وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل سەردانی ئیمارات دەکات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەسەر بانگهێشتی وەزیری دەرەوەی ئیمارات، سەردانی ئەو وڵاتە دەکات. ئەوەش دەبێتە یەکەمین سەردانی وەزیرێکی دەرەوەی ئیسرائیل لە ئیمارات، بۆیە دیدارێکی مێژوویی بە هەژمار دێت.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دویچە ولە" بڵاوی کردەوە، یائیر لاپید وەزیری نوێی دەرەوەی ئیسرائیل لەسەر بانگهێشتی شێخ عەبدوڵا بن زاید ئال نەهیان، وەزیری دەرەوەی ئیمارات، بە مەبەستی گەشتێک بەرەو ئەو وڵاتە بەڕێ دەکەوێت. ئەوە یەکەمین دیداری وەزیرێکی ئیسرائیلی لە ئیمارات دەبێت.

لە ئەیلولی ساڵی رابردووە کە ئەو دوو وڵاتە پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە، تا ئێستا تەنیا چەند دیدارێک لە ئاستی خوارەوەی وەزیران ئەنجام دراوە. بۆیە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ئەو گەشتە بە "مێژوویی" وەسف کردووە.

لاپید لە میانەی گەشتەکەی بۆ ئیمارات کە دوو رۆژ دەخایەنێت، باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ئەبوزەبی و کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە دوبەی بە فەرمیی دەکاتەوە. مانگی شوبات هەواڵی کردنەوەی ئەو بباڵیۆزخانەیه‌ بڵاو کرایەوە. ئیمارات لە مانگی ئاداری رابردووەوە باڵیۆزێکی لە ئیسرائیل هەبووە، بەڵام نەک لە (قودس) کە ئیسرائیل بە پایتەختی خۆی دەیزانێ.

لاپید هەروەها دەیەوێت لە میانەی گەشتەکەی بۆ ئیمارات، سەبارەت بە سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچە و ئەگەری گەڕانەوەی ئەو وڵاتە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی گفتوگۆ بکات. 
ئیسرائیل رایگەیاندووە سەبارەت بەو رێککەوتنە تێبینی جددی هەیە.

هەم ئیسرائیل و هەم ئیمارات بە نیگەرانییەوە چاو لەو گفتوگۆیانە دەکەن. هەردوو لایەن داوا دەکەن رێگری لە دەستێوەردانی ئێران لە ناوچەکە بکرێت.

ماوەی یەک مانگە گەشتە راستەوخۆکان لە ئیماراتەوە بۆ ئیسرائیل ئەنجام دەدرێن. هەر دوو وڵات بە مەبەستی پەرەپێدان بە هاوکارییەکانی نێوانیان، چەندین رێککەوتنی جیا جیا، و لەوانە لابردنی ڤیزا لەسەر هاووڵاتیان بۆ سەفەر کردن. سەرەڕای ئەوە، ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدایە.

کەناڵی تەلەڤزیۆنی ٢٤ی ئیسرائیل، رۆژی دووشەممە ٢٨ی حوزەیران، رایگەیاند نووسینگەیەک لە دوبەی دەکاتەوە. ئەو کەناڵە هەروەها رایگەیاند لە چەندین بواری جیاواز، و لەوانە ئاڵوگۆڕی بەرنامە لەگەڵ کەناڵی Gulf News کە بە زمانی ئینگلزی بەرنامەکانی بڵاو دەکاتەوە و هەروەها ریکلامکردن بۆ وەزارەتی گەشتیاری ئیمارات، رێککەوتنیان ئیمزا کردووە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین