په‌رله‌مانتارێكى كۆمه‌ڵ : گومان دەکەم هەڵبژاردنی عێراق لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت کوردستانی

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

سەلیم شوشکەیی په‌رله‌مانتارى كۆمه‌ڵى دادگه‌رى له‌ پەرلەمانی عێراق پێشبینى ده‌كات له‌ كاتى خۆى هه‌ڵبژارنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مان نه‌كرێت و هۆكاره‌كانیش ئاشكرا ده‌كات.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ تەمووز، سەلیم هه‌مزه‌ شوشکەیی لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت گوتی "کەم یا زۆر هەموو لایەنەکان سیاسیەکان خۆیان بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق ئامادەکردووە كه‌ بڕیاره‌ له‌ 10ى تشرینى یه‌كه‌م به‌ڕێوه‌ بچێت، بەڵام عێراق پێی دەگوترێ وڵاتی رووداوە لەناکاوەکان، لەناکاو رووداوێک روو دەدات خەڵکی گرنگی پرۆسەی هەڵبژاردنەکەی بیردەچێتەوە".

له‌ لێدوانه‌كه‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ پێشبینى ده‌كات هه‌ڵبژاردن له‌كاتى خۆى نه‌كرێت و ده‌ڵێ، "به‌هۆى هه‌لومه‌رجه‌كانى ئێستا ئەگەری ئەوە هەیە هەڵبژاردنەکان نەکرێت، یەکەم لە مانگی ٨ و ٩ دا کێشەكان زیاتر دەبێت وەک ئاو و کارەبا ئەوەش دەبێتە هۆی چەند خۆپیشاندانێکی گەورە، کە بەرپرسە سیاسیەکان لە هەڵبژاردنەکان سارد دەکاتەوە" .

سەلیم شوشکەیی له‌ درێژه‌ى لێدوانێكه‌یدا باسى له‌ هۆكارێكى تر كرد و گوتى، "بابەتێکی تر لە ئێستادا، کۆمەڵێک کێشە و گرفتی تەکنیکی راستەقینەی هەیە بە تایبەتی شه‌ش ملیۆن کارت تا ئێستا نەگەڕاوەتەوە کە شه‌ش ملیۆن کەس نەتوانێت بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بکات، چ جۆرە هەڵبژاردنێکە؟ سەبارەت بە شێوازی هەڵبژاردنەکان، بۆ نموونە خانەکانی هەڵبژاردن جۆرێک لە تێكه‌ڵى هه‌یه‌ له‌نێوان پارێزگاكان، بە تایبەتی لە ٧٠ شوێندا تا ئێستا دەنگدار بۆی هەیە لێرەش دەنگ بدات لەوێش دەنگ بدات، ئەوەش دەرگایەکی کراوەیە بۆ  ساختەکردنی حزب و لایەنەکان"

جیا له‌م كێشانه‌، په‌رله‌مانتاره‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات بوونى چه‌ك به‌ ده‌ست لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ هۆكارێكى تره‌ كه‌ به‌ربه‌ست بۆ به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنێكى بێگه‌رد دروست ده‌كات. سەلیم شوشکەیی پێیوایه‌ ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا هه‌ڵبژاردن بكرێت ئه‌وا هیچ سوودێكى نابێت، چونكه‌ وه‌ك دەڵێت، "ئێمە هەڵبژاردن بۆ دەکەین تا پۆخڵەواتەکەی پێشتر راست بکەینەوە نەوه‌ک یەکی تر دووبارە بکەینەوه‌" به‌ بڕوى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ى كه‌ ده‌شڵێ، "ده‌بێت هه‌ڵبژاردن له‌كاتى خۆى بكرێت و دوانه‌خرێت" ئه‌وا بۆ "موزایه‌ده‌ى سیاسى ئه‌و قسه‌یه‌ ده‌كات".

هەروەها سەلیم شوشکەیی له‌ كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى دووپاتى كرده‌وه‌ ئه‌مه‌ بۆچوونى زۆرێك له‌ سیاسییه‌كان و ئه‌وه‌ى خۆیشى ته‌نیا پێشبینیه‌، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ گوتى، "ئەوە پێشبینی منە زۆرێک لە سیاسیەکان هەمان بیروڕای منیان هەیە، بۆ نموونە ئێمە ئێستا لە هه‌ڵمه‌تى هەڵبژاردنەکانداین کوا جموجۆڵی هەڵبژاردن؟ ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌بینرێت زیاتر ململانێى  سیاسییه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى زیقار و سلێمانى".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین