مۆتەکەی ژنانی ئەفغانستان و بەڵێنی جیهادییەکان؟ دیمانە و راپۆرت

نوچە: ئافرەتان

لە چەند رۆژی رابردوو بزووتنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان دوای ٢٠ ساڵ كۆنترۆلی كابولی پایتەختی ئەو وڵاتەی راگەیاند و گەڕایەوە دەسەڵات، بەرپرسانی تاڵیبان دامەزراندنی ئەمارەتێكی ئیسلامیان راگەیاند، بۆیە رەنگە زەرەمەندترین توێژ لەو رووداوانەی دوایی ژنان بن، كە لە یەكەم ماوەی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ١٩٩٦ تاکو ٢٠٠١ تاڵاوی زۆریان چەشت، ئەمجارەش لە ماوەی ١١ رۆژدا گەڕاویەوە دەسەڵات.

یەكێك لەو شتانەی ژن و كچانی ئەفغانستان ترسیان لێی هەیە، ناچاركردنیانە بە هاوسەرگیریكردن لەگەڵ چەكدارانی تاڵیبان، وەك ئەوەی پێشتر روویداوە و هەروەها كاركردنی ژن رێگەپێنەدراو بوو، رێگە بە كچ نەدەدرا بچێتە قوتابخانە، دەبوایە لە شوێنە گشتییەكان روویان بپۆشن و بە بەردەوام كەسێكی نزیكیان لەگەڵ بێت، ئەگەر بیانەوێ بچن بۆ دەرەوەی ماڵەكەیان.

هەرچەند ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا و ١٩ وڵاتی تر بەیاننامەیەكیان دەركرد و داوایان لە دەسەڵاتدارانی نوێی ئەفغانستان كرد پاراستنی ژن و كچانی ئەفغانستان مسۆگەر بكات، بەهۆی ترس لە لەدەستدانی ئەو مافانەی هەیانبووە، بەڵام ترس و نیگەرانییەکان وەک خۆیەتی.

حەلیمە برستیش، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی ژنان لە شارۆچکەی گور، به‌ رۆژنامه‌ی گاردیانی ئینگلیزی ڕایگەیاندووه‌ کە زۆرێک لە ژنان ویستیان ئەو پەیامە بگەیەنن کە پشتگیری سوپای ئەفغانستان دەکەن و ئامادەیی خۆیان بۆ شەڕی تاڵیبان دەربڕیوە.

برستیش گوتووشیەتی، کە ئەوە قبوڵ ناکەن کە وڵاتەکەیان بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی کەسانێک کە بەشێوەیەکی دڕندانە مامەڵە لەگەڵ ژناندا دەکەن و هەر بۆیە دەستیان داوەتە چەک و ئامادەن لەپێناو پاراستنی کەرامەت و ئازادیی خۆیاندا بجەنگن.

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، نیگەرانی خۆی نەشاردەوە لە گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات و لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ژنانی ئەفغانستان خۆیان لە دۆخێکدا دەبینەوە کە ناتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن و ناشتوانن کۆمەکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنن.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بە ئەندازەی دەستدرێژیکردنە سەر مافەکانی ژنان لە ساڵی ٢٠٠١ و زیاتریش، گەڕانەوەی تاڵیبان و دروستبوونی مەترسی لەسەر مافەکانی ژنان دوو هێندە جێگەی نیگەرانییە. ئاماژەی بەوەشکردووە، پشتیوانی کردنی ژنانی ئەفغانستان لە تێکۆشانەکانیان و دۆزینەوەی میکانیزمێک تابتوانن فشاربخەنە سەر تاڵیبان و ئیدارەی سیاسی، کەمترین شتێکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بتوانێت ئەنجامی بدات.

لە بەرامبەریشدا، ئینعاموڵا سەمەنغانی، بەرپرسی تاڵیبان لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەفیزیۆنی فەرمی ئەفغانستان رایگەیاند، ئیمارەتی ئیسلامی نایەوێت ژنان ببنە قوربانی، بەڵام زۆرێک لە هاوڵاتییانی ئەفغانی ترسی گەڕانەوەی گرتنەبەری هەمان ئەو هەنگاوانەیان هەیە کە لە ساڵانی نێوان ١٩٩٦ تا ٢٠٠١ بزوتنەوەکە ئەزمونی کردوون، لە رێگەنەدان بە ژنان لە کارکردن و جێبەجێکردنی بەردباران کردن و جەڵد لێدان و لە سێدارەدان.

هاوکات، زەبحوڵا موجاهید، گوتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان، لە یەکەم کۆنفرانسی هەواڵیدا گوتی، "جەنگ کۆتایی هات، لێبوردنی گشتی بۆ هەموو لایەک دەرکراوە، رێگەش بە ژنان دەدرێت لە دەرەوە کار بکەن، بەڵام بە گوێرەی بنەماکانی ئیسلام".

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لە راپۆرتێکی خۆیدا ئاماژەی بە شەش بوار داوە کە لەماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا ژنان لە نەبوونی دەسەڵاتی تاڵیبان بەدەستیان هێناوە.

-لەژێر دەسەڵاتی تاڵیبان ژنان لەسەرو تەمەنی نۆ ساڵەوە بۆیان نەبوو بخوێنن و لەو مافە بێ بەشکرابوون.

- لەساڵی ٢٠١٧ ژمارەی ئەو کچ و ژنانەی پەیوەندییان بە قوتابخانە سەرەتاییەکانەوە کردبوو رێژەیان ٣٣٪ بووە، ئەو خوێندکارانەی لە قۆناغی دواناوەندی بوون ٣٩٪ بوون، ئەمەش بەروارد بە ساڵی ٢٠٠٣ تەواو بەرزببووەوە.

- لەساڵی ٢٠٠١ تەنها لە ١٥٪ ژنانی ئەفغانستان کاریان دەکرد، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩ رێژەکە بەرزببووەوە بۆ ٢٢٪. دوای ئەوەی زانکۆی کابول بڕاونامەی ماستەری لە بواری کۆمەڵناسی دایە ژنان، لە ساڵی ٢٠١٥ و چەندین پڕۆژەی تایبەتی لە بواری مۆدێل و ژمێریاری و ئەندازیاری کارەبادا دامەزراند. هاوکات، ژمارەی ژنان لە بوارەکانی رۆژنامەوانی و چاودێریکردنی کۆمەڵایەتی و جێبەجێکردنی یاسا و پۆلیسدا بەرەوپێشچونێکی بەرچاوی بەخۆیەوەبینی.

-لە قۆناغی یەکەمی گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە، ژنان ناچار بوون نەک هەر باڵاپۆشبن، بەڵکو رووبەند و پەچەش بپۆشن و روویان داپۆشن لەکاتی چوونەدەر لەماڵ و دەبوو یەکێک لە نزیکەکانی، باوک، برا، مام، خاڵی لەگەڵدا بوایە.

-لە ساڵی ٢٠٠٩ حکومەتی ئەنفغانستان یاسای روبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەرکرد، تیایدا ٢٢ جۆر دەستدرێژی سەر ژنانی قەدەغەکرد، وەک دەستدرێژی سێکسی، بەزۆر بەشودان و هەروەها دادگایەکی تایبەت بە ژنانی دامەزراند.

-لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ ەی پەرلەمانی ئەفغانستان ٤١٧ ژن رکابەرییاندەکرد بۆ گەیشتن بە پەرلەمان، لەکاتێکدا ٢٧٪ ئەندامانی پەرلەمان ژنان پێکیانهێنابوو.

سوھەیل شاھین، وتەبێژی تاڵیبان، لەبارەی دۆخی ئێستای ئەفغانستان و سیاسەتی تاڵیبانەوە قسەی بۆ كەناڵی بی بی سی بەریتانی كردووە و لە وەڵامی پرسیارێك سەبارەت بە سیاسەتی تاڵیبان لەبەرامبەر ژنان و كچان گوتی: "رێز لە مافەكانی ژنان دەگرین. سیاسەتەكەمان ئەوەیە، ئافرەتان دەتوانن بچنە سەر كار و بخوێنن. دەبێت رەچاوی سەرپۆشین بكەن، تەنھا ئەوەندە. بورقە تاكە سەرپۆش نابێت، بژاردەی دیكەش دەبێت". هەروەها گوتیشی، رێگە بە ئافرەتان دەدەن كە بە تەنھا لە ماڵەكانیان بچنەدەرەوە.

ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکات کە بزووتنەوەی تاڵیبان تاوەکو ئێستا هێرشی نەکردووەتە سەر خەڵکی سڤیل و نێردە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام لە هەبوونی دەنگۆی پێشێلکاری دژی مافی ژنان نیگەرانە.

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "بە تایبەتی نیگەرانم لە پێشێلکاری دژی مافی مرۆڤ لە بەرامبەر کچ و ژنانی ئەفغانستان کە لە گەڕانەوەی رۆژە تاریکەکان دەترسن".

غولام ئیسحاق زای، باڵیۆزی ئەفغانستانیش لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، خەڵکی وڵاتەکەی لە ژێر "ترسێکی گەورەدا" دەژین و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، رێگەنەدەن بزووتنەوەی تاڵیبان ئیمارەتی ئیسلامی دابمەزرێنێت.

باڵیۆزی ئەفغانستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند "بە نوێنەرایەتیی ملیۆنان کچ و ژنی ئەفغانی قسە دەکەم، کە لە ماوەیەکی نزیکدا ئازادیی رۆیشتن بۆ قوتابخانە، رۆیشتن بۆسەر کار و بەشداریکردن لە ژیانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا لەدەستدەدەن. بە نوێنەرایەتی هەزاران داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، رۆژنامەڤان، رۆشنبیر، فەرمانبەر و ئەندامانی پێشووی هێزە ئەمنییەکان قسە دەکەم کە ژیانیان لە مەترسیدایە بەهۆی داکۆکیکردنیان لە مافی مرۆڤ و دیموکراسی".

بە کورتی هەڵوێستی چەند وڵاتێک لە بارەی دۆخی نوێی ئەم وڵاتە:

ئەنجێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیای هاوپەیمانی ئەمریکا دەڵێت، ئەوان لە کارەکەیاندا لە ئەفغانستان ئەو سەرکەوتنەیان بەدەستنەهێنا کە چاوەڕوان دەکرا.

-وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش دەڵێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی "لێکدانەوەیەکی هەڵەی" بۆ دۆخی ئەفغانستان کردبوو.

-چین و روسیا بەرپرسیارێتی ئاڵۆزییەکانی ئەفغانستان دەخەنە ئەستۆی ئەمریکا و ناتۆ کە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانیان دا.

-روسیا دەڵێت، هیچ هۆکارێک نییە بۆ ترسان؛ چینیش دەڵێت، ئامادەن پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان دروستبکەن.

لەگەڵ هاتنی تاڵیبان، ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە، سەرەڕای بەڵێنی نوێ تاڵیبان كە گوتەبێژی بزووتنەوەكە چەندان پەیامی ئاراستەی ناوخۆ و دەرەوەی ئەفغانستان كرد، ئاخۆ خەونی بەشێکی زۆر لە ئەفغانییەكان، بەتایبەتی ژنان و کچان دەبێت بە مۆتەكە؟

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین