لە هەولێر سەمپۆزیۆمێکی تایبەت بە خوێن بەخشینی ئافرەتان بەڕێوەچوو دیمانە و راپۆرت
سەنتەری توێژینەوەو فێرکردن بۆ تەندروستی ئافرەتان، ئەمڕۆ دووشەممە ١٤-٦-٢٠٢١ گفتوگۆیەکی زانستی، سەبارەت بە خوێن بەخشینی ئافرەتان ئەنجامدا. (sempozyum)

نوچە: ئافرەتان

لەو کۆبوونەوە زانستییەدا، شەش دکتۆری تایبەتمەند، هەریەکیان لە بوارێک بە بەڵگەی زانستی ئەوەیان خستەڕوو کە ئافرەتانیش دەتوانن لە هەڵمەتەکانی خوێن بەخشین بەشدار بن ئەگەر مەرجە تەندروستییەکانی خوێن بەخشینیان تێدا بوو.

دکتۆرە حەمدیە، سەرۆکی سەنتەری توێژینەوە و فێرکردن بۆ تەندروستی ئافرەتان، سەبارەت بە گرنگی ئەم کۆبووبوونەوە زانستییە بە نوچەی راگەیاند "سەمپۆزیۆمەکە تایبەت بوو بە خوێن بەخشین لە ناو ئافرەتان کە یەکەم جارە لە کوردستان باس بکرێت، وەکو پرسیارمان لە بەڕێوەبەرایەتی بانکی خوێن لە هەولێر کرد، بینیمان کە رێژەی ئەو ئافرەتانەی خوێن دەبەخشن زۆر کەمە بە بەراورد بە رێژەی پیاوانی خوێن بەخش، ساڵ بۆ ساڵ ئەم رێژەیەی کە هەشبووە، رووی لە کەمی کردووە، بەوپێیە بە پێویستمان زانی کۆبوونەوەیەکی زانستی رێکبخەین کە بەڵگەی زانستی بۆ ئەم مەبەستە تێدا بخرێتەڕوو".

رۆژی ١٤-٦ی هەموو ساڵێک لە لایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە، وەکو رۆژی رێزگرتن لە خوێن بەخشان دیاریکراوە، لەم رۆژەدا هەڵمەتی خوێن بەخشین بۆ ئەو کەسانە بەڕێوەدەچێت کە پێویستیان بە خوێنە و زیاتر وەک نەخۆشەکانی تالاسیما.

بەپێی بەڕێوەبەرایەتی بانکی خوێن لە هەولێر، لە ساڵی ٢٠١٥ (٥٦،٦٦٤) پیاو خوێنیان بەخشێوە بەڵام (٤٥٠) ئافرەت خوێنیان بەخشیوە. لە ساڵی ٢٠١٦ (٤٤٧) ئافرەت خوێنی بەخشیوە. لە ساڵی ٢٠١٧ (٤٩٣) ئافرەت خوێنی بەخشیوە، لە ساڵی ٢٠٢٠ (١٥٧) ئافرەت خوێنی بەخشیوە. واتە ساڵ بە ساڵ رێژەی خوێن بەخشینی ئافرەتان کەمبووەتەوە.

دکتۆرە حەمدیە دەڵێت "لەم کۆبوونەوە زانستییەدا کە شەش مامۆستای زانکۆی هەولێری پزیشکی تێیدا بەشداربوون، بە بەڵگەی زانستییەوە سود و زیانەکانی خوێن بەخشینی ئافرەتان بخەینەڕوو، هوشیارییەکی تەندروستی بۆ ئافرەتان بڕەخسێنرێت و بزانن کە بە بەخشینی خوێن، وێڕای ئەوەی ژیانی کەسێک رزگار دەکەن، سودی تەندروستی بۆ خۆشیان هەیە".

سەبارەت بە سودە تەندروستییەکانی خوێن بەخشێن بۆ ئافرەتان دکتۆرە حەمدیە دەڵێت "ئەگەر ئافرەتەکە لە رووی رێژەی خوێن و تەندروستییەوە هەلومەرجی گونجاو بوو بۆ خوێن بەخشین، بۆ نموونە ئەگەر ئەو ئافرەتانەی دوای تەمەنی وەستانی سوڕی مانگانە خوێن ببەخشن، ئەوا لە نەخۆشییەکانی دڵ، فشاری خوێن، قەڵەوی و رێژەی توشبوون بە شێرپەنجە کەم دەکاتەوە، لەگەڵ کۆمەڵێک سودی دیکە".

سەبارەت بەو دۆخە تەندروستییانەی کە ئافرەتان ناتوانێ خوێنی تێدا ببەخشیت، دکتۆرە حەمدیە گوتی "ئافرەتان لە هەندێ حاڵەتدا بەشێوەیەکی کاتی کە ناتوانن خوێن ببەخشن، وەکو: کاتی سکپڕی، شیردان، سوڕی مانگانە و ئەو ئافرەتانەی کە رێژەی خوێنیان لە دوانزە و نیو کەمترە".

لە کۆتایی ئەم کۆبوونەوەیە بڕیار درا کە توێژینەوەیەک سەبارەت بە نەچوون یان ساردوسڕی ئافرەت لە خوێن بەخشین، ئەنجام بدرێت. بۆئەوەش هەوڵ بدرێت کەمپەینی هوشیارکردنەوە لە رێگەی میدیاوە ئەنجام بدرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین