کاڵێ فەقێ وسو: ئەگەر ژنان هوشیاری یاساییان هەبێت کەمتر رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە دیمانە و راپۆرت
کاڵێ فەقێ وسو، خاوەن بڕوانامەی ماستەر لە یاسای گشتی لە زانکۆی سەڵاحەدین،  لە گفتوگۆیەکی نوچە باس لە گرنگی هوشیاری یاسایی بۆ خانمان دەکات و رایوایە ئەگەر خانمان ئەم هوشیارییەیان هەبێت بە دڵنیایی دەتوانن پارێزگاری لە مافەکانیان بکەن.

نوچە: ئافرەتان

نوچە: ئافرەتانی کورد لە چی ئاستێکی هوشیاری یاساییدان؟

کاڵێ: ئەگەر ئافرەت خۆی بناسێ و توانا و ئەرک و مافی خۆی بزانێت، هەر خۆی کلیلێک دەبێ بۆ چارەسەری گرفتەکان. بە گۆڕانکاری لە دۆخی جۆراجۆر و تێپەرینی ڕابڕدویەکی پڕ هەوراز و نشێو، ئەرکەکانی ژنان زیاترن لە ڕابردوو، بەڵام ڕێزی ئافرەت لەقەدەر پێویستی خۆی نییە و هەندێجار بەناو و ئامرازی جۆراجۆڕ هەوڵ دەدڕێ لە شکۆ و حورمەتیان بدرێ، بەڵام ئەوە خودی ژنانن کە دەبێ ئازایانە و بەئیرادە و باوەڕەوە خۆیان دەوڵەمەند بکەن بە چەکی تێگەیشتنی دەروونی، ڕۆشنبیری و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاگایی لە یاساکانی وڵات، تا فریادرەسی خۆیان و ئەوانیتر بن، بەڕای من ئاستی هۆشیاری یاسایی خانمان بە گشتی لە کۆمەڵگای ئێمە باش نییە، دوو خاڵی گرنگیش هەیە کە دەکرێ ئاماژە بن بۆ ئەوەی ژنان لە زۆر کات و دۆخ دا، لەجیاتی داواکاری مافی خۆیان و رەتکردنەوەی ستەم، بێدەنگی هەڵدەبژێرن.

ترسی ژنان لە خستنەڕووی داوای مافەکانیان، ڕیشەیەکی قوڵی لە کەلتور و داب و نەریت و مێژوومان هەیە، هۆکارەکەی ترس و دڵنیانەبوونە لە پشتیوانی خێزانی، یان لە جیابونەوەی لە منداڵەکانی، یان لە قسە و قسەڵۆک و دیدی خرابی دەورووبەر.

ئەزمونی ڕابردوو لە هەندێ وێستگە و هەندێ ناوچە، کە بێ رێزی بە ژن و مافەکانی کراوە وایکردووە خانمان دەست بۆ بژاردەی داواکاری مافەکانیان نەبەن و تەسلیمی واقعێکی تاڵ بن.

نوچە: پێتوایە نەبوونی ئەم هوشیارییە، یەک لەو هۆکارانە بێت کە مافیان دەخورێت یان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت؟

کاڵێ: بەدڵنیایی نەبوونی هۆشیاری یاسایی کێشە و گرفت دروست دەکات، چونکە بەرزبوونی ئاستی هۆشیاری و تێگەیشتنی خانمان لە یاساکانی پەیوەندیدار بە ئەرک و مافەکان، ڕێگرە لە توندوتیژی و پێکدادانە کۆمەڵایەتییەکان، ئەگەر زانیاری و ئاگاییمان هەبێت، کەمتر ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبینەوە و بە چەکی یاسا و رێسا، بەرەنگاری و بەرگری دەکەین.
 توندوتیژی دەرونی کاریگەرترینە لەسەر تێکدانی تەندروستی مرۆڤ، بۆیە وریایی خانمان زۆر گرنگە، بەشێکی گەورە لە خانمان پێیان وایە پێناسەی ژنی باش ئەوەیە کە تەنها لە ئەرکی چێشتخانە و خاوێنکردنەوە و گەورەکردنی منداڵ دا دیاربێت، کە ئەمە جێی داخە! بۆیە زەوت نەکردنی مافەکان و رەتکردنەوەی زوڵم و توندوتیژی، لە رێگەی گونجاو و دروست، رێگەی پەنابردن بۆ یاساکانە، ئەم ڕێگەیش پێویستی بە ئاستبەرزی لە هۆشیاری یاسایی هەیە.

نوچە: یاساکانی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی ئافرەتاندان؟ کامە یاسایە زۆر جێی بایەخە بۆیان؟

کاڵێ: دیاریکردنی یاسای باش و یاسای نەباش کارێکی ئاسان نییە، چونکە هەر یاسایەک کە دەردەچێت بۆ پێویستی دۆخی کۆمەڵگاکانە، بۆ رێکخستنی گشت بوارەکانی ژیان لە وڵاتدا، پێویست بە هەبوونی یاساکانە.

لەدیدی من یاساکانی هەرێمی کوردستان، بەگشتی زۆر باشن هەرچەند بەدەر لە رەخنە و تێبینیش نین. کێشە لە هەبوون یان نەبوونی یاسا نییە بۆ یەکسانی جێندەری و پاراستنی ماف و ئازادییەکان، بەڵکو گەرەنتی جێبەجێکردنی یاساکان و هۆشیاری لە بوونیان، بەهێزترین هۆکارە بۆ ئەوەی ماف زەوت نەکرێ و توندوتیژی ڕوونەدات.

نوچە: کارکردن لەسەر هوشیاری یاسایی ئافرەتان بە کاری کێ دەزانی؟

کاڵێ: کارکردن لەسەر هوشیاری ئافرەتان و دژایەتی جیاوازی جێندەری و بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی، ئەرکێکی گشتییە و تایبەت نییە بەخودی ژنان.

بۆیە پرسی ئافرەت و هۆشیاری و ڕەچاو کردنی پرەنسیپەکانی یەکسانی، دەرفەت و دادپەروەری و سەروەری یاسا، پرسی هەمەلایەنە و گشتی و جددین کە دەخوازێت هەموان بەپێی ئاست و جۆڕاوجۆری تێگەیشتنەکان کاری بۆ بکەن، لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی فەرهەنگی و بەختەوەری و ئاسودەیی کۆمەڵگاکەمان. نەبوون یان لاوازی هۆشیاری لە یاسا و رێسا و بڕیارەکان، وادەکات کە خانمان رەفتار و هەڵسوکەوتی نەشیاو قەبوڵ بکەن.

باسکردن لە ماف و پێویستی خانمان بابەتێکی ئەنانی و ڕەگەزی سڕف و سیاسی نییە بەڵکو ڕوکنێکی گرنگی شیرازەی کۆمەڵگای مڕۆڤایەتییە.

هەروەها بەدواداچونەکان دەریانخستووە، کە ئەو خانەوادانەی هۆشیاری باشییان لەسەر ئەرک و ماف هەبێت ڕێژەی کێشە و پێکدادانە کۆمەڵایەتییەکان و سکاڵای خانمان کەمترە. بۆیە پەروەردەی خێزانی گرنگترین خاڵە، دواتر ناوەندەکانی پێگەیاندن، میدیایی، رێکخراوەیی و ... هتد، پێویستە ڕۆڵی ئەرێنی و دروست بگێرن بۆ ئەم بابەتە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین