پەرلەمانتارێک: ئافرەتان لە هەر پێگە و پۆستێکدا بن گێچەڵیان پێدەکرێت دیمانە و راپۆرت

نوچە: ئافرەتان

"ئافرەتان لە زۆربەی ئاست و پۆستەکان گێچەڵیان پێدەکرێت، بەڵام هەیانە هێزی باسکردنی هەیە و هەیانە بێدەنگ دەبێ" ئەمە قسەی ژنە پەرلەمانتارێکە کە نایەوێ ناوی بڵاوببێتەوە.

گێچەڵپێکردن لە حاڵەتەوە خەریکە دەبێتە دیاردە، بەڵام کەمترین حاڵەتی سکاڵا تۆمارکردن لەسەر ئەم تاوانە هەیە، چونکە بە پێی کلتوری باوی کۆمەڵگە، ئافرەتان ئەگەر قوربانیش بن وەکو تاوانبار لێیان دەڕوانن.

ژنە پەرلەمانتارێک لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە گێچەڵپێکردنی ئافرەتان گوتی "ئافرەتان لە ماڵەوە بن یان لە هەر پێگە و پۆستێک، بە جۆرێک لە جۆرەکان گێچەڵیان پێدەکرێت، رەنگە زۆرترین گێچەڵ بە ژنانی پەرلەمانتار بکرێت".

سەبارەت بە بێدەنگی ئەو ژنانەی کە گێچەڵیان پێدەکرێت دەڵێت "ئێمە وەکو پەرلەمانتار هەر قسەیەک بکەین بۆمان دەخرێتە چوارچیوەی سیاسی و هاوڕەگەزەکانیشمان دژمان قسە دەکەن، بۆیە ئەگەر رووبەڕووش بووبینەوە، ئەوا نەمانهێشتووە بگاتە راگەیاندن یان سکاڵا تۆمارکردن".

هەتاو ئەحمەد، توێژەری کۆمەڵایەتی سەبارەت بە گێچەڵپێکردنی خانمان دەڵێت "گێچەڵپێکردن لەوە زیاترە کە باس دەکرێت، تاوانێکە بەردەوام بەرامبەر ئافرەتان بە بەردەوامی ئەنجام دەدرێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش ئافرەتان بێدەنگن لەگەڵ ئەوەی لە کۆتاییدا زۆرجار کارەساتی لێدەکەوێتەوە".

چالاکوانێک: زۆربەی ئافرەتان بەرامبەر گێچەڵپێکردن بێدەنگی هەڵدەبژێرن

بەپێی بەڕیوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی، تا ئێستا کەمترین سکاڵا بە هۆی گێچەڵپێکردنەوە تۆمار کراوە، ئەوەش کە کراوە بەهۆیەکەوە ئاشکرابووە نەک خودی ئەو کەسە تۆماری کردبێ کە گێچەڵی پێکراوە.

ئەم توێژەرە کۆمەڵایەتییە رایوایە کە پێویستە ژنان چیتر بەرامبەر ئەم تاوانە بێدەنگ نەبن، چونکە "جگە لەوەی بەهۆی بێدەنگ بوونیانەوە ئەم تاوانە بەردەوام دەبێت، هەندێجار ئەو ئافرەتە، باجەکەی بە ژیانی دەدات، کە قوربانیش بێت وەکو تاوانبار لێی دەڕوانرێت؛ بۆیە پێویستە هەر لەسەرەتاوە گێچەڵپێکردنەکە بووەستێنرێت ئەگەر نەیانتوانی لەناو خیزانەکانیان داوای یارمەتی بکەن، ئەوا یارمەتی لە رێکخراوەکانی ئافرەتان یان توێژەری کۆمەڵایەتی و خێزانی وەربگرن".

ژنە پەرلەمانتارەکەی پەرلەمانی کوردستان، زیاتر سەبارەت بە گێچەڵپێکردنی ئافرەتانی پەرلەمانتار دەدوێت "بە داخەوە پەرلەمان و پۆستی پەرلەمانتاری ئێستا لە جیاتی دامەزراوەیەکی دیموکراتی و مەدەنی، بووەتە شوێنی کوڕە عەشیرەت و کوڕە ئاغا و کوێخا، چونکە حزبەکان وەکو ئیمتیاز دەیدەنە عەشیرەتەکان، نەک وەکو شوێنێک کە یاسای لێدەردەچێت، ئەم عەقڵیەتە خێڵەکییە لە هەر شوێنێک بێت، ئەوان ژن وەکو کەرەستەی سێکس دەبینێت و مۆڵەت بە خۆی دەدات گێچەڵیان پێبکات".
بە پێی ئەو پێناسە جیهانییانە کە بۆ گێجەڵپێکردن کراوە بریتییە لە "هەموو ئەو رەفتار، کردار، ئاماژە و دەست لێدانانەی کە بەرامبەر کەسێک، بەبێ ویستی خۆی ئەنجام دەدرێت".

         توێژەرێک: زۆربەی ژنان نازانن
 هۆڕین لێدان و نوقرچ لێگرتن گێچەڵپێکردنە

هەتاو ئەحمەد، جەخت لەوە دەکاتەوە کە "زۆربەی ئافرەتانی ئێمە نازانن کە هۆڕین لێدان و توانج و نوقرچ لێگرتن گێچەڵپێکردنە، ناشزانن کە دەتوانن سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن، کەسەکە سزادەدرێت، پێیانوایە تەنیا دەستدرێژی سێکسی دەچیتە خانەی گێچەڵپێکردنەوە، لە کاتێکدا تەنانەت ئاماژەیەکیش کە کەسی بەرامبەر بێزار دەکات، گێچەڵپێکردنە".

ئیلهام ئەحمەد، ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، سەبارەت بە هەبوونی حاڵەتی زۆری گێچەڵپێکردن گوتی "حاڵەتی گێچەڵپێکردن زۆرە بەڵام ئافرەتان بێدەنگی هەڵدەبژێرن، زۆرجار کاتێک سەردانمان دەکەن بە هۆی کێشەیەکی ترەوەیە بەڵام دواتر دەردەکەوێ کە سەرەتای کێشەکە لەوەوە دەستیپێکردووە کە گێچەڵی پێکراوە و بێدەنگ بووە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین