مه‌حما خه‌لیل: قایمقامى كۆن و نوێى شنگال ئێمه‌ین کوردستانی

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

مه‌حما خه‌لیل قایمقامى شنگال له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت، دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ هیچ بڕگه‌یه‌كى شنگال جێبه‌جێ نه‌كراوه‌ و له‌باره‌ى دانانى قایمقامى نوێى شنگالیش ده‌ڵێ، "قایمقامى كۆن و نوێ و ئێستا ئێمه‌ین".

رێككه‌وتنى شنگال كه‌ له‌ نۆى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى رابردوو له‌نێوان حكومه‌تى هه‌رێم و حكومه‌تى عێراق ئه‌نجام دراوه‌، وه‌ك شاره‌زایان ده‌ڵێن تا ئێستا هیچى لێ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌. مه‌حما خه‌لیل قایمقامى شنگال له‌ لێدوانێكى بۆ "نوچه‌نێت" باسى له‌ رێژه‌ى جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنى شنگال كرد و ره‌تى كرده‌وه‌ تا ئێستا هیچ بڕگه‌یه‌كى رێككه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێ كرا بێت.

مه‌حما خه‌لیل گوتى، "سه‌ره‌ڕاى ده‌ستووربوونى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ و سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى خواستێكى جه‌ماوه‌رى بوو، كه‌چى تا ئێستا مه‌ره‌كه‌بى سه‌ر كاغه‌زه‌ و هیچ شتێكى لێ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌ و حكومه‌تى عێراقیش له‌م بابه‌ته‌دا كه‌مته‌رخه‌مه‌". له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانى قایمقامى شنگال باسى له‌ زیادبوونى هێزه‌كانى په‌كه‌كه‌ و میلیشیاكان له‌ شنگال كرد و گوتى،  "به‌ دڵنیاییه‌وه‌ رۆژ له‌ دواى رۆژ هێزه‌كانى په‌كه‌كه‌ و میلیشیاكان زیاتر ده‌بێت و هه‌ر ئه‌وانن رێگه‌ناده‌ن ژیان له‌ شنگال بگه‌ڕێته‌وه‌ دۆخى ئاسایى خۆى".

سه‌باره‌ت به‌ هۆكارى جێبه‌جێنه‌كردنى رێككه‌وتنى شنگال مه‌حما خه‌لیل قائیمقامى شنگال گوتى، "هه‌ندێك له‌ هۆكاره‌كان ناوخۆ و هه‌ندێكى تر ده‌ره‌كیین. له‌ هۆكاره‌ ناوخۆییه‌كان بوونى هێزه‌كانى په‌كه‌كه‌ و میلیشیاكان له‌ شنگال و نه‌بوونى ئیراده‌یه‌كى نیشتمانى له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى شنگال. هۆكاره‌ ده‌ره‌كییه‌كانیش بریتین له‌وه‌ى وڵات هه‌یه‌ ده‌یه‌وێ شنگال به‌ده‌ست میلیشیاكانه‌وه‌ بێت، چونكه‌ له‌و رێگه‌یه‌وه‌ هاوكارى بۆ هێزه‌كانى سووریا و حزبوڵاى لبنانى ده‌نێرێت".

مه‌حما خه‌لیل قائیمقامى شنگال باسى له‌وه‌ كرد پارێزگاى مووسڵ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كارگێڕییه‌ ناكات كه‌ سه‌ربه‌ په‌كه‌كه‌یه‌ و له‌ شنگال هه‌یه‌، محه‌ما خه‌لیل گوتى، "پارێزگارى مووسڵ و فه‌رمانگه‌كانى مووسڵ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌و كارگێرییه‌ مامه‌ڵه‌ ناكه‌ن كه‌ له‌ شنگال له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ دانراوه‌، چونكه‌ ئه‌وان ناڕه‌وان، ئێمه‌ په‌یوه‌ندییه‌كى باشى رۆژانه‌مان له‌گه‌ڵ مووسڵ هه‌یه‌".

له‌ كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى مه‌حما خه‌لیل باسى له‌ دانانى قایمقامى نوێى شنگال كرد و گوتى،  "رێككه‌وتنى شنگال له‌ چه‌ند بڕگه‌یه‌ك پێكهاتووه‌، له‌وانه‌ ئاساییكردنه‌وه‌ى بارودۆخه‌كه‌، دواتر ده‌ركردنى هێزه‌كانى په‌كه‌كه‌ و میلیشیاكان، سێیه‌م پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارى و گێڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان، ئینجا دانانى كارگێڕییه‌كى نوێ بۆ شنگال، تا ئێستا هیچ به‌شێكى رێككه‌وتنه‌كه‌ نه‌كراوه‌، بۆیه‌ تا ئێستا هیچ دانوستاندنێك بۆ دانانى كارگێڕى نوێ نه‌كراوه‌".

له‌ وه‌ڵامى ئه‌وه‌ى پێشبینى ده‌كه‌یت قایمقامى نوێى شنگال كێ بێت؟ محه‌ما خه‌لیل گوتى، "به‌ دڵنیاییه‌وه‌ قایمقامى كۆن و ئێستا و داهاتوو ئێمه‌ین".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین