رێژەی هاوسەرگیری کچانی ژێر ١٣ ساڵ لەبەرزبوونەوە دایە دیمانە و راپۆرت

نوچە: ئافرەتان

بە گوێرەی پێوەرەکانی مافی مرۆڤ، دەبێت تەمەنی هاوسەرگیری لە ١٨کەمتر نەبێت، بەڵام لە کۆماری ئیسلامی ئێران تەمەنی هاوسەرگیری ١٣ ساڵە و سەرەڕای ئەوەش رێژەی هاوسەرگیری منداڵانی خوار تەمەن ١٣ ساڵان، روو لە بەرزبوونەوەیە.

بەگوێرەی راپۆرتی رادیۆ فەردا، موعین ئەفشاری، سەرۆکی دادگای گشتی بەشی ناحیەی بروات-ی شاری بەم لە پارێزگای کرمان، لە بەرزبوونەوەی رێژەی هاوسەرگیری کچانی ژێر ١٣ ساڵ لەم بەشەی راگەیاند.

ئەفشاری لەمبارەیەوە دەڵێت، بەپێی قانون، تەمەنی قانونی هاوسەرگیری ١٣ ساڵە، هەرچەن هەوڵێک لە ئارادایە کە تا تەمەنی ١٥ ساڵی بەرز بکرێتەوە، بەڵام  تاکو ئێستا بە ئەنجام نەگەیشتووە و بەداخەوە سنووری دەسەڵاتی دادوەری ناحیەی بروات، بەتایبەت گوندەکانی دەورووبەری هێشتا پابەندی دابونەریتی کۆنن و لە منداڵییەوە، هاوسەر بۆ منداڵەکانیان دیاری دەکەن و کە گەورەتر بوون منداڵەکان دەکەونە ناو کردارێکی ئەنجامدراو- و دواتر بۆ هاوسەرگیری دەستبەکار دەبن.

موعین ئەفشاری لە درێژەدا دەڵێت، کە زیاتر لە ٥٠% ئەم هاوسەرگیرییاننە دوای شەش مانگ، داوای جیابوونەوە دەکەن.

بە گوتەی ئەم سەرۆکی دادگایە، سەرەڕای ئەوەش، ئەگەر بنەماڵەکان تەنانەت لە بەدەستهێنانی بەڵگەی فەرمی هاسەرگیری منداڵانی ژێر ١٣ ساڵ لە دادگا سەرکەوتوو نەبن، دەچنە لای کەسایەتییە ئایینییەکانی ناوچەکە و عقد نکاح دەبەستن.

جاوید رەحمان، ریپۆرتەری تایبەتی رێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی  لە بواری ئێران، زستانی ساڵی رابردوو لە راپۆرتێکیدا بۆ ئەنجومەنی رێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، بە ئاماژەدان پەرەپێدانی بە هاوسەرگیری منداڵان لە ئێران، جەختی لەوە کردەوە، کە لە مامەڵەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ  ژنان و کچانی ئێران، پێویستی بە ریفۆرمی بەپەلەیە.      

جاوید رەحمان دەشڵێت، حکومەتی ئێران، هێشتا ژنان و کچان وەک هاوڵاتی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵ دەکات.

هەروەها ئامارەکان پیشانی دەدەن کە لە ئێران لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، وازهێنان لە خوێندن لەلایەن کچانەوە زۆر بووە و بەهۆی فراوان بوونی رێژەی هەژاریشەوە، هاوسەرگیری زۆرەملێی منداڵان لەلایەن خێزانەکانەوە زۆرتر بووە.   

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین