لەبەر چی ناپاکی مەجازی روو لە زیادبوونە دیمانە و راپۆرت

نوچە-ئافرەتان

ناپاکی مەجازی یان تەکنەلۆژیا یەکێک لەو حاڵەتانەیە کە ئێستا لەگەڵ پەرەسەندنی تەکەنەلۆژیا زیادی کردووە، ئەمەش بە هۆکاری دەستڕاگەیشتنی ئاسان بە ئامێرەکانی پەیوەندی.

لە یەکێک لە بنکەکانی پۆلیس داوای لەسەر هاوسەری تۆمارکردووە، بە تۆمەتی ئەوەی کە گوایە هاوسەرەکەی لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ پیاوێکی تر هەیە. ژنەکەش سوێند دەخوات کە لە ژیانیدا رووبەڕوو ئەم پیاوەی نەبینیوە، بەڵام ماوەی دوو مانگە بە تەلەفۆن بەردەوام لە پەیوەندیدا بوون.

زارا، ناوی خوازراوی ئەم ژنەیە، تەمەنی سی و پێنج ساڵە و دایکی سێ منداڵە. ئەو دەڵێت "هاوسەرەکەم هیچ گرنگی پێم نەدەدا، بەردەوام لە دەرەوە بوو، نەشیدەهێشت من بڕۆمە هیچ کوێ، کاتێک منداڵەکانم دەرۆیشتن بۆ قوتابخانە بەردەوام تەنیا بووم. رۆژێک تەلەفۆنێک بە هەڵە هات پیاوێک بوو، دوای ئەوە بووینە هاوڕی تا گەیشتە دروستبوونی پەیوەندی".

هاوسەری زارا نامەگۆڕینەوەی نێوان هاوسەرەکەی و پیاوەکە هەست پێدەکات، بۆیە وێنەی نامەکان دەگرێت و بۆ مۆبایلەکەی خۆی دەنێرێت "رۆژێک خەریکی کاری ناوماڵ بووم، لە پڕ هات پەلاماری دام و زۆری لێدام. دەریکردم لە ماڵ پێی گوتم، کە نامەکانی بینیوە بۆیە سکاڵام لەسەر تۆماردەکات و تەڵاقم دەدات".

زارا ماوەی دوو مانگ لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی سۆزداری هەبووە، بەڵام بۆخۆی و نامەکانی دەڵێن، کە یەکتریان نەبینیوە. پەیوەندییەکە تەنیا لە رێگەی نامەوە بووە.

پارێزەر بڵند مستەفا، سەبارەت بە پێناسەی ناپاکی هاوسەری بەپێی یاسا دەڵێت"بە پێی ماددەی ٣٧٧ لە یاسای سزادانی عێراقی، ناپاکی هاوسەری، بریتییە لە پەیوەندی جنسی لە نێوان ژن و پیاو، ئەگەر ژن و پیاوێک تەنیا لە رێگەی نامەوە پەیوەندی سۆزدارییان هەبێت و رووبەڕوو یەکتریان نەبینیبێت ئەوا بە پێی یاسا نابێتە ناپاکی هاوسەری، بە مەرجێک لە نامەکانیش ئاماژە بەوە نەکرابێت کە رووبەڕوو یەکتریان بینیوە". 

دژوار ئەحمەد، توێژەری کۆمەڵایەتی، سەبارەت بە هەبوونی "ناپاکی مەجازی" واتە دروستکردنی پەیوەندی لە رێگەی تەکنەلۆژیاوە دەڵێت "بە داخەوە ئێستا ئەم حاڵەتانە بەرەو زۆربوونن، هۆکاری ئەمە هەم بۆ دەست بەتاڵی تاک و هەم ئەو کەبتە لە پەیوەندی دەگەڕێتەوە کە لە نێوان نێر و مێدا لە کلتوری ئێمەدا هەیە".

ئەم توێژەرە کۆمەڵایەتییە، ئەوەش رادەگەیەنێت کە "لە ئێستادا زۆرترین پەیوەندییەکان لە رێگەی تەکنەلۆژیاوە دروستدەبن، هەروەها زۆرترین کێشەی خێزانیش، چونکە لە ماڵێکدان بەڵام ئەوەندەی گرنگی بە نامەی مۆبایل دەدەن ئەندامانی خێزانەکە ئەوەندە گرنگی بە یەکتر نادەن، بۆیە دواجار دەبێتە هۆی دروستبوونی پەیوەندی لە دەرەوەی خێزان تا دەگاتە هەڵوەشانەوە و لێکترازانی خێزانەکە".

دژوار ئەحمەد، ئەوەش روون دەکاتەوە "لە ئێستادا ژنان و پیاوانیش بەم دۆخانەدا تێپەڕدەبن، بۆیە پێویستە لە کاتی هەبوونی ئەم حاڵەتانەدا لە جیاتی هەڵوەشانەوەی خێزان گیانی لێبوردەییان بەرامبەر بە یەکتر هەبێت و هەوڵبدەن بە هەڵە و کەم و کورتییەکانیاندا بچنەوە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین