توێژەرێکی کۆمەڵایەتی: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە هۆکار بۆ جیابوونەوەی هاوسەران دیمانە و راپۆرت

نوچە: ئافرەتان

توێژەرێکی کۆمەڵایەتی ، باس لەهۆکارەکانی هەڵوەشانەوەی خێزان و جیابوونەوەی هاوسەران دەکات، پێیوایە ئامێرەکانی تەکنەلۆژیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یەکێکن لەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆکاری هەڵوەشانەوەی خێزان .

کەلسوم رەحمان توێژەری کۆمەڵایەتی، لە گفتوگۆیەکی تایبەت بۆ نوچەنێت. باس لە کێشەی خێزان بە گشتی و جیابوونەوەی هاوسەران بە تایبەتی دەکات، رایوایە، کۆمەڵێک هۆکار لە پشت ئەو کێشانەوەن و وایان کردوە کە رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران بۆ ئاستێکی بەرز هەڵبکشێت.

 سەبارەت بە هۆکارەکانی کێشەخێزانییەکان کەلسوم دەڵێت" یەکێک لەو هۆکارانە کە بریتییە لە خێرا کرانەوەی کۆمەڵگەی کوردی بە رووی جیهاندا، هەروەها هەبوونی ئامێرەکانی تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بوونەتە هۆی ناپاکی هاوسەری و جیابوونەوە بە رێژەیەکی زۆر ".

هەروەها ئەوەشی راگەیاند، "زنجیرە دراماکان کە بەبێ سانسۆر لە کەناڵەکانی ته‌له‌ڤزیۆن پەخش دەکرێن ، ئەوەش کاریگەریی لەسەر هەستی ژنان و پیاوانی کۆمەڵگەی ئێمە دروست کردووە، ئەو نواندنانەی کە لە دراماکان هەیە بە تایبەت کە بایەخێکی زۆر بە بابەتی رۆمانسی دراوە. لە کاتێکدا زۆربەی ژنانی ئێمە رەنگە ئەو جۆرە گرنگی پێدانە هەست پێنەکەن. بۆیە بەشێک لە پیاوان و ژنان ناچار پەنا دەبەن بەر پەیوەندیێکی ناشەرعی، واتا ناپاکی هاوسەری کە لە دەرەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری ئەو هەست و سۆز و خۆشەویستیەی دەستەکەوێت".

ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە، هۆکارێکی تر کە پێیوایە لە زۆر لە کەیسەکانی جیابوونەوەدا هەمیشە دووبارە  دەبێتەوە  نەگونجانە  لەنێوان هاوسەران"زۆر کات گوێمان لێ دەبێت دەڵێن، نەگونجاون لەگەڵ یەک واتا شتەکە روون ناکرێتەوە. ئەسڵی بابەتەکە زۆر جار بۆ ساردی سێکسی نێوان هاوسەرانەوە دەگەڕێتەوە، جا چ لەلایان ژنانەوە بێت یان لەلایان پیاوەوە بێت ئەمەش تا رادەیەک کاریگەری لەسەر جیابوونەوە یان هەیە یان دەبێتە هۆی بەستنی پەیوەندی لە دەرەوەی هاوسەرگیری".

هۆکارێکی  تر کە ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتیە ئاماژەی پێکرد، زۆر گەشتکردنی پیاوانە ئینجا بە هەر مەبەستێک بێ چ مەبەستی خۆشگوزەرانی بێ یان مەبەستی بازرگانی بێ، ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە دەبنە هۆی هەڵوەشانەوەی خێزان، ئەمانە ئەو هۆکارانە بوون کە وایکردووە رێژەی تەڵاق لە هەڵکشان دابێت، جگە لە هۆکاری کۆمەڵایەتی بێگومان کۆمەڵگەی ئێمە کۆمەڵگەیەکی نێرسالارییە هەروەها چەندین هۆکاری کۆمەڵایەتیمان هەیە کە دەبنە هۆی ئەوەی کە زۆر جار کچان و کوڕان، لە پرۆسەی هاوسەرگیریدا سەرکەوتوو نەبن ، بۆ نموونە وەک ژن بە ژنی، گەورە بە گچکە ، تووندوتیژیی پیاولە نێو ماڵەکەیدا کە تووندوتیژی زارەکییە یان نەفسییە، سێکسیە، ئەشکەنجەدانە، ئازاردانی ژنە،  ئەمانەش هەموو ئەو گیروگرفتانەن ئەچنە ناو چوارچێوەی هۆکاری کۆمەڵایەتی ئەوانەش هۆکاری ئەوەن کە دووبارە دیاردەی تەڵاق دروست ببێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین