هێمن رەفیق: ئەمجۆرە لە کارکردن ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی تێکدەدات دیمانە و راپۆرت
توێژەری کۆمەڵایەتی و راهێنەری گەشەپێدانی مرۆیی، هێمن رەفیق لە گفتوگۆیەکی نوچە باس لە کاریگەرییەکانی راگەیاندن لە سەر رەوشی توندوتیژی لە کۆمەڵگە دەکات و دەڵێت، تەنیا خاڵە خراپەکان دەخەنەروو.

نوچەنێت: سیهام میران

نوچە: بۆچی توندوتیژی لە کۆمەڵگە روو لە زیادبوونە؟

هێمن رەفیق: ئێمە وەکو پسپۆرانی کۆمەڵایەتی و دەروونی، پێمان وایە کە راگەیاندن رۆڵی خراپی بینیوە وە نەیتوانیوە پابەندبێت بە پرەنسیۆەکانی کاری رۆژنامەوانی، لەبەر ئەوەی کە زۆربەی راگەیاندنەکان زیاتر کار لەسەر وروژاندن دەکەن لە جیاتی ئەوەی کار لەسەر چارەسەرەکان بکەن، کە هەواڵێکی کوشتن، خۆ سوتاندن و توندوتیژی دەوروژێنن، رای کەسی پسپۆڕی لەسەر وەرناگرن و  رێگا چارەی لەگەڵ ناخەنەڕوو. بۆیە ئەو پەیامە بە شێوازێکی نەرێنی و خراپ دەگاتە خەڵك و وادەکات کە خەڵك وەکو جۆرێک لە چاولێکەری و لاسایی ئەم بابەتە بکاتەوە و بە زیان دەشکێتەوە، چونکە چارەسەریەکەی لەگەڵ باسناکرێت، بۆیە راگەیاندن لە ئێستادا تەنها ئیش لەسەر ورژاندن و راکێشانی هەستی بینەر و زۆرترین بینەر دەکات.

نوچە: چارەسەر چییە؟

هێمن رەفیق: پێویستە راگەیاندنەکان راوێژکاری کۆمەڵایەتی و راوێژکاری دەروونیان هەبێت. لە خستنەڕووی هەر هەواڵێك یاخود پەخشکردنی هەر هەواڵێکی توندوتیژ ئامێز لەبواری سیاسی یا کۆمەڵایەتی گوستنەوەی هەواڵەکان، لەگەڵ ئەوەش راوێژ کردن و خستنەڕووی چارەسەریەکان هەبێت، ئینجا بابەتەکە نیشان بدرێت. یاخود رووداوێك لە شوێنێك روویداوە ناکرێت راگەیاندن پێش دادگاکان بکەوێت لە خستنەڕووی زانیاری، لێگەڕێن با لایەنە پەیوەندیدارەکان زیاتر لێکۆڵینەوە بکەن سەرەداوەکان و ئەسڵی بابەتەکە روون ببێتەوە ئینجا بگات بە بینەر، بەڵام بەداخەوە راگەیاندن پێش دادگا و پۆلیس دەکەوێت، کە دەبێتە هۆی ناڕوونی پیشاندانی کێشەکان بۆ خەڵک.

نوچە: کاریگەری ئەم جۆرە لە راگەیاندن لە سەر رەوشی کۆمەڵگە چییە؟

هێمن رەفیق: بە دڵنیایی ئاشتەوای کۆمەڵگا تێکدەچێت، جۆرێك لە ئاڵۆزی لە دەروون و سایکۆلۆژیەتی خەڵك دروستدەبێت، ئەمەش وایکردووە کە کاروکاردانەوەی خراپ لە ژیانی کۆمەڵایەتی دروستببێت و شیرازەی پەیوەندییەکان بپچرێت و خەڵك متمانەی بە یەکتر نەمێنێت. هەروەها هاوڵاتی هەناسەیەکی نەبێت بۆ دڵخۆشی ئەوانەی ئێمە شتە ناشرینەکان زەق دەکەنەوە، ئەوەندە نایەن شتە جوانەکانیش پیشان بدەن؛ ئەمە وادەکات ئاشتەوای کۆمەڵگا بکەوێتە مەترسی گەورەوە.

نوچە: پێتوایە لەم دۆخەدا راگەیاندن هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات؟

هێمن رەفیق: ناتوانم بڵێم بە رەهایی، بەڵام بەگشتی راگەیاندن زۆر بێباکانە سەروسەودای لەگەڵ سایکۆلۆژیەتی بینەر و خەڵک هەیە، بەلای ئەوەوە گرنگ نییە ئەوەیە کە ئەو بینەرە کاردانەوەی چی دەبێت بۆ ئەم رووداوە، یان بۆ ئەم هەواڵە. تەنیا لە هەوڵی ئەوەدان کە زۆرترین بینەر بۆ خۆیان رابکێشن، بە بێ رەچاوکردنی هیچ پرەنسیپێک. کاریگەری خراپی زۆرە، چونکە راگەیاندنی کوردی ئەوەندەی ئایدۆلۆژیانە ئیشی کردووە، نەیتوانیوە بە بەرپرسیارێتی نیشتیماننی و پیشەیانە کاربکات.

بۆیە پێویستە راگەیاندنەکان بگەڕێنەوە بۆ پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی کاری رۆژنامەوانی و هەڵگری بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و نیشتیمان و ئینسانی بن. راگەیاندن دەبێت پەیامی هەبێت، پەیامەکانیشی روون بێت و خزمەت بە کۆمەڵگە بگەیەنێت، نەك تەنها شێواندن و رەخنەگرتنێکی کوێرانە یان بریندارکردن بێت.

بۆ نموونە بە دەیان کاری باش لەلایەن کەرتی تایبەت و حکومەتەوە دەکرێت، بەڵام بەداخەوە نابینرێت بەڵکو تەنها ئەوەی خۆی پێ باشە و ئەو پەیامە ئاراستەدەکات، بەمەش دەبێتە هۆی پەردە پۆشکردنی جوانییەکان لای خەڵک، بەتایبەت میدیای ئۆپۆزسیۆن ئیش لەسەر ئەوە دەکات، کە دەیان کاری باش هەیە نیشان نادرێت، تەنها شتێك کە حکومەت کەموکوری تێدا بکات ئەوە زەق دەکرێتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین