مكياژی خراپ لە كوردستان ژنان رووبەڕووی چەندان گرفتی پێست دەكاتەوە دیمانە و راپۆرت

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

بەهۆی نەبوونی سانسۆر لەسەر كەرەستەی جوانكاریی ئافرەتان، چەندان ژن رووبەڕووی گرفتی تەندروستی پێست دەبنەوە، پزیشكێكیش بۆ نوچەنێت ئاشكرای دەكات، دەرمان هەیە بۆ شاخی بزن و گامێش بەكاردەهێنرێت، كەچی لێرەدا وەك كەرەستەی جوانكاریی بەكارهاتووە.

د. سوهام ئامێدی : دەرمانی شاخی بزن لێرە بۆ جوانكاریی بەكاردێت
 


لە بەدواداچوونی "نوچەنێت"دەركەوتووە بەهۆی بەكارهێنانی كەرەستەی جوانكاریی خراپ و میكاژی ئێكسپایەر رۆژانە ئافرەتان تووشی كێشەی تەندروستی، بە تایبەتی گرفتی پێست دەبنەوە. ئەو كەسانەی قسەیان بۆ نوچەنێت كرد، باس لەوە دەكەن بەهۆی بەكارهێنانی مكیاژێك چەند مانگێك بەدەست خورشت و هەڵاوسانی پێست ناڵاندوویانە. 
شەنگە ئەحمەد كە كچێكی تەمەن 35 ساڵەی دانیشتووی شاری هەولێرە و لە لێدوانێكی بۆ نوچەنێت باسی لەوە كرد رۆژێكیان لە دوكانێك، مكیاژێكی كڕیوە و چەند رۆژێك دوای بەكارهێنانی مكیاژەكە خورشتی بۆ دروست بووە و دواتر پەڵەی لەسەر سیمای دەركەوتووە ، شەنگە دەڵێ‌، "كە گەڕامەوە لای خاوەن دوكانەكە پێمگوت، ئەو نكۆڵی لەوە كرد كێشە لە مكیاژەكەی هەبێت و دواتر چوومە لای پزیشك بۆ من دووپاتی لەوە كردەوە كە پێستم تووشی هەستیاری بووە".
بەڵام تارا عەلی کە قوتابی پۆلی 12 یە و تەمەنی 19 ساڵە بۆ نوچەنێت گوتی،"هەموو کچێک حەز بە جوانکاری دەکات منیش وەک هاوەڵەکانی پۆلەکەم بۆ ئاهەنگی دوا قۆناغمان لە خوێندن کەرەستەی جوانکاریيم بەکارهێنا لە بەکارهێنانی مەسکارادا چاوەکانم تووشی گرفت بوون و ئاو لەچاومدا دەهاتەخوارە سەردانی دکتۆرم کرد و گوتی بەهۆی بەکارهێنانی مەسکارا تووشی ئەو گرفتە بوویت، منیش  لە بەکارهێنانی دووركەوتمەوە".
 

وەك ئەو هاووڵاتیانە باسی دەكەن كێشەی میكیاژەكان لە بازاڕ بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، لەوانە هەندێكیان شێوازی بەكارهێنانیان لەسەر نەنووسراوە، هەندێكی تر كوالێتیان نزمە و لەبازاڕە میلییەكان لەسەر شەقام و لەبەر خۆر دەفرۆشێن و ئێكسپایەرن، جگە لەمەیش "كەس نازانێ‌ شێوازی كۆگاكردنی ئەو مكیاژانە چۆنە؟".
د. سوهام ئامێدی كە پزیشكێكی ناسراوی پێستە لە هەولێر، بۆ نوچەنێت باسی لەو گرفتە كرد و دووپاتی كردەوە كە چەندان حاڵەت هەبووە كە ئافرەتان بە هۆی مكیاژی خراپەوە تووشی گرفتی پێست هاتوون. د. سوهام ئامێدی لە درێژی لێدوانەكەی گوتی، " زۆر شت روویداوە بە هۆی هەندێك مکیاژ كە لە بازاڕەكان  دەفرۆشرێن بەتایبەت ئەو کەسانەی کە دەیهێنن. دوو جۆر مکیاژ دەهێنن هندی و چینی بە هیچ جۆرێکیش رێنمایی لەسەر نەنووسراوە نە بە ئینگلیزی نە بە عەرەبی، کە بە بێتامی خانمانی تووشی هەستیاری پێست کردووە،  زۆر ئافرەت هاتووە دەڵێت مکیاژمان کڕیوە لە دووکاندار و هەندێکیش لە لاکۆڵان و سەر عەرەبانە دەیکڕن ئەمانەش هۆکارێکە بۆ تووشبوون بە هەستیاری پێست و دروستبوونی ماک لەسەر پێست".
 

لە لێدوانەكەی بۆ "نوچەنێت" ئەم پزیشكەی پێست ئاشكرای كرد كە هەندێك دەرمان هەیە وەك قەترە بۆ شاخی بزن و گامێش و ئاژەڵی تر بەكاردەهێنرێت، كەچی بۆ كوردستان هاوردە دەكرێن و وەك كەرەستەی جوانكاری بەكاردێت. د. سوهام ئامێدی گوتی،  "شتێکی تر هەیە دەبێت خەڵکی ئاگاداری بێت و بزانێت، ئێستا چەند کەسێک بۆ بازرگانی خۆیان فێربوون جۆرە قەترەیەک دەهێنن کە بۆ شاخی ئاژەڵ وەک بزن و گامێش ئەو جۆرانە بەکاردێت، بەڵام فێربوون لێرە دەیفرۆشن بۆ لەناوبردنی بالۆکە و خاڵ و ئەمجۆرە شتانە کە نازانن ئەوە زیانی زۆرترە لە چارەسەری. ئەوە گەورەترین هەڵەیە کە خەڵکی بەبێ چاودێری دکتۆر چەند دەرمانێک یاخود چەند شتێک بەکاردەهێنن نازانن زیانی بۆ تەندروستیان هەیە".

لەكۆتایی قسەكانیشی د. سوهام ئامێدی باسی لەوە كرد، كە چەندان نەخۆش سەردانیان كردووە بەهۆی ئەوەی چاڵ و ماك و خاڵی قاوەیییان لەسەر دەموچاویان دروست بووە و هۆكارەكەیش خراپ بەكارهێنانی مكیاژ بووە، لە ئەنجامی ئەوەیشدا ئەو ژنانە تووشی چەندان كێشەی كۆمەڵایەتی و دەروونی دەبن.


د. سەنگەر جەلال:
هەندێك مكیاژ هەیە نازانرێ‌ لە كوێ و چۆن دروست دەكرێت كەچی بۆ پێستیش ترسناكن

 

د. سەنگەر جەلال پزیشكێكی ترە كە لەسەر خراپی بەكارهێنانی مكیاژ قسەی بۆ نوچەنێت كرد و گوتی،  "لە بەر ئەوەی مکیاژ پێداویستی کمیاوییە حاڵەتی لەو جۆرە زۆر هەیە، بە تایبەتی ئەگەر ماددەکە بە جوانی ئامادە نەکرابێت، ماددەیەکی زیانبەخشی تێدا بێت بۆ پێست دەبێتە هۆی هەستیاری و دەركەوتنی زیپکە لەسەر رووخسار".
دکتۆر سەنگەر ئاشکراشی کرد، كە هەندێ ماددە هەن زیپکە لەسەر رووخسار دروست دەكەن، بە تایبەت بۆ ئەوانەی پێستیان چەورە ئەگەر بێت و مکیاژێک یان مادەیەكی چەوریشی لەسەر دانێت، دەبێتە هۆی داخستنی کونەکانی پێست و زیپکە دروست دەکات.
وەك ئەو پزیشكە باسی دەكات، كێشەیەكی تر ئەوەیە خەڵکێك هەندێ بابەت بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی خاڵ و  هەندێ زیادە گۆشت و شتی وای پێ لاببەن ئەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی چاڵ لەسەر رووخساریان و پێستەکە قووڵ دەکات هەندێک لە کەسەکان کە دەموچاویان تووشی هەستیاری دەبێت بەهۆی مکیاژی خراپەوە ئەو پێستە تووشی ماک دەبێت ، بەتایبەت ئەو پێستانەی کە تۆخن واتا ئەسمەر. 

د. سەنگەر جەلال لە كۆتایی قسەكانی گوتی،  " هۆکاری هەموو ئەوانە هی مکیاژی هەرزانە کە کەس نازانێت چی تێدایە، هەندێ بابەت گیراوەیە رێنمایی لەسەر نییە کەس نازانێ هی کوێیە چۆن دروست کراوە؟ یاخود لەماڵەوە دروست دەکرێت بابەتی خراپی تێکەڵ دەکرێت ئەوانە زۆر خراپە بۆ پێست و بێگومان شتی خراپ هەیە لە بازار و چاودێریش نییە".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین