ژنێک: پیاوەکەم بەبێ ئاگاداری من ژنی دووەمی هێناوە دیمانە و راپۆرت

نوچە: ئافرەتان

ئەنجامدانی هاوسەرگیری دووەم، بە بێ ئاگاداری هاوسەری یەکەم، یەک لەو کێشە کۆمەڵایەتییانەیە کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە. توێژەرێکی کۆمەڵایەتی دەڵێت، هۆکارەکەی رەوایەتیدانی کلتورە، بۆ هەبوونی زیاتر لە ژنێک لە ماڵێکدا.

لاوین بە گریانەوە دەڵێت "پێشتر کێشەیەکی ئەوتۆمان نەبووە تا من هیچ گومانێک بکەم، یان زیزبووبێتم و ئەو لەوە توڕە بووبێت، بەڵکو هەموو شتێ ئاسایی بوو تا هەفتەیەک بەر لە ئێستا".

ئەم ژنە تەمەنی (٢٦) ساڵە دایکی دوو منداڵە، خەڵکی یەک لە گوندەکانی ناوچەی بیتوێنە. ئەو دەڵێ "لە دوڕیانێکدام نازانم چیبکەم، ناتوانم ئەوە قبوڵ بکەم کە کردوویەتی هەم ناتوانم لێی جیاببمەوە، ئەو کاتە چۆن منداڵەکانم بە خێوبکەم".

سەبارەت بە کێشەی خۆی هاوسەرەکەی لاوین گوتی "هەرگیز کێشەیەکی وا گەورەمان نەبووە کە گومانی کارێکی ئاوای لێبکەم، ساڵێک دەبێ شەوان درەنگ دەخەوێت، چەندجارێک لەسەر ئەوە بووە کێشەمان، بەڵام خەسوم و دایکیشم گوتیان، نابێ دڵت پیسبێ پیاوی ئێستا هەمووی درەنگ دەخەوێ و خەریکی مۆبایلە بۆیە ئەوە مەکە بە کێشە".

ئەم ژنە کاتێک سەردانی ماڵی باوکی دەکات، بەهۆی ئەوەی دایکی نەخۆش دەبێ، هەفتەیەکی پێدەچێت، بەڵام کاتێک دێتەوە ماڵ دەبینێ ژنێکی عەرەبی لێیە، کاتێک پرسیار دەکات، دەڵێ ئێرە چەند ماڵی تۆیە ئەوەندەش هی منە، شەش مانگ زیاترە باوکی منداڵەکانت منی مارەکردووە. "کاتێک ژنە زۆر بە بێباکی ئەو قسانەی کرد، سەرەتا وامزانی دەیانەوێ گاڵتەم لەگەڵ بکەن، بەڵام دواتر پیاوەکەشم هەمان قسەی کردووە و گوتی، ئەگەر رازی فەرموو دانیشە و رازی نیت بڕۆوە ماڵی بابت، نەمدەزانی چیبکەم و چۆن رەفتار بکەم".

لاوین ماوەی مانگێکە لە ماڵی باوکیەتی، بەڵام سکاڵای تۆمار نەکردووە هۆکاری ئەوە بەوە باس دەکات کە "دەترسێم ئەگەر سکاڵا تۆماربکەم کێشەکەم ئاڵۆزتر ببێت، ناتوانم منداڵەکانم بە جێبهێڵـم و هیچ داهاتێکیشم نییە پێی بژێن، بۆیە جارێ چاوەڕێم کە بزانم باوکم و براکانم لەگەڵ ئەوان دەگەنە چ چارەسەرێک".

ئیلهام سەبری، راوێژکار لە پەیمانگەی پرسەی کۆمەڵایەتییەکانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، سەبارەت بە کێشەی ئەنجامدانی هاوسەرگیری دووەم بەبێ ئاگاداری هاوسەری یەکەم، گوتی "بەداخەوە ئەم کێشەیە هەیە و کەم نییە، لەبەرئەوەی بەپێی یاساکانی هەرێمی کوردستان هێنانی ژنی دوووەم سنوردار کراوە، پیاوان بەبێ ئاگاداری هاوسەرەکانیان دەڕۆن لە دادگاکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی هاوسەرگیری دووەم ئەنجام دەدەن، کاتێک هاوسەری یەکەم بەمە دەزانێت کێشە روودەدات".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا ئەم کێشانە چۆن چارەسەر دەکرێن ئیلهام سەبری دەڵێت "کێشە هەیە توانیومانە چارەسەری بکەین و بگەنە ئەنجامێک کە هاوسەری یەکەم قەرەبووی مەعنەوی بکرێتەوە، بەڵام کێشەش هەیە جیادەبنەوە، هەبووە پیاوەکە لەگەڵ زانینی هاوسەری یەکەم کە زانیویەتی ئەوەی دووەمی تەڵاق داوە، هەشە بەیەکەوە دەژین و ژنەکە دەڵێت، لەبەر خاتری منداڵەکانم جیا نابمەوە".

لە بارەی نەتەوەی ئەو ژنانەی شوو بە پیاوێک دەکەن کە ژنی هەیە، بەبێ ئاگاداری ئەم ژنە، راوێژکارەکەی یەکێتی ئافرەتان رونیکردەوە "هەندێک هەیە ژنەکان عەرەبن، هەیە فارسە، هەتا کوردیشی تێدایە کە بەبێ ئاگاداری هاوسەری یەکەمی پیاوەکە شوی پێکردووە".

حاکم ئەمیرە، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی خێزانی لە هەولێر، لە گفتوگۆیەکی نوچە، سەبارەت بەو پیاوانەی کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دادگاکانی هەرێمی کوردستان، گرێبەستی هاوسەرگیری بۆ هاوسەری دووەم دەکەن گوتی "هەر گرێبەستێک کە لە دادگا کرا یاسایی دەبێت، بۆیە ئێمە ناتوانین بە نافەرمی بزانین، تەنیا لە حاڵەتێک دەتوانین رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بەو پیاوانە بگرینە بەر، کە بەر لە ئەنجامدانی گرێبەستەکە هاوسەری یەکەمی بێت سکاڵا تۆمار بکات".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین