دانا شوانی: ناپاکی هاوسەری لە لوتکەدایە دیمانە و راپۆرت

نوچە: ئافرەتان

بەرپرسی رێکخراوێکی ژنان دەڵێت "هێنانی ژنی دووەم بە تایبەت لە نەتەوەکانی دیکە بووەتە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە ئێستادا" مامۆستایەکی زانکۆ پێیوایە ئەم بابەتە هێندەی بابەتێکی کۆمەڵایەتی و کلتورییە هێندە ئاینی نییە.

شادان، ژنێکی ٤٣ ساڵە، ماوەی دوو مانگە بە بێ ئاگاداری ئەو هاوسەرەکەی ژنی دووەمی هێناوە و گرێبەستی هاوسەرگیریشی بۆ کردووە؛ بەم هۆیەوە پەنای بۆ رێکخراوێکی ئافرەتان هێناوە کە مافی وەربگرن.

شادان دەڵێت "دەمزانی هاوسەرەکەم پەیوەندی هەیە بەڵام نەیدەسەلماند، ئەم ماوەیە شەوان یان نەدەهاتەوە یان زۆر درەنگ دەگەڕایەوە ماڵ، ئەوەش گومانەکانی منی زیاترکرد تا بەدوایداچووم و بۆم ئاشکرابوو، کە ژنێکی دیکەی هێناوەو ماڵیشی بۆ داناوە".

مێردەکەم بەبێ ئاگاداری من
 ژنی دووەمی هێناوە بۆیە بێدەنگ نابم

ئەم ژنە فەرمانبەرە لە فەرمانگەیەکی شاری هەولێر، دایکی چوار منداڵە، خۆی بە ژنێکی ستەملێکراو دەزانێت و دەڵێت "چەند ساڵە هەم دەوامم کردووە و هەم ماڵ و منداڵم بەخێوکردووە، لە جیاتی پاداشت، چوو ژنی بەسەرهێناوم بەبێ ئاگاداری خۆم، لە کاتێکدا بە پێی یاسا هێنانی ژنی دووەم لێرە قەدەغەیە".

ئەو رێکخراوەی کە کەیسەکەی شادانیان لایە، بۆ پاراستنی نهێنی ئەم ژنە نەیانویست ناویان بڵاوبکرێتەوە، بەرپرسی رێکخراوەکە جەختی کردەوە "تا کۆتایی و وەرگرتنی مافەکانی ئەم ژنە، لەگەڵی دەبین و پارێزەری بۆ دابیندەکەین، چونکە ئەم ژنە جگە لە مافی خۆی چوار منداڵ بەخێودەکات و ستەمی لێکراوە".

بەپێی یاسای هەموارکراوی باری کەسێتی لە هەرێمی کوردستان، ئەنجامدانی هاوسەرگیری دووەم سنوردار و مەرجدارکراوە، بەڵام پیاوان بۆ رزگاربوون لەم بەربەستانە لە ژێر دەسەلاتی دادگاکانی حکومەتی فیدراڵ گرێبەست دەکەن.

حاکم منیرە، دادەوەری دادگای توندوتیژی خێزانی بە نوچەی راگەیاند "ئەو گرێبەستانەی کە لە دەرەوەی سنوری دادگاکانی هەرێمی کوردستان دەکرێن ناتوانین لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵ بکەین، چونکە فەرمی و یاسایین بەڵام ئەگەر ژنەکان بەر لە ئەنجامدانی ئەم گرێبەستانە زانییان و سکاڵایان تۆمارکرد ئێمە دەتوانین رێوشوێنی یاسایی بگرینەبەر".

هێنانی ژنی دووەم ئەوەندەی حەزێکی 
سێکسییە ئەوەندە جێبەجێکردنی ئاین نییە

دانا شوانی، خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە کۆمەڵناسی و مامۆستای زانکۆ، سەبارەت بە کێشەی هێنانی ژنی دووەم کە یەکجار زۆربووەو خەریکە لە حاڵەت دەردەچی، گوتی "بابەتی هێنانی ژنی دووەم بەفەرمی و نافەرمی، بەلای منەوە بابەتێكی كۆمەڵایەتی و كلتورییە، بەمانایەكی تر دوو ژنی و سێ ژنی و خیانەتكردن، پرسێكە گوزارشت لە بوونی كێشە و بۆشاییەك دەكات، هەرگیز دوو ژنی گوزارشت نییە لە جێبەجێكردنی ئەركێكی ئایینی هێندەی گوزارشتە لە حەزێكی سێكسی، ئەمە بۆ لایەنی دووەمیش هەر ڕاستە، بۆ نمونە ئێستا رێژەی خیانەتی ژنان لە لوتكەی خۆیدایە، ئەمە گوزارشتێكی غەریزیی نییە هێندەی گوزارشتە لە تێركردنی حەزێكی سێكسی و پركردنەوەی سۆز و عاتیفە".

بۆ گرتنەبەری رێگاچارە دانا شوانی دەڵێت "پەیوەندی ژن و مێرد پێویستی بە داڕشتنەوەیە، پێویستی بەوەیە دنیابینییەكی تازە بێتە كایەوە كە ئەركی ژن و مێرد تەنیا منداڵ پەیداكردن و ژیان لە خانویەك نەبێت، بەڵكو پەیوەندییەك بێت لەسەر بنەمای ئەرك و رۆڵی هاوبەش. ئێستا مەسەلەی خیانەتی پیاوانیش بەهەمان شێوە یەكجار زۆر بووە، ئەمەش پەیوەندی زۆری بە دۆخێكەوە هەیە كە ئەویتر دەیڕەخسێنێت، دۆخێكە خەریكە دەبێتە مۆدیل كە هەموو پیاوێكی بەهاوسەر و هەموو ژنێكی بەهاوسەر كەپڵ و قلی هەبێت و ئەوەی لە خێزان دەستی ناكەوێت لەو پەیوەندییە دەستی بكەوێت، هەر بۆیە رێژەی تەڵاق لە ئێستادا لە لوتكەیە و كەسیش ئامادە نییە چارەسەری ئەو دۆخە بكات".

هاوکات دانا شوانی، رایوایە کە قسەکردن لەسەر بابەتی فرەژنی دەبێت لەسەر بنەمای دۆزینەوەی هۆکارەکانی دوو ژنی بێت لای پیاو، نەک تەنیا وروژاندنی بابەتەکە، تاکو بزانرێت کە بۆچی پیاوان ژنی دووەم دەهێنن. بۆیە بابەتەکە هەندێک قوڵترە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین