کوردستانی

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

عیماد ره‌فعه‌ت ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت باسى له‌وه‌ كرد بۆ رێكخستنى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌كان كار به‌ رێنماییه‌كانى پێشوو ده‌كرێت و ده‌شڵێ، "هه‌ر كاندیدێك ژینگه‌ پیس بكات ئه‌وا غه‌رامه‌ ده‌كرێت".

یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ شاره‌وانى خه‌مى پیسبوونى ژینگه‌ى نییه‌!

 

له‌ چه‌ند شوێنێكى كوردستان هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مانى عێراق ده‌ستى پێكردووه‌، كاندیده‌كان ده‌ستیان به‌ هه‌ڵواسینى وێنه‌ و بانگه‌شه‌كانیان كردووه‌. له‌ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك شاره‌وانییه‌كان كۆمه‌ڵێك رێنمایى ده‌رده‌كه‌ن، وه‌ك له‌ به‌دواداچوونێكى نوچه‌نێت ده‌ركه‌وتووه‌، بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌م جاره‌یش كار به‌ رێنماییه‌كانى پێشوو ده‌كرێت.

سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس له‌ وه‌زاره‌تى شاره‌وانى بۆ نوچه‌نێتى روونكرده‌وه‌ ورده‌كاریى رێنماییه‌كان، شاره‌وانییه‌كان و پارێزگاكان بڕیارى له‌سه‌ر ده‌ده‌ن به‌گوێره‌ى رێنمایى كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌بن.

له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت عیماد رەفعەت ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت گوتى، "ئەو رێنماییانەى ئه‌و جاره‌ هەمان ئەو رێنماییانەن کە بۆ هەموو هەڵبژاردنێک جێبه‌جێ ده‌كرێن".

دواتر ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگای هەولێر ئاماژه‌ى بۆ هه‌ندێك له‌ رێنماییه‌كان كرد و گوتى، "هەڵواسین و لابردنی وێنەکان لەسەر ئەرکی دەنگدەر و حزبەکەیەتی، لە هەر حاڵەتێکدا بیەوێت ژینگە پیس بکات، دارێک ببڕێت یاخود نیشانەکانی هاتوچۆ دابپۆشێ، ئەوە نووسراو دەکرێت بۆ کۆمسیۆن و کۆمسیۆنیش لەو پارەیه‌ی كه‌ حزبەکەی بۆی گڵداوەتەوە، سزاى كاندیده‌كه‌ ده‌دات و پێبژاردنه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌دات".

به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌مجاره‌ هه‌ڵبژاردن به‌ سیسته‌مى فره‌ بازنه‌یى ئه‌نجام ده‌درێت، پێشبینى ناكرێت به‌هۆى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ سه‌رپێچى ژینگه‌یى بكرێت، عیماد ره‌فعه‌ت له‌ لێدوانه‌كه‌ى بۆ نوچه‌نێت ئه‌و ئه‌گه‌ریشى له‌به‌ر چاو گرت و گوتى، "بەڵام جارێ دیار نییە کە هەڵبژاردنەکە دەکرێت یان ناکرێت، زۆر خەڵکی خۆی کاندید نەکردووە بۆیە زۆر دیار نییە، رەنگە لەبەر ئەمە بێت تووشی پیسبوونی ژینگە نەبین، چونکە کاندیدێکی زۆر نییە، هەندێکیشیان تەنانەت پۆستەریشی هەڵنەواسیوە".

له‌كۆتایى لێدوانه‌كه‌یشى دووپاتى كرده‌وه‌، به‌گوێره‌ى هه‌موو رێنماییه‌كان كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ژینگه‌ى شاره‌كانى كوردستان پارێزراو بێت.

بڕیاره‌ له‌ 10ى تشرینى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق بكرێت، به‌گوێره‌ى ئاماره‌كانى كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ سلێمانى: 65 كاندید و هه‌ولێر 53 كاندید و له‌ دهۆك 28 كاندیديان هه‌یه‌.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین