مەسرور بارزانى: جەخت لە جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال دەکەینەوە کوردستانی

نوچەنێت:

مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە ساڵیادى حەفتەمین کۆمەڵکوژى ئێزدییەکان لە شنگال پەیامێکى بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "جینۆسایدی ئێزدییان، تاوانێكی ئەوەندە دڕندانەیە کە هەمیشە لە ویژدانی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە، بۆیە پێویستە بەردەوام بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییە بکەینەوە."

ئەمڕۆ سێشەممە (3)ى ئابى (2021)، مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە پەیامەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، "لەم یادە خەمناكەدا، دووپاتی دەكەینەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی سەربەرزانەی خوشک و برا ئێزدییە ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان و کارکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەڤەرەکانی دیکەی خوشک و برا ئێزدییەکان."

 

دەقی پەیامی مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

ئەمڕۆ حەفتەمین ساڵیادی هێرشی دڕندانەی تیرۆریستانی داعشە بۆ سەر خوشک وبرایانی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری، كە بەوهۆیەوە هەزاران كەس لە دانیشتووانی ئەو دەڤەرە، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن و ئاوارە كران.

جینۆسایدی ئێزدییان، تاوانێكی ئەوەندە دڕندانەیە کە هەمیشە لە ویژدانی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە، بۆیە پێویستە بەردەوام بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییە بکەینەوە. هەروەها بە پێزانینێکی زۆرەوە یادی قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رزگارکردنی شنگال بە رابەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەینەوە .

لەم یادە خەمناكەدا، دووپاتی دەكەینەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی سەربەرزانەی خوشک و برا ئێزدییە ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان و کارکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەڤەرەکانی دیکەی خوشک و برا ئێزدییەکان. 

هەروەها جەخت لە گرنگی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال دەکەینەوە بۆ زەمینەخۆشکردن بۆ ئەوەی ئاوارەكان بە شێوەیەکی سەربەرزانە، بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و دەڤەرەکەش ئاوەدان بکرێتەوە. لە هەمانکاتدا هەوڵەكانیشمان زیاتر چڕ دەكەینەوە بۆ دادگاییكردنی تاوانبارانی داعش  و هاوكارەکانیان و ئاشكراكردنی چارەنووسی تەواوی بێسەروشوێنكراوان .

سەری رێز و نەوازش بۆ شەهید و قوربانییانی کۆمەڵکوژی شنگال و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین