د. دالیا: تەنیا یەک نەخۆشی هەیە کە تووشی پیاوان نابێت دیمانە و راپۆرت

نوچە: ئافرەتان

دکتۆرە دالیا دەشتی دزەیی، پسپۆڕی دەروونزانی لە گفتوگۆیەکی نوچە ئەوە رەتدەکاتەوە کە لە رووی زانستییەوە هیچ جیاوازییەک لە نێوان ژن و پیاو هەبێت و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو هۆکارانەی هەن زیاتر پەروەردەیی و کۆمەڵایەتین.

نوچە: ئا یا راستە ژنان زیاتر تووشی نەخۆشی دەرونی دەبن؟ ئەگەر بەڵێ بۆچی؟

د. دالیا: بە پێی زانست لە رووی دەروونی و عەقڵی، هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئافرەت و پیاو نییە، هەروەها لە رووی ئاینەکانیشەوە بە هەمان شێوە. تەنها لە هەندێک روانگە یان دەتوانم بڵێـم لە بەر هەندێ هۆکار ئافرەت زیاتر رووبەرووی هەندێک لە نەخۆشی دەبێتەوە کە پیاوان نیانە وەکو، خەمۆکی دوای منداڵبوون، ئەمەش سەرەتا نەخۆشییەکی جەستەییە دووچاری ئافرەت دەبێت و دوای منداڵبوون کاریگەری دەروونی دروست دەکات کە بەهۆی گۆڕانکاری هۆرمۆناتەوە روودەدات، چونکە ئافرەت لەم حاڵەتەدا زۆر تووشی دڵەڕاوکێی بەخێوکردنی منداڵەکەی دەبێت، کە بەهۆی بەهێزی سۆزی دایکە بۆ منداڵ کە بەهێزترین سۆزە لە جیهان، بۆیە دەبینین ئافرەت زیاتر تووشی هەندێ نەخۆشی دەبێت.

هەندێ نەخۆشی دیکە کە لەناو ئافرەت زیاتر تێبینی دەکرێت و لە ناو پیاوان کەمترە، هۆکارەکەی بۆ لایەنی کۆمەڵایەتی خودی ئافرەت دەگەڕێتەوە نەک لایەنی عەقڵی، یان لایەنی زانستی کە بڵێی ئافرەت کەموکوڕییەکی هەبێت، بەڵام بەهۆی ژینگەی کۆمەڵایەتییەوە پیاو زیاتر دەرفەتی گەڕان و تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتی هەیە بۆ نموونە، هەموو ئێواران زۆربەی پیاوان دەڕۆنە دەرەوە پیاسەیەک دەکەن یان لەگەڵ برادەر و هاوڕێ کۆدەبنەوە، بەڵام دەتوانم بڵێـم زۆربەی ئافرەتان لە ماڵن، واتە دەرچوون و تێکەڵاوی کۆمەڵایەتییان کەمترە، ئەوەش بەهۆی وابەستەیی زیاتر بە بەڕێوەبردنی ماڵ و بەخێوکردنی منداڵە، ئەمەش هۆکارێکە بۆئەوەی زیاتر بکەونە ژێر فشار و زیاتر بیربکەنەوە، کە دواجار رێگە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەکان دەڕەخسێنێت، چونکە ئافرەتان بەهۆی فشارەوە زیاتر تووشی دڵەڕاوکێ دەبن ئەمەش کاریگەری لەسەر کەسایەتییان زیاترە.

هۆکارێکی دیکە ئەوەیە کە، ئافرەت لە کۆمەڵگە رۆژهەڵاتییەکان وا پەروەردە دەکرێت، هەمیشە لە ژێر فشار و لە دڵەڕاوکێدایە، چونکە هەر لە دایکەوە تا دەرورووبەری بەردەوام پیی دەڵێن، مەڕۆ دەرەوە، مەڕۆ سەرجادە با کەس نەتبینێ، تووشی کێشە دەبی با نەتدزن، خۆت داپۆشە متمانەت بە کەس نەبێ، ئەمە وادەکات کە ئافرەت زیاتر ببێتە کەسایەتییەک کە دڵەڕاوکێی هەبێت بەڵام ئەگەر هاتوو ئەم پەروەردەیە گۆڕدرا دەبینین هیچ جیاوازییەک لە رووی دەروونییەوە لە نێوان ژن و پیاو نابێت، جگە لە حاڵەتی خەمۆکی دوای منداڵبوون.

لە رووی زانستییەوە هیچ جیاوازییەک لە نێوان ژن و پیاودا نییە

نوچە: بۆ خۆپاراستن لە فشاری دەروونی چی بکرێت باشە؟ بەتایبەت ئێستا کە دۆخی تەندروستی و ئابوری خەڵک باش نییە؟

د. دالیا: یەکەمین هۆکار بۆ پشت پێ بەستنی ئەوەی فشار لەسەر خۆت کەمبکەیەوە ئەوەیە کە چالاکی ئەنجام بدەی، یان هیوایەت و ئامانجێک بۆ خۆت دابنێی، بەپێی چەند توێژینەوەیەکی زانستی دەروونی کاری ناو باخچە کە گرنگی بە باخچەی ماڵ یان گەورەتر یان چاندنی میوە و روەک دەدەی، وات لێدەکات سەرقاڵ بی یان هەندێ ئافرەت بایەخ بە ئاژەڵ دەدات، یان ئەو ئافرەتانەی کە دەڕۆنە دەرەوە، هەوڵ بدەن وەرزش بکەن. هەروەها چوونە بازاڕ و پارک و چێشتخانە، ژنی کورد زۆریان لە زووەوە زۆرجار بە چوونە بازاڕ فشار کەم دەکەنەوە، چونکە دەرکەوتووە کە بازاڕکردن فشاری دەروونی لەسەر ئافرەت کەم دەکاتەوە.

هۆکارێکی دیکە ئەوەیە کە سستمی خواردنت رێکبخەی، بە پێی توێژینەوەکان خواردنی قورس بۆ نموونە وەکو شەکر کاریگەری لەسەر دروستکردنی فشاری دەروونی هەیە. بۆیە سستمی خواردنی تەندروست دابنێی گرنگە، هەندێ شت هەیە کە مرۆڤ دەیکات پێویستە خۆی لێ دووربخاتەوە بەڵام کە زیادەڕۆیی تێداکرا، کاریگەری لەسەر لایەنی فسیۆلۆژی مرۆڤ هەیە کە تووشی دڵەڕاوکێی دەکات، واتە فشاری دەروونی بۆ دروست دەکات.

هۆکاری سێیەم، بۆ خۆپاراستن لە دڵەڕاوکێ بۆ ئەو کەسانەی کە لایەنی دینییان بەهێزە، دەتوانن تەسبیحات بکەن و قورئان، بۆ نموونە من هەموو بەیانیان ( ازکار سباح) دەخوێنم ئارام دەبمەوە یان ئایەت کورسی دەخوێنم هەرکەسە و بەجۆرێک بەپێی جۆری بیرکردنەوە و کەسایەتی دەتوانێ شتێک هەبێ کە پێی ئارام ببێتەوە.

هۆکارێکی دیکە بۆ خۆپاراستن، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە، کە هەوڵبدرێت بە تایبەت ئافرەتان کە زیاتر لە ماڵ دەمێننەوە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دانەبڕین. مرۆڤ پێویستی بە کات تەرخان کردن هەیە بۆخۆی کە هەفتەی رۆژێکیش پێی نەکرا دووهەفتە رۆژێک تەرخان بکات، لەگەڵ هاوڕێیەکی بڕواتە دەرەوە ئیتر چوون بۆ ئارایشتگا یان کافتریا یان پارکێکە، ئەوانە زۆر گرنگن بەڵام زۆربەی ئافرەتان بیانوو دەدۆزنەوە کە گوایە بەهۆی منداڵ یان ئیش پێیان ناکریت، ئەوە فشاری دەروونی زیاد دەکات، چونکە هەر هەموو شتێک لە سنور دەرچێ بە دڵنیایه بێزاری دروست دەکات، بەڵام کاتێک رۆژێکت بۆ خۆت تەرخان کرد کە تێیدا تەنیا گرنگی بەخۆت بدەی ئەو فشارانە کەم دەبنەوە.

زیادبوونی نەخۆشییە دەروونییەکان جیهانییە

دەکریت ئافرەتان لەگەڵ هاوسەرەکانیان رێکبکەون کە هەفتەی جارێک یان دووجار رۆژێک منداڵەکان دەبێ لای ئەو بن، ئەوکاتە پیاوانیش دەبینن کە هاوسەرەکانیان چەند زەحمەت بە بەخێوکردن و ئاگالێبوون لە منداڵەوە دەکێشن.

هۆکارێکی دیکەی زۆر گرنگ بۆ کەمکردنەوەی فشار پێکەنینە. زۆر رێکخراوی جیهانی هەن کە کار لەسەر ئەوە دەکەن مرۆڤ پێبکەنێت، پێکەنین شتێکە دەگوازرێتەوە کە هاوڕێیەکت هەبوو گەشبین بوو و پێکەنی، تۆش پێدەکەنی، ئەوەی تەنیشتیشت پێدەکەنێ، واتە کەشێکی خۆش دروست دەبێت.

هەروەها ئێستا دەتوانن لە ئینتەرنێتەوە پەیج و ڤیدیۆی نوکتەی خۆش و پێکەنیناوی بدۆزنەوە، دەبێ بزانن کە پێکەنین یەک لە چارەسەرە دەروونییە گرنگەکانە.

نوچە: دڵەڕاوکێ کەی دەبێ بە نەخۆشی و پێویستە دەرمانی بۆ وەربگیرێت؟

د.دالیا: کە بینیت دڵەڕاوکێ لە سبنور دەرچوو، واتە گەیشتە ئاستێک کە رۆژانە بەو هۆیەوە نەتوانی کاری خۆت ئەنجام بدەی و بەردەوام لە دڵەڕاوکێدابووی، پێویستە سەردانی دکتۆر یان راوێژکاری دەروونی بکەی، بۆ نموونە کاتێک دەرگا دادەخەی دەجار سەیری دەکەیەوە، یان تەلەفۆن بۆ منداڵەکەت دەکەی بە بەردەوامی چاودێری دەکەی، ئەم کارانە وادەکەن کە توڕە و دڵتوندبی و بەو هۆیەوە بگری، واتە کەموکوڕی زۆر لە کارەکانتدا هەبوو یان زۆر دووبارە بۆوە، ئەوکاتە کە سەردانی دکتۆر یان راوێژکاری دەروونیت کرد پیت دەڵێت کە پێویستت بە دەرمانە یان نا.

نوچە: هەندێک دکتۆری دەروونی دەڵێن، رێژەی خەمۆکی زۆربووە، هۆکار چییە؟

د. دالیا: ئێستا نەک هەر لە کوردستان، بەڵکو لە جیهان نەخۆشی دەروونی زۆربووە. هۆکارە سەرەکییەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێمە ساڵێک زیاترە لە ژێر فشاری زۆرداین، بەهۆی کۆرۆناوە پەیوەندی کۆمەڵایەتیمان کەم بوو، زۆر لە ماڵ ماینەوە، دڵەڕاوکێی توشبوون بەو پەتایەمان هەیە، هەواڵ دەبیستین کە رۆژانە سەدان خەڵک بەو هۆیەوە گیانیان لە دەستداوە. ئەمانە هەمووی هۆکار و فشارن بۆ سەر خەڵک. هەروەها لەم حاڵەتەوە بۆمان دەردەکەوێ کە پەیوەندی کۆمەڵایەتی بۆ دەرووندروستی چەند گرنگە.

هۆکارێکی دیکەی گرنگ، لایەنی ماددی خەڵکە، کاتێک دایک و باوک ناتوانن پێداویستییەکانی منداڵەکانیان دابین بکەن، بە دڵنیایی تووشی فشاری دەروونی دەبن، بەتایبەت کە لەگەڵ دۆخە تەندروستییەکە، ئێستا کەمی موچە باری مرۆڤی کۆمەڵگەی ئێمەی گران کردووە و وایکردووە کە بەردەوام لە ژێر فشاری دەرونیدا بن. هەروەها وردە هۆکاری دیکە هەن ئەویش نەبوونی ئاو و کارەبا بەتایبەت لەم وەرزەدا کە زۆر گەرمە، وادەکات دیسان کێشە و فشاری دەروونی دروست بێ. هەرچەندە خەڵکی کوردستان لە رووی دەروونییەوە لە خەڵکی زۆر کۆمەڵگەی دیکە بەهێزترن.

لەگەڵ هەموو ئەوانە پێموایە، کۆرۆنا بێسودیش نەبووە یەک لە سودەکانی ئەوەیە کە خەڵکی فێری دەستشۆردن بە سابون کرد، پێشتر خەڵکی ئێمە ئەو گرنگییەی بە دەستشۆردن و پاک و خاوێنی نەدەدا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین