سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایان: به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك باسى لێبڕینى ده‌رماڵه‌ى مامۆستایان نه‌كراوه کوردستانی

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

مامۆستا عه‌بدولواحید محه‌مه‌د سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان له‌ دیمانه‌یه‌كى تایبه‌تى نوچه‌نێت باس له‌ چه‌ند ره‌هه‌ندێكى پرۆسه‌ى خوێندن و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى خوێندن ده‌كات و ده‌ڵێ، "ئه‌وه‌ى ئێستا بۆ ساڵى نوێى خوێندن باس ده‌كرێت ته‌نیا پێشنیار و گۆڕینى واده‌ى ده‌ستپێكردن له‌ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانه‌".

به‌ فه‌رمى هیچ واده‌یه‌ك بۆ كردنه‌وه‌ى قوتابخانه‌كان دیارى نه‌كراوه‌ 
ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ پێشنیاره‌ 

 

نوچەنێت: ئایا واده‌ى کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان جێگیر کراوە، گوایە یەکی ئەیلوول دەرگای قوتابخانە بەڕووی خوێنکارانی پۆلی یەک و دوو و سێى سەرەتایی دەکرێتەوە، ئەی قۆناغەکانی تر کەی دەست بە پرۆسەی خوێندن دەکەن؟
 

مامۆستا عه‌بدولواحید محه‌مه‌د

تاکو ئێستا جێگیر نەکراوە وەکو وەزارەت وەکو پێشنیار کراوە، چونکە ئەمە لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانە کە گۆڕانکاری لە دەستپێکی ساڵی خوێندندا بکرێت. بۆیە وەزارەت پێشنیاری کردووە بەڵام جێگیر نەکراوە. ئەو پێشنیارەی کراوە بۆ بەشێک لەوەی سەرەتای ساڵی خوێند بۆ ماوەی مانگێک یاخود زیاتر تەرخان بکرێت بۆ ساڵی رابردوو، چونکە قۆناغی یەک و دووی سەرەتایی پێویستیان بە خوێندنەوەی پیتەکان هەیە. بۆیە ئەو کاتە تەرخان دەکرێت بۆ خوێندنی ساڵی رابردوو، واته‌ قەرەبووکردنەوەی خوێندنی ساڵی رابردوو. قۆناغەکانی تریش دوای ئەوان دەکرێنەوە بەڵام سەرەتا بۆ پۆلی یەک و دوو و سێ دەبێت.

نوچەنێت: سه‌باره‌ت به‌ وەرگرتنی پێکوتەی کۆڕۆنا بۆ مامۆستایان چۆن چاودێری پرۆسەکە دەکەن، بە ئامار چەند مامۆستا تاکو ئێستا پێکوتەیان وەرگرتووە؟

به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسى بڕینى ده‌رماڵه‌ى مامۆستایان نه‌كراوه‌
 

ئەو پرۆسەیە ماوەیەکە دەستی پێکردووە، پێشتریش ئێمە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی داوامان کردبوو کە پێدانی ڤاکسین بەشی زۆری بۆ مامۆستایان بێت و ئەوان رازی بوون لەسەر ئەوە، دوای ئەوە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەش رێکكەوتین کە رۆژانی سێشەممه‌ تەرخان بکرێت بۆ مامۆستایان. تاکو ئێستا ناتوانم بە دڵنیایی بڵێم چەند کەس ڤاکسینی وه‌رگرتووه‌. هەروەك دەزانرێت لە شارەکان ئامارەکان دەگۆڕێن، ئیتر زۆرە بەڵام هەواڵێکی باش هەیە کە مامۆستایان ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ وەرگرتنی ڤاکسین. باوەڕ دەکەم لە ماوەیەکی نزیکدا ژمارەیەکی باش لە مامۆستایان پێکوتەی کۆڕۆنا لە خۆیان بدەن.

نوچەنێت: هه‌رچه‌نده‌ رۆژانی سێشەممه‌ تەرخانکراوە بۆ مامۆستایان تاکو پێکوتە وەرگرن، بەڵام ده‌گوترێت ئەوه‌ لە بنکەکانی تەندروستی په‌یڕه‌و ناكرێت؟
لەراستیدا کێشەکە لەوەدایە بڕی پێویست لە ڤاکسین بەردەست نییە. ژمارەکەی دیاری کراوە، ئەمەش وا دەکات ژمارەیەکی زۆری خەڵك ناوی خۆی تۆمار بکات تاکو ئەو حاڵەتە دروست ببێت، ئەگەر ژمارەیەکی ڤاکسینەکان زۆر بێت و ناوەندەکانی کووتان زۆر بن کە لە ئێستادا خەریکە ناوەندەکانی کوتان زۆربێت پێموایە ئەو کات پێویست بەوە گرژییە ناکات یاخود بە واستە پێکوتە وەرناگرێت. پێشووتر ڤاکسین هەبوو بەڵام خەڵک نەدەچوو وەریگرێت.


نوچەنێت: چەند جارێك دەنگۆی بڕینی ١٥٠ هەزارەکەی مامۆستایان بڵاوکراوەتەوە، ئایا هیچ بڕیارێکی لەو جۆرە بوونی هەیە؟ ئێوە چیتان کردووە بۆ ئەوەی گره‌نتی بدەن بە بەردەوامبوونی ئەو دەرماڵەیە؟

ئێمە گفتوگۆمان لەسەر ئەو پرسە کردووە، لەگەڵ پەرلەمان و وەزارەتی پەرەوەردە، تاکو ئه‌و ساتەی گفتوگۆمان کردووە ١٥٠ هەزاری مامۆستایان تاکو ئێستا ناوی نەهاتووە ببڕدرێت بە هیچ شێوەیەک. بەپێی ئەو بەدواداچوونە و بابەتانەی بەردەوام باسیمان کردووە لەگه‌ڵ حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار ئەو دەرماڵەیە بەردەوام دەبێت.

نوچەنێت: زۆرجار باس لەوە کراوە یەکێتی مامۆستایان بە حکومی ئەوەی گەورەترین رێکخراوی وەبەرهێنان دەکات، باس لەوە دەکرێت یانەی مامۆستایان لە هەولێر دەکرێتە شوێنی بازرگانی داهاتەکەشی بۆ مامۆستایانی شێرپەنجە دەبێت ئایا ئەمە راستە؟
باوەڕناکەم شتێکی لەو جۆرە بێت، چونکە یانەی مامۆستایان مێژوو و کولتوری خۆی هەیە. بە ئاسانی ئەو بابەتە ناکرێت بڕیاری لەسەر بدرێت، ئەوە تاکو ئێستا باس نەکراوە. من پێموایە ئەگەر باسیش کرا بێت باسەکە بابەتێکی جددی نییە. رەنگە وەکو پێشنیار باس کرابێت.

جارێ یه‌كێتى مامۆستایان هیچ پڕۆژه‌یه‌كى وه‌به‌رهێنانى نییه‌
 

نوچەنێت: ئەندامبوون لە یەکێتی مامۆستایان هەر بەشێوەی ئارەزوومەندانە دەبێت؟
لەدوای ١٢مین کۆنگرە، کراوەتە ئارەزوومەندانە. ئێستاش هەر ئارەزوومەندانەیە. تا کۆنگرەی داهاتووش بەردەوام دەبێت، چونکە ئەو دەسەڵاتە لەلایەن کۆنگرەیە تەنیا کۆنگرە دەتوانێت بڕیاری لەسەر بدات. هیچ لایەنەکی تر و دامودەزگایەکی تر ناتوانێت بڕیاری لەسەر بدات.

نوچەنێت: هەندێك بڕیاری باش هەیە لە بواری پەرەوەردەدا لە عێراق دەدرێن، بۆ نموونە لە عێراق دابەشکردنی خۆراک لە قوتابخانەکان، تا چەند ئێوە کارتان کردووە ئەو بڕیارانە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە؟

ئەو کارە لە کاتی پاشایاتی بوونی هەبووە، ئەمە پێیان وتووە تەخزیە یانی خۆراک بۆ منداڵان دابین دەکرێت لە ناوەندەکانی خوێندن. ئەمە هەر هەبووە ئیتر ئەوە لەلایەن حکومەتی عێراقی وەکو پێشنیار داواکراوە. هەمیشە لەدوای وانەی دووەم شیر و کێك دەدرێت بە منداڵەکان بۆ باشبوونی جەستەی قوتابیان و بیرکردنەوەیان، بەڵام ساڵانێکی زۆرە ئەمە بڕاوە بەهۆی ئەو بارودۆخە داراییەی تووشی عێراق و هەرێمی کوردستان بووه‌تەوە. هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لە عێراق کەواتە قوتابیانی هەرێمیش ئەو مافەیان هەیە، ئەوە تەنیا پێشنیارە ئەگەر بکرێت پێموایە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین