی رۆژنامەنوسی تایبەتمەند و دەزگای تایبەتمەند بکەن کە بەداخەوە نیمانە؛ ناکرێت دۆسیەی کۆمەڵایەتی بدرێتە کەسی ناشارەزا لە کاتێکدا زۆر هەستیارە و کاریگەری زۆری لەسەر کۆمەڵگە هەیە.

خاڵێکی دیکەی جێی نیگەرانی ئەوەیە، کە دەزگاکان رکابەری لەسەر بنەمای دروست ناکەن بەڵکو لەسەر و روژاندنی بابەتەکانە، کە دەتوانم بڵێـم لەسەر حسابی ئارامی و باری دەرونی خەڵكە. 

نوچە: وەکو کەسێکی ئەکادیمی پێتوایە ئەمە چۆن چارەسەردەکرێت؟ 

د. ئاریانا: ئەو رۆژنامەنووسانەی کە بەشێوەیەکی ئەکادیمی نەیانخوێندبێ پێویستیان بە لایەنی پڕاکتیکی هەیە، دەبێ بخرێنە ناو خول و راهێنان، فێربکرێت کە ماف و ئەرکی چییە و چۆن هەڵسوکەوت بکات. هەروەها دەزگاکانی راگەیاندن هەڕەمەکی کارنەکەن و خول بۆ نوێکردنەوەی زانیاری رۆژنامەنوسانیان بکەنەوە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین