حەیات مەجید: لە هەموو بوارەکاندا دژایەتی ئافرەتان دەکرێت دیمانە و راپۆرت

نوچە: ئافرەتان

حەیات مەجید، دەرچووی کۆلێژی بازرگانی لە زانکۆی سلێمانی، لە هەمان بەش بڕوانامەی ماستەری هەیە، لە بواری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئافرەتان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاری کردووە. لە خولی چوارەمی پەرلەمان لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەندامی پەرلەمان بوو.

لە گفتوگۆیەکی نوچە، حەیات مەجید پێیوایە ئێستا دژایەتییەکی زۆری ئافرەتان لە هەموو بوارەکاندا دەکرێت پێویستە ئافرەتان یەکگرتووبن تا بتوانن دەرەقەتی ئەم کلتورەبێن و بمێننەوە.

نوچە: پێتوایە لە کوردستان بزووتنەوەی فیمینیزم هەیە، یان کار بە فکرە و فەلسەکەی دەکرێت؟ خەباتی ئافرەتان لە باشور لە چ ئاستێکە؟

حەیات مەجید: لەبەرئەوەی من لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لە لیژنەی ئافرەتان وەکو بڕیاردەر کارم کردووە، لەسەر باڵانسی جێندەریش هەر لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کارم کردووە، دەتوانین بڵێین، وەکو بیرۆکە و کار هەیە، بەڵام ئەگەر بڵێین بزووتنەوەیەکی یەکگرتووی فیمینیزمی نییە، بەڵام لە هەموو شارەکاندا ئافرەتان توانیویانە لە کۆمەڵێک بوار هەنگاوی باش بنێن، دژایەتی زۆرە بەڵام تموحی ئافرەتان لەوە زیاترە کە هەیە.

بەداخەوە تا ئێستا لە ناو حکومەت و کەرتی گشتی، ئافرەت لە پۆستەکاندا نییە. واتە هەڵاواردنی رەگەزی لە ئاستێکی باڵادایە  هەوڵ و تەقەلای ئافرەتان بەردەوامە، کار بۆ بەهێزبوونی پێگەی ئافرەت دەکەن، خەبات بۆ ئەوەدەکەین کە ئافرەتانی بە توانا بخرێنە پێگەی بەرپرسیارێتی، با تاقیبکرێتەوە بزانن ئافرەتانیش دەتوانن یان نا، بە تاقیکردنەوەش ئەوە سەلمێنرا کە ئافرەتان توانییان وەزارەتەکان باشتر بەڕێوەببەن.

لەگەڵ ئەوەشدا جێگەی دڵخۆشییە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، لە سێ کەس دوانی ئافرەتە ئەم نموونەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگمەنە دەتوانین بڵێین، ئەمانە کۆمەڵێک دەستکەوتن کە گرنگن و بە کەم لێیان نەڕوانین.

بەشێک لە ئافرەتانی حزبەکان 
بە پێوەری تواناو لێهاتوویی هەڵنابژێردرێن

نوچە: هەڵاواردنی جێندەری بەردەوامە لە بوارەکانی خوێندنی باڵا، راگەیاندن، تەندروستی... پێتوایە بەرهەمی خەباتی ئێمە لاوازە، یان شکاندنی کۆدەکان زۆر سەختە؟

حەیات: کارکردن لەسەر کلتور کاتی دەوێ، بەڵام بەراورد بە ساڵانی نەوەدەکان و دوو هەزارەکان، گۆڕانکاری زۆر روویداوە. لە کاتانە ئەو ئافرەتانەی کە رۆژنامەنوس بوون تووشی زۆر رووبەڕووبوونەوە دەبوون و شەڕیان دەکرا، بەڵام ئێستا ئەمە گۆڕاوە و بەرەو پێشتر چوو. هەروەها زۆرکەم کچان دەچوونە زانکۆ دوای خوێندنی پۆلی شەش، کارکردن لە کۆمپانیا و شوێنە ئەهلییەکان عەیبە بوو، بەڵام ئێستا ئەوەتا ئافرەت خۆی کۆمپانیای هەیە و ئەمانەش گۆڕانکاری گەورەن.

لە زانکۆکانیش هەندێ بەش هەبوون، کە بە ئێش و بەشی ئافرەت نەدەزانرا، بۆ نموونە ئافرەتان خۆیان لە بەشی مارکێتینگ نەدەدا و بە ئیشی پیاو دەبینرا، ئێستا سەدان ئافرەت لە ماڵەکەی خۆیدا بزنس دەکات، کلتورەکە ساڵ بە ساڵ گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، ئەم گۆڕانکارییانە ئاسان نەبوون، بە هەوڵ ماندووبوونی دەیان ئافرەت هاتووتەدی کە لە گۆڕەپانەکە بوون و کاریان کردووە و کاریگەرییان لەسەر پیاوانی کۆمەڵگە هەبووە.

خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە ئێمە دژایەتی پیاو ناکەین بەڵکو دەمانەوێ ئێمەش لە گۆڕەپانی ژیان بەشدار بین، بەمجۆرە دەتوانین سەرکەوتوو بین. دەتوانین کۆدەنگییەک دروست بکەین لەسەر ئەوەی هیچ نەبێ ئافرەتان برەو بە رەوشی ئافرەتان بدەن، بەڵام ئەم ماوەیە لە هەموو سێکتەرەکان دژایەتی ئافرەتان زۆر دەکرێ، هەیە ژنیش ئەم دژایەتییەی کردووە نەک تەنیا پیاو. ئەگەر ئافرەتان پشتیوانی یەکتر نەبن ناتوانن بەردەوام بن.

نوچە: لە حزبێک کاردەکەی کە خەریکی بەستنی کۆنگرەیە، ئایا ئێوە دەتوانن لە ناو حزبەکەی خۆتان دەتوانن فشار لەسەر سەرکردایەتی خۆتان دروستبکەن، کە بۆ ئەم کۆنگرەیە وابکەن کە پۆست و پێگەی زیاتر بدرێتە ئافرەتان؟

حەیات: پارتی دیموکراتی کوردستان هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە بڕوای بە پرسی ئافرەتان هەبووە، ساڵی ١٩٤٦ دامەزراوە و ساڵی ١٩٥٢ رێکخراوی یەکێتی ئافرەتانی کوردستانی دامەزراند، کە دەستکەوتێکی گەورەبوو بۆ هەموو ئافرەتانی کوردستان، ئەم رێکخراوە سەدان ئافرەتانی بە توانای پێگەیاندووە و تا ئێستاس بەردەوام لە کار و لە کوردستان دیارن. دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، دەستکەوت بوو بۆ هەموو ئافرەتانی کوردستان، نەک تەنیا ئافرەتانی حزبێک. بۆیە وەکو پارتی بڕوای بە یەکسانی ژن و پیاو هەیە، ئافرەتانیشی بۆ دەزگاکانی حکومەت و حزب ناردووە، چونکە ئەوە حزبە خەڵک دەنێرێت بۆ ناو حکومەت.

راستە لە لقەکان پێگەی ئافرەت کەمە بەڵام لە بواری دیکەی جەماوەری ئافرەت رۆڵی باشی هەیە، ئافرەتانی ئەم حزبەش رۆڵی باشیان هەیە. نزیکەی دە ساڵ بەسەر نەبەستنی کۆنگرەدا تێدەپەڕێ بۆیە لەم کۆنگرەیەدا بە دڵنیاییەوە جۆرێکی دیکە لە گۆڕانکاری دەکرێت و ئەوەی من ئاگادارم، ئەو بەرنامەیە هەیە کە پارتی رێژەی ئافرەتان لە ١٠% _ەوە بەگەیەنێتە ٢٠% بۆ ٢٥%.

هاوکات ئێمە چاومان لەوەیە کە ئەو پۆستانە دەدرێتە ئافرەت تەنیا بۆ پڕکردنەوە نەبێت، بەڵکو ئافرەتانی بە توانا و شایستە بخرێنە پۆستەکان.

نوچە: پێتوایە ئەم ئافرەتانەی کە تا ئێستا لە پێگە و پۆستی حزبەکان دانراون، لەسەر بنەمای توانا و لێهاتوویی بووە؟

حەیات مەجید: لە ناو حزبەکاندا هەندێکی بە پێی توانا و لێهاتوویی بووە بەڵام هەندێکی تری بە جۆرێکی دیکە بووە.

نوچە: ئایا ئەمە کاریگەری ئەو عەقڵیەتە دیوەخانییەیە، کە لەناو حزبەکانیشدا بوونیان هەیە یان هۆکاری تری هەیە؟

حەیات مەجید: لە هەموو حزبەکاندا لە عەلمانی تا ئیسلامی، کەسایەتی عەشایری هەن، ئەمەش زۆر سرووشتییە و پەیوەندی بە کلتوری کۆمەڵگەوە هەیە. بە دڵنیاییەوە کاریگەریشی هەیە، با هەبێ بەڵام با کەسەکان بەتوانا بن کە هەڵیان دەبژێرن و وەکو ئیمتیاز نەدرێ و لەسەر شایستەیی کەسەکان کاربکرێت. من بڕوام بەوە نییە کە ئافرەتی بە توانا دانەنرێت. دەبێ پێذاچوونەوە بە پێوەرەکاندا بکرێتەوە و کەسی شیاو- و لێهاتوو دابنرێت.

نوچە: ئێستا پاشەکشێیەک لە بابەتی ئافرەت لەسەر حسابی ئافرەتانی بە توانا هەیە، کۆمەڵێك ژن بەناوی مۆدێل و کۆمەڵێك بەناوی باڵاپۆشی نمایش دەکرێن، تۆ رات چییە لەسەریان؟

حەیات مەجید: لەوانەیە مۆدێلەکان کچی زۆر داماو بن نەزانانە دەکەونە هەندی بارودۆخ، لە پڕێکدا بەرزیان دەکەنەوە تا ئاسمان و لەوێوە دەیانکێشن بە زەویدا، وەکو فووکردنە میزەڵدانێک، کە گەورەی دەکەن و لە پڕ دەتەقێتەوە، وەکو ئافرەتێک بۆیان ناڕەحەتم کە ئازار دەدرێن و دەکرێن بە کاڵەیەکی ریکلامی لە ناو کۆمەڵگە، وەکو بوکەڵە یارییان پێدەکرێت بەداخەوە، کە بەم هۆیەوە وێنەیەکی ناشیرینی ژن دەدەن بە کۆمەڵگە، رەنگە خودی ئافرەتەکان ئەو مەبەستەیان نەبێ بەڵام تووش دەکرێن، رەنگە خۆشیان ئازار بەوەوە بکێشن، هاوکاری ماددی دەکرێن بەڵام نازانم لەلایەن کێوە.

یان بە هەزاران ئافرەت کۆدەکرێتەوە وەوک باڵاپۆش و نمایشی سیاسییان پێوەدەکەن. ئاساییە ئافرەت دەبێتە باڵاپۆش، بەڵام بۆ دەیانکەن بە ریکلامی سیاسی، بەڵام ئەمە بە سیستماتیک دەکرێت و دەستی سیاسییە کە من پێموایە سەرکەوتوو نابن، ئەمانە بیروباوەڕە ناکرێ بە پڕۆژە بێت.

ئافرەتانی خاوەن کەسایەتی کەوتوونە نێوان دووبەرداشەوە، بەڵام ئەم ئافرەتانە مێژووی کۆمەڵگەن و دەست لەسەر برین و ئازارەکانی کۆمەڵگە دادەنێن، ئەگەر بۆ کاتێکیش سەرنجیان لەسەر نەبێت بەڵام دواڕۆژ بۆ ئەوانە، چونکە ئەمان دەتوانن بەردەوامی بە ڕەوشی ژن بدەن و قەڵەمی ژن بەردەام بکەن، ئەم دووبەرداشە نەبێتە هۆی هاڕینی، تاقەتی ئەمان کۆمەڵگە تێبەگەیەنن کە ئەوان ژنی راستەقینەن، ئیشێ ئێمە راستکردنەوەی ئەم هەڵانەیە.

نوچە: هەماهەنگی لە نێوان ئافرەتانی چالاکی نێوان حزبە سیاسییەکان هەیە؟

حەیات مەجید: ئەوەی من ئاگادارم تا رادەیەک پەیوەندی هەیە، لە دوای ١٧-ی شوبات، ئافرەتانی حزبەکانی کوردستان هەموویان کۆمەڵەیەکیان پێکهێنا بۆ سەردانی حزبەکان، تا ئێستاش ماوە لە پێگەی بەرزی حزبەکاندا بوون، وایانکرد کە ناوی گروپی ئاشتی بوو تاکو پێش ریفراندۆمیش ئەم گروپە کارابوون، تا بزانن چۆن بتوانن لە پۆستە حکومی و وەزارییەکان باش بکرێت.

بەڵام ئێستا هەست دەکەم سستییەکیان هەیە، دەکرێ کارا بکرێنەوە و هەماهەنگی زیاتر بێت؛ راستە سەر بە حزبی جیاوازن بەڵام ئامانجە هاوبەشەکە خزمەتە بە رەوشی ژن لە کۆمەڵگە، هەم بتوانن ئافرەتان رۆڵی خێریان هەبێ، هەم خزمەتی رەوشی ئافرەت هەبێ.

پێویستە تەنیا لەسەر ئاستی سەرکردایەتی نەبێ، و تەنانەت لەناو رێکخراوەکانیش هەبێ، باش دەبێ.

بەرنامە هەیە شەرم دەکەم سەیری
 بکەم پرسیاری وا لە ژن دەکرێت

نوچە: رێژەی توندوتیژی خێزانی زیادبووە، لە ناویدا توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و لیژنەی پەرلەمانیش زۆر سستە، تۆش وای دەبینی؟

حەیات مەجید: بە داخەوە یەک لەو هۆکارانەی کە توندوتیژی زیاد دەبێ خراپی بژێوی ژیان و ناسەقامگیری دەروونییە، کە وادەکات توندوتیژی زیاد بێ. کاتێک لە ناو خێزانەکان سەقامگیری نەبوو، دۆخی ئافرەت تێکدەچێت، چونکە ئافرەت کۆڵەکەی ماڵە.

هەندێ ئیش هەیە ئیشی پەرلەمان نییە، راگەیاندن رۆڵێكی زۆر خراپی هەیە سەبارەت بە ئافرەتان، من پێشتر شتێکم نوسی لەسەر ئەوە، ئێمە ئەوکاتە هەموو کەناڵەکانمان کۆکردەوە کە میساقێکی ئەخلاقی واژۆ بکەن کە ئافرەت بۆ بابەتی توندوتیژی زەق نەکرێتەوە، چونکە ئەوکاتە دۆخی ئافرەتانی ئێزدی لە راگەیاندنەکانەوە بەشێوازێکی زۆر خراپ دەخرایەڕوو. ببوە جۆرێکی تر لە توندوتیژی بەرامبەریان.

نوچە: چی بکرێت کە راگەیاندنەکان بە پرەنسیپەوە کار لەسەر دۆخە کۆمەڵایەتییەکان بکەن؟

حەیات مەجید: هەندێجار روماڵی هەواڵەکان یان بەرنامەی دیکە هەیە ئافرەت پێشکەشی دەکات، چەند کەسێکی دیکە لە پشتیەوەیەتی هەست دەکەی راستەوخۆ توندوتیژی دەروونییە بەرامبەر بە خەڵک دەکرێ لە شاشەکانەوە رۆژانە سەدان و هەزاران توندوتیژی لە شوێنی کارەکان بەرابەر بە ئافرەت دەکرێت، هەمووی دەروونییە دەکرێ ببێتە هۆی روخانی ئافرەتێک. لە ناو دامودەزگا حکومی و حزبەییەکانیش.

بەرنامە هەیە شەرمم کردووە کە سەیرم کردووە، ئافرەت تا ئەو راددەیە لاواز کراوە کە پرسیاری سەیر سەیری لێبکرێت. بۆیە دەکرێت رێکخراوەکان بڕۆنە کەناڵەکانەوە پێیان بڵێن کە ئێوە بوونەوە هۆی زیادبوونی توندوتیژی.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین