د.بنار: سترێس و وردە کیس ئەم کێشەیە دروست دەکات دیمانە و راپۆرت

نوچە: ئافرەتان

ژاڵە بە دڵتەنگییەوە دەڵێت، نیوەی موچەکەم بۆ لێزەرە چونکە موی زیادم هەیە، ئەوە دە جەلسە بکەم بەڵام ناڕوات.

چەند ساڵێک بەر لە ئێستا کێشەی موی زیادە بۆ روخسار و لەشولاری ئافرەتان زۆربوو، ماوەیەک کەمبووەوە، بەڵام ماوەی ساڵێکە دیسان وەکو شیلان ئەحمەد، کارمەندی سەنتەرێکی جوانکاری دەڵێت "سەنتەرەکەمان بۆ لێزەری مو جمەی دێت".

ژاڵە فەرمانبەرێکی ٢٨ ساڵە، دەڵێت "ماوەی ساڵێکە هەستم کرد روخسارم موی زیادەی هەیە، بەرەبەرە زیاد دەبوو، چوومە لای دکتۆرێکی ژنان پشکنین و سۆنارم کرد گوتی، هۆرمۆناتت کێشەی نییە، بەڵام موەکانم هەر زیاد دەبن".

لانە ژنە فەرمانبەرێکی ترە، کە هەمان کێشەی ژاڵەی هەیە، بەڵام ئەو دەڵێت "دوای ئەوەی کێشم زیادبوو هەستمکرد موی زیاد لە روخسارم پەیدا دەبێ، کە چوومە لای دکتۆر دوای پشکنین دەرکەوت تەکەیس (کیسی بچوک)-ی منداڵدانم هەیە، ئێستا دەرمان وەردەگرم هەم دەچم لێزەری لێدەدەم".

دکتۆرە بنار ئەحمەد دزەیی، پزیشکی تایبەتمەندی ئافرەتان، سەبارەت بە موی زیادەی روخسار دەڵێت "ئەگەر ژنێک هەستیکرد موی روخساری زیاد دەبێ ئەوا پێویستە یەکەم کار، سەردانی پزیشکی تایبەتمەند بکات، بزانێ ئایا هۆکارەکە تێکچوونی هۆرمانەتە یان وردەکیسی منداڵدانە، چونکە ئەگەر هەر کام لەم دووە هۆکار بێت، ئەوا بە لێزەر و بابەتی دیکەی جوانکاری ناڕوات و دەبێ دکتۆر دەرمانی پێبدات".

شیلان ئەحمەد، کارمەندی یەکێک لە سەنتەرەکانی جوانکارییە لە شاری هەولێر، ئەو دەڵێت "نەخۆش هەیە تا ئێستا زیاتر لە هەزار دۆلاری بۆ لێزەری مو لێرە خەرج کردووە، بەڵام موەکان نافەوتێن".

د. بنار، سەبارەت بەو ژنانەی کە گوایە کێشەی هۆرمۆنات و کێشیان نییە، بەڵام موی زیادیان هەیە گوتی "زۆربەی ئەم کێشانەیان هەیە، بەڵام جاریوایە کێشەی هۆرۆمۆناتەکەی زۆر کەمە، جاریش هەیە یان وردەکیسەکەی زۆر لاوازە، رەنگە دکتۆر پییوابێ پێویست بە دەرمان ناکات، تەنیا رێنمایی دەدا بە نەخۆش، بەڵام حاڵەتی سترێس و دوودڵیش ئەم کێشەیە دروست دەکات، هەندێجاریش کەسەکە خۆی موی زۆرە یان بۆماوەییە".

شیلان ئەحمەد کە خۆی دەرچووی بەشی شیکاری نەخۆشییەکانە، بەشێک لەم کێشەیە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە "هەندێک لە دکتۆرەکانی سەنتەرەکانی جوانکاری، ئەو ئامێرەی کە بەکاری دەهێنن زۆر کۆنە و کاری زۆر پێکراوە، چونکە ئەویش بۆی دیاریکراوە کە تا چەند کاتژمێر کار دەتوانێ سودی هەبێت، کاتێک ئەو ئامێرەکەی زیاد لە پێویست کاری کردووە، بێگومان نەخۆش کەمتر سودی لێدەبینێت".

د. بنار ئامۆژگاری ژنان دەکات کە بۆ دوورکەوتنەوە لەم کێشانە "شیرینی و چەوری زۆر کەم بخۆن، رۆژانە وەرزش بکەن، بۆئەوەی سترێسیان کەم بێت و تووشی کێشەی هۆرمۆنات و وردەکیس نەبن".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین