ئیدریس کاریتانی: ئیسلام لەو توندوتیژیانە بەریئە کە بەرامبەر ئافرەتان دەکرێت دیمانە و راپۆرت

بەهرە حەمەڕەش

دکتۆر ئیدریس کاریتانی، مامۆستای زانکۆ و شارەزای ئیسلامی، لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت، سەبارەت ئەحکامی ئاین بۆ توندوتیژی و ئەو پێشێلکارییانەی کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێن دەڵێت: ئیسلام بە هیچ جۆرێک لەگەڵ کوشتن و توندوتیژی نییە بەڵکو پێگەی ئافرەت زۆر بەرز و رێزلێگیراوە.

نوچە: زۆر کەس توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان، بە پاساوی پاراستنی ئەخلاقەوە ئەنجام دەدات. ئایا لە ئایینی ئیسلامدا ئەخلاق چۆن پێناسە کراوە؟ بە چی دەگوترێت ئەخلاق؟

د.ئیدریس: بەشێکی زۆر لە چەمک و زاراوەکان لێکدانەوە تێگەیشتنیان گۆڕاوە. بۆیە دەکرێ لێکدانەوەی هەڵەیان بۆ کرابێت. ئەخلاق یەکێکە لەو چەمکانەی کە زۆر هەمەلایەنەیە. پەرت و بڵاو وتێکەڵە لەگەڵ ژیانی مرۆڤ، بەڵام بەداخەوە ئێستا لە بواری تێکەڵی سێکسی پیاو و ئافرەت کورتکراوەتەوە. لە کاتێکدا ئەخلاق پەیوەندی بەو باتەوە نییە بەڵکو هەموو ئەو پێوەرە سلوکی و ئەدەبییانەیە کە عەقڵ و بیرکردنەوەو رەفتاری مرۆڤی پێ رێکدەخرێت.

ئەخلاق لە سیاسەتدا پێێدەڵێن ئەخلاقی سیاسی، مامۆستا دەبێ خاوەنی ئەخلاقی پەروەردەیی بێت. ئەگەر کەسێک بازرگان بێت دەبێ خاوەن ئەخلاقی بازرگانی بێت.

کەسێک کە ئەخلاقی بازرگانی هەڵگرتووە، سەرڕاست و بێ فرت و فێڵە لە کڕین و فرۆشتنی کاڵاکانیدا. واتە دەبێ بەپێی پێویستی و لە چوارچێوەی پیشەکەیدا خاوەنی بەهاو ئەخلاق بێ.

کەواتە ئەخلاق ئەو پێوەرەیە کە بۆ مرۆڤ دانراوە، لە هەموو هەڵسوکەوتەکانیدا رێنیشاندەر دەبێ کە کام ئاراستە زۆرترین خزمەتی مرۆڤ دەکات. مرۆڤ لەسەر بەهای بەرز دەهێڵێتەوە چونکە مرۆڤ بەهای زۆر بەرزە. تەنانەت خوای پەروەردگار هەموو گەردونی بۆ مرۆڤ دروستکردووە.

نوچە: توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان دەچێتە چوارچێوەی بەرگریکردن لە ئەخلاق، ئایا کوشتنی ئافرەتان بەم بیانووە لە ئایینی ئیسلامدا رێگەپێدراوە؟

د. ئیدریس: مێژووی کورد پڕە لە بەرز راگرتن و بەهاو رێزی ئافرەت، هەریەک لە ئێمە دەبینین کە لە کۆندا ئافرەت بووەتە سەرۆکی عەشیرەت، چەند بە تەمەن گەورەتردە بێ، ژووری دانیشتنی دەگوازێتەوە بۆ دیوەخان دەبێتە رەمزی خێزان.

بەڵام لە دوای هەشتاکانەوە لە کوردستان کە بە رووی وڵاتاندا کرایەوە، رۆژئاوا هەوڵیداوە کۆمەڵێک قەزیە لە جیهانی ئیسلامی بوروژێنێت، یەکێ لەو قەزیانە قەزیەی ئافرەتە. ئیشیان زۆر لەسەر ئافرەت کرد بە جۆرێک کە عەقڵیەتی پیاو والێبکەن کە واتێبگات هەموو تاوانەکان لە ئەستۆی ژنە. ئەگەرنا لە پێش ئەوە کێشەی ژن لە کۆمەڵگەی ئێمەدا نەبوو، تاکە شوێن کە رێزی دایکی تێدا دەگیرێت ژن بە ژنایەتی بناسرێتەوەو خزمەت و نەفەقەی لەسەر پیاوبێت. جیهانی ئیسلامییە.

لە رۆژئاوا ژن ژیانی نییە، وەکو پیاو ٢٤کاتژمێر دەبێ لە گۆڕەپانی ژیان بێت بە سەختترین کار، بەڵام لە جیهانی ئیسلامی پیاو دەبێ خەرجی ژن بکات و خزمەتی بکات تەنانەت لێدان لە هەندێ حاڵەتی زۆر دەگمەن رێگەپێدراوە، ئەویش لێدانێک کە بە سیواک یان شتێ کەمتر لەوە بێت.

ئەگەر سەیری قورئان بکەین وەکو پێوەرێکی ئەساسی، دەبێ دووشت جیا بکەینەوە ئیسلاممان هەیە و موسوڵمانمان هەیە. دەکرێ کەسێکی موسوڵمان تاوان بکات چونکە لە ئیسلام لایداوە، ئەگەرنا لە قورئاندا گەورەترین سورەت بە ناوی ئافرەتە. ئافرەتێک دێت سکاڵا لای پێغەمبەری خوا(د.خ) دەکات. پێغەمبەری هەندێ مەشغوڵە وەکو پێویست فەتوایەکە ناگەیەنێ، یەکسەر خوای پەروەردگار تەداخول دەکات، جبریل دەنێرێ تا بەرگری لە مافی ئەو ئافرەتە بکات.

لە قورئاندا کاتێک کاتێک باسی بەهەشت دەکرێت دەڵێ، ئەو کەسەی دووکچ بەخێوبکات دەچێتە بەهەشت ناڵێ دووکوڕ، کاتێک خێزان دروست دەکرێ هەموو پێوەرەکان تێدەپەڕێنێت و دەڵێ دەبێ ئاگات لێبێ کێ هەڵدەبژێری، لەبەرئەوەی خێزان بنەمای پەروەردەیە. فکری کۆمەڵایەتی هەمووی لەسەر فکری ئافرەت بینا دەکرێت چونکە ئافرەت بناغەی خێزانە. کەواتە دەوڵەتیش لەسەر دەستی ئافرەت بەرێوەدەچێ، چونکە ئەو سەرکردەو کەسانەی کە دەوڵەت بە ڕێوەدەبەن لەسەر دەستی ئافرەت پەروەردەبوون.

ئەو زوڵمەی کە ئێستا لە ئافرەت دەکرێت، دەوڵەت تێیدا تاوانبارە نەک ئاین چونکە بنەماکانی ئاین رێگە بەوە نادات توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەت بکرێت.

لە ناو کۆمەڵگەی ئێمە گێچەڵ بە ژن دەکرێت، ماوەی ٣٠ ساڵە دەسەڵات هەموو پێوەرێکی دینی و کۆمەڵایەتی لاداوە. پێوەرێکی نوێی داناوە. لەو ماوەیەدا ئافرەت وەکو کاڵا بەکارهێنراوە، ئەو دەسەڵاتە زۆر بە جددی ئیش لەسەر کەمکردنەوەی پێوەری ئافرەتان دەکات و بازرگانیان پێوە دەکات، چونکە پێیوایە ئەگەر خەڵك سەرقاڵی ئەو بابەتە بێت ئاگاداری ئەوان نابن. هیچ بەرپرسیارێتییەکی ئافرەتان هەڵناگرێت، سەیری ئامارەکان بکە زۆرترین ئافرەت ئێستا لە بەتاڵەو بێ ئیشیدا و کاتێک لە خوێندن دەردەچێت بەدوای ژیاندا دەگەڕێت و تووشی بەڵا دەبێت.

نوچە: لە کۆمەڵگەی ئێمەدا گێچەڵکردن بە منداڵانیش هەیە نەک هەر ئافرەت، پێتوایە لەوەدا کێ بەرپرسیارە؟

د. ئیدریس: لە هەموو کۆمەڵگەیەک کە دەیەوێ گۆڕانکاری بکات سوڵتەی سیاسی ئاراستەی کۆمەڵگە دیاری دەکات، یابان چووبووە ژێر خاک بەڵام دەوڵەتێکی مۆدێرنی عاقڵ هات یابانی گەیاندە لوتکە، بەیەک بڕیاری حکومەت بە هەزاران کار چاک دەبێ یان تێکدەچێ.

لە وەزارەتی پەروەردە بەهەزاران مامۆستای بندیوار هەیە کە ئەلف و بێ نازانێ، من لە زانکۆم دەزانم مامۆستا هەیە دکتۆرای هێناوە لەبەرئەوەی حزبییە، بەڵام هیچ زانستێکی پێنییە، ئاوا چۆن دەتوانی تاک پەروەردە بکەی کە دوای ماڵ دەچێتە خوێندن و زانکۆ و پەیمانگاکان، زانکۆکان بوونەتە شوێنی خۆنمایشکردن پەیوەندی بە زانستەوە نەماوە.

بەر لە تەکنەلۆژیا منداڵ کە دەهاتەوە ماڵ خۆت پەروەردەت دە کرد، بەڵام  ئێستا بەهۆی مۆبایلەکەیەوە لە ژوورەوەش پەیوەندی لەگەڵ دنیا هەیە. ئەو وڵاتەی کلتوروپەروەردەی خۆی دەپارێزێ دەبێ لە هەموو شتێک سانسۆری هەبێت. لای ئێمە سانسۆر لە سەر هیچ میدیاو سۆشیال میدیایەک نییە چۆن منداڵی خۆت پەروەردە دەکەی؟ لە کاتێکدا کاریگەری پەروەردەی سەد وڵاتی لەسەرە. لەوانەیە تۆ دە دەقە لەگەڵی دابنیشی بەڵام ئەو سەد پێنج دەقەیی لەگەڵ کلتورەکانی ترە بۆیە هەمووی بۆ ئەو قەڵغانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو قەوارەیەی کە پێیدەڵێن دەوڵەت، دەوڵەت عەقڵیەت و پەروەردەو کۆمەڵگە دروست دەکات، جەزیرەی عەرەب لە خراپترین حاڵەتدا بوو، پێغەمبەر گەیاندییە قیممە، ئێستا عەرەب ئاراستەکەی گۆڕی لەو پەڕی جەهالەتدا دەژین ونەخوێندەوارترین میللەت عەرەبە.

نوچە: پێتوایە کە دەسەڵات بەرپرسە لە توندوتیژی دژ بە ئافرەت لەورووەوە کە یاسا جێبەجێناکرێت، یان لەو رووەوە کە پەروەردەی خراپە؟ یان چۆنە؟

د.ئیدریس: سەیری دەسەڵاتی سیاسی بکەین تەنیا هەوڵیداوە پارەو پول کۆبکاتەوەو دەسەڵات بە بنەماڵە بکات، کەواتە شتێک نییە پێی بگوترێت شکۆی ئافرەت چونکە ئافرەت زۆر گەورەیە، نەک تەنیا هەر ئافرەتێک کە حیجابە چونکە من سەیری ناخی ئافرەت دەکەم کە نیوە بەشی ژیانە. ئەو ئارامی و روخۆشییەی کە ژیان هەیەتی بەهۆی ئافرەتەوە یە فیترەتی بەشەری وایە، بۆیە بەرای من دەسەڵات بە کاری خۆی هەڵنەستاوە.

نوچە: پیاوێک کە ژنەکەی دەکوژێ؟ یان لە ژنەکەی دەدات دەسەڵات چی رۆڵێكی هەیە؟ تا ئێستاش لە هەندێ ناوچە کێشەی ژن بەژن و مارەبڕێنی منداڵانی کچ ماوە.

د.ئیدریس: ئەو حاڵەتانە کە پێشتر هەبوون، وەکو ژن بەژن و مارەبڕینی کچی منداڵ، هەڵەبوون. جارێ منداڵ مارەکردن شەرعی نییە. ئەوانە بەهەڵەکراون لە ئەستۆی ئێمەیە کە چاکی بکەینەوە. دەبێ برەو بە رۆشنبیری ئایینی بدەین تا جارێکی تر خەڵک ئەم هەڵانە دووبارە نەکاتەوە چونکە کارەساتن بۆ کۆ مەڵگە، ئەو پیاوەی کە لە ئافرەتەکەی دەدات، بێگومان ناتوانین هەموو موسوڵمانێک بە پاک سەیر بکەین بەڵام قاعیدەمان هەیە ئەو پیاوە لە قاعیدە لایداوە، وەکو ئەوە وایە کە دیموکراتی کۆمەڵێک بنەمای گرنگی تێدایە کە خزمەت بە مرۆڤ دەکەن بەڵام ئەوە دەسەڵات بەناوی دیموکراسییەوە چی دەکات. ئایا لێرەدا دیموکراسیەت وەک بنەما تاوانبارە یان ئەوەی باش پەیڕەوی ناکات.

ئێمە وەکو موسوڵمان قاعیدەی شەرعیمان هەیە، کە دەق و فەرمودەیە و دەڵێ دەبێ ئەوپەڕی رێز لە ئافرەت بگیرێت بەڵام کە کەسێک لادەدات کەسەکە تاوانبارە، نەک ئیسلام.

نوچە: بەڵام پیاوەکان ئایین بە پاڵپشت دەزانن و دەڵێن: رێگە دەدات لە ژن بدەین. کەواتە ئەمە تێگەیشتنێکی هەڵەیە لە ئایین؟

د.ئیدریس: لە حاڵەتێکدا ژنەکە کە ئەو مافانەی پیاو هەیەتی نەتوانێ بیداتێ ئەویش سێ هەنگاوی بۆ داناوە، دوا هەنگاو لێدانە ئەویش بەپێوەری خۆی.

نوچە: ئەی ئەگەر پیاوەکە موخالەفەی هەموو ئەو مافانەی کرد کە لە هاوسەرگیریدا لەسەر ئەو دانراون؟

د.ئیدریس: بۆ ئەویش دروست نییە و با ژنەکە داوای مافی خۆی بکات، ئێستا یەک لەو کلتورە خراپانەی کە لە ناو ئێمە هەیەو ئیسلام پێی خۆش نییە، ئێمەش لێی بێدەنگین ئەوەیە، سەردەمی پێغەمبەر د.خ. ئافرەتێک هاتە لای گوتی: گوتی ئەی پێغەمبەری خوا فڵانەکەس پیاومە هیچ عەیبی نییەو بە دینیشە، بەس ناتوانم لەگەڵی بژیم و دەمەوێ لێی جیاببمەوە، پێگەمبەر د.خ لێبێت گوتی: مارەییەکەی دەدەیەوە؟ گوتی: بەڵێ، گوتی باشە مارەییەکەی بدەوە بڕۆ جیاببەوە.

ئافرەت هەبووە کێشەی سێکسی لەگەڵ پیاوەکەی هەبووەو نەیتوانیوە مافی بداتێ، هاتووەتە لای پێغەمبەر سکاڵای کردووە گوتوییەتی: لێی جیاببەوە. ئێستا لەبەر هەندێ کلتوری کۆمەڵایەتی ناتوانێ مومارەسەی ئەم مافە بکات، کە رەنگە ببێتە هۆی ناپاکی هاوسەرگیری.

نوچە: کەواتە ژن لێرەدا دووجار مافی دەخورێت و دەبێتەوە قوربانی.

د.ئیدریس: ژنیش لەم رووەوە خەتابارە کە داوای مافی خۆی ناکات. دەبێ ئاستی هوشیاری و رۆشنبیری ئافرەتیش بەرزبکەینەوە بەو ئاراستەیەی کە خزمەتی بکات نەک بەو ئاراستەیەی کە ژیانی تێکدەدات، چونکە ئەو رۆشنبیرییەی کە من لە بەشێک لە رێکخراوەکانی ژنان دەیبینم بڵاوی دەکەنەوە. هەمووی تێکدانی ژیانی ئافرەتە.

نوچە: لە ئیسلامدا رێگە پێدراوە ئافرەت داوای مافی خۆی خۆی بکات، وەکو مرۆڤ مومارەسەی مافەکانی بکات، کلتورو عەیبە و بێدەنگبە رێگە پێنەدراوە؟

د.ئیدریس: بەپێی قورئان جیاوازی لە نێوان مافی ئافرەت و پیاو نییە، خوا بە دەق داوادەکات دەبێ بەو پەڕی رێزەوە مامەڵە لەگەڵ ئافرەت بکەن.  مافەکانی هاوسەرگیری، بەشێکی دەکەوێتە سەر پیاو و بەشێکی لەسەر ئافرەتە هەریەکێک لەوانە پەیڕەوی نەکات گوناهبار دەبێت، ئەگەر دەوڵەت دەوڵەتی قورئان بێ دەبێ ئەو کەسە بانگ بکرێت و سزا بدرێت.

دەگێڕنەوە”ئافرەتێک هاتە لای پێغەمبەر ناوی خوەیلە بوو، دایکمان عایشەی لەگەڵ بوو. گوتی: ئەوە خوەیلە بۆ هیچ رازانەوەیەکی پێوەدیارنییە، عایشە گوتویەتی: پیاوەکەی خۆی یەکلا کردووەتەوە بۆ خوا پەرستی، بە رۆژ بە رۆژووەو بە شەو شەونوێژ دەکات، خۆی بۆ کێ بڕازێنێتەوە؟”.

پێغەمبەر د.خ، بانگی کرد گوتی: ئەی عوسمان” لە خوا بترسە”. مافی ئافرەتەکەت بدە، دوای ئەوە سزای داو گوتی: نابێ ئەوە دووبرە بکەیتەوە، ژنەکەت مافی لەسەرتە.

نوچە: کەواتە ئەو هەموو توندوتیژی و کوشتن و بڕینەی بەرامبەر بەژن دەکرێ، ئیسلام لێی بەرییە؟

د.ئیدریس: بێگومان. هیچ مەجالی پرسیارکردنی تێدانییە، ئیسلام ئەو دینەیە کە خوا ناردوویەتی خواش ئەو خوایەیە کە من و تۆی دروستکردووە. خوا بەندەی خۆی بۆ ئەوە دروست ناکات کە زوڵمی لێبکرێت، چونکە خوا پێویستی بە زوڵم نییە. تەحەیوزی بۆ کەس تێدا نییە، یاسای بۆ ئاسودەیی مرۆڤ داناوە.

دەمێنێتەوە ئەوەی منێکی موسوڵمان، تاوان ئەنجام بدەم پەیوەندی بە ئیسلامەوە نییە. هەتا بابەتی فرەژنی کە ژن پێیناخۆشەو مافی خۆشیەتی بەڵام کاتێک دەچی بۆ لای دکتۆر دەرمانێكی زۆر تاڵت دەداتێ دەیخۆی تا چاک ببیەوە، فرەژنی بۆ چارەسەری کێشەی کۆمەڵگەیە.

نوچە: پێتوایە ئەو پیاوانەی کە ژنی دووەم و سێیەم دەهێنن. کەسانێک دێنن کە پێویستیان بە سەرپەرشتی یان بێوەژن بن یان هیچ داهاتێکیان نەبێت؟

د.ئیدریس: زۆر کەم کەس هەیە هەست بەو بەرپرسیارێتیانە بکات، ئەو خەڵکەی بازرگانە هەست بە ئێش و موعاناتی خەڵک نەکات کەواتە هەست بە بەرپرسیارێتی ناکات کەواتە بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیەوەتی. لە وڵاتی ئێمە قەیرانی ویژدانە. سەرمایەداری سستمێکە قسە لەسەر ململانێیەکی ماددی دەکات، هەموو ژیان دەبێتە ماددیەت. هەتا ژن و ژنخوازی لەسەر بنەمای ماددەیە.لە سستمی سەرمایەداریدا ئافرەت زیاتر بووەتە قوربانی بۆیە کۆمەڵگە توشی داڕمان بووە.

نوچە: قسە و قسەڵۆک یەکێک لە ئامرازە خراپەکانی چەسانەوەی ئافرەتە لە کۆمەڵگەی ئێمە ، زۆرجار کوشتنە جەستەییەکە لە کوشتنە مەعنەوییەکەوە دەست پێدەکات؟

د.ئیدریس: ئەوە دوودیوی هەیە، جارێ کوشتنی ئافرەت بە هیچ شێوەیەک رێگە پێدراو نییە. ئیللا دەوڵەت نەبێ، کە دەڵێین دەوڵەت واتە دەوڵەتێکی قورئانی هەبێ تەنیا خەلیفە بۆی هەیە حوکمی کوشتنی ئافرەتێک بدات. تاوەکو هەر کەسێک رقی لە ژنەکەی خۆی بووەوە بوختانێکی پێنەکات و بیکوژێت. دواتر دەبێ چوار شاهید هەبن، کە لە حاڵەتی زیناکردن بیانبینێت ئەوەش مەحاڵە، کەسێک سێکس بکات چوارکەس نایبینێت، شەرع بۆیە ئەوەی داناوە بۆئەوەی قەت رێگە بە کوشتنی ئافرەت نەدات.

پیاوێک هاتە لای پێغەمبەر دخ. گوتی: زینام کردووە پێی گوت بڕۆوە ماڵ، گوتی بۆ گوتی: نەکو هەڵەت کردبێ، دواتر هاتەوە، گوتی بڕۆوە، گوتی بۆ؟ گوتی: نەکو تێکچووبی. هاتەوە ئەمجارە گوتی: نەکو لە بیرت کردبێ. تەنیا بۆ ئەوەی بۆی بپۆشێت و نەکوژرێت. ئەوەی ئێستا دەکرێتی قەتعەن نا شەرعییەو دین لەگەڵیدا نییە.

لە ئیسلامدا بوختان، یان کەسێک قسەیەک بکات و شایەتی نەبێ دەبێ هەشتا داری لێبدرێ. ژن بە قسە زۆر لەکەدار دەبێ، بۆیە هەر کەسێ قسەیەکی ناڕاست بەرامبەر بە ئافرەتێک بکات دەبێ هەشتا داری لێبدرێت. تاکو دووبارەی نەکاتەوە. قورئان بە شتێکی زۆر ترسناک باسی بوختان دەکات، چونکە بوختان بۆ لەکەدارکردنی کەسایەتی مرۆڤە، کەسایەتی مرۆڤیش ئەوەندە گەورەیە کە دەبێ بپارێزرێت.

نوچە: کوڕوکچ هەیە لەسەر خۆشەویستی کوژراون، ئایا ئەوە رێگە پێدراوە؟

د.ئیدریس: نەخێر بەپێی ئاینی ئیسلام کوشتنیان لەسەر نییە پێغەمبەر(د.خ) دەڵێت: بۆ کوڕ و کچێک کە لەیەکیتریش نزیک بن نەک هەر قسە لەگەڵ یەکتر بکەن، بیاندەن بەیەکتر واتە مارەیان ببڕن. نەیگوتووە: بیانکوژن. بۆیە نابێ رێگر بن لە هاوسەرگیری دوو کەس کە یەکتریان خۆش دەوێت.

ئەوە کلتوری شەرەفە کە ژن دەکوژرێت نەک ئاین، هەروەها کار لەسەر رۆشنبیری ئایینی نەکراوە. ئەمەش ئەرکی مامۆستایانی ئایینییە.
2021/01/09

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین