توێژەرێکی کۆمەڵایەتی: توێژەری کۆمەڵایەتی لە قوتانخانەکان زۆر کەمە دیمانە و راپۆرت

نوچە: ئافرەتان

 زانست زانا, توێژەری كۆمەڵایەتی، لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ نوچە دەڵێت، لە چاو ژمارەی قوتابیان و قوتابخانەکان، ژمارەی توێژەران زۆر کەمە. دەشڵێت ‘’لە سلێمانی لەچاو هەولێر و دهۆک ئەم بابەتە زۆر جیاوازی هەیە و رۆلی توێژەر لە سلێمانی زۆر دیارترە و گرنگی پێدراوە. بابەتەکە رەنگە کلتور بێت، ژینگەکە وای کردووە توێژەر لە سڵێمانی زیاتر رۆلیان هەبێت و زیاتر بچنە پێشەوە''.

نوچە: ساڵانێکە کار لەسەر ئەوە کراوە کە توێژەری کۆمەڵایەتی یاخود رێنمایکار لە قوتابخانەکاندا کار بکەن، پێتان وایە رێژەی پێویست توێژەر لە قوتابخانەکاندا بوونی هەبێت؟

زانست: لە راستیدا ئەو داتایە لەبەردەستدا هەیە، بە پێی ئەو قوتابخانانەی لە ناو سەنتەری شاردا هەیە ژمارەی ئەو قوتابخانانەی کە توێژەری کۆمەڵایەتی تێدایە، کەمترە لە ژمارەی ئەو قوتابخانانەی کە توێژەری کۆمەڵایەتی تێدا نییە، واتا قوتابخانەکان زۆریان توێژەریان نییە وەک پێویست توێژەری کۆمەڵایەتی لە قوتابخانەکاندا نییە.

نوچە: رێژەیەکی دیاریکراو هەیە، کە بە پێی بنەمایەکی زانستی دیار بێت، چەند قوتابی پێویستی بە هەبوونی توێژەرێکە یاخود رێنمایکار، ئایا گرنگە رێژەکە دیاری بکرێت؟

زانست: بە پێی کۆنگرەی پێشووی پەروەردە، وا دانرا بوو کە هەر دوو سەد و پەنجا قوتابی، توێژەرێکی پێویستە بەڵام هەڵبەتە ئەوە نەهاتۆتە دی، ئێمە چەندین قوتابخانەمان هەیە کە ژمارەی قوتابیانی زۆرە بەڵام توێژەریان نییە، قوتابخانەش هەیە کە ژمارەی قوتابیانی هەشت سەد قوتابییە یان هەزار قوتابییە بەڵام یەک توێژەری هەیە. واتا ئەتوانین بڵێین لە چاو ژمارەی قوتابیان و قوتابخانەکان ژمارەی توێژەران زۆر کەمە.

نوچە: هەر سەبارەت بەو خاڵە ئێمە قوتابخانەمان هەیە کە ناوەندی و دواناوەندیمان هەیە دەوامی قوتابیان تێکەڵاوە، واتا کچ و کور تێکەڵاون لەو کا تەدا کە قوتابی لە تەمەنێکی هەستیار دایە دەکەوێتە قۆناغی هەرزەکاری، ئایا  پێویستە کە توێژەری ژن و پیاو لەو قوتابخانانە دا هەبن، چونکە رەنگە کچێک نەتوانێ بە ئاسانی باسی کێشەی خۆی بکات لای توێژەرێکی پیاو، کوریش بە هەمان شێوە بە رامبەر بە توێژەرێکی ژن نەتوانێ کێشەی خۆی باس بکات، بەرای ئێوە پێویستە کە لەو قوتابخانانە دا هەردوو رەگەزی توێژەری تێدا هەبێت؟

زانست: راستی ئێمە هەوڵمان داوە کە تەرکیزمان لەسەر ئەوە بێت کە توێژەری کچ لە قوتابخانەکانی کچان بێت و  توێژەری پیاو لە قوتابخانەکانی کوڕان بێت، بە پێچەوانەشەوە هەندێ قوتابخانەی کچانمان هەیە کە توێژەری کوڕی تێدایە و هەندێ قوتابخانەشمان هەیە کە تێکەڵە و تەنها یەک توێژەری هەیە. ئەگەر بە بابەتێکی لۆژیکی بڵێین، ئەوەیە کە باشتر وایە کە قوتابخانەیەکی تێکەڵاو توێژەری لە هەردوو رەگەزی هەبێت، بۆ ئەوەی باشتر بتوانن نزیک ببنەوە لە قوتابیەکان، بەڵام بارودۆخەکە ئەوەی لەسەرمان فەرز کردوە کە نیمانە و نزیکەی چەند ساڵێک ئەبی هیچ پسپۆڕێک نەچووەتە قوتابخانەکان.

نوچە: لە وڵاتانی پێشکەوتووی دونیادا توێژەرەکان بە هەمان شێوەی ئیدارەی قوتابخانەکان ژووری تایبەت و جێگەی تایبەتیان هەیە، تا قوتابیان بتوانن بە ئارامی لەگەڵیان دابنیشن و کێشەکانیان بە دڵنیایی باس بکەن، لە کوردستان تا چەند گرنگی بەو پرسە دراوە؟

زانست: گرفتی توێژەر لە قوتابخانەکان ئەوەیە کە وەک پێویست جێگای تایبەت بە خۆیان نییە و پێداویستیشیان نییە، ئەمانە بەشێکن لە گرفتەکانی توێژەران لە قوتابخانەکاندا.

گرفتەکە تەنها نەبوونی توێژەر و رێنمایکار نییە لە قوتابخانە، لە کلتوری ئێمە گرفتێکمان هەیە، کە تا ئێستا بەشێک لە بەڕێوەبەر، مامۆستا، دایک و باوک و هەتا قوتابیش، رێگە نادات یاخود ئامادە نییە بۆ بابەتی توێژەر. ئەگەر چی لانیکەم لە دە ساڵی رابردوودا ئەو دیاردە زۆر زۆر روویداوە، کە لەسەرەتا ئێمە توێژەرەکانمان لە قوتابخانەکاندا دادەمەزرا، زۆر بەڕێوەبەر هەبوو کە دەیگوت من توێژەرم ناوێت یان زیادەیە یان فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ نەدەکرد؛ بەڵام ئێستا گۆڕانکاری روویداوە بەوەی کە بەڕێوەبەرەکان  هەبوونی توێژەریان بەلاوە زۆر گرنگە، کە لە قوتابخانەکان هەبێت، لە رووی کلتوریەوە پێشکەوتنمان بە خۆوە بینیوە، هەرچەند ئێستا لە زۆر جێگا وەک پێویست نییە، بۆ نموونە سلێمانی لە چاو هەولێر و دهۆک ئەم بابەتە زۆر جیاوازی هەیە. رۆلی توێژەر لە سلێمانی زۆر دیارترە و گرنگی پێدراوە.

نوچە: واتا دەتەوێ بڵێی کە لە شاری سلێمانی زیاتر گرنگی بە بابەتی توێژەر دراوە؟

زانست: بەڵێ بە ڵنیاییەوە ئەزموونی توێژەر لە سلێمانی ئەتوانم بڵێم باشتر رۆیشتووە، خوانەخواستە با نەبێتە بابەتێکی شارچیەتی، بابەتەکە رەنگە کلتور بێت، ژینگەکە وای کردووە توێژەر لە سڵێمانی زیاتر رۆلیان هەبێت و زیاتر بچنە پێشەوە.

نوچە: پێت وایە نێوان قوتابیان و توێژەرەکان بەو شێوەیە خۆش بێ، قوتابیان متمانە بە توێژەرەکان بکەن و گرفتەکانیان باس بکەن، چی بکرێت بۆ دروستکردنی ئەو متمانەیە؟

زانست: سەرەتا بڕوام وایە تا ئاستێکی باش ئەو متمانەیە هەیە، بەڵام رەنگە دڵخوازی ئێمە نەبێت ئەوەی کە هەیە دڵخوازی توێژەر نەبێ، هەمیشە ئەبێ باشتر بێ، ئەوە بەشێکی کەوتۆتە سەر لێهاتووی خودی توێژەرەکە خۆی، بەشێکی تریشی بەراستی پەیوەندی بە کلتوری ئێمە هەیە، ئایا کلتوری ئێمە تا چەند قبولی کردووە کە کەسێکی تر لە دەرەوەی خێزان بێت هاوکارمان بێت و گرفتمان بۆ چارەسەر بکات، کلتورێک تا رادەیەک بۆ نەخۆشییە جەستەیەکان ئامادەیە خەڵک بباتە لای دکتۆر، بە لایەوە نەنگی نییە، بەڵام پێی نەنگیە بۆ نەخۆشیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی بچێتە لای پسپۆڕ، پێی وایە ئەوە توانجی لەسەرە و بەشێکی تریش ئەکەوێتە سەر ستافی ئیدارە لە قوتابخانە کە ئایا تا چەند هاوکارن بۆ ئەوەی کە جێگا بکەنەوە کە ئەو توێژەرە یاخود ئەو رێنمایکارە بتوانێ رۆلی خۆی بگێرێ و زیاتر نزیک ببێتەو لە قوتابیان.

نوچە: پێتوایە کەسێک تەنها بڕوانامەی هەبێ دەبێت بە توێژەرێکی باش، یان توێژەری بریتییە لە خۆ پەروەردە کردن و فێر بوونی بەردەوام و ئەزموون، واتا بە گشتی ئەزموونی توێژەران چۆن دەبینی؟

زانست: لە راستیدا تەنها بڕوانامە ئێمە ناکاتە خاوەن پێشە رەنگە هەزاران کەسمان هەبێ مۆڵەتی شوفێریان هەیە، بەڵام یاساکانی شوفێری نازانن، بەهەمان شێوەش بۆ بابەتی توێژەریش ئەکرێ کە کەسێک کاتێک بڕوانامەیەکی بەرزیشی هێنابێ بەڵام لە ئیشەکە نازانێ یان نەتوانێ ئەو ئەرکە تەواو جێبەجێ بکات، یان بە حەزی خۆی لە شوێنەکە وەرنەگیرابێت. ئێمە بۆ چارەسەر کردنی ئەو گرفتە هەمیشە ساڵانە خول و سمیناری جۆر بە جۆرمان هەبووە، بۆ ئەوەی بتوانین کوالێتی توێژەرەکان بەرەو پێش ببەین، جگە لەوەی کە کاری توێژەری کارێکە کە ئەبێ لەگەڵ رۆژی خۆی لەگەڵیدا بڕۆی، واتا نابێ دوا بکەوێ، ناکرێ بڵێی پرۆگرامەکەی دوێنێ بە کەڵكی ئەمڕۆ دێت.

نوچە: ئایا توێژەران تا چەند لەو خول و سمینارانە بەشدار ئەبن، بە رێژەیەکی بەرچاو بەشدار ئەبن یان بەرێژەیەکی کەم؟

زانست: بە رێژەیەکی بەرچاو بەشدار ئەبن چونکە بەشداری کردنەکان بەشێکی هەرە زۆری پێویستە لەسەریان، لەبەر ئەوە بەشدار ئەبن، بۆ زانینی زیاتر و گرنگی دان بە پیشەکەی خۆیان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین