لانە ئامانج: زۆربەی كەیسەكانی جیابوونەوەی هاوسەران لە دادگاكان پەیوەندی بە ناپاكییەوە هەیە دیمانە و راپۆرت

تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

لانە ئامانج پارێزەر و چاڵاكوانانی ژنان لە دیمانەیەكی نوچەنێت باس لەوە دەكات، زۆربەی ئەو دۆسیانەی جیابوونەوەی هاوسەران لە دادگا هەن، پەیوەندییان بە ناپاكی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەیە.

نوچەنێت: بەهۆی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانەوە ژنان بەردەوام تووشی کێشە دەبنەوە زۆرجاریش کێشەکان دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ژیانیان تۆ وەك پارێزەرێك و چالاكوانێكی ئافرەتان چیت لەسەر ئەم دیاردەیە هەیە؟ 

لانە ئامانج: ئاشکرایە کە چەند ساڵێکە دەبینین ئەو پێشکەوتنە گەیشتۆتە هەرێمی کوردستان، کە هەموو تاکێکی کۆمەڵگە سوودی لێدەبینێت بۆ راییکردنی ژیانی رۆژانەیان و کارئاسانیکردن بۆ هەموو  چین و توێژەکان، بەڵام ئەوەی کە جێی پرسیارە و پێویستە راست بکرێتەوە ئەوەیە کە بەشێکی زۆری هاووڵاتیان ئەم تەکنەلۆژیایە بە مەبەستی کاری خراپ بەکاردێنن کە تێیدا خراپ بەکارهێنانی ئینتەرنێت و تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکی نادروست، زیانی بۆ کەسەکە و بۆ دەوروبەری دروست كردووە، ژنانیش تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردێنن بەڵام بەداخەوە تووشی کۆمەڵێک کێشە و گرفت دەبنەوە بە تایبەت لە لایەن رەگەزی بەرانبەریانەوە. 

ئێستا بەشێک لە گەنجان کۆمەڵێک ئەکاونتی فیسبوکیان دروستکردووە کە ئەمەش زۆرجار دەبێتە دروستبوونی کێشەی کۆمەڵایەتی، چەندین ژن بوونەتە قوربانی خراپ بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیاییە چەندین ژن و مێرد کێشەیان بۆ دروست بووە. بۆیە ئێستا لە دادگاکان دەبینرێت بەشێکی زۆر لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان یاخود کێشەی ژن و مێرد ئەوەیە کە بابەتی ناپاکی هاوسەرگیرییە لەنێوانیاندا. ئەمەش زیاتر بەهۆی بەکارهێنانی تۆرە کۆمەڵایەتیبەکانەوە دووچاری بوون. بۆ نموونە ئەگەر پیاوێک ناپاکی لەگەڵ هاوسەرەکەی خۆی کرد بێت لە رێگای فیسبوک یان ئینستگرام کە ئافرەتێکی تری ناسیووە و ژیانی لەگەڵ هاوسەرەکەی خۆی تێکچووە، بێگومان زۆر ئافرەتیش هەن کە پەیوەندی دەبەستن لەگەڵ کەسانی تر ئەمەش وا دەکات ژیانی هاوسەرگیرییان بەرەو تێکچوون بچێت .

 

لانە ئامانج

بەشێکی زۆر لە کەیس هەیە کە بەهۆی خراپ بەکارهێنانی ئینیەرنێتەوە تۆمەتیان خراوەتە پاڵ ئاشکرایە کە بەشێکی زۆری خێزانەکان لە ئێستادا دەناڵێنن ، بەڵام بە رێژەیەکی بەرچاو ئافرەتان دووچاری ئەم کێشە دەبن بۆ خودی خۆیان و هەندێ جار بۆ دەوروبەریان.  کەیسمان هەیە کە کچە یاخود ژنە پەیوەندییەکی "ناشەرعی" لەگەڵ کەسێکی تر بەستووە کە داوای وێنەی لێکردووە کە نامەگۆڕینەوە لەنێوانیان هەبووە دواتر وەک هەڕەشە ئەو نامەگۆڕینەوەی بەکارهێناوە بەرانبەر کچەکە یاخود ژنەکە کە وایکردووە، ناچاری کردووە هەرچیەکی ویستبێ ئەنجامی داوە لە بەرانبەر ئەوەی ئەو وێنانەی پارێزراو بێت بێگومان کێشەکەی گەورەتر بووە ئێستا زۆرێک لەو جۆرە کەیسانە لە داڵدەدانی ئافرەتانن، واتا بەشێک لەو ئافرەتانەی کە لە داڵدەدان و سکاڵایان لە تووندوتیژی تۆمارکردوە هۆکاری سەرەکیان تۆرە کۆمەڵایەتیەکانە.

بەڵام بەشێکی زۆریش لە ئافرەتان هەن لەژێر هەڕەشەدان لەبەر ئەوەی ناتوانن لە ترسی ئەوەی ناویان نەزرێندرێ لەبەرانبەر خێزانەکانیان تاکو کێشەکانیان گەورەتر نەبێت، بێدەنگیان هەڵبژاردووە.

ئایا وەك سەرۆك رێكخراو لە نزیكەوە كەیسی لەم جۆرەت لایە؟

لانە ئامانج: من وەکو سەرۆکی رێکخراو رۆژانە ئافرەت و کچ پەیوەندییم پێوەدەکەن کە تووشی کێشەی زۆر هاتوون کە لەگەڵ کورێک یان پیاوێک پەیوەندی بەستووە، دواتر هەڕەشەی لێکردووە کە داوای پارەی كردووە، لە بەرانبەر ئەو نامە و وێنانەی لەنێوانیان هەبووە، کردوویەتی بە هەڕەشە بۆیە زۆرێکیان ناتوانن بچن سکاڵا تۆمار بکەن لەبەر ئەوەی تووشی کێشە نەبنەوە لە ماڵەوە بێدەنگی هەڵدەبژێرن. 

لەو كاتەدا تۆ چۆن هانی ژنان دەیدەيت؟ خۆ ناكرێت لە هەڕەشەی ئەو كەسە بێدەنگ بن و ملكەچی بن؟

لانە ئامانج: لێرەوە من هانی ئەو کەسانە دەدەم کە لە هیچ شتێک نەترسن بێن سکاڵا تۆمار بکەن چونکە خۆشبەختانە ئێستا بەڕێوەبەرایەتیەکانی تووندوتیژی ئافرەتان زۆر پشتگیری لە ئافرەتان دەکەن دەتوانن هاوکارییان بکەن و کیسەکانیان بە شاراوەیی بمێنێتەوە بێئەوەی کەس بزانێت یارمەتییان دەدەن تا کێشەکانیان یەکلایی دەبێتەوە. 

بۆیە پێویستە هەموو تاکێکی کۆمەڵگە هۆشیار بێت لەوەی چۆن تۆرە کومەڵایەتییەکان بەکاردێنن بە چ شێوازێک بەکاری دێنن بۆ ئەوەی نەبێتە زیان بۆ خودی خۆی و کۆمەڵگە بە شێوەیەکی دروست بە کاری بێنن. 

نوچەنێت: رێژەی سکاڵاکردن و جیابوونەوە ئێستا لە هەڵکشاندایە تا چەند توانراوە ئەو کەیسانە لە دادگاکان چارەسەرییان بۆ بدۆزرێتەوە واتا نەگاتە جیابوونەوە؟

لانە ئامانج : خۆی هەموو ئەو کەیسانە کە دێنە دادگا، دادوەرەکان کاتیان پێ دەدات تاکو بتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن، بەڵام بەشێکی زۆریشی ئاشتبوونەتەوە و  گەڕاونەتەوە لای یەکتر، دیسان دوای چەند مانگێک یاخود ساڵێک دووبارە کێشەیان هەبووە دیسان سکاڵایان تۆمار کردۆتەوە جیابوونەتەوە، زۆرجار دەبێتە کێشەی گەورەتر .

نوچەنێت: لێژنەی تایبەت بەو کەیسانە لە دادگاکان تا چەند رۆڵ دەبین؟

12 جۆر تووندوتیژی هەیە
بەڵام ئێمە تەنیا لێدان بە تووندوتیژی دەزانین

 

لانە ئامانج:  تایبەت بەو سکاڵایانەی کە لە رێگای تووندوتیژی ئافرەتانەوە تۆمار دەکرێت، لێژنەیەک هەیە تایبەتە بە ئاشتەوایی کە لە تووندوتیژی ئافرەتان دادەنیشن. کاری ئەو لێژنە ئەوەیە کە زۆرجار هەردوو لا بانگ دەکرێن لە لایان ئەو لێژنەیەوە گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەن، بۆ ئەوەی یارمەتیان بدەن لە کێشەکان بتوانن بگەڕێنەوە لای یەکتر بێگومان بەشێکی زۆریش سوودیان لەو لێژنە بینیوە، لە دادگاکانیش کە پێش ئەوەی دادوەر بڕیار بدات دەیانێرنە لای توێژەری کۆمەڵایەتی لەناو دادگای هەولێر لە بەشی شەرعی ، دیسان هەردوک لایەن بانگ دەکرێن توێژەرە کۆمەڵایەتیەکە قسەیان لەگەڵ دەکات و راپۆرتی خۆی دەنێرێتە لای دادوەر ، لەو راپۆرتە رووندەکاتەوە کە ئایا دەتوانن لەگەڵ یەک بژین تاکو دەرفەتێکی تریان پێبدرێت ، یاخود تەواو ئەوانە نێوانیان کۆتایی پێهاتووە ناتوانن جارێکی تر پێکەوە بژین و ژیانی هاوسەریان بەردەوام بێت. ئیتر دادوەر لەسەر ئەوە بڕیاری خۆی دەدات ئەوە کاری ئەو لێژنەیە ئەگەر لە دادگا داوای جیابونەو کرا بێت، بەڵام ئێستا ئەو دیاردەیە زۆرە کە زۆرێک لە پیاوان لە دەرەوەی دادگا بڕیاری جیابوونەوە دەدەن و هیچ دەرفەتێک بۆ دادگا نامێنێتەوە کە دەرفەتێکی تریان پێ بدەن، بۆیە بە یەک دانیشتن دادگا بڕیاری جیابوونەوەکە دەدات.

نوچەنێت: رێژەی سکاڵاکان کە بۆ جیابوونەوە تۆماردەکرێن زیاتر لە لایان پیاوانە یان ژنان؟

لانە ئامانج: دەکرێ بڵێین وەک یەکە، بەشێک لە پیاوان زۆر خراپە بەرانبەر بە ژنەکانیان دەکەن بەڵام خۆیان داوای جیابوونەوە ناکەن تاکو بەشی ژنەکە نەدات کە مارەییە، زیاتر خراپیان بەرانبەر دەکەن تاکو ژنان ناچار بن بێن خۆیان داوای جیابوونەوە بکەن، بۆیە دەشکرێ بڵێین رێژەی ژنان زیاترە. بەشێک لەو کەیسانەی کە لای من هەبووە تووندوتیژی زۆریان بەرانبەر کراوە، تووندوتیژی هەر ئەوە نییە ژن لێی بدرێ و ئازار بدرێت، زۆر تووندوتیژی هەیە کە بەرانبەریان کراوە زۆر جار ئیهانەکردن جنێو و قسەی ناشیرین  هۆکارێکە بۆ جیابوونەوەی هاوسەران، ئێمە دوازدە خاڵمان هەیە لە شێوەکانی تووندوتیژی کە بەرانبەر ژن دەکرێت، بەڵام لە کۆمەڵگەی ئێمە تەنها لێدان و ئازاردان دەچێتە قاڵبی تووندوتیژی.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین