شیلان نوری: جیاکردنەوەی کوڕان و کچان لە خوێندن پێویستی بە لێکۆڵینەوەیە دیمانە و راپۆرت

نوچە: ئافرەتان

توێژەری کۆمەڵایەتی و شارەزا لە بواری جێندەر، شیلان نوری لە گفتوگۆیەکی نوچە باس لە لایەنە باش و خراپەکانی جیاکردنەوەی کوڕان و کچان لە قۆناغەکانی دەکات و دەڵێت: ئەم بڕیارە نابێ بە هەڕەمەکی بدرێت.

نوچە : جیاکردنەوەی کور کچ لە قۆناغەکانی خوێندنی بەر لە زانکۆ، تا چەند کاریگەریی لەسەر پەروەردە دەبێ، ئایا کاریگەری لە سەر نامۆبوونی ئەم دوو رەگەزە دەبێ بە یەکتر؟

شیلان نوری: تێکەڵکردن یان جیاکردنەوەی رەگەزی منداڵ لەناو قوتابخانەکاندا لە قۆناغی سەرەتایی، ناوەندی یان ئامادەیی بێت ناتوانین بڵێین باشە یان خراپە بەڵکو هەردوو تایبەتمەندی پێکەوە هەیە، هۆکاری جیاکارییەکەش کە جیایان دەکەنەوە بە پێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لە دونیادا ئەنجامدراوە جیاوازی هەیە.

بۆ نموونە، پەیمانگەی کایڵ لە شاری بۆن لە ئەڵمانیا، لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەوە کردووەکە ئایا رێژەی سەرکەوتن یان بە دەستهێنانی باشترین نمرە و سەرکەوتنی قوتابیان و تێگەیشتنیان لە بابەتەکان لە هەردوو حاڵەتدا چۆنە؟ بۆیان دەرکەوتووە ئەگەر کچان بە تەنیا بن نمرەی باشترە بە دەست دەهێنن چونکە کچان پێشبڕکێی زیاتر لە نێوان خۆیاندا دەکەن، لەبەر ئەوەی مێشکی کچ زووتر پێدەگات لە مێشکی کوڕ، بۆیە شێوازی تێگەیشتن و مامەڵەی لەگەڵ مامۆستا جیاوازە. ئەگەر تێکەڵ بن ماموستاکە ناتوانێ لەبەینی هەردووکیانە بە یەک شێواز زانیاریان بداتێ. ئەمە بۆیان دەرکەوتووە ئەگەر جیا بن رێژەی سەرکەوتن لای ئەوان زیاترە.

 وڵاتی چین بەهەمان شێوە لەم دواییانە لێکۆڵینەوەیان لەسەر هەزار قوتابی لە رەگەزی جیا کردووە. کە ئایا زیان و سودی جیاکردنەوەی کوڕان و کچان لە قوتابخانەکان چییە.

هۆکاری لێکۆڵینەوەکانی ئەوان بۆ ئەوە نییە کە ئایا ئەگەر تێکەڵ بن دین رێگای پێ دەدات یاننا یاخود لەبەر هۆکاری پەیوەندی خۆشەویستی نێوان کوڕ و کچە، یاخود جیاکاری رەگەزییە وەک ئەو ڕوانگەیەی کە بۆ شەرەف لە وڵاتی ئێمە و هەندێ وڵاتی عەرەبیدا هەیە.

هەروەها دەبێ بزانین کە ئامراز و بابەت و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازە، ناتوانی لێرە بۆ بڕیاردان پشت بە لێکۆڵینەوەی وڵاتێکی تر ببەستی، لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە ناتوانین راستەوخۆ بە بریارێک لە شەو ڕۆژێکدا وەزیر یاخود هەر کەسێ داوای جیاکردنەوەی کوڕان و کچان لە خوێندن بکات، بەڵکو ئەوە پێویستی بە لێکۆڵینەوەو توێژینەوە هەیە کە لەوانەیە چەند ساڵێک بخایەنێت.

ئەو سیستەمەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان پەیرەو دەکرێ، سیستەمێکی زۆر خراپە لە رووی کۆمەڵایەتییەوە،  لەبەرئەوەی کە هیچ مادەیەکمان نییە کە بتوانێت لایەنی کۆمەڵایەتی گەنج تێر بکات یاخود منداڵ پەروەردە بکات، چەندین ساڵە ئێمە لەگەڵ وەزارەتی پەورەردەدا داوامان لە جەنابی وەزیر کردووە کە پێویست دەکات ماددەیەک هەبێت بۆ پەروەردەکردنی کەسایەتی منداڵ بەپێی تەمەنەکەی، لە منداڵیەوە تا دەگاتە قوناغی شەشی ئامادەیی واتا پۆلی دوازدە، بەڵام ئێمە نیمانە. تەنانەت لە قوتابخانە حکومیەکاندا ئەوەی کە ئێمە پێیدا تێپەڕین، لە پۆلی سێی ناوەندی کە ئێستا پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی دەکات بابەتێکی بایۆلۆجی هەیە ئەو بابەتە کە باس لە کۆ ئەندامی زاو زێی نێر و مێ دەکرا ، ئەو بابەتە تەرك ئەکرا. واتا مامۆستا ئەوەشی پێ رەوا نەدەبینی کە زانیاریمان بداتێ لەسەر رەگەزەکەی تر . 

بۆیە منداڵی ئێمە بە کچ و بە کوڕەوە بە خۆی نامۆیە، واتا جەستەی خۆی ناناسێ لەلایەکی تریشەوە خێزانەکانی ئێمە جیاوازییەکی زۆر لە نێوانیاندا هەیە لە رووی پەروەردەی منداڵەوە، هیچ خێزانێک ناتوانێ بە بێ پەردە لەگەڵ منداڵەکەی خۆی قسەبکات بە تایبەت لەم لایەنە پەروەردە کۆمەڵایەتییەوە پەروەردەیەکی توندی پتەوی بداتێ، بۆیە منداڵ لە خێزانەکەی خۆیەوە ناتوانێ وەڵامی پرسیارەکانی دەستبکەوێت، هەروەها لە ناو خوێندنیشدا ئەوەی دەستەناکەوێت، لە جیاتی ئەوەی بێی ئەم لایەنەی بۆ روونبکەیەوە، دێی جیای دەکەیەوە چونکە بە زەرەری دەبینی.

من وەکو کەسێکی پسپۆڕ لە بواری جێندەردا پێموایە جیاکردنەوە چارەسەرنییە، شادەماری هەموو وڵاتێک پەروەدەیە چونکە داهاتووی هەر وڵاتێک لەسەر پەروەردەیە، پەروەردە گەنج پێ دەگەیەنێت و منداڵ گەورە دەکات کە ئێمە دوارۆژ پشتیان پێ دەبەستین. دوا رۆژ لای کێیە لای ئەو  گەنج  و منداڵانەیە کە ئەمرۆ لە قۆناغی یەک و دووی سەرەتاییدان، دواتر دەچنە ناو زانکۆکانەوە دواتر ئەوانە حکومەت وەردەگرن و وڵات بەڕێوە دەبەن. بۆیە دەبێ ئەمانە بەراستی پەروەردەیەکی باش بکرێن، لە جیاتی جیاکردنەوە دەبێ سیستەمی پەروەردە پێداچوونەوە بە خۆیدا بکات  کە چۆن منداڵ پەروەردە دەکات.

لە گەڵ رێز و حورمەتم مامۆستای ئێمە تەنها لایەنی زانیاری گرنگی پێ دەدات لایەنی کەسێتی چۆنێتی مامەڵە کردنی لەگەڵ منداڵ و لەگەڵ کەسایەتی گەنج ئەوە بابەتێکە زۆر نامۆیە بۆ مامۆستاکان، بە شتێکی زۆر لاوەکی دەزانرێت لە لایەن زۆربەی ئەو مامۆستایانەی کە لە ناو قۆناغەکاندا دەرس دەڵێنەوە.

 ئێمە چەند ساڵێکە کۆلێژی پەروەردەمان هەیە کە مامۆستا پێدەگەیەنن دەرچووی بەشی کیمیا و فیزیا لە زانکۆ زانستییەکان یاخود دەرچووی ئەو بەشانەن کە ئامادە نین بۆ مامۆستایەتی، بۆیە ئەمانە بە شێوەیەکی سەقەت مامەڵە لەگەڵ کەسێتی و هەڵسوکەوت لەگەڵ تێگەیشتنی ئەو گەنجانە دەکات. بۆیە دەبێ مامۆستاش پێ بگەیێندرێت و بخرێتە بەر خول و راهێنان.

دەبێ مامۆستا فێر بکرێ و پێبگەیێندرێت بۆئەوەی بەرهەمی باشی هەبێت، نەک وەکو ئێستا نیوە موچە وەربگرێ یان بە چەند مانگ جارێک موچە وەربگرێ تەنانەت لایەنی سایکۆلۆژی مامۆستاکە بۆ خۆشی شێواوە، لە کاتێکدا پێویستە مامۆستایەکی تەواو پتەو پەروەردەت هەبێ. چۆن حاکمێک لە وڵاتدا هەموو پێویستیەکانی بۆ دابین دەکرێ و بەرزترین موچەی هەیە بۆ ئەوەی کە دەرفەتی رەشوە پێدانیان نەبێ. پێویست دەکات مامۆستاش لەو ئاستەدا بێت کە بتوانێ هەموو تواناکانی خۆی بەکار بێنێ بۆ پەروەردەی منداڵ.

دوای ئەم هەنگاوە پێویستە بێی دەستکاری پەروەردەی خێزان بکەی ئەو کوردەی ئێمە کە لەم وڵاتەدا بە جیاکاری رەگەزی مامەڵە دەکات لەوانە خوێندەواریش نەبێت کاتێک کە دەیانبینی لە وڵاتانی ئەوروپا، منداڵەکانیان لەنا سیستەمی پەروەردەیە و دایک وباوکەکە ملکەچن بۆ ئەو سیستەمە کە لەوێ هەیە و هاوکاریشن لەگەڵیدا ، باشە بۆ لێرە وایە و بۆ لە وڵاتێکی تردا ئاوایە؟ لەبەر ئەوەیە لەوێ سیستەم و یاسا هەیە، وڵات بەدەست سیستەمی پەروەردە وەیە بۆیە وابەستەی دەکات لە پێناو بەرژەوەندی منداڵەکەی دەبێ دایک وباوکەکە وا مامەڵە لەگەڵ منداڵەکە بکەن . تەنانەت ئەگەر منداڵ سەعات نۆی شەو بخەوێ بۆ بەیانی تیمێک دەرواتە ماڵەکە و چەند جارێک دایک و باوکەکە ئاگاداردەکرێنەوە ، کە زانیان بەکەڵک نایەن مناڵەکە لە کاتی خۆیدا ناخەوێنن لێی دەستێنن بۆیە ناچارە ملکەچی سیستەمەکە بێت.

بۆیە  خێزانەکان ئەگەر خوێندەوارن یان نەخوێندەوار، یان ئەگەر جیاوازی هەیە لە ئایدۆلۆجیا و بیر کردنەوەیاندا، پێویستە سیستەمێکی پەروەردە هەبێت کە یەکیان بخات، سیستەمی پەروەردە لە وێنەی ئەو شەمەندەفەرەیە کە فارگۆنی یەکەمی شەمەندەفەرەکە رۆیی هەموو فارگۆنەکانی تر بە دوای خۆیدا رادەکێشێ. 

هەنگاوێکی تر  بۆ پەروەردە کە پێویستە بنرێ ئەوەیە، رێگە نەدرێ خێزان مۆبایل بە ئینتەرنێتی فرییەوە بداتە دەست منداڵ، رێکخستنی ئەوە کاری حکومەتە، چونکە ئەو منداڵە قۆناغی منداڵی خۆی نابینێت و وەکو منداڵێک پەروەردە نابێ. هەیە لە پۆلی دوو و سێی سەرەتاییە ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیای هەیە کۆمەڵێک زانیاری هەیە کە پێویست ناکات لەو تەمەنەیە بیزانێت، ئەمەش وا دەکات بە هەڵە مامەڵە لەگەڵ ئەو شتانە بکات. بەتایبەت زانیارییەک کە تۆ لە کەسانی دڵسۆزتەوە وەرینەگرێت لە ناو سایتەکاندا وەریبگرێ کە زۆربەیان سایتی بازرگانین.

خاڵێکی دیکە کە گرنگە ئاماژەی پێبکرێت ئەوەیە کە ئێمە لە منداڵییەوە کچ و کور بە شێوەیەکی زۆر جیاواز پەروەردە دەکەین. وێنایەک دەخەینە هەر یەک لەو دوو رەگەزە کە لە واقیعەوە دوورە، بۆ نموونە وێنای کور وا کراوە لەبەردەمی کچاندا رەگەزێکی تووندوتیژن، هەر لەگەڵ گەیشتنە لای کچان دەستدرێژی دەکەنە سەریان و لێیان دەدەن و ئازاریان دەدەن، بۆیە کچان هەموو کاتێک لە قۆناغی سەرەتاییدا دەڵێ من لەگەڵ کورەکان یاری ناکەم، ئەوان لێم دەدەن، لەبەر ئەوەی پەروەردەی مناڵەکان سەقەتە، خێزان بە شێوازێکی جیاواز پەروەردەی کچ و کوری کردووە، کوڕ ئەگەر زۆر شتی هەڵەش بکات خێزانەکە ئەوەندە پێی کاریگەری نابێ ئەوەندە رێگری ناکا لێی چونکە کورە ئەو پەندە کوردیە لە مێشکیدا رەنگدانەوەی هەیە کە بەرخی نێر بۆ سەربرینە، کور هەموو شتێکی لێ جوانە هیچ شتێکی لێ عەیبە نییە، بەس کچ هەموو شتێک لای عەیبەیە. بە پێچەوانەشەوە وێنایەکی وا خراوەتە بەردەم کوران، کە کچان بۆ لەزەتن بۆ ئەوان و کچان کۆمەڵە کەسێکی لاوازن بێ هێزن و توانای بڕیاردانیان نییە و ئەگەر بە واقیعیش بیبینێ لەناو حکومەتی خۆشماندا رەنگدانەوەی هەیە، ئەوەتا دەبینین چەند وەزیری ژنمان هەیە؟ چەندێک ژنیان وەکو مرۆڤ بە جیاوازی پیشان نەداوە لەگەڵ پیاواندا لەناو حکومەتەکاندا.

لە بەرئەوەی وێنا کردنەکان لە لای ئێمە بە هەڵە دەکرێتە مێشکی منداڵەوە، دواتر کە دەرۆنە زانکۆ بە جیاوازی سەیری یەکتر دەکەن و لە وێ کێشەکان زیاتر دەبێ، واتە منداڵێک لە منداڵیەوە وێنایەکی هەڵەت پێداوە و جیاتکردۆتەوە لەگەڵ رەگەزی بەرامبەر. هیچ زانیاریەکی نییە لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو رەگەزە و دواتر دەبن بە ژن و مێرد و دەچنە ناو خێزانێکەوە چۆن مامەڵە لەگەڵ یەکتر دەکەن؟

 ئەگەر چی جیاکردنەوەی کوڕ و کچ هەندێ باشەی هەیە، بەڵام لە وڵاتی ئێمە لەسەر بنەمای زانست و زانیاری نییە بەڵكو لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی رەگەزە وەکو بەهانە کە کلتور یان داب و نەریتە خێزانییەکانە.

نوچە: بۆ راستکردنەوەی هەموو ئەو کێشانەی لە سستەمی پەروەردە هەیە، هەروەها نەدانی بڕیاری هەڵە چیبکرێت باشە؟

شیلان نوری: پێویستە حکومەت سود لە توێژەری کۆمەڵایەتی و دەرونییەکان وەربگرێت،  چۆن دەتوانرێ سود لەو دەرونناس و کۆمەڵناسانە وەربگری کە چەندین ساڵە دەرچوون.  لە وڵاتی ئێمە خێزانەکان لە قەیرانی کۆمەڵایەتی و دەروونیدان بەهۆکاری ئەو قەیرانە سیاسی و ئابووری و بارودۆخە ناخۆشەی کە بەسەر هەرێمدا هاتووە، دەبوایە یەکەمین کار وەزارەتی پەروەردە بیکردایە سودی لەو دەرونناس و کۆمەڵناسانە ببینیایە و بە چەند خێزانێک یەک لەم پسپۆڕیانەیان بۆ تەرخان بکرایە، هەتا وەکو بتوانێ کاریگەری لە سەر پەروەردەی خێزانەکان دروست بکات.

حکومەت دەتوانێ بە یاسا و سیستەم خێزانەکان ناچاربکات منداڵەکان دروست پەروەردە بکەن. زۆرجار کە لەگەڵ دایکان و باوکان دانیشتووم پێمگوتون، کە خۆشەویستی تۆ بۆ منداڵەکەت ئەوە نییە کە دواین مۆدێلی مۆبایل و ئایپادی بدەیە دەست و ئینتەرنێتی لە ژوری تایبەت بۆ دابین دەکەی، بەڵکو ئەو منداڵە پێویست دەکات منداڵی خۆی بژیت، دەبێ یاری بۆ دابین بکەی.

 تکایە منداڵێکی نۆ ساڵ و پانزەساڵ هی ئەوە نییە کە ئەکاونتی تایبەتی هەبێ، ئەوەتا ئێمەی رێکخراوەکان ئێمەی چالاکوانان بەدەست ئەمەوە گیرۆدە دەبین بە سەدەها کێشە دێتە بەردەستمان کە لەرێگەی ئەم ئەکاونتانەوە تووشی دەبن، دەبێ بزانن کە منداڵ بە عەقڵ بیرناکاتەوەو تووشی کێشە دەبێت. من دەتوانم تکایان لێ بکەم ئەتوانم رێنمایان بدەمێ لەوانەیە لە سەد دایک و باوك، دە کەس بە قسەم بکات، بەڵام ئەگەر یاسابوو ناچار دەبن پەیڕەوەی بکەن.

نوچە: پێتوایە لە پەروەردەی خێزاندا، ژن رۆڵی زیاترە یان پیاو؟

   شیلان نوری : ئەگەر ئێمە باس لە پرۆسەی پێگەیاندن تاک  بکەین، هەموو جار دەڵێم کاتی خۆی کە ئێمە دەمانخوێند خێزان رۆڵی سەرەکی لە ٨٠٪ پەرەوەردەکردنی منداڵی بەردەکەوت، بەڵام ئەمرۆ ئەو لە سەدهەشتایەش وا نەماوە لەبەر ئەوەی کە جاران منداڵ زیاتر زانیاری لەدایک و باوک و لە خێزانەوە وەردەگرت، ئینجا هاوڕێکانی، بەڵام ئێستا دایک و باوک کەمترین کاریگەریان هەیە چونکە ئامرازی تر زۆرن،  یەکەمین ئامراز کە ئێستا لێی وەرئەگرێت مۆبایل و ئایپادەکەی دەستیەتی کە زانیاری لێ وەردەگرێت، ئینجا دەزگاکانی راگەیاندن کە هەر یەکەیان بۆخۆیان بە سەقەتیەوە داخڵی ناو خێزان بوون. کۆمەڵێ وشە وئایدیای سواو هەڵدەدەنە ناو ماڵەکان.

لە تەمەنی منداڵیدا دایک زۆرترین کاریگەری هەیە لەسەر  منداڵ، بە حوکمی ئەوەی باوک زۆرترین کاتەکان لەدەرەوەیە یاخود بە حوکمی ئەو سیستەمە جیاوازە جیاکارییەی کە پەروەردەی خێزانی پێکراوە، دایک پەیوەستە بە پەروەردەکردن بەڵام چ دایکێک ئەگەر دایکێکی پتەوی بروا بە خۆ بوونی هەبوو و لەسەر قاچی خۆی وەستاو بێ و متمانەی بەخۆی بێت، بیرو بۆچونێکی مۆدێرن بن ئەمانە مناڵێکی باش پەروەردە ئەکەن .

بەڵام زۆربەی دایکانی ئێمە خویندەوار نین یان ئەگەر خوێندەواریش بن رۆشنبیر نین واتا بەو مانایەی کە زانیارێکی ئەو تۆیان نییە، لەسەر پەروەردە کردن، کێشەیە یەکی دیکە ئەوەیە لای ئێمە کە کچ و کوڕ زانکۆ تەواو دەکەن ئیتر دەبێ هاوسەرگیری بکەن، واتا سەیر ناکات تا چەند ئەو ئامادەیە بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری، چەند پێویستی بەو دامەزراوەیە بۆ ئەوەی خۆی لەناو دا ببینێتەوە.  بۆیە ئەگەر دایکێکی رۆشنبیر هەبوو، دڵنیابە لەوەی کە منداڵەکانیشی بەهەمان شێوەن بەڵام لە لای ئێمە هەندێ ژن هەن راستە بە رەگەز ژنن، بەڵام پەروەردەی دەستی ئەو کەلتورەیە کە بۆچوونەکانی هەمان بۆچوونی پیاوێکە. 

 زۆرجار ژنانمان دەستیان هەیە لە تووندوتیژیەکان ناو خێزان و ناو جیاکاریەکاندا لەبەر ئەوەی ئەو ژنەش دیسانەوە پەروەردەی دەستی سیستەمێکی پیاو سالارییە، تەنانەت لە حکومەتدا دەبینین هەندێ جار کە تاک و تەرا ژنێک دەرواتە ناو پۆستێکەوە لەبەر ئەوەی سیستەمێکی حیزبی پیاو سالار پەروەردەی دەکات  ئەویش جێبەجێ دەکات لەبەر ئەوەی حیزبەکەی پیاو سالارە ، لەهیچ حیزبێک لە حیزبەکانی ئێمە ژن سکرتێر نییە ژن جێگری سکرتێر نییە، کەواتە وێنای ژن وا مایەوە. بۆیە کەمن ئەو دایکانەی کە ئەوەندە بەهێز بن کاریگەریان لەسەر پەروەردە هەبێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین