بەغدا ئەم هەفتەیە 200 ملیاری تر بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت کوردستان- عێراق
سەرچاوەیەك لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئاشكرای دەكات، ناوەڕاستی ئەو هەفتەیە بەغدا 200 ملیار دیناری تر دەنێرێت و هەوڵیش هەیە 200 ملیاری مانگەكانی تریش رەوانە بكرێت.

ئەمڕۆ یەكشەممە هەشتی ئاب ماڵپەڕی بەغداد تودەی عێراقی بڵاوی كردووەتەوە، ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە بەغدا 200 ملیاری تر رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات. سەرچاوەیەك لە حكومەتی هەرێمی كوردستان گوتوویەتی، "بەغدا بە هەرێمی راگەیاندووە لەسەر ناردنی 200 ملیارەكە وەك سولفە بەردەوام دەبێت".

سەرچاوەكە لەبارەی وادەی گەیشتنی 200 ملیار دیناری ئەم مانگە دەڵێ‌، "ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە دەبێت، وەزارەتی دارایی لقی هەولێری بانكی ناوەندی لەگ ەیشتنی ئاگادار دەكاتەوە، بۆ مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران تەرخان دەكرێت".
ئەو سەرچاوەیەی حكومەتی هەرێم ئاشكرایشی دەكات، هەوڵ هەیە بڕە پارەی مانگەكانی تریش رەوانە بكرێت، چونكە بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەی كراوە بە "ئەسەر رەجعی" لەسەرەتای مانگی یەكی ئەمساڵەوە هەژمار دەكرێت.
مانگی رابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی بێ لێبڕین دابەشكرد، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند رۆژێك بەر لە دابەشكردنی مووچەكە رایگەیاند، حكومەتی هەرێم بڕیاری داوە مووچە بێ لێبڕین بدرێت. سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هیوایشی خواست بەغدا لە ناردنی ئەو بڕە پارەیە بەردەوام بێت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین