د. دیلمان ئازاد : زۆترین توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لەسەر پەردەی کچێنییە دیمانە و راپۆرت

نوچه‌نێت، ئافرەتان

دکتۆرە دیلمان ئازاد، پسپۆڕی پزیشکی دادوەری و مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکی، لە گفتوگۆیەکی نوچە، ئاماژە بەوە دەکات کە توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ئافرەتان لە زیاد بوونن و زۆرترین کێشە لەسەر پەردەی کچێنییە.

نوچه‌نێت: بەپێی روماڵ و ئامارەکان، باس لە زیادبوونی رێژەی توندوتیژی دەکرێت، بەپێی ئەم حاڵەتانەی دێن بۆ پزیشکی دادوەری، زۆرترین جۆری توندوتیژی چییە؟

د. دیلمان ئازاد: توندوتیژی هەر هەبووە و ماوە و روو لە زیادبوونە، بەهۆی ئەوەی کە من لە پزیشکی دادوەریم، زۆرترین ئەو توندوتیژییەی من دەیبینم بەرامبەر بە ئافرەتان دەکرێت، بریتییە لەو کێشانەی لەسەر پەردەی کچێنی روو دەدەن.

پێویستە بزانین کە کەسانێک هەن لە شوێنی هەستیار کاردەکەن کە گوایە داکۆکیکاری مافەکانی ئافرەتانن، بەڵام چاوپۆشی دەکەن لەو توندوتیژیانەی کە هەیە و ناتوانن پێداگیری بکەن لە خستنەڕووی کێشەکان، باسکردنی ئەو کلتورەی کە بە هەڵە هاتووە. دەبێ بزانین کلتورێکی سەقەتمان هەیە کە زیاتر هانی توندوتیژی دەدات، بەڵام کاتێک باس لە هەبوونی دەکرێت هۆکارەکە دەخرێتە ئەستۆی رێکخراوەکان و چالاکوانان.

‘’پەردە هەیە لاستیکییە 
شوش بکات ئەم پەردەیە نادڕێت''

ئەگەر ئەو کەسانەی دەڵێن توندوتیژی دژ بە ئافرەتان نییە، با بێن رۆژێک لە شوێنی ئێمە دەوام بکەن دەبینن کە چ توندوتیژییەک بەرامبەر بە ئافرەتان دەکرێت، دەبینن کە چەندەها کێشە لەسەر پەردەی کچێنی دروست دەکرێت. ئەو کات دەزانن هەڵەن. بێگومان قسەکردنی هەڕەمەکی و بەبێ زانیاری لە کۆمەڵگەی ئێمە زۆرە.

نوچه‌نێت: بە رێژە یان تا چ ئاستێک دەتوانن خۆسوتاندن و سوتاندن جیابکەنەوە؟ بە پێی زانستی پزیشکی.

د. دیلمان ئازاد: بەپێی زانستی پزیشکی دادوەری، سووتاندن هەندێک بە حاڵەتێکی زەحمەت دادەنرێت. بە تایبەت ئەگەر کەسێك بۆ خۆی خۆی سووتاندبێ یان یەکێک بیسوتێنێ. هەندێك جار کارەکە دەکەوێتە ئەستۆی پەیداکردنی بەڵگەی تاوان و شاهێد و لێکۆڵینەوەکان لەم تاوانە. واتە بەپێی زانستی پزیشکی دادوەری سووتان تەنيا لە حاڵەتێکدا جیادەکرێتەوە کە ئەگەر برینەکە زیندەگی بێ، واتە کەسێک کوژراوە ئینجا سووتێنراوە، ئەوە بە ئاسانی جیادەکرێتەوە، بەڵام جیاکردنەوەی ئەوەی کە کەسێک بۆخۆی خۆی سووتاندووە یان سووتێنراوە هەندێ زەحمەتە.

نوچه‌نێت: زۆرێک لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان، لە کۆنەوە تا ئێستا بەهۆی پەردەی کچێنییەوە روویداوە، ئەم رێژەیەی دێتە لای ئێوە پیشانی دەدات کە تا ئێستاش ئەوە لە کۆمەڵگەی ئێمە زۆر گرنگە؟

د. دیلمان ئازاد: لەم سەردەمەش کە ئێمە تێیدا دەژین کە سەردەمی تەکنەلۆژیا و سۆشیال میدیایە، کێشەکانی پەردەی کچێنی لە کۆمەڵگە هەر ماوە و رۆژ لە دوای رۆژیش روو لە زیادبوونە، بگرە تەنانەت نەوەی ئێستاش کە نەوەیەکی چاوکراوەیە لەسەر پەردەی کچێنی کێشە دروست دەکات. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە لە بنەڕەتەوە منداڵەکان لەسەر ئەو کولتوورە سەقەتە پەروەردە دەکەن. وا دەبینێت کە هەموومان بتوانین بە یەکەوە کارێک بۆ لادانی ئەم کولتوورە بکەن.

مەبەستم لە لادان ئەوەیە کە ئیتر واز لەوە بهێنرێت، لەسەر پەردەی کچێنی توندوتیژی بەرامبەر بە کچ بکرێت یان بکوژرێت. لە کاتێکدا زۆرجار ئەم کچە هیچ هەڵەیەکی نەکردووە، بەڵکو بە هۆی ئەوەی پەردەکەی جۆرێکە کە خوێن نابینێت رووبەڕووی جۆرەها کێشەی دەکەنەوە.

‘’دەبێ ئەو کولتوورە سەقەتە بگۆڕێن
 کە کچان بەهۆی پەردەوەو دەکوژرێن''

نوچه‌نێت: چەند جۆر پەردەی کچێنی هەیە؟

د. دیلمان ئازاد: زۆر جۆر پەردەی کچێنی هەیە، دابەش دەکرێت بە پێی: ئەستوری، کرانەوەی، لێواری دەروری پەردەکە.

بە پێی شێوەکەی: هەندێک هەیە لە شێوەی مانگ، شێوەی ناڵی ئەسپ، شێوەی بێژینگ، جۆرێک هەیە قەپاتە و جۆرێکی دیکە لاستیکییە. جگە لەم جۆرانەش زۆر جۆری دیکە هەن کە تەنیا پزیشکی دادوەری لە رێگەی پشکنینەوە دەتوانێ بزانێت کام جۆرەیە.

لە کتێب و سەرچاوە ئینگیلزییەکان زۆر بە کورتی باس لە پەردەی کچێنی کراوە لەبەرئەوەی ئەوان گرنگی پێنادەن، بەڵام لە کتێبەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە سەرچاوە عەرەبییەکان زۆر بە روونی باسکراوە.

لە عیراق توێژینەوە و سەرچاوە کەمە، تەنها یەکجار لە شەستەکان توێژینەوەی لەسەر کراوە. منیش ئێستا توێژینەوەی لەسەر دەکەم دەبێتە دووەم توێژینەوە.

نوچه‌نێت: کام لە جۆری پەردەی کچێنی خوێنی لێنایەت؟ لەم حاڵەتە چۆن بتوانرێت گومان نەخرێتە سەر کچەکە و جیابکرێتەوە؟

د. دیلمان ئازاد: جۆرێک پەردەی کچێنی هەیە لاستیکییە، بە هیچ شێوەیەک خوێن نابینێ ئەگەر شوش بکات هەر نادڕێ، جۆرێکی دیکە هەیە پێی دەگوترێت شریتی واتە باریکە ئەوەشیان نادڕێت، جۆرێکی دیکە بەرینە دەتوانین بڵێین خوشکی لاستیکییەکە یە ئەمجۆرە هەندێکیان خوێن دەبینن هەندێکیان نابینن، ئەو خوێنەی کە دەشێبینێ خوێن نییە، تەنها زەرداییەکە یان کەمێک ئاوی پەمەییە، ئەوکاتە تێکەڵ دەبێ، وادەزانن خوێنەکەی نەبینیوە، بەڵام هەیە. ئەمجۆرە پەردانە لە کاتی هاوسەرگیری ئەگەر خێزانەکان هوشیار نەبن کێشە دروست دەبێت.

‘’ئەو کەسانەی دەڵێن توندوتیژی نییە
 بابێن رۆژێک لە شوێنی ئێمە دەوام بکەن''

نوچه‌نێت: لەم حاڵەتانەدا چۆن ئەمە بزانرێت؟ ئایا پێویستە سەردانی پزیشکی دادوەری بکرێت یان ئاساییە هەر دکتۆرێکی ژنان بێت؟

د. دیلمان ئازاد: جیاکردنەوەی هەموو جۆرەکانی پەردەی کچێنی بە پشکنینە، پشنینەکەش دەبێ پزیشکێکی پسپۆڕی دادوەری بیکات، چونکە تایبەتمەندی ئەوە.

نوچه‌نێت: قسەیەکی باو هەیە دەڵێن، کچان وەرزش نەکەن، یان لە زانکۆ بەشی وەرزش نەخوێنن چونکە زیان لە پەردەی کچێنییان دەدات، ئەمە هیچ بنەمایەکی زانستی هەیە؟

د. دیلمان ئازاد: وەرزش کردن زیان بە ئافرەت ناگەیەنێ، تەنیا لە سێ جۆرن وەرزش لە کاتی رووداونی رووداوێک بۆی هەیە تووشی زیان بێت وەکو: پایسکل سواری، ئەسپ سواری و کاراتی، ئەم سێ حاڵەتەش زیان ناگەیەنێ تەنیا ئەگەر بۆ نموونە لە ئەسپ سواری بەربێتەوە و زەبرێکی زۆری بەربکەوێت، یان لەسەر پایسکل بە هەمان شێوە بەربێتەوە و زەبرێکی زۆری بەربکەوێت یان لە کاراتی، پێلەقە بە ئەندامی زاوزێی بکەوێت، کەواتە پێویستە بزانین زەبری دەرەکی بەهێز دەبێتە هۆی لە ناوبردنی پەردەی کچێنی، ئەگەر لە کاتی وەرزشیش نەبێت. حاڵەت هەبووە لە پایسکل کەوتووەتە خوارەوە شتێک چووتە ناو گیانی ئینجا زیانی لە پەردەی کچێنی داوە.

نوچه‌نێت: کاتێک کچ لە تەمەنی منداڵیدا بەهەر هۆکارێک زیان بەر پەردەی کچێنی بکەوێت، لە قۆناخی گەنجێتیدا چۆن ئەمە دەزانرێت یان چارەسەردەکرێت؟

د. دیلمان ئازاد: ئەم حاڵەتە بە پشکنین دەردەکەوێت، هەندێجار دایکەکە دەیهێنێت بۆ پشکنین کە گومانی کرد تا بزانێ ئایا پەردەی ماوە یان نا، پەردەی کچێکی کە دڕا دروستبوونەوە و چاکبوونەوەی نییە لە هەر تەمەنێکدا بێت.

نوچه‌نێت ئامۆژگاریتان چییە بۆ ئەو خێزانانەی کە بەبێ گەڕانەوە بۆ رای پزیشکی دادوەری بڕیار لەسەر کچەکانیان دەدەن، لەسەر پەردەی کچێنی.

د. دیلمان ئازاد: پێویستە خاوەنی ئەم هوشیارییە بێت کە بزانن چوونە پزیشکی دادوەری چوونە دادگا نییە، یان کەس لەوێ دادگایی ناکرێت. ئێمە پزیشکین، وەکو لیژنەیەکی زانستی دانیشتووین بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو کێشانەی کە دەبێ بە پێی زانستی پزیشکی دادوەری چارەسەر بکرێت، یان راستبکرێتەوە. ئەو راپۆرتەی کە دەدرێتە هەر کەسێک ئازادە لێی کە بیکاتە سکاڵا یان نەیکات، بەڵام پێویستە خەڵک لەوە تێبگەن و ئەو ترسەیان لانەمێنێت بزانن کە پزیشکین. باشترە بۆ دڵنیابوون لە هەرحاڵەتێک بێن کێشيکانیان بە پێی زانستی پزیشکی دادوەری یەکلابکەنەوە و لە بڕیاردان پەلە نەکەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین